کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا مەلا محەممەد ئیمامی کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری دێموکراتدۆست کۆچی‌دوایی کرد

16:02 - 7 خەرمانان 2719

مامۆستا مەلا محەممەد ئیمامی کەسایەتیی ئایینی و یادگاری کۆماری کوردستان و ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات پاش تەمەنێک ژیان بە خواناسی و خەڵکدۆستییەوە لە شاری سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد. ئەو کەسایەتییە خۆشناو و نیشتمانپەروەرە لە ساڵی ۱۳۳۸ی هەتاوییەوە هەتا ۱۳٤۲ بە تاوانی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا لە زیندانەکانی ڕێژیمی پاشایەتی دابوو. پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیش وەکوو مامۆستایەکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی گەلەکەی میحرابەکانی مزگەوتی کردە سەنگەری کوردایەتی و ڕێنوێنی کردنی لاوان کە وەکوو ئەرکێکی ئینسانی و ئیسلامی سەیری خۆشەویستی نیشتمان بکەن. مامۆستا مەلامحەممەد یاری وەفاداری شەهید دوکتور قاسملووی نەمر و دۆستی هەرە نیزیکی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، بوێرانە لە یەکێک لە بەرهەمەکانی وەکوو شایەتحاڵێک باسی لە ڕاستییەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران ڕۆلێ حیزبی دێموکرات لەو سەروبەندەدا کردوە کە بە پێی وەسیەتی خۆی بڕیارە دوای مەرگی چاپ و بڵاو ببێتەوە. نابراو تا سێ ساڵ لەمەوپێش لە ئاوایی کۆندەڵانی سەقز پێشنوێژ و مامۆستا ئایینی بوو، کە بە هۆی هەڵسوکەوتی کوردانەو هەستی نیشتماندۆستییەوە لە نێوخەڵکی ناوچەی سەقز و سنە جێگە و پێگەی تایبەتی هەبوو. مامۆستا مەلا محەممەد ئیمامی خاوەنی چەند بەرهەمی شێعری و وەرگێڕانە و لە بەرهەمێکدا قامکی لەسەر ڕاستییەکانی پێوەندی‌دار بە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد و بە تایبەتی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکە داناوە. ئەو کەسایەتییە ناسراوە لە بەر ئەوە ڕووی لەخەڵک و پشتی لە دەسەلات بوو، لە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیش بە شێوەی جۆراوجۆر هەڕەشەی لێکراو و هەوڵدرا کە واز لە ئاوات و ویستەکانی بێنێ، بەڵام ناوبراو هەتا دواساتەکانیی ژیانی یەکێک لە خەمخۆران و یارانی هەرە نیزیک بە تێکۆشەرانی دێموکرات بوو. مامۆستا مەلا محەممەد ئیمامی کە لەم دواییانەدا نیشتەجێی شاری سەقز بوو، پاش تەمەنێک ژیانی بە کەرامەت و شەڕافەتمەندییەوە، رۆژی چوراشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی‌دوایی مامۆستا مەلامحەممەد ئیمامی وێڕای ڕێزلێنان لە سەرجەم کەسایەتییە ئایینیەکانی کورد کە هیچ کات نیشتماندۆستی فەرامۆش ناکەن، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە سەرجەم خەڵکی ناوچەی سەقز، باوەڕمەندانی ئایینی و بەتایبەتی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دەکا.