کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانی ڕەوەندی کوردی لە فینلاند لە ساڵڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، ‌ هێرشی دەوڵەتی ناوەندی بۆ سەر کوردستان

22:27 - 29 گەلاوێژ 2719

خۆپێشاندانی ڕەوەندی کوردی لە فینلاند لە ساڵڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، ‌ هێرشی دەوڵەتی ناوەندی بۆ سەر کوردستان ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ئاگووستی ٢٠١٩ی زایینی، لە شاری هێلسینکی خۆپیشاندانێکی بەربڵاو بۆ سەرکۆنە و ڕیسواکردنی چلەمین ساڵەوەگەڕی فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە خەلکی کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی دا و هاوکات نارەزایەتی دەربڕین بە هاتنی موحەممەد جەواد زەریف،ی وەزیری دەرەوەی رژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ فینلاند بەرێوە چوو. ئەو خۆپیشاندانە بە بەشداری دەیان کەس لە چالاکانی سیاسی کوردستانی و فینلاندی و ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندام، دۆست و لایانگرانی حیزب و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات، کاتژمێر ١٢ی نیوەرۆ لە بەردەرگای وەزارەتی دەرەوەی فینلاند و بە دانی درووشم و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و دانی درووشم دژ بە ڕژیمی کۆنەپەرست و تێرۆریست پەروەری ئیسلامی ئێران و دژ بە هاتنی وەزیری دەرەوەی ئەو حکومەتە بۆ فینلاند دەستی پێکرد. لە میانەی خۆپێشانداندا یاری ئالتۆ (Jeri Aalto) راوێژکاری تایبەتیی وەزیری دەرەوەی فینلاند سەردانی خۆپێشاندەرانی کرد و وێرای وەرگرتنی بڕیارنامەی خۆپێشاندەران، لە وتەێکی کورتدا بەڵێنی دا ناوەرۆک و ویستی خۆپێشاندەران بدرێتە وەزیری دەرەوە بۆ باسکردن لەگەل نوێنەری کۆماری ئیسلامی. پاشان خۆپیشاندەران بە ڕێپیوان بەرەوە کۆشکی سەرۆک کۆماری فینلاند کەوتنە ڕێ و لەویش بە کۆبوونەوە و دانی درووشم، دەنگی نارەزایەتی گەلی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێرانیان گەیاند گوێی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە. خۆپیشاندەران لە درووشمەکانیان دا نارەزایەتی توندی خۆیان دژ بە هاتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ فینلاند دەربڕی و هاوکات لە بڕیارنامەیەک دا چەندین داواکارییان ئاراستەی حکومەت و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کرد. پێویست بە ئاماژەیە کە لە میانەی خۆپیشاندانەکە دا چەنیدین وتاری سیاسی و هەروەها بڕیارنامەی خۆپێشاندا، بە زمانەکانی کوردی، فارسی و فینلاندی خوێندرانەوە. شایانی باسە کە لە کاتی بەرێوەچوونی رێپێوان و خۆپیشاندانەکەدا، جگە لە دروشمی شەرمەزارکردنی شایانی باسە کە خۆپێشاندانەکە کەهاوکات بوو لەگەل هاتنی وەزیری دەرەوەی رژێمی ئیران بۆ وەزارەتی دەرەوە، بوو بە جێگەی سەرنجی رۆژنامەکانی فینلاندی و هەواڵی خۆپێشاندان لە چوار رۆژنامەی ئەو ولاتە و هەواڵدەری رەسمی فینلاند STT بڵاو کرایەوە. ئەمەش دەقی بڕیارنامەی خۆپیشاندەرانە: ئێمە بانگەوازی وڵاتی فینلاند سەرۆکی دەورەیی یەکیەتی ئورووپا، سەرۆک کۆماری فینلاند بەرێز ساولی نینیستۆ، وەزیری دەرەوەی فینلاند بەرێز پێکا هاویستۆ و دەوڵەتی فینلاند دەکەین کە پرسی مافی مرۆڤ و مافەکانی نەتەوەکانی ژێردەستی ئێران و پرسی رەوشی ژنان لە ئێران بکرێتە ئاجێندای گفتگۆکانی دیپلۆماسی لەگەڵ جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەمرۆ ٢٨ی گەلاوێژ چلەمین سالڤەگەری راگەیاندنی فەرمانی جیهاد دژی نەتەوەی کورد لە لایەن ئایەتوڵلا خومەینی رێبەری کۆماری ئیسلامیە. جەهادێک کە تا ئەمرۆش درێژەی هەیە. لەو شەرەدا زیاتر لە پەنجا هەزار مرۆڤ بوونەتە قوربانی سیاسەتەکانی رژێمی ئێران. سەدان گوند و شاری کوردستان وێران بوون، ژینگەی کوردستان وێران کراوە، خەڵکی کوردستان بە زۆرەملی ناچارکراون زێد و خاکی خۆیان بەجێ بێڵن، بە هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان زیندانی، ئێعدام و ئەشکەنجە کراون. زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسی کورد لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لەوانە لە ناو خاکی یەکیەتی ئورووپادا تیرۆر کراون. فەرمانی جەهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد هەموو ئاستەکانی ژیانی خەڵکی کوردستان وەبەر خۆ گرتووە. رەفتاری دەوڵەتی ئێران لە کوردستان وەک حکوومەتێکی داگیرکارە و خەڵکی کوردستان زیندانی زوڵم و ستەمی ئەو رژیمەن. هەلومەرجی ژیانی ئابووری لە خەڵکی کوردستان زەوت کراوە. ساڵانە نزیک ٢٠٠ کۆلبەر بە دەستی هێزەکانی چەکداری رژێمی ئێران دەکوژرێن. زیاتر لە نیوەی زیندایانی سیاسی ئێران کوردەکانن و ساڵانە سەدان زیندانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێراندا حوکمی حوکمی لەسیدارەدانیان بۆ دەردەکرێت. ئێران بە شێوەی سیستماتیک مافی نەتەوەکانی ئێران پێشێل دەکات. زیاتر لە نیوەی لە خەڵکی ئێران زمانی زکماکیان فارسی نیە. ئەوان ناچار کراون بە زمانی فارسی بخوێنن، قسەبکەن و ئەو زمانە بەکار بێنن. تەنانەت ئەو مافانەی کە لە دستووری کۆماری ئیسلامی ئێران هاتوون لە نەتەوەکانی ئێران زەوت کراون. لە ئێران رەوشی ژنان رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت. ژنان لە ئێران بە هۆی هەڵبژاردنی جۆری ژیانیان و پۆشینیان سزا دەدرێن. چالاکانی ژینگە پارێز بە تاوانی جاسووسی بۆ وڵاتانی بیانی زیندانی دەکرێن. لە سەرماوەزی ٢٠١٧ تا ئەمرۆ نزیک بە ٦٠ کەس لە چالاکانی سیاسی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و لە باشووری کوردستان تیرۆر کراون. رژێمی ئێران بە شێوەی سیستماتیک و لە رێگای سیاسی و سەربازیەوە دەست لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان دەدات بەمەش رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەی کەنداو تووشی هەرەشەی شەرێکی ماڵوێرانکار بووە. ئێمە داوا دەکەین لە بەرێز ساولی نینیستۆ سەرۆک کۆماری وڵاتی فینلاند، بەرێز پێکا هاویستۆ وەزیری دەرەوەی فینلاند و پشتیوانی مافی مرۆڤ و پیاوی ئاشتی ، دەوڵەتی فینلاند وەک سەرۆکی دەورەیی یەکیەتی ئورووپا کە: 1- رژێمی ئێران ناچار بکرێت فەرمانی جەهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد هەڵوەشێنێتەوە. ئێران دەبێ پابەند بکرێت بە بریارنامەکان و پەیمانەکانی مافی مرۆڤ، جاڕنامەی مافەکانی کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری و پەیمانی خەبات دژی هەموو جۆرە هەڵاواردنێک کە لە ساڵی 1966 ئەو وڵاتە واژۆی کردووە و جێبەجێیان بکات. 2- رەوشی ماف و ژیانی نەتەوەکان و کەمایەتیە ئایینیەکانی ئێران باشتر بکرێت. 3- زیندانیانی سیاسی، چالاکانی مافی مرۆڤ، یەکسانی خوازان و چالاکانی ژینگەپارێزی ئازاد بکرین. 4- رێز لە مافی دیاری کردنی تاکەکەس بگیرێت و حیجابی ئیجباری هەڵوەشێندرێتەوە. 5- گۆڕی هەزاران زیندانی سیاسی ئێعدام کراو لە دەیەی ١٩٨٠ بۆ بنەماڵەکانیان ئاشکرا بکرێت. 6- ئێران کۆتایی بە دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە بهێنێت و رێز لە هێمنایەتی و ئاسایشی رێگای هاتووچۆی بازرگانی و نەوتی ناونەتەوەیی بگرێت. 7- کۆتایی بە پشتیوانی لە هێزەکانی تیرۆریستی بهێنێت. درێژەکێشانی سیاسەتەکانی رژێمی ئێران دژی نەتەوەی کورد دەتوانێت ببێتە هۆی کوژران سەدان کەس و کۆمەڵکوژی خەلکی کوردستان. هێلسینکی خۆپێشاندەرانی بەشدار لە رێپێوانی 19.8.2019 کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران – کۆمیتەی فینلاند کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستان - کۆمیتەی فینلاند حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – کۆمیتەی فینلاند