کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی زیندانییەکی سیاسی کورد دوای ٢٥ ساڵ زیندانی

22:00 - 2 خەرمانان 2719

محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسیی کورد، دوای ٢٥ ساڵ زیندانیی، نامەیەکی ڕوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاو کردەوە. محەممەد نەزەری کوڕی حەمدوڵلا لە ساڵی ١٣٧٣ لە شاری بۆکان بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە ڕێکخراوە کوردییەکانی دژ بە ڕێژیم دەسبەسەر و دواتر لە ژێر ئەشکەنجەی توند و نامرۆڤانەی جەللادەکانی ئیتلاعات پەروەندەیەکی ساختەی بۆ ساز دەکرێ و حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێ و دواتر حوکمەکەی دەبیتە زیندانی هەتا هەتایی. محەممەد نەزەری دوای ٢٥ ساڵ مانەوە لە بەندیخانە و تەحەممولی ئازار و ئەشکەنجەی جۆراوجۆر تا ئێستا بۆ یەک ڕۆژیش مەرەخەسی پێنەدراوە. ناوبراو دوای ٢٥ ساڵ مانەوە لە بەندیخانە لە نامەیەکدا داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە ئاوڕێک لە دۆخی نالەباری ناوبراو و کەسانی وەک ئەو بدەنەوە کە لە زینداندا بەبێ تاوانی ڕاگیراون و مافەکانیان پێشیل دەکرێ. محەممەد نەزەری دوای ئەوەی کە چەند جار داواکاریی ڕەوانەی دادگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە تا بە پەروەندەکەیدا بچنەوە، بەڵام هەموو جارێ بێ وەڵام ماوەتەوە و ناوبراو بە تۆمەتی ئەوەی کە شیعە مەزهەبە و هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە ڕێکخراوە کوردییەکانی دژ بە ڕێژیم کردووە و هاوکاری کەسێکی شیعە مەزهەب لە گەڵ ڕێکخراوێکی کوردی سوننە مەزهەب لە ڕوانگەی ئاخوندەکانەوە گوناح و تاوانێکی نەبخشراوە و بە کەسێکی دژ بە خوا لە قەڵەم دەدرێ. محەممەد نەزەری لە بەشیکی نامەکەیدا ئاماژەی بە باری تەندروستی خۆی کردووە و ڕایگەیاندووە کە تووشی دیسکی مل بووە و بەرپرسانی ڕێژیم وەڵامدەری نەخۆشیەکەی نین و پێی ڕاناگەن.