کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات مەتەرێزی شوناسخوازی و کێیەتی

21:31 - 1 خەرمانان 2719

مەبەستی ئەو نووسینە هەڵسەنگاندنی هەڵومەرجی خەباتی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای سەکەوتنی شۆڕشی  ١٣٥٧ی هەتاوی و کاریگەریی حیزبی دێموکرات لە لاپەرەکانی مێژووی هەرمانی کوردە. هەڵبەت ئەم ڕاڤەکردنە لە گۆشەنیگای چۆنیەتیی هەڵسووکەوت و ئاست و ڕادەی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ناوەندی بەرامبەر بە ویستە سیاسییەکانی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورددا مانادار دەبێ و مەبەستی هەرە سەرەکیی ئەم وتارەش دۆزینەوەی وڵامی ئەو پرسیارەیە کە گەلۆ حیزبی دێموکرات لەماوەی چوار دەیە تیکۆشاندا لە نرخاندنی دووانەی "تێچوو_دەسکەوت"دا لەکوێ جێی گرتوە؟ ڕوون و ئاشکرایە کە لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، لە حافزەی مێژوویی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەوە سیمبۆلەکانی مقاومەتی حیزبی دێموکرات لە سەردەمی پاشایەتیدا بوون کە بیچمیان گرتبوو و ئەوەش سەرمایەیەکی مەعنەوی بوو بۆ دەسپێکی قۆناغێکی نوێی گەشە و خەباتی حیزبی دێموکرات لە چوارچێوەی ئەسالەتە شۆڕشگێرییەکەی لەنێو کۆمەڵگەدا. سەرەڕای ئەوەش بەهۆی زاڵبوونی کەشوهەوا و ژینگەیەکی سیاسیی ڕادیکاڵ لەو قۆناغەدا و دواتریش بەرگریی بەشکۆی حیزبی دێموکرات لە شەڕی سێ‌مانگەدا، فەزایەک خۆڵقا کە حیزبی دێموکرات لەلایەن دەسەڵاتی نوێی ناوەندییەوە بە بەردەنگی سەرەکیی خەباتی سیاسیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابندرێ. لەدوای چوار دەیەش و سەرەڕای هەوڵدانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئاڵتیڕناتیڤ سازی و بەلاڕێدا بردنی ئادرەسی چارەسەریی مەسەلەی کورد لە ئێران، هێشتا ئەو پیلانانە بە ئاکام نەگەیشتوون؛ کە ئەمە دەرخەری پێگەی بەهێزی جەماوەریی ئەو حیزبەیە. بێگومان لە دەیەی یەکەمی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا و لەو فەزا ئانۆمیکییە و پێشبینی نەکراوەدا، سیاسەت کردن لە چوارچێوەی سیکلی شەڕ و دانوستاندا بۆ ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات بەگشتی و دوکتور قاسملوو بە تایبەتی بەهۆی لێلیی گوتار و ڕوانینی دەسەڵات بە نیسبەت مەسەلەی کوردەوە ئەرکێکی سەخت بووە و لەو قۆناغەدا "سیاسەت" لە ڕاستیدا هونەری چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە پاڕادۆکسەکانی گوتار و کرداری دەسەڵاتی نوێی ناوەندیی بووە. بەبێ هیچ موزایدەیەکی سیاسی، بەهۆی دەرایەتی سیاسیی دوکتور قاسملووە حیزبی دێموکرات وەک کاریگەرترین کەرەستەی مرۆیی بۆ بیاڤی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەو قۆناغەی لە ڕێڕەوی تێکۆشاندا سەرکەوتووانە بڕی. هەر لەو قۆناغەدا و دواتریش دەرکەوەت کە وێژمانی زاڵ لەنێو سیستمی کۆماری ئیسلامیدا، وێژمانی توندوتیژی (گفتمان خشونت)ە و  لۆژیکیشە کە لەم حاڵەتەدا بەپێێ ئەسڵی مافی ڕەوای خۆپاراستن بەرەنگاریی چەکدارانە بۆ حیزبی دێموکرات ببێ بە مێتودی تێکۆشان. لەماوەی ئەو چوار دەیەدا بەهۆی لێڵی گوتار و زەقی پارادوکسەکانی دووانەی ماهییەت_ ڕواڵەت لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا، لە وێژمانی حیزبی دێموکراتدا هیچکات وەک پرەنسیپ ڕەوایی بە بایەخ و نۆڕمە دواکەوتووکانی ئەو سیستمە نەدراوە؛ ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە بەپێچەوانەی زۆربەی بزاڤ و شۆڕشەکانی پێشووی کوردستان کە لە ئاستی تیۆریدا لاوازییان پێوە دیار بووە، ئەمجارە حیزبی دێموکرات و ڕێبەرییە کارامەکەی (سەرووتر لە هەموویان دوکتور قاسملوو) ئەو بۆشاییەیان پڕ کردبۆوە و بزاڤی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاویتەی مەعریفەی سەردەم و هزری سیاسی و فەلسەفی خەبات ببوو کە ئەمانەش هەردەم لەگەڵ بنەماکانی نیزامیکی تیۆکراتیک وەک کۆماری ئیسلامی ناتەبا بوون. حاشاهەڵنەگرە کە کاتێک دەسەڵاتی ئیدئۆلۆژیک و چەقبەستووی ناوەند هیچ چەشنە تولێرانسێکی لە ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی پێوە دیار نەما و توندوتیژیی بێسنوور (خشونت عریان) بوو بە پلانی درێژخایەنی دەسەڵات، حیزبی دێموکراتیش لە مەقامی خاوەندارێتی لە مەسەلەی کورد و بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و لە ڕێگای لێکدانەوە واقیعگرایانەکانی ڕێبەریی حیزب ( بەتایبەت د.قاسملوو  و د.شەرەفکەندی کە بەحەق لە ستراکتۆری حیزبدا خاوەن ئیقتدارێکی عەقڵانی لە ڕێگای مێکانیزمە دێموکراتیکییەکانەوە بوون) بە شێوەی عەینی بوو بە چاوگەی هیوا و بزوێنەری کۆمەڵگە بۆ درێژەپێدان بە خەبات. بەداخەوە ئەمڕۆکە هێندێک پێنووسی نابەرپرسیار و بێبەری لە ویژدانی فیکری، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە تاڵەی لە هەڵبژاردنی شێوازی خەباتدا بەسەر حیزبی دێموکراتدا سەپا، ئەم حماسە و بەرگرییە مێژووییە بە غەیرە زەروور ناو دەبەن و تاک ڕەهەندییانە و تەنیا لە دەلاقەی نەبوونی پارسەنگیی هێزەوە دەڕواننە ئەم شێوازەی خەبات؛ واتا لە سۆنگەی ئەو ئەلگۆریتمە کە لە بەراوەردکاریی باڵانسی هێز لەنێوان لایەنە ڕکابەرەکاندا ئاماژەی پێدەکەن، بەهۆی باڵادەستیی دەسەڵاتی ناوەندی یان دیکتاتۆری لەبواری نیزامییەوە، نەفسی بەرەنگاری چەکدارانە بەرامبەریان کردەوەیەکی هەڵەیە! کە ئەم پاساو و بۆچوونە، هێنانە ژێرپرسیاری زۆربەی شۆڕشە مەزنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و هاوکات خەباتی مافخوازانەی زۆربەی ئەو نەتەوە و کەمینە بندەست و ستەملێکراونەیە کە لە ڕیگای گوشاری نیزامییەوە پاشەکشەیان بە دەسەڵاتە سەرەڕۆکان کردوە. تەنانەت هێندێک‌جار لە ئاستی وێژمانیشدا، ڕەخنە لەوە دەگیرێ کە لە فەلسەفەی سیاسی حیزبی دێموکراتدا کە لە "بەرنامە"ی ئەو حیزبەدا ڕەنگدانەوەی هەیە، لەجیاتی پێداگریی لەسەر مافی شارۆمەندی و دێموکراسی پتر تەرکیز لەسەر چەمکی ناسیۆنالیزم و مەسەلەی نەتەوایەتی کراوە؛ لە حاڵێکدا هەر توێژەرێکی بێلایەن و بەرنامەی حیزبی دێموکرات ئانالیز بکا، بەو ئاکامە دەگا کە حیزبی دێموکرات چەمک و بەهاکانی دێموکراسی و سێکۆلاریزمی وێڕای زەروورەتە عەینییەکانی عەداڵەتخوازیی لە کۆمەڵگەدا لەگەڵ خەسڵەتە ئەرینییەکانی ناسیۆنالیزم ئاشت‌کردۆتەوە و لە هەگبەی هەموو ئەو جیاوازییانە وێژمانێکی بەرجەستە کردوە کە لە جوتیار و کرێکار بگرە تاکوو مالک و سەرمایەدار و لە مرۆڤی باوەڕمەند بە ئایینەوە تاکوو ئاتێئیست و ... بەرژەوەندییەکانی خۆیانی تێدا دەبیننەوە! گەلۆ ئەدی ئەمە واتای هەوڵدان بۆ سازدانی تەبایی لەنێو کۆمەڵگەدا و ڕێزدانان بۆ سەرجەم شارومەندان و نیشانەی پابەندبوون بە بەها دێموکراتیکییەکان و تەریک کەوتنەوە لە دۆگماتیزم نییە؟! حیزبی دێموکرات بە شێوازیکی ئاوەزمەندانە خۆی لەژێر باندۆری خوێندنەوەی ڕەها و کلاسیک بۆ چەمکە سیاسییەکان دوورخستۆتەوە و هاوکات داهێنان لە سیاسەتی لە ئاستی گوتار و کرداردا نەهادینە کردوە؛ ئەگەر پێویست بووبێ قرمژنی چەکی پێشمەرگەی کردۆتە ڕەمزی پاراستنی شوناسی نەتەوەکەی و لە جێی خۆیشیدا پاڵپشتیی لە زەرفییەت و ڕێکارە مەدەنییەکان کردوە و لە ماوەی ئەو چوار دەیەدا لە هەڵوێستە فەرمییەکانیدا هیچ‌کام لەو شێواز و مێکانیزمانەی گوشارخستنە سەر دەسەڵاتی ناوەندی بە جێگرەوەی ئەویتر لە قەڵەم نەداوە. ئەوەیکە هەنووکەش لەژێر ناوی "چالاکیی مەدەنی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و بە شێوەی بەرهەست لە بوارەکانی ئەدەبی، کولتووری، ژینگە‌پاریزی و تەنانەت مانگرتن و ناڕەزایەتییە سینفییە‌کاندا دەردەکەوێ، زایەڵەی ئەو ئیدەیەی حیزبی دێموکرات لە ڕوانیندا بۆ شێوازەکانی خەبات و بەرهەمی ئەو چالاکییانەی هێزی پێشمەرگەیە کە لەماوەی چوار دەیەدا بە بڕەودان بە کولتووری خۆڕاگری، کۆمەڵگەیەکی ئاگا و مافخواز و خاوەن شوناسیان ئافراند. لە ڕاستیدا حیزبی دێموکرات و فیداکاریی هێزی پیشمەرگە بووە کە دەرەتانی بەوە نەدا کە لە دۆخێکی پەشیوی فیکریی و لە حاڵەتی مەترسی لێکدابڕانی نەتەوەیی، ئەم دۆخە هاوشێوەی ئەوەی ئێستا لەنێو بەشێک لە نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا هەیە، باڵ بەسەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکێشی. بەرهەمی چوار دەیە خەباتی حیزبی دێموکرات لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بیچم‌پێدانی ڕوانگەیەکی پڕاکسیسی (تئوری معطوف بە عمل) لە ڕەفتاری سیاسی چالاکان لە نێوخۆی وڵات و تاراوگەیە کە تێیدا هەم ئیرادە ڕۆڵ دەبینێ و هەمیش واقعگرایی. حیزبی دێموکرات خاوەنی پاشخانی خەباتێکە کە بە تێچووی پێنج هەزار شەهیدەوە، گارانتیی پاراستنی شوناسی بۆ پتر لە دە میلیون تاکی کورد مسۆگەر کردوە و بووە بە قوتابخانەیەکی فیکری بۆ زۆرینەی بژاردە سیاسییە ئەکتیڤەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. خەباتێک کە ئەگەر چل ساڵ پێش ئێستا هەر لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە و بەشێکی کرماشاندا قەتیس مابۆوە، ئەمرۆکە لە سێبەری پابەندبوون بە بەهاکانی کولتووری بەرگری کە خۆڵقێن‌دراوی حیزبی دێموکراتە، باڵی بەسەر هەموو کرماشان و ئیلامیشدا کێشاوە.