کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزی هەرمانی ئەدەب و هونەری بەرگری

00:10 - 2 خەرمانان 2719

کاتێک کە گەلێک دەکەوێتە مەترسیی لەنێوچوون یا داگیربوونی خاکەکەی و یا بە هەر شێوەیەک مەترسی دەکەوێتە سەر چوارچێوەی جوغڕافیایی و دەسکەوتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی؛ دژکردەوەی جۆراوجۆر لە خۆی نیشان دەدا. یەک لەم دژکردەوانە هونەری بەرگرییە کە بە دوو مەبەستی سەرەکی بەکار دەهێندرێ؛ یەکەم ئەوەی کە حەول دەدرێ کردەوەی دوژمن و نەیارەکە پێناسەیەکی قیزەونانەی بۆ بکرێ و قووڵایی دەستدرێژییەکەی بنوێندرێ، دووەم ئەوەی کە ورە و حەماسەتی خەڵک بۆ هەڵوێست گرتن و بەگژداچوونەوەی نەیار بباتە سەرێ. ئەم لقە لە درەختی چڕوپڕی هونەر جێی سەرنجی زۆربەی گەلانی ستەملێکراو و هونەرمەندانی ئازادیخوازی دنیا بووە و هێشتاکەش هەیە. کاتێک هونەرمەند لە بەرامبەر چارەنووسی نەتەوەکەی خۆیدا هەست بە بەرپرسایەتی دەکا و ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، هونەر دەگەڵ زێڕ ناگۆڕێتەوە و، پشت لە هەموو ئەگەرە باشەکانی سەر ڕێی ژیانی تاکایەتیی خۆی دەکا و لەپێناو گەیشتن بە ئامانجێکی پیرۆزدا ورە بە هاونیشتمانییانی خۆی دەبەخشێ؛ لەوێدایە کە هونەری دەروەست و، تەیار بە بیرۆکەی بەرەنگاری دەردەکەوێ. گەلی کوردیش یەک لەو گەلانەیە کە لەژێر ڕەهێڵە بارانی ستەمی داگیرکەرانی نیشتمانەکەیدا بووە و؛ بۆیەش پەرچەکرداری تایبەت بەخۆی هەبووە. هەر سووکەئاوڕێک لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەینەوە بۆمان دەر دەکەوێ کە چەندە هونەری بەرگری ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لەم جەغزەدا. بۆ نموونە هەر سروودی نەتەوەییەکەی کە ئاماژە بە زیندووبوون و شەکاوەیی ئاڵاکەی دەکا، نیشانەی ئەوەیە کە لە ڕێگەی هونەری سروودەوە بەرهەڵستی سڕینەوە و لەبەرچاو نەگرتن بۆتەوە. دواتریش هەر لەم ڕێگایەوە و لەسەر هەمان ڕێچکە بە یارمەتیی مۆسیقا و هەڵبەست، زۆر هەوڵی ورەبەخش لەلایەن هونەرمەندانی دەروەستی ئەم بەشە لە کوردستان دراوە. کاتێک هونەرمەندە دەروەستەکان هۆمێد بە داهاتووی سەرکەوتن وێنا دەکەن، یا لە شاخە بەرزەکانی کوردستانەوە پەیام بۆ دایکە دڵ بە سۆکان دەنێردرێتەوە کە لە ئەگەری شەهیدبوونی ڕۆڵەکانتان ڕۆڕۆ مەکەن و لە جێگایەکی دیکەدا و لەسەر هەر ئەو ڕەوتە دەڵێ لە جیات ڕۆڕۆ کردن هاوڕێی ڕۆڵە شەهیدەکەتان تێرماچ کەن هەتا ستاندنەوەی تۆڵەی و، لە لایەکی دیکەشەوە دەنگێکی خۆش و بلاوێن لە گەرووی شێرەوە بەرز دەبێتەوە و شەهید دەکاتە گوڵی چیای بەرز و کۆتایی بە گریان و شیوەن دێنێ و بۆ هەمیشە لە بەرزاییەکانی ئەم نیشتمانەدا هەرمانی دەکا؛ نیشان لە پێگەی بەرزی هونەرە. لە بواری شێعردا و لەگەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان هونەرمەندانی مافویست و نیشتمانپەروەر سەریان هەڵدا و لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان بە شێعرەکانی کەسانی وەک هێمن، هەژار، هێدی، سەیفولقوزات و ... ڕازایەوە و، ئەوان بە تێکڕایی لە هەر کاتێکی خۆش و ناخۆشدا، نیشتمانی خۆیان هەر لەبیر نەکرد. ئەم ڕەوتە لە تاراوگەشدا هەر درێژەی هەبوو و، کێشە و ئارێشەکانی کۆمەڵ کە لە سۆنگەی دەسەڵاتی پاشایەتییەوە تووشی ئەو خەڵکە ببوو لە شێعرەکانی بە تایبەت مامۆستا هێمندا ڕەنگی داوەتەوە و، هەر لەو تاراوگەیەوە بەڵێنی هاتنەوە دەدا و هەروەها بەئیمانەوە هاوار دەکا و دیسان بەڵێن دەدا هەتا دوژمنەکەی لە خوێنی نەگەوزێنێ بۆ گەلەکەی هەر بخوێنێ. لەگەڵ ڕووخانی سیستمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و داسەپاندنی شەڕی نابەرامبەر بەسەر گەلی کورددا، مامۆستایەکی شەریف سەر هەڵدەدا و پڕ بە گەرووی منداڵانی هەموو قوتابخانەکانی کوردستان هاوار دەکا "ئا" وێنەی ئازادی و "ک" وێنەی کوردستان، کورد و کۆمەڵ و کوێستان و ئەو منداڵانە، گەورەپیاوەکان بەرەو یەکگرتن و یەکیەتی و یارمەتیی یەکتر بانگهێشت دەکەن. لە سەنگەری زماندا شاعیری گەل کە یادگارێکی کۆمارە و ماوەتەوە بۆ جیلی نوێ بە هاوکاریی کەسانی وەک مامۆستا شەریف و مامۆستا مەلەکشا و ... ئەم سەر و ئەو سەری کوردستانیان لێک گرێ دا و؛ ئەم سەنگەرە پیرۆزەیان پاراست و پێشیان بە ئاسیمیلەبوون گرت. هەر ئەم ئازیزانە بوون بە تێکۆشانی بێوچانی خۆیان بیرۆکەیان بوو بە هەوێنی هاتنە مەیدانی بەرەی چوارەم و ڕەحییمی لوقمانییەکان. ئەم نەتەوەیە کەم و زۆر، لە زۆربەی درگای هونەرەکانی داوە بۆ وەی ڕەوایی خۆی بسەلمێنێ، بەو مەبەستەی ستەم لێکراویی خۆی بنوێنێ، بۆ ئەوەی لە خەباتە ڕەواکەیدا شێلگیرتر لە پێشوو بێ، پەیکەری مامۆستا هەژار کە کفن دەدڕێ و دیسانەوە بۆ کورد تێهەڵدەچێتەوە، بەڕێوەبردنی چەندین شانۆ لەمەڕ ڕووداوگەلی جۆراوجۆر بۆ نموونە هێرشی شیمیایی بۆ سەر سەردەشت، فیلمی چریکەی هەورام، چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەو ڕۆمانانەی وا ڕاپۆرتێک لە تێکۆشان و ئەشکەنجەی زۆر یەک لە تاکەکانی ئەم گەلەن بۆ نموونە "چریکە و تاریکستانی ساڵەسپییەکان" لە نووسینی بریا کاکەسووری؛ زەحمەت و مەینەتێکن کە ئێمە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە گەیشتن بە سەرکەوتن نیزیکتر دەکەنەوە. ئەم حەولانە پیرۆزن و پڕباش بەڵام تەواو و بەس نین؛ هونەرمەندانی ئێمە نابێ بچن لە پشت ئەو دەستەواژانەی وا لە وڵاتە ڕۆژاواییەکانەوە دێ خۆیان حەشار بدەن و ئەرکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیی خۆیان پشت گوێ بخەن. خەسرەو گوڵسورخی دەڵێ: "کێ دەڵێ شێعر نابێ دروشم بێ، لە کاتێکدا ئەم ژیانە هیچ وێکچووییەکی لەگەڵ ڕاستیی خۆیدا نییە. من لەپێناو ژیاندا چاوەڕوانیی ئەوەم لە شێعر هەیە کە گەر پێویست بوو نەوەک تەنیا دروشم؛ بەڵکوو خەنجەر و پەت و ژار و تەنانەت فیشەکیش بێ."