کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە نێوبردنی ژینگەی کوردستان

22:14 - 4 خەرمانان 2719

کوردستان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ژینگەیەکی جوان و سەوزی هەیە و سروشت و دیمەنی کوردستان جێگەی سەرنج و دڵڕفینە. کوردستان بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەتی سەربەخۆی نەبووە و هەمیشە دژمنەکانی حکوومەتیان بەسەردا کردووە، بۆ گەیشتن بە مەبەستە چەپەڵەکانیان هەردەم ژینگەی نیشتمانی کوردیان تێکداوە و سامانەکەیان بە تاڵان بردووە. وێرانکردنی گوند و شارەکانی کوردستان، بڕین و سووتاندنی لێڕەوارەکان و لێدانی سەدان جادە و ڕێگە بۆ دانانی مۆڵگەی سەربازی و میلیتاریزە کردنی کوردستان، بوونەتە هۆی لەنێوبردنی لێڕەوارەکان و تێکدانی ژینگەی نیشتمانی کورد. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا وەک دەوڵەتێکی داگیرکەر هیچکات پاراستنی ژینگەی کوردستانی بەلاوە گرینگ نەبووە و بە تۆپ باران و بۆمباران هەمیشە بۆتە بەڵای سروشتی کوردستان. لەمدواییانەشدا بەشیوەیەکی بەربڵاوتر لە پێشوو بە ئانقەست بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی خۆی، لێڕەوارەکان دەسووتێنێ. ئەگەر لە لایەک ڕێژیم ژینگەی کوردستان تێکدەدا، ئەوە لە لایەکی دیکە ژینگە پارێزان و دڵسۆزانی خۆبەخشی نیشتمان بوونەتە پێشەنگی حەڕەکەتێکی نیشتمانپەروەرانە و بە گیان و بە دڵ پارێزگاری لە ژینگەی کوردستان دەکەن. کوردستانییانی وڵاتپارێز لە هەر شوێنێک کە بتوانن و بۆیان بلوێ پارێزگاری لە خاکەکەین دەکەن، سووتاندنی لێڕەوارەکان لە لایەن ڕێژیم و هەڵوێستی ئازایانە و ماندوونەناسانەی کچان و کوران و ژنان و پیاوانی کورد و کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان نموونەی ئەو کارانەن کە لە خۆشەویستیی نیشتماندا دەیکەن. شەهیدانی ئەنجوومەنی "سەوز"ی چیا لە مەریوان نیشانەی ئەوپەڕی فیداکاری و لەخۆبووردووی نەمر شەریف باجوەر و هاوڕێیانی بوو کە لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕووداوی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان فیدای پاراستنی سروشتی کوردستان کرد. بەرزڕاگرتنی یادی ئەو نەمرانە لە چەند شارێکی کوردستان لە لایەن دڵسۆزانی گەلەکەمان و هاودەردی لە گەڵ بنەماڵەکانیان نیشانەی خۆشەویستی خەڵکی کوردستانە بۆ ژینگە و سروشتی کوردستان و بۆ یەکتر. لەگەڵ هەموو هەڕەشە و ڕێگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام خەڵکی کوردستان نەترسانە بەرگری لە جوانی وڵاتەکەیان دەکەن و پێشمەرگە ئاسا بەگژ سیاسەتی وێرانکردنی نیشتماندا دەچنەوە.