کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل بۆ جارێکیتر هێرشیان کردە سەر مۆڵگەکانی سپای پاسداران لە سووریە

21:27 - 3 خەرمانان 2719

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل شەوی یەکشەممە ٢ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی بۆ جارێکیتر بنکە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامییان لە خاکی سووریە بۆردومان کرد. دوای ئەوەی کە هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پارێزگاری لە ڕووخانی ڕێژیمەکەی بەشار ئەسەد بە هەزاران کەسیان بە بیانووی پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان ڕەوانەی وڵاتی سووریە کرد و لەو ڕێگایەدا هەزاران سەرباز و پاسداری ئێرانییان بە کوشتدا و دەستیان سوور بوو بە خوێنی ڕۆلەکانی خەڵکی سووریە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە تا ئێستا هەڕەشەی لە ناوبردنی ئیسڕائیل دەکات، دەوڵەتی ئیسڕائیلی ناچار کرد کە لە هەموو شوێنێک دژی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئاخوندەکان بوەستێتێتەوە. لەو ماوەیەدا کە سپای قودسی ڕێژیم هێزەکانی ڕەوانەی وڵاتی سووریە کردووە، دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ڕێگەی مووشەکی دوورهاوێژ و فڕۆکە شەرکەرەکانییەوە سەدان هێرشی کردۆتە سەر هێزکانی ڕیژیم و مۆڵگە و جبەخانەکانیان و زیان و زەرەڕێکی زۆری گیانی و ماڵی بە ڕێژیم گەیاندووە. هەر لە درێژەی ئەو هێرشانەدا ماوەیەکە هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و جبەخانەکانی چەک و تەقەمەنی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتی عێراقیش کەوتۆتە بەر هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل و زیانێکی زۆریان بە حکوومەتی ئاخوندی گەیاندوە. لە ماوەی نزیک بە ١٠ ڕۆژدا ئیسڕائیل لە هەر دوو وڵاتی عێراق و سووریە بۆ چەند جار هێرشی کردۆتە سەر بارەگاکانی کۆماری ئیسلامی و زیانێکی زۆریان لێداوە.