کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی نوێنەرێکی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی لە سەر بە تاڵانبردنی سامانی گەل

21:08 - 6 خەرمانان 2719

ئەمیر خوجەستە یەکێک لە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر باتاڵانبردنی سامانی خەڵکی وڵات لە لایەن کۆمپانیاکانی ماشێن سازی بۆ ڕووسیە و سووریە و ئەفریقا ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەو کۆمپانیانە ٦٣ هەزار میلیارد تمەنی بانکەکان و حکوومەت قەزدارن. بەتاڵان بردنی سامانی گەلانی ئێران لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەست و پیوەندەکانی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە و هەر ڕۆژە یەکێک لە کاربەدەستانی ڕێژیم یا ناوەند و نهادێکی ئەو حکوومەتە لە گەندەڵی تێوە دەگلێ. کارەساتبارتر لەوە کە کاربەدەستانی ڕێژیم لە گەندەڵی تێوە گلاون، ئەو ڕێژیمە بە شێوەیەکی سیستماتیک و بە ئاشکرا ماوەی چل ساڵە سەروەت و سامانی خەڵک نەک هەر بە قازانجی شەخسی کەسە پلە باڵاکانی ئەو ڕێژیمە، بەڵکوو بە قازانجی مانەوە و سەرکەوتنی ڕێکخراوە تێرۆریستی و میلیشیا جۆراوجۆرەکان و دەوڵەتانیش کەلک لە سامانی گەلانی ئێران وەردەگرێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە تا ئێستا هاوکاری چەند ڕێکخراوێکی بناژۆخواز و تێرۆریستی وەک حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان دەکا و ساڵانە سەدان میلیۆن دۆلار لە پارەی قووتی خەڵکی ئێران بە ئاشکرا و بە شانازییەوە دەداتە ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستیانە و بێگومان زۆر گرووپی دیکەی تیرۆریستیش بە پارەی خەڵکی ئێران بەڕێوە دەچن. وێڕای هاوکاری گرووپە تێرۆریستییەکان، ڕیژیم هاوکاری مانەوەی حاکمانی وەک سووریە و ڤێنزۆئێللا دەکا و بە داهات و سامانی خەلکی ئێران پشتیوانی لەو دەوڵەتاتە دیکتاتۆرانە دەکا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئێران بە دەست گرانی و نەبوونییەوە دەناڵێنن و بێکاری هەموو ئێرانی داگرتوە.