کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نۆڕوێژ خۆپێشاندانێکی فراوان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو

21:57 - 2 خەرمانان 2719

رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ئاگوستی ٢٠١٩ی زایینی، لەسەر بانگەوازی کۆمەڵێک لە هێز و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکان، خۆپێشاندانێکی فراوان دژ بە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران محەممەدجواد زەریف بۆ وڵاتی نۆڕوێژ و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو. کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی دوانیوەڕۆ، خۆپێشاندەران لەبەردەم بەشێک لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆڕوێژ کۆ بوونەوەو چالاکییەکانی خۆیان بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی رەقیب" دەستی پێ کرد . پاشان پەیام هێز و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار، بە زمانی ئینگلیزی خوێندرایەوە و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییان لەهەمبەر گەلانی زۆرلێکراوی ئێران یەک لەوان گەلی کورد ریسوا و شەرمەزار کرد و روو بە رای گشتیی نۆڕوێژ کارنامەی رەشی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی تیرۆر و ئاژاوەگێڕیی ئەو نیزامەیان خستەڕوو. خۆپێشاندەران بە دروشی "نا بۆ دیکتاتۆر، بژی ئازادی، بژی کوردستان، کۆماری ئیسلامی تیرۆریست، زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن و چەندین دروشمی تر، بە زمانەکانی کوردی و فارسی و نۆڕوێژی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و نیو چالاکییەکانی خۆیان بەردەوام کرد و رووی راستەقینەی کۆماری ئیسلامییان لەقاو دا و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش وەک هەمیشە، لەو ئاکسیۆن و خۆپێشاندانەدا، دەوری بەڕچاو و کاریگەریان هەبوو. ئەو هێز و لایەنانەی کە رێکخەری ئەو خۆپێشاندانە بوون، بریتی بوون لە: حیزبی دێموکراتی کوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆمیتەی هاوپێوەندی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران_ نورویژ حیزبی چەپی ئێران (فدائیان خلق) شایانی باسە، جگە لەو چەند حیزب و رێکخراوەی کە ناویان هاتووە، چەند حیزب و رێکخراوی دیکەی ئێرانییش دواتر پەیوەست بە ریزی خۆپێشاندەران بوون.