کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٤مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

22:04 - 4 خەرمانان 2719

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ ئاگۆستی ٢٠١٩ زایینی، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٤مین ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک بەڕێوەچوو. ژمارەیەکی بەرچاو لەئەندام، لایەنگران، دۆستانی حیزب و نوێنەرایەتیی پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، نۆێنەرایەتی فێدڕاسیۆن و کۆمەڵە کوردییەکان تێیدا بەشدار بوون. دەستپێکی ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەڵاوێژ بەسرودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب بوو کە لە لایەن ڕۆڵە بەئەمەگەکانی حیزبەوە ئامادە کرا بوو پێشکەش کرا. پاشان ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان راگەیەندرا و بەڕێوەبەری بەرنامە هاوڕێ ئەحمەد ڕەحمانی لە وتەیەکی کورتدا بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دانمارک بەخێرھاتن و پیرۆزبایی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٤مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی لە ئامادەبووان و میوانەکان کرد. پاشان ڕەحیم خالیدنژاد بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی پێشکەش بە بەشداربوون و ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرد. لەو پەیامەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە پێشڕەوی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەممەد لە ماوەیەکی کورتدا بەشێوەیەک گەشەی کرد و پێشکەوت کە بتوانێ بە باشترین شێوە لە دەرفەتی ڕەخساو کەڵک وەرگرێ و کۆماری کوردستان دابمەزرێنێ، ئەویش بە پێی پێوانەی مۆدێڕن و نێونەتەوەییەکان. ھەنگاوەکانی حیزب و ڕێبەرە پێشەنگەکەی پێشەوا قازی محەممەد بەشێوەیەک سەردەمیانە بوون کە لە ماوەیەکی کورتدا ڕۆڵ و کاریگەریی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواریی پێوە دیار بوو. ژنان شانبەشانی پیاوان ھاتنە مەیدانی خەبات و لاوان ئاوڕیان لێ درایەوە و تەنانەت کۆمەڵێکی بەرچاو لەوان بۆ خوێندن نێردرانە دەرەوەی وڵات. پاش پەیامەکەی کاک ڕەحیم خالید نژاد لە لایەن دوو سیمای ناسراو و خۆشەویستی حیزبەکەمان بەڕێزان کاک ناسر پیرانی و کاک ئالان بەھرامی مۆمی ٧٤ساڵی دامەزرانی حیزبەکەمان داگیرسان و خۆشی خستە دڵی بەشداربووان. لە ڕێوڕەسمەکەدا کۆمەڵێک لایەنی سیاسی و کۆمەڵە کوردی و کلتوری پەیام و بروسکەی پیرۆزباییان نارد بوو.