کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوشتنی کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ لە ناوچەی سەقز

21:26 - 6 خەرمانان 2719

دیاردەی خۆکوشتن بە هۆکاری جۆراجۆر لە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان لە پەرەسەندن دایەو، ڕۆژ نییە هەواڵێک لەو بارەوە بڵاونەبێتەوە. لە تازەترین رووداو، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی سەقز لە ڕێگای خۆکوشتنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. بە پێی هەواڵێک شاری سەقزە کە بە دەستمان گەیشتووە، کچێک مێرمنداڵ بەناوی شادی ئیسلامی خەڵکی ئاوایی خاپوورە سەر بە شاری سەقز، ڕۆژی ٥ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە گیانی لەدەستداوە. دەگوترێ ئەو کچە بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە پەنای بۆ خۆکوشتن بردووە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ١٧٠ کەس لە کوردستان هەوڵی خۆکوژییان داوە بەپێی ڕاپۆرتی “چاونیوز”، ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لانیکەم زیاتر لە 35 کەس خۆیان کوشتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 26 کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. ئەوانەش کە لە مانگی پووشپەڕدا خۆیان کوشتبوو 28 کەس بوون و لە وەرزی بەهاریش‌دا ئەوەندەی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردبوو، ٧٢ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتبوو. بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا خۆیان کوشتوە و ناو و نیشانیان تۆمار کراوە، گەیشتە ١٢٦ کەس.