کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵام‌دانەوەی جەواد زەریف و هەڵوێستی بنەما گرتن لە بەرانبەر ئەمریکادا

01:23 - 1 خەرمانان 2719

بەدوای تێپەڕبوونی ماوەیەک لە کێشە و گرفتەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و دەنگدانەوەی بەربڵاوی ئەو ناکۆکیانە، جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە ستۆکهۆڵمی سوید سەبارەت بە کاردانەوەکانی ئەمریکا سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی گوتی: لەم کاتە و دۆخی ئێستادا ئەمریکا هەندێک کار و کردەوەی کردووە بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی کە بووەتە هۆی ئاژاوە نانەوە و بێهیوایی هەردوو لایەنی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، بۆیە ئەگەر مەبەستەکانی ئەمریکا لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی ڕوون نەبێتەوە، ئێمەش سیاسەتی شاراوە بەکار دەبەین و کەس ئاگادار ناکەینەوە لە کارەکانمان. قسەکانی جەواد زەریف لەکاتیکدایە کە دوناڵد ترامپ، سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا چەندین جار لە کۆماری ئیسلامی داوای وتووێژی کردووە بەڵام بەرپرسانی باڵای ئەو دەسەڵاتە بەهۆی گرفت و کێشەی خۆیانەوە وڵامی ئەرێنیان بە ئەمریکا داوەتەوە و بە بێڕێزی کردن بە ترامپ و کاربەدەستانی ئەمریکایی، ئامادەی هیج جۆرە وتووێژێک نەبوونە چوونکە جارێ لەگەڵ خۆیان و لەنێو خۆیاندا لەسەر پرسی کۆماری ئیسلامی لەلای ئەمریکاوە ساغ نەبوونەتەوە. هەرچەن کە ئەمریکا ماوەیەکی لەمەوپێش، جەواد زەریفی وەکوو نوێنەری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە، بەڵام ئێستاش لە لە هەڵوێستی توندی خۆی پاشگەز نەبووەتەوە. کۆماری ئیسلامی وەکوو وڵاتێکی ئاژاوەگێڕ و بەرهەم هێنەری تێرۆر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین ناسراوە و ئێستا لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا دایە. جەواد زەریف لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی خوازیاری ئاشتی و ئاسایشە بەڵام هەموو کەس دەزانێ کە دوای چل ساڵ دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئاسایش و ژیان نەک لە ئێران بەڵکوو لە وڵاتانی دەوروبەر و نفووز تێکردووی کۆماری ئیسلامیش نەماوە.