کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاودێریی هێزێکی پەلاماردەر و لێدانی زەبرێکی کاریگەر

15:10 - 17 رەزبەر 2719

بە هاتنی هێزی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان و تەمای داگیرکردنی ئەو خاکە، کوردستان هەلومەرجێکی تایبەتی بەخۆیەوە بینی. قەڵاچۆکردنی خەڵکی کوردستان و خاشەبڕکردنی کورد یەکێک لە ئامانجەکانی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی بوو، بۆیەش لە هیچ جینایەتێک دەرحەق بە گەلی کورد درێغی نەکرد و هەر ڕۆژێ لە شوێنێکی کوردستان دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەکانی کورد سوور دەبوو. لە بەرامبەر ئەو دڕەندەییەی ڕێژیم، خەڵکی کوردستان بۆ دیفاع لە مان و مەوجوودییەتی خۆیان، چەکی پاریزگارییان لە شان کرد و، پۆل پۆل لە هەموو چین و توێژێکی کوردەواری دەهاتنە ڕیزی حیزبی دێموکراتەوە. ئەگەرچی لە سەرەتای شۆڕشدا کەم‌ئەزموونی بە هێزەکانی کوردستانەوە دیار بوو، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش زەبری کاریگەر لە هێزی دوژمن دەدرا. دوای شەڕی سێ مانگە و شکستی هێزەکانی ڕێژیم لە سەراسەری کوردستان، جارێکی دیکە هێزی کۆنەپەرستی بە چەک و چۆڵی زۆر و بە پشتیوانیی فڕۆکە و هێلی‌کۆپتێر، هێرشی بۆ سەر هەموو کوردستان دەست پێکردەوە و تا ساڵی ١٣٦٠ لەسەرتاسەری کوردستان بەبێ بەکوشتدانی سەدان کەس لە بەکرێگیراوانی خۆی نەیتوانی دەستی بەسەردا بگرێ. لە دوای دەسبەسەردا گرتنی جادە سەرەکییەکان وردە وردە هێزی دوژمن لە بیری هێرش کردنە سەر شوێنی مانەوقەی پێشمەرگەکان بوو. ڕێژیم لەمێژ بوو پلانی داگیرکردنی هەموو کوردستانی داڕشتبوو و هەر جارە و بەپێی دۆخەکە لە شوێنێکەوە بەدوای ئەو مەبەستەیەوە بوو. ناوچەی ڕەبەت لە سەرەتای پاییزی ساڵی ١٣٦١دا لەلایەن هێزی ڕێژیمەوە پەلامار درا و پێشمەرگەکانی ئەو مەڵبەندە ئاڵوگۆڕێکی جیدی بەسەر شێوەی خەباتیاندا هات. بەرەبەرە قۆناغێکی سەخت لە خەبات لەو ناوچەیەش چاوەڕوانی هێزی پێشمەرگەی دەکرد. پێشمەرگەکانی دەڤەری ڕەبەت شەو و ڕۆژ لە حاڵی ئامادەباشدا بوون. زۆربەی کاتەکان لە سەنگەردا و تەنانەت هەتا بەیانی بۆسەیان بۆ هێزی دوژمن دەناوە. پاییزی ساڵی ١٣٦١ ئەگەرچی ئیمکاناتی پێوەندی گرتن لەوپەڕی لاوازیدا بوو، بەڵام پێوەندیی خەڵک و پێشمەرگە هێندە بەهێز بوو کە بەشێکی لەو بۆشاییەی پڕ کردبۆوە. چەند حەوتوویەک لە پاییز تێپەڕ ببوو، پێشمەرگە تازە لە کەمین گەڕابوونەوە بۆ نێو گوندی «هەمران» لە چەند کیلۆمیتریی ڕەبەت کە بنکەی لکی ٢ی مینەشەم لەوێ جێگیر ببوو. لەو هەلومەرجە‌دا کە پێوەندی گرتن زۆر ئەستەم بوو، ‌هێشتا پێشمەرگەکانی کەمین بە تەواوی نەحەسابوونەوە هەواڵیان هێنا کە دوژمن لەبەری سەردەشتەوە لەلای گوندی «کاڵەدەرێ» لە چۆمی کەڵوێ پەڕیوتەوە و لە بانووی کاڵەدەرێ لەسەر زەوییەکی ڕووت و قووت سەنگەربەندییەکی باشیان بە تەلیسەگڵ دروست کردوە. بۆ ئەوەی دەرفەتێک دروست بکەن کە لەو گوندانە زەبرێک هەم لەخەڵک هەم لە پێشمەرگە بدەن. کاتێک هەواڵی هاتنی دوژمن بە فەرماندەرانی پێشمەرگە گەیشت بەپێی ئوسوولی شەڕ و هەڵکەوتەی جوغڕافیایی ناوچە، هەشت پێشمەرگە دیاری دەکرێ بۆ لەژێر چاودێری خستنی ئەو هێزە، ئەوانیش بەپێی ئەزموونی خۆیان بە نێو دار و دەوەنەکانی ئەو دەڤەرەدا خۆیان لە هێزی دوژمن نزیک کردەوە و خستیانە ژێر چاوەدێری بۆ ئەوەی ڕوونی کەنەوە بە چ مەبەستێک هاتوون. هێزی دوژمن کە زیاتر لە سەد کەس دەبوو، هیچ هەستی بەو ٨ پێشمەرگەیەی کە بۆ چاودێریی ئەوان نزیک ببوونەوە نەکردبوو. دەمە و ئێوارەیە وەک دەڵێن شەو قەڵای مەردانە، ئەو پێشمەرگانە بیریان لەوە دەکردەوە کە زەبرێک لەو هێزە بدەن بەڵام کارێک بوو لەوپەڕی سەختی و دژواریدا. ئەوە بووە هۆی مەقۆ مەقۆی نێوان پێشمەرگەکان، ئایا بە ٨ کەس دەکرێ ئەو هێزە ناچار بە پاشەکشێ بکەن؟ پێشمەرگەکان هێشتا بڕیاری شەڕیان نەدابوو کە هێزی دوژمن سەنگەرەکانیان ڕووخاند و پاش ماوەیەک کۆڵەپشتی بە کۆڵەوە ئامادە بوون؛ کە بۆ پێشمەرگەکانیش ڕوون نەبوو مەبەستیان چییە! هێزی دوژمن کۆ بۆوە. ئەو ٨ قارەمانەی مەیدانی خەبات و تێکۆشان لە دەست و تفەنگی خۆیان ڕادیت زەبرێکی باش لە دوژمن بوەشێنن، بۆیە بەیەکەوە بەناوی «بژی دێموکرات» دەسڕێژیان لە هێزی زۆری دوژمن کرد و سەریان لێ شێواندن و لە ماوەیەکی کورتدا زیاتر لە ٦٠ کەس لە هێزی دوژمن کوژرا و، ئەوەی توانیی خۆی دەرباز بکا ڕووی لە دەراوی «کانی گوێز» و «گورگاوێ» کرد، بەڵام غافڵ لەوەی دەستەیەکی دیکە لە تێکۆشەرانی دێموکرات لە چۆمی «هورمزاوێ» شۆڕ بوونەتەوە سەر چۆمی لە دەروای گورگاوێ و، پێشیان بەو بەشەی کە ڕایان دەکرد گرت و ئەوەی توانیبووی ڕا بکا ئیدی لەوێ دەرچوونی مەحاڵ بوو. لەو هێزە زیاتر لە سەت کەسییەی دوژمن تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم توانیان لە چۆمی کەڵوێ بپەڕنەوە و دەرباز بن. لەسەر یەک تا کۆتایی شەڕ نزیک بە سەد کەس کوژران. ئەوەی گرینگە لەو شەڕەدا لە شوێن و لە کات و ساتێکی هەستیاردا کە هێزێکی زۆری دوژمن تەنیا بە دوو دەستەی چووکە لە پێشمەرگەکانی دێموکرات زەبرێكی کوشندە و لەبیر نەکراویان بەر کەوت. لەوە گرینگتر ئەوەیە کە نزیک بە سەد کەس لە هێزی دوژمن کوژرا بەڵام لە هێزی پێشمەرگە هیچ کەس تنۆکە خوێنێک لە لووتی نەهات. گرینتر لە هەموو ئەوانە، شکستی ئەم هێزەی ڕێژیم نەک ورەی باقی هێزەکانی دیکەی تێک قرماند، بەڵکوو زۆر بە دەگمەن لە پاش ئەو عەمەلیاتە دەیانتوانی ڕوو بکەنە جێگا و شوێنێک کە هەستیان کردبا پێشمەرگەی لێیە. لەلایەکی دیکەشەوە چەند قات ورەی خەڵک و پێشمەرگە پاش وەشاندنی ئەو زەبرە گورچکبڕە بەرز بۆوە.