کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوگماتیزمی پەروەردە و کۆمەڵگەی خەسیو

14:55 - 17 رەزبەر 2719

هاوکات لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەکان و خولی نوێی خوێندن، بە مەبەستی تیشک خستنە سەر بارودۆخی خوێندن لە ئێران ئەم بابەتە نووسراوە. زۆربەی خاوەن‌ڕایانی بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵناسی لەو بڕوایەدان پەروەردە گرینگترین ناوەند لە پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتووە و لەدوای ئەمنیەت بەرزترین ئاستی گرینگیی پرسی هەر وڵاتێکی پێشکەوتوو لەخۆ دەگرێ. ڕەوتی پەروەردە لە بنەماڵەوە دەست پێدەکا و دواتر لە شوێنگەلی فێرکاری کە سەرەکیترینیان قوتابخانەکانن، دەخەمڵێ و یان بە واتایەکی تر دەبێ بخەمڵێ. خودی بنەماڵە چکۆلەترین مۆدێلی کۆمەڵگەیە و منداڵانی دایک و باوکانێکی وا پاشخانێکی دەوڵەمەند لە ئەزموونی پەروەردەییان هەبێ، لە قۆناغەکانی تری پەروەردەدا شانسی سەرکەوتنێکی زۆرتریان هەیە؛ ئەمە بەو واتایە کە پەروەردە زنجیرەئاسا کارتێکەریی لەسەر جیلە یەک لەدوای یەکەکان هەیە. هەر کۆمەڵگەیەک کاتێک دەتوانێ بە ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆی، یەک لەوانە گەشە بگا، کە ئەم ڕێگەیە لە سۆنگەی گەشەی مرۆییەوە ببڕێ. فیدبەکی پەروەردەیەکی باش و سالم و کارامە، کۆمەڵگەیەکی باش و سالم و کارامەیە. لێرەدا پێویستە بەکورتی باسێک لە خودی چەمکی گەشە وەک یەکێک لە بنەڕەتیترین ئامانجەکانی پەروەردە بکرێ. گەشە بەرهەمی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی کولتووری، ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هتدە کە بەمەبەستی بەدیهێنانی ئەگەری نوێ و بەرزکردنەوەی چەندی و چۆنیی توانایی و ماتەوزەی مرۆیی و پەروەردەیی پێکدێ؛ بە واتایەکی دیکە پێویستییەکانی گەیشتن بە گەشە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لەو بەستێنانەدایە، کە دواتر ئاستی بەرزی پتانسیێلی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە. گەیشتن بەم گرینگییەش پێش لە هەموو شتێک پێویستی بە گۆڕانی کولتووری و بایەخی (ارزشی)ـی هەر کۆمەڵگەیەکەوە هەیە. یەکێک لە جۆرەکانی گەشەش، گەشەی بەردەوام (Sustainable Development)ـە، کە لە پێناسەکەیدا ئاوا هاتوە: بە ڕەوتێک دەگوترێ کە لە حەولی پێکهێنانی داهاتوویەکی گونجاو بۆ کۆمەڵگەی مرۆییدایە. گەشەی بەردەوام کە لە دەیەی ٩٠ی زایینیدا لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووەوە گرینگییەکی زۆری پێدرا؛ ڕەهەندێکی سەرەکی لە «گەشەی مرۆیی» و لە پێوەندی لەگەڵ ژینگە و بەرەی داهاتوودایە، کە ئامانجی گەشەی مرۆیی‌ش وەک لقێکی دیکە لە گەشە، پەروەردەی ماتەوزە مرۆییەکانە لە ڕێگەی پەرەپێدان و پەروەردەی لێزانی و هەروەها زیندوو ڕاگرتنی هیوا و ئاوات لە تاکەکانی کۆمەڵگەدا. بەم پێشەکییەوە دەمانهەوێ بەکورتی بچینە نێو ڕیزی هەندێک لە وردەکارییەکانی ئەو ئارێشە و کۆسپانەی کە لە بەردەم سیستمی پەروەردە و قوتابخانەکانی ئێراندا هەیە و بەداخەوە هەتا بە ئێستاش دوورە دیمەنی گەیشتن بە گەشەیەکی گونجاو لە ڕێگەی سیستمی پەروەردەوە لەم وڵاتەدا لێڵ و ناڕوونە. ١- خوێندن لە ئێران پووڵییە؛ بەپێچەوانەی تەنانەت یاسا نێوخۆییەکان کە دەبێ خوێندن هەتا ئاستی دیپلۆم بە خۆڕایی بێ، ڕەچاوکردنی ئەم سیاسەتە لەو سۆنگەیەوە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ئەم وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدان، زیانێکی گەورە لە خوێندنی منداڵان بەتایبەتی چینی هەژاری کۆمەڵگە دەدا و دەبێتە هۆی واز هێنانیان لە خوێندن. ٢- جیاکردنەوەی قوتابیان، هەر لە سەرەتای خوێندنەوە و پۆلێن کردنیان لەژێر ناوگەل و شوێنگەلی جیاوازی وەک (نموونه، تیزهوشان، شاهد، هیأت امنایی، غیرانتفاعی)؛ ئەمەش یەکێکی دیکە لە سیاسەتە هەڵەکانە کە هەر لە یەکەم هەنگاودا منداڵەکان لەگەڵ هەڵاواردن و باری نەرێنیی ئەم دیاردەیە ئاشنا دەکا. منداڵ لێرەدا هەست بە لاواز بوون و تەنانەت گێژیی خۆی دەکا؛ ئەمە لە کاتێکدایە ستانداردە جیهانییەکان بە ئێمە دەڵێن ئاستی هۆشی ٩٩٪ی خەڵکی جیهان لە ئاستێکی نێونجیدایە و، تەنیا ١٪ی خەڵک هۆشێکی تایبەت و جیاوازیان هەیە کە ئەویش بۆخۆی بەسەر دوو بەشی لاواز و بەهێزدا دابەش دەبێ. ٣- لەنێوبردن و کوشتنی هەستی هاندەر (انگیزە) لەنێو قوتابییەکاندا؛ ڕێژەی بەرز و زۆری بێکاریی کەسانی خوێندەوار لە بنەماڵە و کۆمەڵگەدا، هێنانی بابەتگەلی دژوار و بێ‌پێوەندی لە کتێبەکاندا، پەرە پێدان بە کولتووری تەمبێ‌گەری و ... بوونەتە هۆی وەڕەزبوونی منداڵان و بێهیواییان لە درێژەدان بە خوێندن. ٤- ڕێژەی باڵای قوتابی لە یەک پۆلی خوێندن‌دا؛ ڕادەی نێونجیی هەر کلاسێک ٣٠ کەسە، ئەمە لە کاتێکدایە ستانداردە جیهانییەکەی ١٨ کەسە. لە ماوەی سەعاتێک یان سەعات و نیوێک مامۆستا فریای وانەگوتنەوە و لێپرسینەوە لە سی کەس بە شێوەیەکی گونجاو ناکەوێ. پێویستە لێرەدا ئەوەش بگوترێ لە کاتێکدا سامانێکی زۆر تەرخانی ناوەندە ئایینییەکان و دروست‌کردنی زیارەتگاکان دەکرێ، لە زۆربەی شار و دێهاتەکانی ئەم وڵاتەدا کانێکس و ژووری نیوەداڕماو و جێی مەترسی؛ وەک قوتابخانە بەکار دەهێندرێن. ٥- کەمایەسیی پێداویستییەکان (امکانات) لە تاقیگە زانستییەکاندا، یان پێداویستیی کۆن و لەکارکەوتوو؛ بەشێکی گرینگ لە ڕەوتی فێربوون و فێرکاری، بینین و تاقیکردنەوەیە بەتایبەت بۆ ڕشتە زانستییەکان کە بەداخەوە تاقیگەی باش و بەئیمکانات لە قوتابخانەکانی ئەم وڵاتەدا نییە. ٦- نەبوونی کتێبخانەی باش؛ یەکێک لە باشترین و بەسوودترین پێویستییەکان کتێبە، کتێب وەک هاوڕێیەکی باش و پڕبەهرە ناسێندراوە، نەبوونی کتێبخانە لە زۆربەی قوتابخانەکاندا و یا کەمبوونی کتێبی بەکەلک خەساری قەرەبوونەکراو لە بیر و مێشکی قوتابییانی ئەم وڵاتە دەدا. ٧- کتێبە دەرسییەکان پڕن لە بابەتی ئیدئۆلۆژیک؛ زۆربەی هەرە زۆری بابەتی کتێبەکان بانگەوازێکن بۆ ئیدئۆلۆژیی زاڵی دەسەڵات بەسەر خەڵکدا، ئەم بابەتانە بەتاڵن لە نێوەرۆکێکی زانستی و زیاتر لە دەوری بابەتگەلێکی لاوەکی و کۆن دەخولێنەوە کە لە سەردەمی ئێستای زانستدا هیچ جێگە و پێگەیەکیان نییە و، زۆرتر بۆ حوجرە و ناوەندە ئایینییەکان بەکەلکن هەتا شوێنێکی زانستی و پەروەردەیی. ٨- کولتووری شادی و مۆسیقا لە قوتابخانەکاندا نییە؛ بەپێچەوانەی ئەوە کە دەبێ کەشی زاڵ لە شوێنی فێربووندا لەوپەڕی شادیدا بێ و قوتابییەکان هەست بە خۆشحاڵی و ئاسوودەیی بکەن، کولتووری گریان و خەم و خەفەت و تاسەبار بوون بڕەو پێدەدرێ. بە هەموو شێوەیەک دژایەتی لەگەڵ شادی دەربڕین دەکرێ، ئەمە لە کاتێکدایە لە بۆنە ئایینییەکانی وەک «تاسوعا و عاشورا» هەموو منداڵان ناچار بە ڕەشپۆشی و شینگێڕی دەکرێن. ئەم دژایەتی‌کردن لەگەڵ شادی و خۆشییەدا بەشێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێ و لێرەشدا جەخت و فشارێکی زۆرتر لەسەر قوتابییە کچەکانە. ٩- گرینگی‌نەدان بە وەرزش؛ بەهۆی ئەوەی کە قوتابخانەکان زۆر بوون و دەتوانێ ماڵێک ببێتە قوتابخانە، شوێنی تایبەت بە وەرزش‌کردنیان نییە و کەرەستە و پێداویستیی تایبەتیان بۆ دابین نەکراوە. منداڵ پێویستە لەباری جەستەییەوە ئامادەگیی باشی هەبێ و هەموو زانایانی بواری پزیشکی لەو باوەڕەدان مێشکی سڵامەت بەندە بە لەشی سڵامەتەوە. بارهێنانی جەستەیی بەشێکی گرینگی پەروەردەیە کە بەداخەوە لە ئێران سەرنجی شیاوی پێ نادرێ؛ بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٩٦دا «٤٠٪ی منداڵە قوتابییەکانی ئێران لەگەڵ کێشەی قەڵەوی بەرەوڕوون.» ١٠- نامۆیی پرسێکی گرینگ وەک ژینگە لە کتێبە دەرسییەکاندا؛ قوتابیان لە ئێران هیچ ناسیاوییەکیان لە بابەتی ژینگە نییە، ئەم پرسە گرینگە پێشتر هەر نەبووە و ئێستاش تەنیا لە پۆلی یازدەهەمدا کتێبێکی بۆ دیاری کراوە کە مامۆستای تایبەت بەخۆی نییە و زیاتر لە پەراوێزی دەرسەکانی دیکەدا سووکە ئاوڕێکی لێ دەدرێتەوە، ئەویش بە مەبەستی تێست لێدان لە تاقیکردنەوەی کۆنکووردا و هیچ دەسکەوتێکی کرداری و ئەخلاقی بۆ قوتابییان نییە. بە چاو پێداخشاندنێک بە ژینگەی قوتابییان و حەوشی قوتابخانەکان زیاتر ئەم ڕاستییە تاڵە دەردەکەوێ. ١١- جێگای بەتاڵی گرینگیدان بە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و بزواندنی هەستی کۆیی؛ هەر وەک باسی لێکراوە یەکێک لە ئەرکەکانی سیستمی پەروەردە، بارهێنانی بەرەیەکە کە لە دواڕۆژدا بتوانن کەسانێکی بەکەلک بۆ کۆمەڵگەی خۆیان بن. گەیشتن بەم پرسە گرینگەش پێویستی بە بارهێنان و ڕاهاتنێکی جدییە کە دەبێ لە قوتابخانەکانەوە جێبەجێ بکرێ، کتێبی دەرسی گرینگترین میدیای هەر وڵاتێکە لەبەر ئەوەی کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ مێشک و هزری ڕێژەیەکی زۆر لە کۆمەڵگە بەخۆیەوە خەریک دەکا. ئێمە ئەگەر لە ڕوانگەیەکی بابەتییانەوە بڕوانینە نێوەرۆکی کتێبەکان دەبینین کەمترین گرینگی بە کاری بەکۆمەڵ، یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، پاراستنی ماف و کەرامەتی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، پاراستنی ئازادیی تاکەکان، بەرپرسیار بوون لە بەرامبەر پێداویستییە هاوبەشەکان و ... دراوە. ١٢- سڕینەوەی زمانی دایک لە سیستمی خوێندن و فێربوون؛ خوێندن بە زمانی دایک سەرەڕای ئەوەی کە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا وەک مافێک باسی لێ کراوە، هەمیشە پشتگوێ خراوە. فێربوونی زمانی دایک و فێربوون بە زمانی دایک دوو مافی سەرەتایی و سەرەکین کە هەردەم لەلایەن حکوومەتە ناوەندگەراکانەوە وەلا نراوە؛ جێگای ئاماژەیە ئەم حەولانە لەلایەن زۆرینەی خاوەن‌ڕایانەوە خەسارناسیی پێویستی بۆ کراوە و، لەو بڕوایەدان زەبرێکی قەرەبوو نەکراو لە داهاتووی منداڵان دەدرێ، بەڵام لەدرێژەی سیاسەتی ئاسیمیلە کردنی کەمینە نەتەوەییەکان و دابەزاندنی سیاسەتی یەک زمان، یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە درێژەی پێ دراوە. ئەم لەبەرچاو نەگرتنانە تەنیا بە پرسی زمان کۆتایی پێ نایە بەڵکوو هەر لەم سۆنگەیەشەوە کولتوور و ئایین و ... لە مەترسیی لەنێوچووندان. ١٣- پەرەپێدان بە کولتووری توندوتیژی و بیرۆکەی جیهادی؛ هەر لەبەر درگای چوونە ژوورەوەی قوتابخانەکان کولتووری ژێرپێنانی ئاڵای وڵاتان جێگیر دەبێ و قوتابییان ناچار دەکەن پێ لە ئاڵای وڵاتانی تر بنێن، لەسەر ڕیزەکان ڕۆژی خوێندنیان دەبێ بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خەڵکانی تر دەست پێبکەن. دوژمن، شەڕ، شەهادەت و ... باوترین وشەگەلێکن کە لە جیات دۆست، ئاشتی، ژیان، لێبوردەیی و مرۆڤایەتی بەکار دەهێندرێن و دەبیسترێن. ١٤- خۆ لەگێلی دان لە ئاست ناسینی مافەکانی ژنان؛ کاتێک لە دنیای ئەمڕۆدا پاراستنی مافی ژنان وەک ئەرکێکی گشتی ڕەچاو دەکرێ، لە ئێراندا هیچ بایەخێکی ئەوتۆ بە پرسی ژنان لە کۆمەڵگەدا نادرێ و ئەم چینە بەرچاوەی کۆمەڵگە هێشتاکەش لەژێر کەشی زاڵی دواکەوتووانەترین شێواز و بڕیارەکاندا دەژین. ئەم هەڵاواردنە سێکسیستییە لە نێوەرۆکی کتێبە دەرسییەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە و هیچ هەوڵێک بۆ چاکبوون و نەهێشتنی نەدراوە. ژنان کە نیوەی ڕاستی کۆمەڵگە پێک دێنن، وەک نامووس دەناسرێن و دەبێ پیاوانێک هەبن کە خاوەندارییان بکەن. ئەمە بێجگە لە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی وەک دییە و شایەدی‌دان و میرات وەرگرتن و هتدە. ١٥- بڕەودان بە کولتووری سیخوڕی؛ ئەم دیاردە ناشیرینە هەر لە زنجیرە پلەبەندی (سلسلە مراتب)ی ئیدارییەوە سەرچاوە دەگرێ، لێرەدا شێوازی بیرکردنەوە ستوونییە لەباتی ئەوەی ئاسۆیی بێ، هەرئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەر کاربەدەستێک لەبیری ئەوەدا بێ ژێردەستەکانی خۆی بەمەبەستی سیخوڕی و کولتووری قیزەونی جاسووسی بەکار بێنێ. کاتێک کە بەرپرسەکان لە ڕووی لێزانی و شارەزاییەوە دانەندرێن و تەنیا پێوەر بەڵێ-بەسەرچاو گوتن بێ سیستم بەرەو گەندەڵییەکی قووڵ هەنگاو دەنێ. هەر ئەم شێوازە ئیدارییە دزەی کردووەتە نێو کلاسەکانیشەوە و قوتابییەکانیشی تێوە گلاندووە. ١٦- کوشتنی کارامەیی مامۆستایان لە سۆنگەی کەمیی مووچەوە؛ بێگومان یەکێک لە زەحمەت‌کێشترین چینەکانی کۆمەڵگە مامۆستایانن، هەر ئەو کەسانەی کە بناغەی داهاتووی کۆمەڵگە لەسەر دەستیان بنیات دەنرێ. ئەم چینە کاریگەرە کە ڕۆڵێکی هەرە گرینگ لە ڕێگەی گەیشتن بە گەشەدا دەگێڕن، بەبۆنەی کەم‌داهاتییەوە کارامەییان دەمرێ. کاتێک زۆربەی مامۆستایان لە ناچاریدا ڕوو دەکەنە کاری لاوەکی و دەبنە چەند پیشەیی، کاتێک ڕێژەیەکی زۆر لەوان لەپاڵ کارەکەیان بە کاری دیکەی وەک مسافیر کێشی و دووکانداری و مامەڵە و هتدەوە سەرقاڵن، بەشێکی بەرچاو لە وزە و توانایی خۆیان لەو ڕێگەیەدا خەسار دەکەن و؛ کارامەیی ڕاستی و واقعییان بۆ کارە سەرەکییەکەیان نامێنێ. هەر وەکوو لە سەرەتای بابەتەکەدا باس کرا، گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی گەشەتەوەر و کارامە پێویستی بە هەندێک پێشمەرج هەیە کە لێرەدا ئاماژە بە چەمکی پەروەردە وەک یەکێک لە سەرەکیترینی ئەو پێش‌مەرجانە کرا. ئەوەش باس کرا کە لە وڵاتی ئێران هەتا چ ڕادەیەک ئەم پرسە گرینگە وەلا نراوە و، بۆتە قوربانیی زێدەخوازی و ئیدئۆلۆگ‌پەروەریی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئەم وڵاتەدا و؛ هەروەها نەگۆڕی و ڕێفۆر‌هەڵنەگرتنی بایەخە باوەکانی ئەم ڕێژیمە.