کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی خامنەیی دیکتاتۆری ڕوو لە کۆتایی

21:11 - 3 خەرمانان 2719

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو دیکتاتۆرە خوێنڕێژانەیە کە ماوەی سێ دەیەیە ڕێبەرایەتیی ڕێژێمێکی ڕەش و سەرکوتکەر دەکا و دوور لە هەموو یاسا و ڕیسا نێودەوڵەتییەکان مافەکانی گەلانی ئێران پێشێل دەکا. عەلی خامنەیی یەکێک لە دامەزرینەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕێبەریی ئەو دیکتاتۆرەدا وڵاتی ئێران ڕۆژبەڕۆژ بەرەو وێرانی دەچێ. ئەگەر لە سەردەمی خومەینی‌دا شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق ڕوویدا و بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە نگریس و سەرەڕۆیە بە میلیون کەس کوژران و بریندار و بێسەروشوێن بوون، ئەوە لە سەردەمی ڕێبەریی خامنەیی‌دا نەک هەر دریژە بە سیاسەتە هەڵەکانی خومەینی درا بەڵکوو وڵاتی ئێران هەر ڕۆژە بە جۆرێک لەگەڵ رووداو و پێشهاتی جۆراوجۆر و ترسناک بەرەوڕوو دەبێتەوە. عەلی خامنەیی یەکێک لەو دیکتاتۆرانەیە کە ڕەحم بە هاوکار و هاوڕێکانی خۆشی ناکا و بۆ خاتری پاراستنی کورسی دەسەڵاتەکەی کەسانی وەک مووسەوی و کەڕووبی کە کەسانی دڵسۆزی پارێزەری ڕیژیم بوون، خستە بەندیخانە. لە ماوەی سێ دەیەدا بە فەرمانی ئەو دیکتاتۆرە گەلانی ئێران سەرکوت دەکرێن، مافەکانیان پێشێل و بەندیخانەکان لە ئازادیخوازان و ڕووناکبیران دەئاخنرێن و هیچ نرخێک بۆ خەڵکی ئێران دانانێ. لەگەڵ ئەوەی کە ناوبراو لە لایەن ڕەفسەنجانی و مەجلیسی خوبرەگانەوە بۆ ماوەیەکی کاتی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دیاریکرا، بەڵام ناوبراو بە پشتیوانی سپای پاسداران بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەیدا. لەو ماوەیەدا بەهۆی سیاسەتە دژی ئینسانییەکانی لە لای خەڵکی ئێران هەردەم بە چاوی دژمن سەیر دەکرێ و تا ئێستا بە سەدان هەزار کەس لە ڕێگای خۆپێشاندان و نووسینی نامە داوای دەست لە کارکێشانەوەی ناوبراویان کردووە و لە لایەکی دیکەوە ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی لە هەوڵی ڕووخاندنی ڕێژیمەکەی دابوون. لەم ماوەیەشدا بۆ جارێکی دیکە چالاکانی نێوخۆی وڵات لە کەمپینێکی سێ هەزار کەسیدا داوای دەست لە کارکێشانەوەی ناوبراویان کردووە کە تا ئێستا بەشێک لەوان گیراون و دەسبەسەر کراون. ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لە خامنەیی و ڕێژیمەکەی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنی و ئیتر خامنەیی ئەو خەتە سوورە نییە کە خەڵک لە ترسی هێزە ئەمنیە سەرکوتکەرەکان نەوێرن باس لە مەشرووعییەتی ناوبراو بکەن. بێگومان خامنەییش وەک زۆر دیکتاتۆری سەردەم گڕۆڵەی کەوتۆتە لێژی و بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی و بێزراوی لە نێو کۆمەڵگەی ئێران و جیهاندا دەسەڵاتەکەی ڕوو بە نەمان و تێداچوونە.