کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێعر دژی فتوا

00:08 - 2 خەرمانان 2719

چەند مانگێک پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەسەر ڕێژیمی ستەمکاری پادشایەتیدا، ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی، خومەینی، ڕێبەری مەسەبیی ڕێژیمی نوێ، کە زانی ئامانجی نەتەوەی کورد لە بەشداربوون لەو شۆڕشەدا بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خۆیەتی، ئەو مافە ئینسانییەی پێ قبووڵ نەکرا و فتوای سەرکوتکردنی نەتەوەی کوردی دەرکرد و فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی کاتیی ئێران کرد کە بە توندی هێرش بکەنە سەر کوردستان و نەتەوەی کورد قەڵتوبڕ بکەن. پاش ئەو فتوایە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی جەنگێکی بەسەرداسەپاو هات و بێجگە لە بەرگری هیچ ڕێگایەکی دیکەی بۆ نەمایەوە. لەو پێناوەدا هونەری شێعری کوردییش دەوری بەرگریی خۆی گێڕا. چەمکی بەرگری لە فەرهەنگی گەلاندا چەمکێکی بەهادارە و، بەرگری کاردانەوەیەکی خێرایە لە بەرانبەر هێرشی نەیاردا. ئەو ئەدەبیاتەی کە لە چەمکی بەرگری دەکەوێتەوە زیاتر هەوڵ بۆ داهێنانی واتایی لە دەقدا دەدات. شێعری بەرگری لە ڕێی وەسفی کارەساتەکانەوە خوێنەرانی خۆی هان دەدات بۆ خەبات و بەرەنگاری و گیانفیدایی لەپێناو ئەو مافە ڕەوایەدا کە لایەنی هێرشکەر، یان داگیرکەر لێیان زەوت دەکات. شێعری بەرگریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نیزیکەی نیوسەدە پێش فتواکەی خومەینی دژی نەتەوەی کورد، لە ساڵانی پێش کۆماری کوردستانەوە لە لایەن شاعیرانی ڕووناکبیری وەکو سەیفولقوزات و مەلا مارفی کۆکەییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داهێنرابوو، لە تەمەنی کورتی کۆماردا و بەتایبەتی دوای جوانەمەرگبوونی کۆمار گەشەی کرد و قوتابخانەیەکی شێعریی بەبڕشت و پڕ لە بەرهەمی بەپێزی بە ناوی قوتابخانەی شێعریی موکریان لێ کەوتەوە و، شاعیرانی بەناوبانگی وەکو هێمن و هەژار و ئاوات و محەمەد نووری (عەتری گڵۆڵانی) و خاڵەمین بەرزەنجی و هێدی بەرهەمی شێعریی ڕووناکبیرانە و بەرگریکەرانەیان تێدا داهێنا، کە کاریگەریی بەرچاویان لە ڕەوتی هۆشیاریی نەتەوەیی و ڕووناکبیریی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبوو. لەوانەیە ئیدیعایەکی بێهوودە نەبێ ئەگەر بڵێم شێعری بەرگریی کوردی و قوتابخانەی شێعریی موکریان لەو سەردەمەدا ئاکادیمیای زانستە مرۆییەکانی وەکو سیاسەت و کۆمەڵناسی و مێژوو و زمانناسی بوو. مرۆڤی کورد لە ڕێی ئەو جۆرە شێعرەوە چەمک و زاراوەی ئەو زانستانەی دەناسی و پێیان ئاشنا دەبوو و هەر لەڕێی ناسین و زانینی ئەو چەمک و زاراوە تازانەشەوە بوو کە هەوڵی دەدا مافەکانی خۆی لە دنیای نوێدا پێناسە بکات و بۆ دەستەبەرکردنیشیان تێبکۆشێت. قوتابخانەی شێعریی موکریان جودا لە شێعری بەرگری، لە بواری داهێنانی دەقی لیریکیشدا خاوەنی گەنجینەیەکی بەپێزە، بەڵام مەبەستی ئەم کورتەیادداشتە شێعری بەرگرییە، بۆیە خۆ لە باسی لایەنە جۆراجۆرەکانی قوتابخانەی شێعریی موکریان دەبوێرم و لێرەدا پێویستە ئیشارە بەوە بکەم کە هەر لە ساڵانی پێش ڕووخانی ڕێژیمی پادشایەتی و هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیدا شێعر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لە سۆنگەی قوتابخانەی موکریانەوە واتا و نێوەرۆکەی نوێ ببووەوە، لە بواری فۆرمیشەوە هەوڵی دابوو کە فۆرمی نوێ دابهێنێت، وەک فۆرمی عەرووزی نوێ لە لایەن سوارە ئیلخانی‌زادە و هاوڕێکانییەوە، هەروەها کێشی پەنجەیی و شێعری ئازاد، کە پێشتر لە باشووری کوردستان لە لایەن شۆڕشە شێعرییەکەی عەبدوڵڵا گۆران و دواتر ڕەوتە شێعرییەکانی ''ڕوانگە'' و ''کفری''یەوە تاقی کرابوونەوە. پاش هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی و فتوای جیهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد، شێعری بەرگریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەم بە فۆرمە کلاسیکەکەی قوتابخانەی موکریان و هەمیش بەو فۆرمە نوێیانەی لە سەرەوە ئیشارەیان پێ کرا درێژەی بە داهێنانی دەقی بەرگری دا و لەڕاستیدا شێعر بەرەنگاری فتوا بووەوە. زۆرن ئەو شاعیرانەی کە پاش فتواکەی خومەینی بە دەقی شێعر خوێنەرانی خۆیان هان دا بۆ خەبات و بەرەنگاری و گیانفیدایی لەپێناو ئەو مافە ڕەوایەدا کە فتواکەی خومەینی لە نەتەوەی کوردی، نەک هەر زەوت دەکرد، بگرە مەبەستی ژینۆساید و تواندنەوەی یەکجارەکیی نەتەوەی کورد بوو، کە هەتا ئێستاش، پاش چل ساڵ، ئەو ڕێژیمە هەر لەسەر هەمان فتوا لاوانی کورد دەستبەسەر و زیندانی دەکات و لە بێدادگاکانیدا سزای مردن و سێدارەیان بەسەردا دەسەپێنێت و سەرەتاییترین مافی مرۆڤ کە خوێندن و فێربوونە بە زمانی دایک، ئەو ڕێژیمە لە مرۆڤی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی زەوت کردووە و دەیکات. توێژینەوەی مێژوویی و زانستیی شێعری بەرگریی کوردی، نەک لە هەموو مێژووی ئەدەبی کوردیدا، بگرە لەو چل ساڵەی پاش فتواکەی خومەینیدا زۆر هەڵدەگرێت و لە کورتەیادداشتێکی ڕۆژنامەییدا ناگونجێت. بەڵام مەبەستی ئەم یادداشتە نرخاندنی ''بەهای بەرگری''یە لە دەقی شێعری کوردیدا، کە لەو چل ساڵەدا چ لە فۆرمە کلاسیکەکەی قوتابخانەی شێعری_ڕووناکبیریی موکریاندا و چ لە فۆرمە نوێ و نوێترەکانی دواییدا هەتا ئێستاش بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی فتواکەی خومەینی و هەرچەشنە بیرێکی داگیرکەرانەی سەرکوتکەر. ئەگەر بمەوێ هەموو شاعیرانی شێعری بەرگریی کوردی لەو چل ساڵەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بناسێنم و دەقەکانیان بنرخێنم دیسان لەم دەرفەتە کورتەدا ناگونجێت. بەڵام یاد و دەقی بەشێک لە شاعیرانی شێعری بەرگریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەمە شایەدی نێوەرۆکی یادداشتەکەم. لە مامۆستا هێمنی سەرتۆپەوە تا ئازا سەکری (قادر لوتفیانی) و جەلال مەلەکشا و ڕەحیم لوقمانی و مارف ئاغایی و فەرەیدوون ئەڕشەدی و شاعیرانی دیکەش (کە لەم دەرفەتەدا من بیرم بە ناویان و دەستم بە دەقەکانیان ڕاناگات) درێژەدەرانی شێعری بەرگری لەسەر ڕێبازی قوتابخانەی موکریان و ڕێبازە شێعرییە نوێیەکانی دواترن و بە لەکارهێنانی هێما و سیمبولی جۆراوجۆر بە زمان و فۆرمی جیاواز هەوڵ دەدەن نەتەوەی کورد هان بدەن کە خۆ بەدەست هەڕەشەی فتوا و قەڵتوبڕی داگیرکەرەوە نەدەن. بۆ نەجاتی ئەم گەلە کوێلە و هەژار و بێکەسە گیانی پاک و بیری تیژ و ڕێگەناسینم دەوێ ... سەخت و ناهەموارە ئەم ڕێگایە کوردی کۆڵنەدەر! بۆ خەباتێکی درێژخایەن گوڕ و تینم دەوێ ''هێمن/ ٣-١٢-١٣٥٨'' ***‌ گەرچی لێم دووری، گوڵم! لێم دیاری دێمەوە دەست بە چەکم پڕدیاری دیاریی ژین دیاریی دڵی هاوینە بەروبووی داری بەری بۆ ژینە خوێنی دڵ دەتکێ لە پێدەشت و کەل ئۆقرەگەم بوو بە دڵی ڕوونی گەل خەبەری شادیی گەلان تا دێنم باڵی زۆرداری زەمان دەشکێنم زێدەسەربەرزەکەمی کوردستان! سەنگەری سووری سەری سەربەستان   ''ئازا سەکری'' ***‌ مێژوو دەڵێ سەدان کەڕەت گۆڕەپانی منیان کردە جەهەندەم و وڵاتێکیان تیا هەڵقرچان! بەڵام هەرگیز نەیانتوانی دوو دیاردە لەسەر سینگم بسڕنەوە یەکیان کورد و ئەوی تریان وشەی پیرۆزی کوردستان   ''جەلال مەلەکشا'' ***‌ من قەقنەسم لە ئەفسانە و لە میژوودا ناوم هەیە گەر بمکوژن هەزاران جار من خۆڵەمێش ئەکەم بە هێلانەی هاوار!   ''جەلال مەلەکشا'' ***‌ ئەی خاوەن مێژووی بندەستی! ساڵەهایە بۆ یاریی خواکانی زەمان مۆرەی تەختەی هەموو چاخێک قەرەجێکی بێدەواری باری دەردت لە کۆڵدایە و بە ئازاری خۆت بێهەستی بەڵام ئەمڕۆ منی مێژووی کۆڵەوارت هەر سێ وشەی تازەم دەوێ لێم بنووسی هەر سێ وشە: یەک: سەربەستی دوو: سەربەستی سێ: سەربەستی   ''ڕەحیم لوقمانی''   ***‌ خاک توانای کۆچی نییە ئەوەیە ڕازی مانەوەی هەمیشەی من لەم وڵاتەدا .. گەڵایەک وەری خەستەبارانێک تەرمی شوشتەوە   قەڵشێکی زەوی: مەرقەدێکی ون شەهید دەنێژرێ: بێ کفن و دفن   ''مارف ئاغایی''   *** شەرابەکانت دەنۆشم ئەی نیشتمان !   دەنۆشم شەرابی ترێی بەر هەتاوە داخدارەکەت شەرابی نێو کووپەی ژێرزەمینە شاراوەکانت شەنگ و سەرخۆش وەک شۆڕەبییەکی کەنار ڕووبارە شەکەتەکان دەچەمێمەوە و دەستی خۆڵاویی خاکەکەت ماچ دەکەم وەکوو تاقانە سەرخۆشی زەمین شەرابی هەنگوورە ڕەشەی بەر تریفە خەمبارەکەت دەنۆشم و بە تیشکی شێعر ناوی ڕۆڵە نەمرەکانت لە سەر بازووی زەمان هەڵدەکۆڵم بەم دەنگە خەمگرتووەم حەژمەتی خەون و خوێنی دڵدارە ئەبەدییەکانت بە گوێی ئایندەدا دەچرپێنم تۆ هەڵوەدای پارچە نازەنینەکانی گیانتی و من لە ئێوارەی ڕەزباخە شەنگەکانتدا شەرابی دەردەکانت دەخۆمەوە   '' فەرەیدوون ئەرشەدی''   *** هەرچەند تایبەتمەندییە گشتییەکانی ئەم جۆرە شێعرە لە جۆرەکانی دیکەی شێعریشدا هەیە، بەڵام ئەوەی کە هۆی هەڵاوارادنی شێعری بەرگرییە، پەیام و واتاکەیەتی. واتا ئەم جۆرە شێعرە ئاوێنەی ئازارەکان و ستەملێکراوی و هیواکانی خەڵکێکە، کە لە لایەن ڕێژیمێکی زاڵمەوە وەبەر ستەم کەوتووە. ئەم جۆرە ئەدەبیاتە وێڕای ئەوەی کە مژدەی ئاسۆی ڕوون و سەرکەوتنی بێگومان بە خەڵک دەبەخشێت؛ خەڵک بۆ خەبات و خۆڕاگری و بەرخۆدان لە بەرانبەر ستەم و ستەمکاریدا هان دەدات، پەسنی ئازادی دەدات و بە ستایشی شەهیدان و گیانفیدایانی ڕێگای ئازادی وا نیشان دەدات کە درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان هەنگاونانە بەرەو لووتکەی سەربەستی و ئازادی. ئەدەبیاتی بەرگری بە گەورەکردنەوەی هێما و ئەفسانە نەتەوەیی و مێژووییەکان، هەستی نیشتمانپەروەری و بەرگری لە خاک و ئاو بەرز دەکاتەوە و وا دەکات کە گەل لەبری ئەوەی خۆی بە دەستی دۆخی هەیی (وەزعی مەوجوود)ـەوە بدات، بەرەنگاری ببێتەوە بۆ ئەوەی دۆخی دڵخواز بەدی بێنێت.