کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهیدانی ژینگەی کوردستان بەرزڕاگیرا

16:37 - 4 خەرمانان 2719

لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ، یاد و ناوی شەهیدانی ڕێگای سەوز هێشتنەوەی نیشتمان، شەریف باجوەر و هاوڕێیانی بەرز ڕاگیرا. ئەو ڕێوڕەسمە کە لە دارسەیرانی مەریوان بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵکی ئەو شارە و بەشێکی بەرچاو لە ژینگەدۆستان و چالاکانی مەدەنیی کورد بەڕێوەچوو، یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی چوار ژینگە پارێز بەناوەکانی شەریف باجوەر، ئومێد کۆنەپۆشی، رەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی کە ساڵی ڕابردوو لە ئاگری ماڵوێرانکەری دارستانەکانی ناوچەی مەریوان گیانیان بەختکرد بەرزڕاگیرا. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سۆزی شمشاڵی کوردی دەستی پێکرد و پاش ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان و تێکۆشەرانی ژینگەپارێز و نیشتماندۆست، نێو ئاپۆڕای خەڵک سروودی حەماسی دەنگی‌دایەوە. خەڵکی ئەمەگناس و تاساوی کورد بە ئامادەبوونیان لەسەر گڵکۆی شەهیدانی ژینگە سەلماندیان کە هەتاسەر بە ڕێبازی سەوزی شەهیدانی ژینگە وەفادارن و، دڵسۆزترین ڕۆڵەکانی خۆیان فەرامۆش ناکەن. لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان خوێندرایەوە کە بە باسکردن لە هەڵوێستی بەرز و ئینسانی شەریف باجوەرو ئومێد کۆنەپۆشی دوو ئەندامی چالاکی ئەو ڕێکخراوەیە ، خەمی لە دەستدانیانی بە خەمێکی کوردستانی لە قەڵەم دابوو. هەروەها لە دڕێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا نازدار هەقپەرەست هاوژینی شەریف باجوەر لە تۆێی پیامێکدا سپاس و پێزانینی بنەماڵەی باجوەر و کۆمەڵگەی ژینگەپارێزانی پێشکەش بە خەڵکی کوردستان کرد. لە بەشێک لە پەیامی نازدار هەقپەرەست هاتبوو؛ " شەریف لە خۆشەویستیی کوردەوە ، فێر بوو هەموو مرۆڤی خۆش بوێ و لە خۆشەویستیی کوردستانەوە فێر بوو ، هەموو زەوی بەلانکە و دایکی خۆی بزانێ. هەر لەو پێناوەشدا بوو بیرۆکەی "پێنج شەممەی مێهرەبانی" لە زەینیدا شکلێ گرت و وەک ئامانج و هیوایەک بۆ داهاتوویەکی مرۆڤدۆستانە گرنگییەکی زۆری پێدا و یەکەم هەنگاوەکانی بۆ پەرەپێدان و گشتگیرکردنی ئەو بیرۆکەیە هەڵگرت. ئەو لە قووڵایی ناخی دا ، مرۆڤێکی بەمانای تەواوی وشە بوو ، هەربۆیە لە کار و کردەوە و پەیڤیدا ، مرۆڤایەتیی دەکەوتە شەپۆلان . شەریف، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە مرۆڤێکی دڵ ناسک و نەرم و نیان بوو ، فێری کردین کە لەبەرامبەر نەهامەتی و وەیشوومە و زریاندا ، ئاویەر و بێستوونێ بین لە بەرخۆدان و بەچۆکدانەهاتن". ئەو ڕێوڕەسمە لە کەشێکی کوردانەو بوێرانە بە خوێندنی سروود و ئاوازی شؤڕشگێڕانە کۆتایی ‌پێهات. شیاوی باسە پێشتر ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە بانگەوزێکدا داوی لە خەڵک کردبوو کە کاتژمێر ٥ و نیوی ڕۆژی یەکشەممە ٣ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی بەشداریی بکەن لە ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵیادی شەهیدانی ژینگە.