کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوەسازی بۆ هەندێک وڵات یەک دەگرن، بەڵام هەندێکی تر لێک هەڵدەوەشێن؟

14:22 - 17 رەزبەر 2719

بۆ هەندێک وڵات، زۆر جار بەدرێژایی هێڵی جیاکەرەوەی ئەتنیکی لێک هەڵدەوەشێن، لە کاتێکدا کە ئەوانی دیکە دەیان ساڵ و بگرە سەدان ساڵ بە یەکگرتوویی ماونەوە، سەرەڕای ئەوەی کە بەڕیوەبەریی خەڵکێکی بە هەمان شێوە جۆراجۆر دەکەن؟ بە واتایەکی دیکە،  بۆچی نەتەوەسازیی لە هەندێک شوێن سەرکەوت بەڵام لە شوێنی دیکە شکستی هێنا؟ ئاسەواری شکستی ئاوێتەکردنی سیاسی بە شێوەیەکی ناخ هەژێن لە کارەساتی سووریەدا دەبینرێ. لەدەرەوەی فۆکوسی چرای میدیاکانی ڕۆژئاوا، سوودانی باشوور و کۆماری ناوەندیی ئەفریقا لەو ساڵانەی دواییدا هەمان شتیان بەسەر هاتوە. لە هەندێک لە وڵاتانی دەوڵەمەند و دێموکراتیکی ئورووپا، وەک ئیسپانیا، بێلژیک و بریتانیای مەزن، جووڵانەوەی سەربەخۆییخوازیی کۆن گوڕوتینێکی نوێیان گرتۆتەوە و ئەگەری زۆرە کە ئەوان لە ماوەی چەند ساڵ یا جیلێکدا لە لەتکردنی ئەو وڵاتانەدا سەرکەون. ئەدی لە لایەکی دیکە بۆچی لەو بەشەی باشووری چین کە بە زمانی کانتۆنی قسە دەکەن یا تامیلەکانی هیندوستان هیچ جووڵانەوەیەکی سەربەخۆییخوازیی نییە؟ بۆچی هیچ سیاسەتوانێکی جیددی هەرگیز یەکگرتوویی نەتەوەیی لە وڵاتێکی فرەچەشنی وەک سویس یا بورکینافاسۆی نەهێناوەتە ژێر پرسیار؟ چونکە لە وڵاتی ئەوتۆدا، هەروەک دواتر باس دەکەم، سێ پرۆسەی درێژخایەنی سیاسیی بەکاوەخۆ هاندەری پەیوەندیی نێوان هاوپەیمانیی سیاسی و پشتیوانیی لە نێو گشت لایەنە ئەتنیکییەکاندا بووە: گەشەکردنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە زۆر کۆنەوە، سەرهەڵدانی دەوڵەتێک کە توانایی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتیی لە سەرانسەری وڵاتی بە شێوەی یەکسان هەبووە و دروستبوونی ئامرازێکی هاوبەش بۆ پێوەندیگرتن.   نەوتەوەسازیی چییە و چ شتێک نەتەوەسازیی نییە؟ زۆربەی داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوە لە ئەمریکا پێیان وایە کە دێموکراسی باشترین ئامراز بۆ گەیشتن بە یەکگرتوویی سیاسی لە جیهانی باشوورە ، تا ڕادەیەک کە گەلێک لەوان نەتەوەسازی بە مانای دێموکراتیزەکردن لێکدەدەنەوە. دەلیل هێنانەوەکە ئەوەیە: هەڵبژاردنە دێموکراتیکەکان دەنگدەری سەر بە ئەتنیکە جیاوازەکان بۆ ناوەندی سیاسی ڕادەکێشن. هەڵبژاردنەکان سیاسەتوانەکان هان دەدەن کە هاوپەیمانیی بەرین پێک بێنن کە سنووری ئەتنیکیی ئەوان تێپەڕ دەکەن. شتێکی مسۆگەر ئەوەیە کە نزیکەی گشت ئەو دەوڵەتانەی کە لە نەتەوەسازییدا شکستیان هێناوە و لە لایەن نوخبەی ئەتنیکێکی کەمینە بەڕێوە دەچن سیستەمی دیکتاتۆرییان هەیە، وەک سووریەی ژێر دەسەڵاتی عەلەوییەکان. بە پێچەوانە وڵاتانی دێموکراتیک بە شێوەی ڕێژەیی زۆر وێدەچێ کە نوێنەری کەمینەکان لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبەریی وڵاتدا بەشدار بن. بەڵام، ئەوە لەبەر ئەو هۆیە نییە کە کۆمەڵگەکان بە تێپەڕ بوونی کات دوای بوون بە دێموکراتیک دەبنە هاوبەشکەر. لە زۆر وڵات کە لەو دواییانەدا بوونە دێموکراتیک، زۆرینە ئەتنیکەکان تەنیا بۆیە دەسەڵات دەگرنە دەست کە تۆڵە لە نوخبەی ئەو ئەتنیکە و  لایەنگرانیان بکەنەوە کە لە پێشدا خاوەن دەسەڵات بوون. عێراقی دوای سەددام حوسێن ئەوەی زۆر بە ڕوونی نیشان داوە: زۆرینەی پشتیوانانی نێوخۆیی ئەلقاعیدە و داعش سەر بە بژاردەی پێشووی بەعس و هۆزە ناڕازییە عەڕەبەکانن کە لەو دەسەڵاتەی کە لە کاتی سەددام حوسێن‌دا هەیان بوو بێبەش بوون. جگە لەوە، هەندێک لە وڵاتانی خاوەن دێموکراسی، تەنانەت کەمینەی بەرچاویان لە ماوەی چەندین جیلدا پەراوێز خست. وڵاتە یەکگرتووەکان ٧٠ ساڵ دوای بوون بە وڵاتێکی دێموکراتیک هێشتا لەوێ کۆیلەتی لە ئارادا بوو و ١٠٠ ساڵ پاش نەمانی کۆیلەتیش ڕەشپێستەکان لە سەرەتاییترین مافی دێموکراتیکی خۆیان بێبەش بوون. دێموکراسی و فرەلایەنی شان بەشانی یەکتر دەچنە پێش و ئەو وڵاتانەی کە لە لایەن هاوپەیمانیی فرەلایەنەوە بەڕێوە دەچن زووتر دەبنە دێموکراتیک تا ئەو ڕێژیمانەی کە لایەنەکانی دیکە پەراوێز دەکەن و دێموکراسی لە پەلوپۆ دەخەن. کورت و پوخت: دێموکراسی نەتەوان دروست ناکا بەڵام ئەو نەتەوانەی کە دروست بوون ئاسانتر دەبنە دێموکراتیک. لەجیاتی جەخت کردن لەسەر هەڵبژاردنی ئازاد و خاوەن کێبڕکێ، من تیشک دەخەمە سەر سێ فاکتەر کە لەسەرەخۆ و لە ماوەی چەند جیلدا گەشە دەکەن بەڵام بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ئەتنیکەکاندا یەکلاکەرەوەن. لە ئاکامدا، من لە بەشی کۆتاییدا دەیسەلمێنم کە هێزی دەرەکی دەسەڵاتێکی کەمیان بەسەر نەتەوەسازی لە ماوەیەکی کورتخایەندا هەیە، بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆر لە ناوەندەکانی داڕشتنی سیاسەت. پێش شرۆڤەکردنی ئەو سێ پرۆسە سیاسییە هێواشە، باسێکی کورت لەسەر پێناسەکردنی نەتەوەسازیی بەجێیە. سکەی نەتەوەسازیی دوو ڕووی هەن: بەرینکردنەوەی هاوپەیمانیی سیاسی بە شێوەیەک کە گشت وڵات بگرێتەوە (لایەنی پێکەوەبەستنی سیاسی)؛ و سەرهەڵدانی هەستی وەفاداری و خۆ پێناسەکردن لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە هەنووکە کێ دەسەڵاتی دەوڵەتی بەدەستە (لایەنی ناسنامەی سیاسی). بۆ گەشەکردنی هەردوولا، پەیوەندیی سیاسیی نێوان هاووڵاتیان و دەوڵەت دەبێ گشت ئەتنیکەکان بگرێتەوە. پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی ئەوتۆ دەوڵەتە نەتەوەییەکان ڕاستەوخۆ بە تاکی شارۆمەند یا ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێکخراوە خۆبەخشە ناحکوومییەکان، حیزبەکان، تاقمە پیشەییەکان و هتد بەیەکەوە گرێ دەدا. لە حاڵەتیکی ئایدیالدا، سەرجەم شارۆمەندان بەو ڕایەڵە هاوپەیمانییانە کە لە دەوڵەتدا کۆبوونەوە بەستراونەوە، بۆیە نوێنەرایەتیی خۆیان لە ناوەندی دەسەڵاتدا دەبیننەوە. تەنانەت ئەگەر حیزب یا ڕێبەری خۆشەویستی ئەوان لە دەوڵەتی ئێستادا خاوەنی کورسی نەبن، پەیوەندییان بە سیاسەتوانی خاوەن دەسەڵاتی سەر بە ئەتنیکی خۆیان هەیە کە تاکەکان وەک «یەکێک لە خۆیان سەیری دەکەن.» لە ڕێژیمی گشتگیری ئەوتۆدا، ڕووناکبیران، نوخبەی سیاسی و هەروەها تاکی ئاسایی کۆمەڵگەی نەتەوەیی بە شێوەی گشتی وا پێناسە دەکەن کە سەرجەم شارۆمەندان بە شێوەیەکی یەکسان بگرێتەوە بەبێ لەبەرچاو گرتنی پێشینەی ڕەگەزی یا ئەتنیکیی ئەوان. نەتەوەسازیی ئاسەواری گرینگ و ئەرێنیی هەن. هاوپەیمانیی فرەلایەنە جیاوازیی ئەتنیکی لە سیاسەت دادەماڵێ : سیاسەت وەک گەمەیەکی لێ نایە کە کۆی بردنەوە و دۆڕاندن تێیدا سفر بێ کە لەوێدا هەر گرووپێکی ئەتنیکی خەبات بۆ بە دەستەوەگرتنی کۆنتڕۆلێ دەوڵەت بکا. لە جیاتان پرسی سیاسی گرینگتر لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەرکی ڕاستەقینەی دەوڵەت دێتە گۆڕێ. لەوە زیاتر، هاوپەیمانیی فرەلایەن بڕەو بە هەستی خۆ بە خاوەنی دەوڵەت زانین دەدا و بیرۆکەی ئامانجی گشتی، لەولای بنەماڵە، گوند، هۆز یا پیشەی خۆت بەهێز دەکا. بۆیە، شارۆمەندانی وڵاتانی گشتگر لە جیات گرووپی ئەتنیکی، چینی کۆمەڵایەتی یا ناوچەی خۆیان، خۆ لەگەڵ نەتەوەکە پێناسە دەکەن و پێی وەفادارن. تەنانەت باشترین ئامێری پرۆپاگاندا، ڕێوڕەسمەکانی ئاڵا، خوێندنەوەی هاوبەشی سروودەکان، یا گۆڕی سەربازی ون، ناتوانن پێناسەیەکی هاوبەشی ئەوتۆ دروست بکەن. ئەوە تەنیا کاتێک دێتە ئاراوە کە مرۆڤ کەسێک لە خەڵکی خۆی لەسەر کورسییەکانی دەوڵەتدا ببینێ. ئەو شارۆمەندانەی کە خۆیان لەگەڵ نەتەوە پێناسە دەکەن کەمتر لە بەرامبەر دانی باج خۆڕاگری دەکەن، پشتیوانیی دەوڵەتی خۆشبژیو دەکەن و دەوڵەتی کاریگەرتر بەڕێوەبەرییان دەکەن. لەوەش گرینگتر، ئێمە بە گوێرەی توێژینەوەی پێشوو دەزانین کە هاوپەیمانیی گشتگیر کە کەمینەکان و زۆرینە لەخۆ دەگرن مەترسیی شەڕی نێوخۆش کەم دەکەنەوە و دەبنە هۆی گەشەکردنی ئابووری. مەرجەکانی پێکهاتنی ئەو جۆرە هاوپەیمانییانە کامانەن؟ من سێ لایەنی پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکان و دەوڵەت لێک جیا دەکەمەوە: لایەنی ڕێکخراوەیی، یەکەی سیاسی_ئابووری و لایەنی پێوەندی. بۆ هەرکام دەکرێ فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەستنیشان بکرێ کە بوار بۆ تەشەنەکردنی هاوپەیمانیی لە نێوان ئەتنیکەکاندا خۆش دەکا و دەبێتە پێکهێنانی هاوپەیمانیی گشتگیرتر. بۆ نیشاندانی چۆنیەتیی کارکردی ئەو فاکتەرانە لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە، من بە کورتی شرۆڤەی مێژووی سێ جووت وڵات دەکەم، هەر کام لەو جووتە وڵاتانە یەکێک لەو لایەنە و مێکانیزمانە نیشان دەدەن. بەراوردی نێوان سویس و بێلژیک چۆنیەتیی کاریگەریی لایەنی ڕێکخراوەیی لە دروستبوونی نەتەوە نیشان دەدا. بوتسوانا و سومالیا لایەنی دابەشینەوەی خزمەتگوزارییەکان لە دروستکردنی نەتەوەدا نیشان دەدا و، ڕووسیە و چین جیاوازی لە مەڕ لایەنی پێوەندیی نیشان دەدەن. هەرکام لەو جووتانە وڵاتانێکن کە قەبارە، پێکهاتەی دێموگرافی ئەتنیکی، ئەزموونی کۆلۆنیالی، تەمەنی مێژوویی و هەلومەرجی ئابووری وەک یەکیان هەیە بەڵام لە یەکێک لە مێکانیزمەکانی یارمەتیدەر لە درووستبوونی نەتەوەدا لەگەڵ یەکتر جیاوازییان هەیە.   ڕایەڵەی ڕێکخراوی خۆبەخش لایەنی ڕێکخراوەیی ئەو دامەزراوانە دەگرێتەوە کە دەبنە هۆی هاوپەیمانیی سیاسی لە نێوان دەوڵەت و هاووڵاتییاندا. ئەوان دەتوانن بۆ مەبەستێکی دیاریکراو پێکهاتبن،  بۆ وێنە کاتێک کە هاووڵاتییەک دەنگ بە سیاسەتوانێک دەدا کە بەڵێنی جێبەجێکردنی سیاسەتێکی دیاریکراوی داوە؛ یا بەهۆی پێوەندیی پارێزگاریکردن وەک کاتێک کە وەفاداریی سیاسیی کەسێک بە پشتیوانیی پارێزەرەکە لە کاتی تەنگانە لە داهاتوودا دەگۆڕدرێتەوە؛ یا ئەوەی کە وەک وڵاتانی خاوەن حیزبی بەهێز و سەربەخۆ بەتەواوی بە دامەزراوە دەکرێ، یا دەتوانێ وەک ڕایەڵەی پێوەندیی نێوان دامەزراوە دەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە خۆبەخشەکان خۆی بنوێنێ وەک کلووبی سیاسیی هەرێمی، ڕێکخراوە پیشەییەکان و شتی لەو شێوە. بە بۆچوونی من لە ئەگەری بوونی ڕێکخراوی خۆبەخش، دامەزراندنی پێوەندی لە نێوان ئەتنیکە جیاوازەکاندا ئاسانتر دەبێ. ئەو ڕێکخراوانە بەرژەوەندیی تاکەکان پێکەوە گرێ دەدەن، بە شێوەیەک کە سیاسەتوانان و دامودەزگا دەوڵەتییەکان بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەرتر پێوەندییان پێوە بگرن. بە پێچەوانە لە سیستەمی پارێزگاریکەرانەدا، هەرکام لە هاوپەیمانییەکان دەبێ بەجیا پێیان ڕابگەی. جگە لەوە، ڕێکخراوە خۆبەخشەکان دەتوانن هاوپەیمانیی ئاسۆیی لەگەڵ یەکتر دروست بکەن، وەک هاوپەیمانیی ڕێکخراوەکانی پەرستاران لە کالیفۆرنیا. بۆیە ڕایەڵەی هاوپەیمانییەکان دەتوانێ نفووز بکاتە نێو ناوچەکان و نێوان ئەتنیکە جیاوازەکان، و ببێتە هۆی دروستبوونی ڕێکخراوی چەتریی سەرانسەری وڵات بۆ سەرجەم ڕێکخراوە پەرستارییەکان، کە پاشان دەتوانێ بە دامەزراوە حکوومییەکان یا حیزبێکی سیاسی کە کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی بەدەستە گرێ بدرێ. ئاستی گەشەکردنی ڕێکخراوەی خۆبەخشی ئەوتۆ بە تایبەتی لە سەرەتای بوونی وڵاتێکدا گرینگن، وەک دوای داڕمانی سیستمی پاشایەتی (وەک زۆربەی وڵاتانی ئورووپا) یا کاتێک وڵاتانی کۆلۆنیکراو (موستەعمەرە) سەربەخۆیی وەدەست دێنن (وەک زۆربەی باقی وڵاتانی جیهان). ئەگەر ڕایەڵەیەکی چڕ لە ڕێکخراوی ئەوتۆ لەپێشدا بوونیان هەبێ، دەسەڵاتدارە نوێکان دەتوانن کەلک لەو ڕێکخراوانە بۆ ورووژاندنی لایەنگران و ڕاکێشانی ڕێبەرانی سیاسی لەناو ئەواندا کەلک وەرگرن. پەراوێز خستنی کەمینە نەتەوەکان یا زۆرینەکان لە کەشوهەوایەکی ئەوتۆدا ئەگەری کەمترە: ڕێکخراوە خۆبەخشەکان زۆر جار لقیان لە شوێنە جیاوازەکانی وڵاتدا کە ئەتنیکە جیاوازەکان لێیان دەژین پێک هێناون. بۆیە پێگەی پشتیوانیی ڕێبەرانی نوێ و خودی ڕێبەرایەتییەکە فرەئەتنیکی دەبێ. ئەوە دەکرێ بە شێوەی ئەزمونی بە بەراورد کردنی سویس و بێلژیک نیشان بدرێ. لە سویس، ڕێکخراوە مەدەنییەکان (کلوبی نیشانەگری، دەستەی کتێب خوێندنەوە، ڕێکخراوی کۆڕ و هتد) لە سەرانسەری وڵات لە ماوەی کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ تا نیوەی سەدەی ١٩ گەشەیان کردبوو. ئەوان بە شێوەیەکی یەکسان بڵاو ببوونەوە، چونکە گشت ناوچەکان لە بواری ئابوورییەوە گەشەیان کردبوو و چونکە دەوڵەتشارە بچووکەکان کە سویس لێیان پێكهاتبوو نە توانا و نە ئەنگیزەی سەرکوتی ئەوانیشیان هەبوو. بەپێچەوانە، لە بێلژیک، ناپلیۆن و هەروەها شای هولەند کە جێگای  ئەوی گرتەوە، ئەو ڕێکخراوانەیان سەرکوت کردن. لەوەش گرینگتر،  ڕێکخراوەکانی بێلژیک ئەو ناوچانەی لەخۆ دەگرت کە لە بواری ئابوورییەوە گەشەی زۆرتریان کردبوو و بەشی خوێندەوارتری فەڕانسەیی زمان و بەشێک لە هاووڵاتیانی دەگرتەوە. کاتێک کە بێلژیک لە ١٨٣١ لە پاشایەتیی هۆلەند جیا بۆوە و سەربەخۆ بوو، دەسەڵاتدارە نوێکانی وڵات سەر بە ڕایەڵەی ڕێکخراوە فەڕانسەیی زمانەکان بوون. بێئەوەی کە بیری لێ بکەنەوە، ئەوان زمانی فەڕانسەییان وەک زمانی فەرمی بۆ بەڕێوەبەرایەتی، سپا و دەزگای داد دیاری کرد. ئەو کەسانەی کە تەنیا بە زمانی فلامی قسەیان دەکرد بەشێک لەو ڕایەڵەی ڕێکخراوانە نەبوون و لەبەر ئەو هۆیە نوێنەریان لە دەوڵەتی ناوەندیدا نەبوو، سەرەڕای ئەوەی کە لە بواری دێموگرافیکەوە  فلامییەکان کەمێک لە زۆرینەدا بوون. بۆیە، لە بێلژیک، فلامییەکان تا کۆتاییەکانی سەدە لە نێوخۆدا وەک کۆلۆنییەک (موستەعمەرە) بەڕێوە دەچوون. سەرەتا نەتەوەسازییەکە شکستی هێنا و پاشان پرسی زمان بە توندی سیاسی کرا. ئێستا ئەو وڵاتە بە درێژایی هێڵی جیاکەرەوەی زمانەکان نیزیکی لەتبوونە. لە سویس، گواستنەوە بەرەو دەوڵەت_نەتەوە دوای ماوەیەکی کورت شەڕی نێوخۆی لە ١٨٤٨ لێ کەوتەوە. نوخبەی لیبڕال کە شەڕەکەیان بردەوە و دەسەڵاتی وڵاتیان بۆ چەند جیل گرتە ئەستۆ بۆ ڕاکێشانی لایەنگر و ڕێبەر، پشتیان بەو ڕایەڵەی ڕێکخراوەکانی مەدەنی کە فرە ناوچە و فرە ئەتنیک بوون بەستبوو. بۆیە ئەو پێکهاتەی دەسەڵاتە کە سەری هەڵدا کاراکتەرێکی فرە ئەتنیکی هەبوو: هەر کام لە تاقمە زمانییەکان لە بەرزترین ئاستی دەوڵەت و هەروەها لە ئاستی بەڕێوەبەریی فیدڕالیدا نوێنەریان هەبوو، کە تا ڕادەیەکی زۆر بە گوێرەی قەبارەی حەشیمەتەکەیان بوو. فەڕانسەی، ئاڵمانی و ئیتالیایی بوونە زمانی فەرمیی دەوڵەت، بێئەوەی کە زۆر فکری لێ بکەنەوە. لە زۆرینەی مێژووی سیاسیی وڵات و تا ئەمڕۆش، فرەچەشنیی زمانی پرسێکی ناسیاسی ماوەتەوە.   دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتی لە لایەن دەوڵەتەوە لایەنی ئابووریی سیاسی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و شارۆمەندەکان، ئەو سامانانە دەگرێتەوە کە لەنێویاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێ. هاوڵاتیان زۆر وێدەچێ پشتیوانیی دەوڵەتێک بکەن کە خزمەتگوزاریی گشتییان لە بەرامبەر باج، گومرگ و مز کە لێیان وەردەگرێ دابین بکا. ئەوسا پەیوەندیی دەوڵەت و شارۆمەندان چیتر لە سەر بنەمای باج ئەستاندن بە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز (وەک لە سەردەمی ڕێژیمە ملهوڕەکانی پێش دەوڵەتی نەتەوە باو بوو)، وەک دیکتاتۆریی پاشایەتی، فەرمانڕەوایەکی ئیمپراتۆر یا ڕێبەرایەتیی کۆلۆنیال نابێ. هەرچی دەوڵەت توانایی لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتی لە گشت ناوچەکانی وڵاتدا هەبێ، هاوبەشێکی دڵخوازتر دەبێ وەک شەریک، و هاووڵاتیان زۆرتر هەوڵ دەدەن هاوپەیمانیی لەگەڵدا دروست بکەن. پێکهاتەی دەوڵەت نوێنگەی ئەو هاوپەیمانییە گشتگرە و بەو شێوەیە فرە ئەتنیکیی دانیشتووانی وڵات دەبێ. ئەو هاووڵاتیانەی کە خزمەتگوزاریی گشتی لە بەرامبەر ئەمەگناسیی سیاسی و باجەکەیان وەردەگرن، بە هەمان شێوە زۆرتر باوەش بۆ لێدوانی ناسیۆنالیستی دەکەنەوە کە لە لایەن نوخبەی دەسەڵاتدار و یاریدەدەرە ڕووناکبیرەکانیانەوە ئامادە و بڵاو دەکرێنەوە. مێکانیزمی دووهەم دەکرێ لە بەرواردکردنی سومالیا لەگەڵ بوتسوانادا نیشان بدرێ. کاتێک کە بوتسوانا لە ١٩٦٦ بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ، دەوڵەتەکەی بە شێوەیەکی کاریگەر توانیی هەلی هەناردەکردن بۆ ئاژەڵدارەکان بڕەخسێنێ، ژێرخانی گواستنەوەی بەشێوەیەکی بەرچاو پەرە پێدا، قوتابخانە و دامەزراوەی پزیشکی دروست بکا و بەرنامەی فریاگوزاریی بۆ کاتی ویشکەساڵی کە جار جار ئابووریی ئاژەڵداری پەک دەخست داڕشت. ئەو دەستپێشخەرییانە سوودی یەکسانی بۆ هەموو ناوچەکان هەبوو، و بەڵگەیەکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە کە نیشان بدا کە کاربەدەستان لە کاتی تەرخانکردنی سامانەکان بۆ گوندێک یا ناوچەیەک، هەڵاواردنیان بە قازانجی ئەتنیکی خۆیان ڕەچاو کردبێ. لە ئاکامدا، حیزبی دەسەڵاتدار پشتیوانیی دەنگدەرانی سەرجەم ناوچە و ئەتنیکەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، کە بە نۆبەی خۆی بووە هۆی پێکهێنانی پارلمان و کابینەیەک کە هیچ ئاسەواری نایەکسانیی سیاسەتی ئەتنیکیی پێوە دیار نەبوو. دوایە ئەو پێکهاتەی دەسەڵاتی گشتگیرە، بە تێپەڕ بوونی کات، بووە هۆی خۆپێناسەکردن بە دەوڵەت و زۆرینەی تسوانا، بە شێوەیەک کە تاکەکانی سەر بە کەمینە نەتەوە، وردە وردە ئاسیمیلە بوون . لە لایەکی دیکەوە، لە سومالیا مەرجەکانی نەتەوەسازی لە ڕێگای دابەشینەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان هێندە سەرکەوتوو نەبوو. دوای ئەوەی کە کۆلۆنییە کۆنەکانی ژێر دەسەڵاتی بریتانیا و ئیتالیا یەکیان گرت و بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، تواناییەکی کەم بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ سەرجەم دانیشتووان هەبوو. ئەو بیرۆکراسییە کە بە خێرایی گەشەی کرد ئاکامی یارمەتی دەرەکیی بوو. کاتێک کە گەیشتە بەشینەوەی پرۆژەکانی دەوڵەت، کاربەدەستەکان سوودیان بەو لایەنانە گەیاند کە توانایی دانی زۆرترین ڕێژەی بەرتیلیان هەبوو یا ئەو کەسانەی کە سەر بە هۆزی ئەوان یا کەسوکاری خۆیان بوون. کودەتای سەربازیی زیاد باررە بە شێوەی کاتی ئەو هەڵسوکەوتەی گۆڕی. لەبەر نەبوونی دامەزراوەی پێویست، ڕێژیمەکەی هەوڵی دا پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی بە شێوەی هەڵمەتی سەربازیی کورتماوە بەڕێوە بەرێ، وەک خوێندەوارکردنی حەشیمەتە کۆچەرەکەی یا گەیاندنی یارمەتی بە قوربانیانی ویشکەساڵی. لە دەوڵەتی ناوەندیدا هیچ هاوپەیمانییەکی سیاسی نەیتوانی بەو شێوەیە دروست بێ. بۆیە باررە بناخەی فەرمانڕەواییەکەی بە شێوەی پەرەئەستێن بە لایەنگرە بەوەفاکان لە هاوپەیمانیی هۆزی خۆی و  هەروەها ئەوانی کە سەر بە هۆزی دایکی بوون پڕ کردەوە. ئەوانی کە پەراوێز خران لەو پێکهاتەی دەسەڵاتە ئەتنیکییە بێزار بوون. تێکبەردانی هاوپەیمانیی هەردەم لە گۆڕانی هۆز و فەرماندە شەڕکەرەکان دژی یەکتر و شەڕی نێوخۆی دەیان ساڵە، وڵاتی پارچە پارچە کرد.   ئامرازی هاوبەش بۆ پێوەندیگرتن سێهەم لایەنی دروستکردنی هاوپەیمانیی لە نێوان شارۆمەندان و دەوڵەت دەگەڕێتەوە بۆ پێوەندی. ئەگەر تاکەکان بتوانن بە زمانێکی هاوبەش لەگەڵ یەکتر بدوێن دامەزراندنی پێوەندیی لە نێوان ناوچە جیاوازەکان و لە نێوان ئەتنیکە جیاوازەکاندا ئاسانتر دەبێ. ئەوە «تێچووی ئاڵووێر»، بەو مانایە کە هەوڵی پێویست بۆ  تێگەیشتن لە مەبەستی یەکتر، بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، وتووێژ لەسەر سازشەکان و لەو ڕێگایەوە درووستکردنی پێوەندیی و متمانەی بەردەوام، کەمتر دەکا. لەبەر ئەو هۆیە جیاوازیی زمانەکان تەشەنەکردنی ڕایەڵەی سیاسی بۆ سەرجەم ناوچەکانی وڵات هێواش دەکاتەوە. بۆ نموونە، ڕێگا بدەن مێژووی چین و ڕووسیە لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ تا کۆتایی سەدەی ٢٠ لەگەڵ یەکتر بەراورد بکەین. خەڵکی چین بە زۆر زمان قسە دەکەن، کە پرۆسەی نەتەوەسازی دژوار دەکا. بەڵام، نامە، ڕۆژنامە و کتێب بە شێوە نووسینێکی هاوبەش دەنووسرێن. ئەو شێوە نووسینە لە هیچکام لەو زمانانەی قسەیان پێدەکرێ نزیکتر نییە کە بۆتە هۆی ئەوەی کە تاکەکان لە چوارگۆشەی ئەو وڵاتە پان و بەرینەدا بەبێ خۆ ماندوو کردن لە یەکتر تێبگەن. نووسینی هاوچەشن، لە سەردەمی ئیمپراتورییەتەوە، بواری ڕەخساند کە نوخبەی بەڕێوەبەری دامودەزگاکان لە ڕێگای سیستەمێکی تاقیکاری بە نووسین هەڵبژێردرێن کە لە سەرجەم ناوچەکانی وڵات بەڕێوە دەچوو کە هیچکامیان بە هۆی جیاوازیی زمانەکەیان لەگەڵ هی ناوەند تووشی هەڵاواردن نەبوون. ئەو شێوەیە ئاکامەکەی ئەوە بوو کە نوخبەی هەڵبژێراو وەک دانیشتووانی وڵات فرە زمان بن. ئەوە لە بارەی ئەو تاقمە سیاسییانەی کە لەنێو ئەنداماندا دروست دەبوون بەهەمان شێوە بوو، چونکە ئەو کەسانەی نەیانتوانیبا بە زمانی یەکتر قسە بکەن دەیانتوانی بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پێکهێنانی هاوپەیمانی بە نووسین پێوەندی بە یەکترەوە بکەن. ڕێکخراوە کۆماریخوازە دژە ئیمپراتۆرییەکە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ سەری هەڵدا بە هەمان شێوە ئەندامەکانی زمانی جیاوازیان هەبوو . کاتێک کە ئەو هێزانە لە ١٩١١دا بە ڕێبەریی کۆمینتانگ ئیمپراتورییان ڕووخاند و دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت، پێکهاتەی دەسەڵات بە فرەناوچەیی ماوە و نیشانەی کەمیی باڵادەستیی زمانێکی پێوە دیاربوو. هەمان شت دەکرێ لەسەر حیزبی کۆمۆنیست کە لە ١٩٤٩ دەسەڵاتی گرتە دەست بگوترێ. بە لەبەرچاو گرتنی سروشتی گشتگیری هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار، هیچکات ناسیۆنالیزمی زمانی لەنێو گرووپەکانی نێو زۆرینەی گەلی هان کە بە زمانی مەندرین قسە ناکەن سەری هەڵنەدا. هانەکان وەک گەلێکی فرەزمان، بەڵام لە بواری ئەتنیکییەوە هاوشێوە حیساب دەکران. هەراوهوریای ناسیۆنالیزمی زمانیی لەنێو گەلی هان، کە زۆرینەن،  هیچکات بەرز نەبۆوە. بەڵام ئەو شتە لە تەواوی مێژووی هاوچەرخی ڕووسیەدا بوونی هەبووە و ئیمپراتورییەکە دوو جار بە درێژایی هێڵی جیاکەرەوەی زمانەکان لێک هەڵوەشاوە: دوای شۆڕشی بولشویکی لە ئۆکتۆبری ١٩١٧ و دواتر لە ئاکامی ڕێفۆرمەکانی گۆرباچۆف لە ١٩٨٩. یەکێک لە هۆیەکان ئەوەیە کە پێکهێنانی هاوپەیمانیی سیاسی لە نێوان حەشیمەتێک کە بە چەندین زمان قسە دەکەن کە لە ڕوانگەی زمانناسییەوە لێک جیاوازن، لە فینلەندی تا ئاڵمانی، لە ڕووسی تا تورکی و لە کۆرەیی تا ڕۆمانیایی، دژوارە. جگە لەوە، بە پێچەوانەی چین، ئەو زمانانە بە شێوە نووسینی جیاواز دەنووسرێن، لە نێویاندا لاتین، عەڕەبی، کریلی و موغولی. کاتێک کە سەردەمی سیاسەتی جەماوەری لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩دا دەستی پێکرد، ڕایەڵەی هاوپەیمانییەکان لەنێو زمانە جیاوازەکاندا دروست بوون، چونکە دەستڕاگەیشتن بە جەماوەری خوێندەوار لە ڕێگای ئامرازی تەبلیغاتی وەک ڕۆژنامە پێویستی بە شێوە نووسینی هاوبەش و زمانی هاوبەشە. بۆیە ئەو حیزبە خاوەن جەماوەرانەی کە لە دە ساڵەی کۆتایی سەدەی ١٩ و دەیەکانی دوای سەدەی ٢٠ سەریان هەڵدا تەنیا لەنێو کۆمەڵگەی بەشێک لە زمانەکاندا دروست بوون (ئەرمەنییەکان، گورجستانییەکان، فینلەندییەکان، لەهستانییەکان هتد). یا ئەوان وەک لێفەیەکی چل تیکە لە ڕایەڵەی زمانی هاوشێوە دەچوون، وەک ئەوەی کە لەنێو مەنشویک دا بەرچاو دەکەوت. هۆشیاریی نەتەوەیی لەنێو دەرزەنێک شێوە زمانی دیاریکراودا سەری هەڵدا، لەجیات ئەوەی کە وەک هی هانەکانی چین بێ کە بووە پێناسەیەکی گشتگیر. سیاسەتی نەتەوەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت دوای شۆڕشی  ١٩١٧ بناغەکانی ئەو شێوە هەڵسوکەوتەی بە خوێندەوارکردنی کەمینەکان بە زمانی خۆیان پتەوتر کرد. نوخبەکانی ئەوان ڕێگایان پێدرا کە ئەو پارێزگا و ناوچانەی خاوەن زمانی دیاریکراو بوون بەڕێوە بەرن بەڵام لەژێر چاودێریی چڕی مۆسکۆدا. ئەوە بواری بۆ پێکهاتنی ڕایەڵەی گەندەڵکار لەنێو ناوچە ئەتنیکییەکان ڕەخساند. کەمینەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی حیزب، سەرووترین پلەکانی ئیداریی و سپا بێ نوێنەر مانەوە. کەوابوو جێگای سەرسوڕمان نییە کە ڕێبەرانی یەکیەتیی سۆڤیەت لە دروستکردنی «گەلی سۆڤیەت»ی یەکگرتوودا سەرکەوتوو نەبوون؛ بۆیە لە سەردەمی خروشچۆف بەولاوە سیاسەتی تواندنەوەی هەرچی زۆرتریان گرتە بەر. گۆڕەپانی سیاسی بەردەوام وەک لێفەی چل تیکەی تەریککەوتووی گرووپی ئەتنیکی دەچوو و لە کۆتاییدا کاتێک کە سەهۆڵی دەسەڵاتی سەرەڕۆ لە سەردەمی گۆرباچۆفدا توایەوە، وڵاتەکە بە درێژایی هێڵی جیاکەرەوەی زمانەکان لێک هەڵوەشا. *** * ئاندرێیاس ویممەر کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی