کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەڵاحییەتی ڕوحانی و دەسەڵاتی بناژۆخوازان لە ئێران

21:29 - 6 خەرمانان 2719

حەسەنی ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە ماوەی سەرۆککۆماریی خۆیدا هەمیشە گلەیی و گازەندەی لە دەسەڵات و دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران و باڵی بناژۆخوازی نێو دەسەڵات هەبووە و ئەوانی بە کۆسپی سەر ڕێگای پێشکەوتن و بەرەپێشبردنی بڕیار و سیاسەتەکانی دەوڵەت ناوبردووە، زۆر جار لە ژێر گوشاری ئەواندا لە لێدوان و بڕیارەکانی خۆی پاشگەز بۆتەوە و بەشێوەیەکی فریودەرانە پەشیمانی خۆی لە لێدوانەکانی پێشتری ڕاگەیاندووە. لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕووحانی ڕایگەیاند کە بۆ بەرژەوەندیی ئێران لە دانیشتن لەگەڵ هیج کەسێک درێغی ناکا، بێگومان مەبەستی لەو قسەیە دانیشتن و چاوپێکەوتن بوو لەگەڵ دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە ماوەیەکە ماکڕۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسە لە هەوڵی نێوبژیوانی ئەو دوولایەنە دایە. هەر بۆ ڕۆژی دواتر ناوبراو ڕایگەیاند کە کە هەتا گەمارۆکان لە سەر ئێران لانەبرێن، ئامادە نییە لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی وتووێژ بکا. هەر بە دوای قسەکانی ڕۆژی یەکەمی حەسەنی ڕوحانیدا، ٨٢ کەس لە نوێنەرانی مەجلیس کە سەر بە باڵی بناژۆخوازی نێو دەسەڵاتن، ناڕەزایەتی خۆیان لەو قسانەی ڕوحانی دەربڕی و داوای ڕوونکردنەوەیان لێکرد. پێشتر خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وتوویژی لەگەڵ ئەمریکا ڕەتکردبۆوە. دیارە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی شوومی کۆماری ئیسلامیدا بڕیاربەدەستی ئەسڵی هەر ڕێبەرە و قسەی یەکەم هەر خۆی دەیکا، بەڵام وادیارە حەسەن ڕوحانی قسەکانی خامنەیی لەبیر کردووە یا گەمارۆ ئابووری و نیودەوڵەتییەکان خستویانەتە ژیر گوشارێکی کەمەرشکێن کە دەیانهەوێ بەشێوەیەک لە شێوەکان خۆیان لەم دۆخە نالەبارە قوتار بکەن. بناژۆخوازانی نێو دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە هاودەست و هاوفکری خامنەیی و سپای پاسدارانن، توانیویانە هەموو جومگەکانی دەسەڵات بە دەستەوە بگرن و بڕیاردەری هەموو مەسەلە چارەنووسسازە ئابووری و سیاسی و سەربازییەکان هەر خۆیانن و هیچ بڕیارێکی سەرۆک کۆمار بێ ئیزنی ئەوان جێبەجێناکرێ و سەرکەوتوو نابێ. لەگەڵ ئەوەی هەر دوو لایەنی نێودەسەڵات هەر لە یەک قوماشن و هەردوو لایەن دژی مافەکانی گەلانی ئێرانن، بەڵام باڵی بناژۆخواز بە سیاسەتی شەڕانگێزی و تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕانەی لە جیهان و ناوچەکەدا بۆتە بەڵای سەری خەڵکی ئێران و هەر ڕۆژە بەجۆرێک دەبنە هۆی نەهامەتی و برسیەتی بۆ گەلانی ئێران. دوو باڵی نێو دەسەڵات لەگەڵ ئەوەی کە لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندییە جیناحییەکانی خۆیان نالێک و ناکۆکن و هەر ڕۆژە بەشێوەیەک بە گەندەڵێ و ناکارامەیی یەکتر تاوانبار دەکەن و هەر کامەیان لە بیری شکاندنی یەکتر دان، بەڵام هەردوو لایەن دژ بە مافەکانی گەلانی ئێرانن و هیچکامیان لە فکری بەرژەوەندییەکانی گەلانی ئێراندا نین.