کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەفغانستان: میوانداریی لە تاڵەبان بە پێچەوانەی ئوسووڵی نێودەوڵەتییە

00:10 - 28 خەرمانان 2719

سەددیق سەددیقی وتەبێژی سەرۆک‌کۆماری ئەفغانستان ڕایگەیاند کە پێشوازیی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گرووپی تاڵەبان پێچەوانەی ئوسوول و پێوەندی نێوان وڵاتانە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەیئەتێکی گرووپی تێرۆریستیی تاڵەبانی ئەفغانستان سەردانی ئێرانیان کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوە. پێشتریش کۆبوونەوەکان بە ئاشکرا و بە نهێنی لە نێوان ئەو دوو لایەنە تێرۆریستە واتە کۆماری ئیسلامی و تاڵەبان لە ئارادا بوون. لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر کۆماری ئیسلامی حاشای لە پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ تاڵەبان دەکرد، بەڵام ساڵی ڕابردوو کە بە بەڵگە ئاشکرا بوو کۆماری ئیسلامی هاوکاری گرووپی تێرۆریستیی تالەبان دەکا، کاربەدەستانی ڕێژیم بە بیانووی نێوندگیری لە نێوان تاڵەبان و دەوڵەتی ئەفغانستان باسیان لە کۆبوونەوەکانی خۆیان و تاڵەبان کرد. ئەو پێوەندییانە و هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تاڵەبان بوو بە هۆی ناڕەزایەتی دەوڵەتی ئەفغانستان و بێگومان درێژەی ئەو هاوکارییانە بۆ تاڵەبان، زیان بە پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەفغانستان دەگەیەنێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ماکەی تێرۆریزم لە جیهاندا ناسراوە و هاوکار و پشتیوان و هاودەستی هەر گرووپێکی تێرۆریستییە لە جیهاندا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و سەپاندنی هێژموون و باڵادەستی خۆی، لە هیچ کردەوەیەکی تێرۆریستی خۆی ناپارێزێ و ڕێز لە هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی ناگرێ.