کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدوانی پۆمپیئۆ لەبارەی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی له ناوچەکە

00:41 - 31 گەلاوێژ 2719

وەزیری دەرەوەی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ چەندەمین جار جەختی کردەوە دەسەڵاتی سیاسی ئێستای ئێران "گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئاشتی و سەقامیگری ناوچەکەیە" بەرپرسانی سیاسیی ئەمریکا جاڕێکی‌تر داوای درێژکردنەوەی بەربەست و گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن. مایک پۆمپیئۆ لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی له تۆیتەر نووسیوە له کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا "تاقیکردنەوەی مودێله پێشکەوتووەکانی بالەستیک، پاڵپشتی کردنی ئەو گرووپانەی نوێنەرایەتیی توندوتیژی دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، و خراپەکاری و ڕاگرتنی ناڕەوای کەشتیە بازرگانییەکان له کەنداوم مەحکومکرد". پەمپیۆ خوازیاری درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووکان لەسەر ئێران بوو. ئەو بڕیارنامەیە داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات کە گەمارۆ و بەربەستی سەربازی و پەیوەندیدار بە چەکوچۆڵی سەربازییەوە "بۆ ماوەی پێنج ساڵ" لەسەر ئێران جێبەجێ بکرێت؛ ئەو گەمارۆیانە بریتین لە فرۆشتنی تانک، تۆپخانەی قورس، سیستەمی مووشەکی و چەکوچۆڵە سەربازییەکان. ئەمه لە کاتێدایە ئەو گەمارۆیانە تا 15 مانگی دیکە کۆتاییان پێ دێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت؛ لە ئەگەری درێژنەکردنەوەی بڕیارنامەی 2231 کەسانێک وەک قاسم سلێمانی فەرماندەی هێزەکانی سوپای قودس ئەتوانن ئازادانە سەفەر بۆ دەرەوەی ئێران بکەن و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەتوانێ بەردەوام بێت لە فرۆشتنی چەکوچۆڵ بەو گرووپانەی نوێنەرایەتی تیرۆر و توندوتیژی له ناوچەکە دەکەن.