کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکووم‌کردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر نەوتی عەرەبستان

17:10 - 26 خەرمانان 2719

هێرشەکانی ئەمجارەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پاڵاوگەی نەوتی ئارامکۆ لە عەڕەبستانی سعوودی دۆخی ناوچەکە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبا. ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، هێرشیک کرایە سەر دوو پاڵاوگەی نەوتی "ئارامکۆ لە عەڕەبستانی سعوودی و زیانێکی گەورەی بە دوو پاڵاوگەی گەورەی نەوتی ئەو وڵاتە گەیاند. هەر لە سەرەتاوە پەنجەی تۆمەت بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژ کرا و لە یەکەمین کاردانەوەدا حوسییەکانی یەمەن بەرپرسایەتی هێرشەکەیان گرتە ئەستۆ، بەڵام کارناسان پێیانوایە کە ئەوە کاری حوسییەکان نییە و ئەو فڕۆکانە لە خاکی یەمەنەوە ڕەوانەی عەڕەبستان نەکراون. پێشتر باسی ئەوە کرا کە ئەو هێرشە لە خاکی عێراقەوە و لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کراوە. دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئێستا باس لەوە دەکرێ کە فڕۆکەکان لە شوێنێکی دیکەوە ڕەوانە کراون کە مەبەستیان خاکی ئێرانە. دوابەدوای هێرشەکان دۆناڵد تڕامپ رایگەیاند کە ئەو هێرشانە دەستی کۆماری ئیسلامی تێدایە و وەڵامی پیویست وەردەگرێتەوە. سەناتۆریکی ئەمریکایی ڕایگەیاند کە بۆ وەڵامدانەوە بە کۆماری ئیسلامی، پێویستە هێرش بکرێتە سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی ئێران. هەر لەم پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و وەزیری وزەی ئەمریکا ئەو هێرشەیان مەحکووم کرد و کۆماری ئیسلامییان تۆمەتبار کرد. لە لایەیکی دیکەوە سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و چەند لایەنی تر ئەو هێرشەیان مەحکووم کرد. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک پشتیوان و ماکەی تێرۆریزم، بە هێرشی ئەمجارەی بۆ سەر نەوتی عەڕەبستان خۆی تووشی کێشەیەکی گەورە کرد و هیچ دوور نییە کە دژکردەوەی جۆراوجۆری بەدواوە نەبێ و ئەو ڕێژیمە تووشی تەنگژیەکی گەورەتر نەکا. بێگومان کۆماری ئیسلامی بەو کردەوەیە زیاتر لە جاران ڕیسوا و تەریک دەکەوێتەوە و ناوچەکە بەرەو گرژی و ئاڵۆزی زیاتر دەچێ کە لە هەموویان زیاتر ئێران زیانمەندی ئەو کردەوە تیکدەرانە و سەرەڕۆیانەیە ئەو ڕێژیمەیە و ئێران بەرەو وێرانی دەبا.