کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تڕامپ: گەمارۆی تازە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەڕێوەن

15:58 - 28 خەرمانان 2719

دۆناڵد تڕامپ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە بۆ وڵامدانەوە بە هێڕشەکانی سەر پاڵاوگەکانی نەوتی عەڕەبستان، گەمارۆکان تا چەند کاتژمێری دیکە ڕادەگەیەنین.. دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکای ئەرکدار کردووە کە بۆ وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی عەڕەبستان، لیستێک بۆ گەمارۆی تازە بۆ سەر ئێران ئامادە بکات. تڕامپ ڕایگەیاند کە بۆ بەرەنگار بوونەوەی کۆماری ئیسلامی بژاردەی زۆرمان لەبەردەستدایە. هەر لەو پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی ئەمدواییانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر نەوتی عەڕەبستان، بە ئاشکرا دەسپێک و ڕاگەیاندنی شەڕە دژی ئەو وڵاتە. لەگەڵ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند ئەو هێرشە لە لایەن کۆماری ئیسلامی و لە خاکی ئێرانەوە نەبووە، بەڵام وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هێرشە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، کاربەدەستانی ئەمریکایی ڕایانگەیاند کە هێرشەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی و لە خاکی ئێرانەوە بووە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خۆدەربازکردن و چەواشەکردنی بیروڕای گشتی، دەڵێ: "ئەو هێرشانە لە خاکی یەمەن و لە لایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بووە". شایانی باسە کە حوسییەکانی یەمەن گرووپێکی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێ و خەتیان پێدەدرێ.