کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵامی حەسەن ڕووحانی بۆ پێشنیاری دوناڵد ترامپ

21:58 - 5 خەرمانان 2719

حەسەن ڕووحانی سەرۆک‌کۆماری ئێران لە توێی ڕاگەییندراوێکدا سەبارەت بە پێشنیاری دوناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە بۆ دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران گوتی: ئێمە نامانەوێ وێنە لەگەڵ یەکتر بگرین، دانیشتن و وتووێژ بەس بۆ ڕێککەوتن و قسە کردن لەگەڵ یەکترە، بەو مەرجەش وتوێژ لەگەڵ ئەمریکا دەکەین کە کۆماری ئیسلامی بە فەرمی بزانێت و گەمارۆکانی لەسەر ئێمە و وڵاتەکەمان لا ببات. حەسەن ڕووحانی سەبارەت بەو پێشنیارە کە لە دانیشتنی سەرۆک کۆماریی حەوت وڵات کە بە گرووپی حەوت ناسراوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێستا و لەم بارودۆخەدا ناتوانێ لەگەڵ ئەمریکا دانیشتن بکا. هەر لەو بارەوە هەندێک لە هەواڵدەری و سەرچاوەکانی ئێرانیش ڕایانگەیاندووە کە ڕووحانی ڕۆژی سێشەممە ٥ی خەرمانان لە ڕێوڕەسمێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەگەر ئەمریکا بیهەوێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتووێژ بکا، دەبێ گەمارۆکان بسڕێتەوە و ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی بدات کە بە فەرمییەتی خۆی بڕیار بدا تاکوو تووشی کێشە نەبنەوە. بەڵام لێرەدا دەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێ کە کۆماری ئیسلامی بۆیە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا دایە چوونکە بە دەیان جار کردەوەی نامرۆڤانە و شەڕەنگێزانەی لە دەرەوەی ئێران کردووە و ئاسایشی ناوچەکان زەوت کردووە و چەندین کەس لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەر لە ڕێبەرەوە تاکوو کاربەدەستانی ئاسایی نەوت و بەرهەمەکانی کەوتوونەتە لیستی گەمارۆوە. دوناڵد ترامپ بۆ یەکەم جاری نییە کە بە گشتی داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکا کە ئامادە بن بۆ وتووێژ بەڵام هەرجارێ بە شێوەیێک ئەو داواکارییانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕەت دەکرێنەوە. لەم دواییانەدا، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کەوتە نێو لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە و هەربۆیە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە پێشوو پێیان ناخۆش بوو کە بەو دۆخە دژوارەیان درێژە بدرێ. شایانی باسە کە "ئێمانۆئێل مەکرۆن" سەرۆک کۆماری وڵاتی فەرانسە لە دیدارێک لەگەڵ دوناڵد ترامپدا گوتی: ئێمە وەکوو وڵاتی فەرانسە، بە هەموو توانای خۆمانەوە ئامادەین کە نێوبژیوانیی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا بکەین تاکوو کێشەیان کۆتایی پێ بێت یان چارەسەر بکرێ و هیوادارین لە ڕۆژانی داهاتوودا سەرۆک کۆمارانی ئێران و ئەمریکا پێکەوە وتووێژ بکەن. هەروەها سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە وڵامدا گوتی: ئەمریکا وەکوو وڵاتێکی ئاشتیخواز ئامادەیە کە لە بارودۆخێکی باش و لە هەلومەرجێکی ئاساییدا لەگەل کۆماری ئیسلامی وتووێژ بکا.