کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەکخستنی ٥مین فستیڤاڵی مووسیقای لەیلاخ لە لایەن بەرپرسانەوە

01:17 - 31 گەلاوێژ 2719

بە هۆی دەستێوەردانی بەرپرسانی شاری دێولان پێنجەمین فستیڤاڵی مووسیقای لەیلاخ هەڵوەشایەوە. ئەو فستیڤاڵە کە ساڵانی ڕابردوو لە شاری دێولانی سەر بە پارێزگای سنە بەڕێوە دەچوو، خەڵکی شارەکانی سنە و دەوروبەر بە گەرمترین شێوە پشتیوانیی خۆیانیان لێکرد و هەر ئەوە بووە هۆی ئەوە کە بەڕێوەبەرانی فستیڤاڵەکە، دڵگەرمتر و بە هیوایێکی زیاترەوە درێژە بە کارەکانیان بدەن و لەگەڵ هەموو جۆرە کەموکوڕیێک لە هەوڵدا بوون کە ساڵ بە ساڵ سەرکەوتووتر ئەو فستیڤاڵە بەڕێوە ببەن. دوای زەحمەتێکی زۆری دڵسۆزان و هونەردۆستانی کورد و دابینکردنی دەبیرخانەیەک بۆ ڕێک‌وپێکتر بەڕێوەبردنی ٥مین فستیڤاڵی لەیلاخ، بەڵام بە هۆی ناکۆکیی شووڕای شار، و دەستێوەردانی هێندێک لە بەرپرسان، بەڕێوەچوونی ئەو فستیڤاڵە وەدوا خراوە و بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگیراوە. لە کاتێکدا کە هۆگران و هونەردۆستانی کورد خۆیان بۆ بەشداریی لەو فستیڤاڵە ئامادە دەکرد، لەلایەن فەرمانداریی شاری دێولانەوە ڕاگەیێندراوێک بڵاو کرایەوە کە بڕیار بوو ئەو کۆڕە ڕۆژانی ٣٠ و ٣١ی گەلاوێژ بەڕێوە بچێت خرایە دواوە. هۆکارەکانی دواکەوتنی ئەو فستیڤاڵە زۆرن بەڵام دەتوانین بە یەکێک لە سەرەکیترینیان ئاماژە بکەین، ئەویش ئەوەیە کە کاربەدسەتان و بەرپرسانی حوکمی نایانەوێ کە ساڵانە کۆڕ و کۆبوونەوە و فستیڤاڵ لە ناوچەکانی کوردستان بەڕێوە بچێت و، ئێستاش ئەگەر وتوویانە وەدوا خراوە، بۆ ئەوەیە کە نەتوانن لە وەرزەکانی پاییز و زستاندا فستیڤاڵێك و مەراسم بگرن چوونکە جیا لە مانگەکانی سەفەر و محەرەم وەرزەکانی پاییز و زستان ، ناوچەی لەیلاخ زۆر سارد دەبێت و هەروەها تەنیا شوێنی ئازاد و باز لە دێولان، پارکی شاری دێولانە کە ئەوەش بۆ وەرزەکانی پاییز وزستان بەکەڵک نایێت. بە گوتەی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی مووسیقیی ماهور لە شاری دێولان ، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی پەکخستنی ٥مین فستیڤاڵی مووسیقای لەیلاخ بۆ ناکۆکیی بەرپرسان و ململانێی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیس دەگەڕێتەوە. تا ئێستا چوارفستیڤاڵی مووسیقای لەیلاخ لە ساری دێولان بەڕێوەچووەو یەکێک لە برگە بەرچاوەکانی ئەو فستیڤاڵە ڕێزلێنان لە فۆلکلۆربێژانی ناوچەی سنە و لەیلاخە کە لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی باشی لێکرا.