کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا هێزی سەربازی ڕەوانەی عەرەبستان و ئیمارات دەکا

16:06 - 30 خەرمانان 2719

ئەمریکا و عەرەبستان کۆماری ئیسلامی بە هێرشبەری سەرەکی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان دەزانن، هەرچەند ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەتی کردۆتەوە کە هێرشی کردبێتە سەر عەرەبستان، بەڵام هەموو بەڵگەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە هێرشەکان لە ئێرانەوە کراون. هەر لەو پێوەندییەدا ئەمڕۆ ٢٩ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی "دۆناڵدترامپ"سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر ناردنی هێزێکی سەربازی بۆ ناوچەکە و بە تایبەت بۆ عەرەبستان دەربڕی . وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هاوکات لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: "هێشتا بڕیارمان نەداوە چ بەشێک یان یەکەیەک لە هێزەکانمان بنێرین بۆ عەرەبستان". هەروەها ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ڕەت نەکردەوە. وەزارەتی بەرگری لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا نووسیویەتی کە ڕەوانە کردنی ئەم هێزانە لەسەر داوای عەرەبستان و ئیمارات و هەروەها بۆ بەرگری لە دامەزراوە نەوتییەکان و ژێرخانی ئابووری جیهانە. جێی ئاماژەیە کە ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە خولەکێکدا دەتوانین ١٥ خاڵی سەرەکی ئێران خاپوور بکەین بەڵام جارێ دەستمان ڕاگرتووە.