کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە سزا گەیاندنی خائینێک بە دەستی ڕۆڵەکانی گەل لە پیرانشار

18:50 - 5 خەرمانان 2719

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٤ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەکرێگیراوێک بە ناوی خالید شوانی لە شاری پیرانشار بە سزای خیانەتەکانی خۆی گەیشت. خالید شوانی یەکێک لەو تاقمە خیانەتکارە بوو کە پیلانداڕێژەری تێرۆری شەهید قادر قادری بوو. شەهید قادر قادری پێشمەرگەیەکی دێرین و یەکێک لە کادرە تێکۆشەر و فەرماندە ئازاکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بوو کە ڕۆژی ١٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی بە دەست ئەو تاقمە خیانەتکارە لە باشووری کوردستان تێرۆر کرا. خالید شوانی ناسراو بە خالیدە سوور خەڵکی ناوچەی پیرانشار ڕۆژی ڕابردوو لە نێو ماشینەکەی درایە بەر دەسڕێژی گوللەو بەو جۆرە بە سزای خیانەتەکانی گەیشت. دیاردەی بەکرێگیراوی لەنێو کورددا یەکێک لەو دیاردە بێزراو و قێزەونانەیە کە داگیرکەرانی کوردستان لە خەڵکانی خائین بە گەل و نیشتمانی خۆیان هەمیشە کەڵکیان لێیوەرگرتوە، بۆ کوشتن و تێرۆری ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕانی کورد بەکاریان هێناون و بەداخەوە لەو ڕێگەیەشدا بە سەدان تێکۆشەری کورد لە بەشە جیا جیاکانی کوردستان شەهید کراون. لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای جۆراوجۆری وەک پارە و پلە و پایە لەنێو خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستاندا کۆمەڵێک خەڵکی سەرلێشیواو و ریسوای دۆزیوەتەوە و دژ بە شۆڕشی مافخوازانەی گەلەکەمان کەڵکی لێوەرگرتوون. لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا ڕیژیم لە ڕێگەی ئەو خائینانەوە توانیویەتی خەڵکێکی زۆر ڕەوانەی بەندیخانەکان بکا و زۆر لە بەندییەکان بەهۆی خیانەتی ئەو جاشانەوە لە سێدارە دراون. ئەو خائینانە لە شەڕ دژ بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش دریغیان نەکردووە و هەمیشە بوونەتە کەواسووری پێش لەشکری دژمن و بەهۆی شارەزاییان لە شاخ و کێو و ناوچەکانی کوردستان شوێنی هاتووچۆ و مانەوەی پێشمەرگەیان ئاشکرا کردووە و لەو ڕێگەیەدا سەدان ڕۆڵەی تێکۆشەری گەلەکەمان شەهید بوون. بێگومان لەو شەڕانەدا سەدان جاش و بەکرێگیراویش کوژراون و ریسواییان بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆیان کڕیوە. ئەوەی لێرەدا جێگەی داخە، ئەوەیە کە لە ئاکامی خیانەتی ئەو کەسانەدا هەر کورد بە دەستی کورد کوژراوە و کورد لێی زەرەمەند و دژمن پێی خۆشحاڵ بووە. زۆر لەو جاش و خیانەتکارانەی کە لە تێرۆر و شەهید کردنی ئازادیخوازانی کورددا دەستیان هەبووە، لە لایەن ڕۆلە نیشتمانپەروەرەکانی کورد لەنێوخۆی ولات بە سزای خیانەتەکانیان گەیشتوون و نەیانتوانیوە لە دەست حوکمی گەل نەجاتیان بێ. کوژرانی ئازادی بالە، عوسمانە سوور، حاسڵە شیت، خالید شوانی و زۆر خائینی دیکە با ببێتە دەرسی عیبرەت بۆ هەموو ئەو خائینانەی کە لە پێناو پووڵ و پارەودا خۆشخزمەتی بە دژمن و خیانەت بە خەڵک و نیشتمانی خۆیان دەکەن.