کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمتەرخەمیی پزیشکی لە کوردستان ژنێکی دیکەی کردە قوربانی

01:09 - 31 گەلاوێژ 2719

ساڵانە بە هۆی کەمتەر خەمیی پزیشکی و نەبوونی کەرەستەی پێویست لە نەخۆشخانەکانی کوردستان، ناشارەزایی، نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ و گرینگی پێنەدانی کاربەدەستان بە دەیان کەس دەبنە قوربانی. ژنێکی دوو گیانی خەڵکی پاوە لە نەخۆشخانەیەکی کرماشان بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی گیانی لەدەستدا. بەپێی سەرچاوە خۆجییەکانی هەواڵ ڕۆژی سێ شەممە ٢٩ی گەلاوێژ ژنێکی خەڵکی ئاوایی "دشەی" سەر بە پاوە بە ناوی “ژیلا قادری زادە”بە هۆی کەمتەرخەمی پزیشکی لە کاتی لەدایک بوونی منداڵەکەی گیانی لەدەست دا و کەسێکی نزیک لە ناوبراو ڕایگەیاند کە ژیلا قادری زادە بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی لە نەخۆشخانەی “ئیمام ڕەزای” کرماشان گیانی لەدەست داوە هەروەها حەوتووی ڕابردووش هاونیشتمانییەکی کرماشانی بە هۆی ئەوەی لە نەخۆشخانە وەرنەگیرا گیانی لەدەست داوە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ٢٠ ی گەلاوێژ کەسێکی خەڵکی قوتوور و دانیشتووی ورمێ بە ناوی ”محەمەد عەلیقولی لوو“ کە نەخۆشی گورچیلەی بووە سەردانی نەخۆشخانەی خومەینی ئەو شارەی کردووە و بە هۆی لێدانی دەرزی هەڵە تووشی جەڵتەی مێشک هاتووە و گیانی لە دەست داوە. لە ئێراندا زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێت، بەو هۆیەشەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزار پەروەندە ، لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.