کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

: نەبوونی ئیرادەی سەرکەوتن بە سەر خۆکوژی پەرەی بەم قەیرانە داوە

15:14 - 17 رەزبەر 2719

لەمێژ ساڵە خۆکوشتن لە کوردستان لە دیاردەوە بووەتە قەیران، قەیرانێک لە تەنیشت کۆمەڵە قەیرانێکی تر کە تەنگیان بە کۆمەڵگە هەڵچنیوە. ئامارەکان دەڵێن لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا هەر نەبێ 100 کەس لە کوردستان خۆیان کوشتووە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 76 کەس لەوانی بە ڕوونی تۆمار کردوە. ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وەرزی بەهاریشدا ئاماری گیانلەدەستدانی 72 کەس بەهۆی خوکوشتنەوە ڕاگەیاندبوو و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا خۆیان کوشتوە، لانیکەم 153 کەس بووە. شایانی باسە لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم 170 کەس لەو سەدان کەسەی هەوڵی خۆکوشتنیان دابوو، بەداخەوە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو ببوو کە 62 کەسیان پیاو و 108 کەسیان ژن بوون. «کوردستان» بۆ تاوتوێی زیاتری پرسی خۆکوشتن لە کوردستان وتووێژێکی لەگەڵ جاوید مەلەکی، کۆمەڵناس لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان پێک هێناوە: بەر لە هەموو شتێک بفەرموون خۆکوشتن بەگشتی چۆن پێناسە دەکرێ؟ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی (WHO) خۆکوشتن بە کردەیەکی وشیارانە و خۆویستانە پێناسە دەکا کە کەسێک بە دەستی خۆی و بە کار و کردەیەکی مەرگاوی، کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ. لە دانیشتنی تایبەتی ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی کە لەسەر خۆکوشتن لە ساڵی 199٦دا بەڕێوە چوو، «خۆکوشتن» و «هەوڵدان بۆ خۆکوشتن» وەک بابەتێکی گرینگی بواری «تەندروستیی گشتی» و «ڕەفتارێکی ناتەبا لەگەڵ کۆمەڵگە» باسی لێ کراوە. کەواتە خۆکوشتن تەنیا بە ڕواڵەت کردەیەکی تاکەکەسییە بەڵام لە بنەڕەتدا کردەیەکی کۆمەڵایەتییە. لە لایەکی دیکەشەوە خۆکوشتن یەکێک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی هەموو کۆمەڵگەیەکە کە پێویستی بە خوێندنەوەی تایبەت هەیە و بۆ کەمکردنەوەی خوێندنەوە و پارە و پلانی تایبەتی دەوێ. واتا بە مەوعیزە و دۆعا و نزا و قسەی نازانستی و بێبنەما چارەسەر نابێ.   ڕێژەی خۆکوشتن بەگشتی لە ئاستی جیهانیدا چۆناوچۆنە؟ لە چ وڵاتانێک زۆرە و لە کوێ کەمە؟ هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟   ڕێژەی خۆکوشتن بەپێی دۆخی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری و تەنانەت مێژوویی و جوغرافیایی وڵاتان، جۆراوجۆر و جیاوازە. لە لایەکەوە لە وڵاتانی ئیسکاندیناوی، ئاڵمان، ژاپۆن و ڕۆژهەڵاتی ئورووپا، زۆرترین ڕێژەی خۆکوشتن تۆمار کراوە. واتا لە هەر سەدهەزار کەس 25 کەس لە ساڵدا خۆیان دەکوژن، هەر بۆیە ئەم ناوچانە بە پشتوێنی خۆکوشتن ناسراون. بەڵام لە لایەکی دیکەوە لە وڵاتانی ئیسپانیا، ئیتالیا، ئیرلەند، هولەند و میسر کەمترین ڕێژەی خۆکوشتن تۆمار کراوە، واتا لە هەر سەدهەزار کەس لە ساڵدا تەنیا 10 کەس خۆیان دەکوژن. له ئامریکا خۆکوشتن بەگشتی وەک هەشتەمین هۆکاری مردن ناوزەد کراوە؛ بەڵام لە نێوان کەسانی 14 بۆ 15 ساڵ ئەم جۆرە مردنە لە ئامریکا ئێجگار زۆرە و هەندێ جار وەک سێهەم هۆکاری مردن بۆ ئەو تەمەنە باسی لێ دەکرێ. وەک لە لێکۆڵینەوە و تیۆرییەکاندا هاتووە، هۆکاری خۆکوشتن زۆر و جۆراوجۆرە بەڵام سەرەکیترین هۆکاری خۆکوشتن هێشتا هەر تاکخوازی و تاک کەوتن و ئەتۆمیزە بوونی تاکەکانی کۆمەڵگایه.   ئەدی دۆخی خۆکوشتن لە ئێراندا چۆنە؟ بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ وڵاتانی تر و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین خۆکوشتنی ئێرانییەکان لە چ ئاستێکدایە؟ ڕێژەی خۆکوشتنی ئێرانییەکان بەپێی دەیتا و ئامارەکان لە سێ دەیەی ڕابردوودا بەرز بۆتەوە. هۆکاری ئەم زیادبوونەش بۆ زۆر شت دەگەڕێتەوە، بۆ وێنە لەم سێ دەیەدا جۆرێک شڵەژاوی و بێ‌یاسایی کۆمەڵگەی ئێرانی گرتووەتە بەر کە نە نەزم و یاسای نەریتی لە جێی خۆیدا ماوە و نە نەزم و یاسای مۆدێڕنیش جێگیر بووە. هەر بەپێی ئەو لێکدانەوەی وا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەسەر ئێران کردوویەتی، ئەم وڵاتە دەکەوێتە ڕیزی ئەو وڵاتانەوە کە لە سەردەمی دابڕان لە نەزمی نەریتەکان و چوونە نێو قۆناغی بەپیشەیی بوون و مۆدێڕن بوونیەوە تووشی چەندین پارادۆکس و ناسەقامگیری و لەق و لۆری بووە کە کاریگەرییان لەسەر کێشەگەلێکی وەکوو خۆکوشتن ئێجگار زۆر بووە. بەگشتی ڕێژەی خۆکوشتنی ئێرانییەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و بە تایبەت لە زۆربەی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان کەمترە. بەڵام ڕادەی خۆکوشتنی خەڵکی ئێران لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین زۆرترە. ئێران لە باری پلەی جیهانیی خۆکوشتنەوە لە پلەی 58 دایە.   باوترین شێوەکانی خۆکوشتن لە ئێران چین؟ باوترین جۆرەکانی خۆکوشتن لە ئێران بریتین لە: دەوا و دەرمان خواردن، خۆهەڵواسین، خۆسووتاندن.   ئەدی ڕێژەی خۆکوشتن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ بەداخەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێژەی خۆکوشتن زۆرە و ناوی هەر چوار پارێزگا کوردییەکە لە ئێران لە نیوەی هەوەڵی ئەو پارێزگایانەدا تۆمار کراوە کە ڕادەی خۆکوشتنیان لە ئاستی سەرەوەدایە. بەتایبەت دوو پارێزگای ئیلام و کرماشان زۆرترین ڕێژەی خۆکوشتنیان هەیە. بۆ وێنە تەنیا لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان کە حەشیمەتەکەی بە شار و گوندەکانیەوە نزیکەی 350 هەزار کەسە و لە پارێزگای سنە هەڵکەوتووە، ئاماری خۆکوشتنەکانی لە یەکێک لەم ساڵانەی دواییدا 24 ژن و 25 پیاو بووە کە کۆی خۆکوژانی هەردوو ڕەگەزەکە دەکاتە نزیکەی 50 کەس؛ کە دەبێتە نزیکەی 15 کەس لە هەر سەدهەزار کەسدا. هەروەها ئەوانەی وا هەر لەو ماوەدا هەوڵی خۆکوشتنی خۆیان داوە بەڵام گیانیان لە دەست نەداوە و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، نزیکەی 480 کەس بووە کە ٦٥ لە 100ی ئەو کەسانەی وا هەوڵیان بۆ خۆکوشتن داوە ژنن و تەنیا 35 لە 100ی ئەوان پیاون. وەک لەم ئامارەدا دیارە، هەوڵ بۆ خۆکوشتن لە نێو ژناندا زۆر لە پیاوان زۆرترە. واتا هەوڵ بۆ خۆکوشتن زۆرتر دیاردەیەکی ژنانەیە و، ژنان بەم کارە دەیانەوێ هەست و ئازارەکانی خۆیان دەرببڕن و سەرنجی کەسانی تر بۆ لای خۆیان ڕابکێشن یان لەم ڕێگاوە دەیانهەوێ دەرەتانێک بۆ دەربازبوون لە دۆخی نالەباری ژیانی پڕ لە ئێش و ژانی خۆیان دەستەبەر بکەن. پێویستە ئەمەش زیاد کەین کە ئەم ئامارانە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە نەخۆشخانە تۆماری کردووە؛ دەنا کەسانی تریش ڕەنگە خۆیان کوشتبێت یان هەوڵیان بۆ خۆکوشتن دابێ بەڵام بە هەر هۆکارێک نەچوون بۆ نەخۆشخانە و ناویان تۆمار نەکراوە. با هەندێک ئاماری دیکەش باس بکەین: ڕێژەی ئەو کەسانەی وا لە کوردستان خۆیان دەکوژن 58%یان، تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 34 ساڵە و 28%یان، تەمەنیان لە نێوان ١٣ بۆ ١٩ ساڵە، واتا ٨٤%ی ئەوانەی لە کوردستان خۆیان دەکوژن، لە نێوان تەمەنی ١٣ تا ٣٤ ساڵن. ئەم تەمەنە لە باری خۆکوشتنەوە بە «تەمەنی قەیران» ناوی دەرکردوە و لە هەموو وڵاتانی دنیا زۆرترین ڕێژەی خۆکوشتن هەر لەم تەمەنەدایە. کەوابوو ئەبێ بۆ بەکۆمەڵگەیی کردن و تێکەڵ کردنی کەسانی ئەم تەمەنە لەگەڵ باقی ئەندامانی کۆمەڵگە، لە باری کار و پەروەردەوە، هەوڵی پسپۆڕانە و تایبەت و زۆرتر بدرێ. لە کوردستان کەمترین ڕێژەی خۆکوشتن لە کەسانی نەخوێندەوار و کەسانی ئاکادێمیدا بووە و زۆرترین خۆکوژەکان لە کەسانی تا ڕادەیەک خوێنەوار و ژێردیپلۆمن، واتا زۆربەی خۆکوژەکان لە ئاستی مامناوەندی و دواناوەندیی خوێندن بوون. وادیارە ئاستی خواری خوێندن، بۆ خۆکوشتن فاکتەرێکی مەترسیدارە.   ئەدی شوێنی ژیان، کار و پیشە و سەڵتی و خێزاندار بوون دەوریان هەبووە؟ باسی ئەوەش دەکەم. لە باری کار و پیشەوە ٥٢%ی کردە خۆکوژییەکان کەسانێک دەگرێتەوە کە زۆرتر لە نێو ماڵ و مەزرا و دووکان و شتی خۆیان کار دەکەن؛ واتا مووچەخۆر یان کاریگەری کارگە و کارخانە و شتی وا نەبوون. ١٥% قوتابی بوون. تەنیا ١%ی خۆکوژان مووچەخۆر بوون. واتا پێوەندییەکی زۆر و مانادار لە نێوان ڕێژەی خۆکوشتن و بێکاربووندا هەیە (کار لە دەرەوەی ماڵ، بۆ چەن کاتژمێری تایبەت و دیاریکراو، لە بەرانبەر پووڵ و پارە، لەگەڵ کەسانی هاوپیشە بە شێوەی ڕێکوپێک، هەمەڕۆژە و بەنەزم و نیزام). کەسانێک کە بەم شێوە کار ناکەن یان هەلی کاریان بۆ نەڕەخساوە، دوو بەرانبەری ئەوانەی وا بەم تەعریف و پێناسە کار دەکەن خۆیانیان کوشتووە. واتا ئەوانەی وا ڕادەی کار و سەرقاڵییان کەمترە ڕێژەی خۆکوشتنیان زۆرترە و بەپێچەوانەوە. لە کۆی ئەو کەسانەی کە لە کوردستان یەکێک لە جۆرەکانی خۆکوشتنیان ئەزموون کردوە ٦٧%یان دانیشتووی شار و ٣٣%یان دانیشتووی گوندەکان بوون. ئەمە دەری دەخا کە لە شوێنی بچووک وەک دێهاتەکان بەهۆی پێوەندیی کۆمەڵایەتیی زۆری خەڵکەوە لێکدابڕان و تەنیایی و خۆکوشتن کەمترە. کەوابوو پێویستە خەڵکی نیشتمان، گرووپ و تاقمی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی، کولتووری، ڕامیاری و ئابووری، وەک گرووپی جۆراوجۆری وەرزشی، هۆنەری، زانستی، کاری و ... دروست کەن و پەرەی پێبدەن و لەم ڕێگاوە پێوەندیی کۆمەڵایەتیی پتەوتر و خۆکوشتن کەم بکەنەوە. لە بواری خێزانداری و سەڵت بوونەوە، ٥٩%ی ئەوانەی وا لە کوردستان خۆیانیان کوشتوە سەڵت بوون و ژیانی هاوبەشیان پێک نەهێناوە. کاتی خۆکوشتن لە کوردستان بۆ ژنان زۆرتر لە مانگەکانی جۆزەردان و گەلاوێژ بووە و لە سەرماوەز و ڕەشەمەدا ژنان کەمترین ڕێژەی خۆکوشتنیان هەبووە. وا دیارە لە مانگە ساردەکان پێکەوە بوونی زۆرتری ئەندامانی بنەماڵە و پێوەندیی زۆری ئەوان ڕێگر بووە لە خۆکوشتنی زۆر و بەپێچەوانەوە. بەڵام خۆکوشتنی پیاوان لە مانگەکانی خاکەلێوە و پووشپەڕ زۆرترین و لە ڕێبەندان و ڕەشەمەدا کەمترین بووە. لای هەر دوو جنس لە وەرزی گەرما خۆکوشتن زۆرتر بووە. وەک هەموو دنیا لە کوردستانیش ڕێژەی خۆکوشتن لە وەرزە گەرمەکانی ساڵدا دەگاتە لووتکەی کارەسات. باوترین شێوەی خۆکوشتن و هەوڵدان بۆ خۆکوشتن له کوردستان، خواردنی حەب و دەرمان بووە کە ٤٧%ی ژنان و ٣٩%ی پیاوان کەڵکیان لێ وەرگرتوە؛ دووهەم شێوەی خۆکوشتن خۆهەڵواسین بووە کە ٤٦٪ی پیاوان و ٣٨%ی- ژنان پەنایان بۆ بردوە. واتا خۆکوشتن بە دەوا و دەرمان زۆرتر کردەیەکی ژنانە و خۆهەڵواسین زۆرتر کردەیەکی پیاوانەیە. پێویستە بەمەش ئاماژە بکرێ کە خۆسووتاندنی ژنان لە کوردستان پێنج بەرانبەری پیاوانە.   ئایا هۆکارکانی خۆکوشتن لە کوردستان جیاوازن؟ هۆکارەکانی خۆکوشتن لە کوردستان بۆ زۆر شت دەگەڕێتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو هۆکارانە لەگەڵ هۆکاری خۆکوشتنی خەڵکانی تر و نەتەوەکانی تر وەک یەک وان. تاکخوازی، تەنیا و تەریک کەوتن، پچڕانی پێوەندی لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگە، خۆبەتەوەر بوون، شڵەژاوی، تووڕەیی لە ڕادەبەدەر، کەم تاقەتی و کەم توانایی لە هەمبەر کێشەکان، تێکچوونی باری دەروونی، شەڕ و ئاژاوەی نێو ماڵ و بنەماڵە، ئەزموونکردنی ئازار و ئەشکەنجە، دەست ڕاگەیشتنی ئاسان بە دەوا و دەرمان و کەرەسەی خۆکوشتن و ... نموونەی ئەو هۆکارانەن. بەڵام لە کوردستان جگە لەمانە هۆکارگەلێکی تایبەتیش هەن کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە سەر خۆکوشتنی خەڵکی ئەم ناوچە کاریگەرن. بۆ وێنە ئێستا لای زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی جیهان پووڵ بووە بە گەورەترین ئەرزش و بایەخ، ئەمەش چاولێکەری و مەسرەفخوازی و مەسرەف باوەڕیی زۆر سەیر و سەمەری بەدووی خۆیدا هێناوە، دەی دیارە ئەو کەسانەی وا پووڵ و پارەیان نییە یان کاریان نییە کە لەگەڵ ئەو چەرخەدا بچەرخێن، لە بازنەی کۆمەڵگە فڕێ دەدرێن و پەراوێز دەخرێن. لە ئاوەها باردۆخێکدا نە دەسەڵات ئاوڕێکی جیدی لە هەژاران دەداتەوە و هەلی کار و پێوەندییان بۆ دەڕەخسێنێ، نە دەوڵەمەندان ئاوڕێکی ئینسانی لەم بێکار و بێ‌ماڵانە ئەدەنەوە (تەنانەت ڕەحم بە خزم و کەسی نزیکی خۆیشیان ناکەن و دەس نادەنە ژێر باڵیان و هەلی کاریان بۆ ناڕەخسێنن)؛ هەژارانیش لەم مەسرەفخوازی و هەڵات هەڵات و بگۆڕبگۆڕەدا لە ڕوویان هەڵنایە قەرەی دەوڵەمەندان بکەون، چوونکە هاوتایی ئەوانیان پێ ناکرێ. سیستمی ئەخلاقی و سیستمی پەروەردەش لە ئێران بە تەواوی سەقەتە و نەیتوانیوە ئەم کێشانە چارەسەر بکا یان تەنانەت کەمیان بکاتەوە. دەی دیارە هەژاران، واتا زۆرینەی خەڵک، بەردەوام خۆیان دەدزنەوە و تەنیا و تەریک دەکەون. جا ڕێگە چارەی ئەم دۆخە بۆ ئەم جەماعەتە کە زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵگا پێک دێنن پێنج شتە: یان قەناعەت و هەناسە هەڵکێشان و ڕەزایەت بەو وەزعەیە، کە ئەمە زۆرتر لای بەساڵاچووان و دەستەوسانان باوە. یان پەنا بردن بۆ کاری مەترسیداری وەک فرۆشی مادەی هۆشبەر و دزی و چەتەیی و ڕێگرییە. یان خۆکوشتن و کۆتایی هێنان بە ژیان و ماڵ‌وێرانی بۆ ماڵ و منداڵ و کەس و کارە. یان پەنا بردن بۆ جاشی و خۆفرۆشی و سێخوڕی کردنە. وەیا پەنا بۆ بێ‌ئەخلاقی و لەشفرۆشی و ئەو شتانەیە. جا دیارە سیستمی گەندەڵ و دژەخەڵکیش لەگەڵ نەتەوەیەکی وەکوو کورد، کە هەتا ئێستا بەحاڵیش دیانی خێری بەو دەسەڵاتەدا نەناوە، هەموو ئەمانەی پێخۆشە و بە قازانجی ئەوە کە خەڵک وایان بەسەر بێ با خۆی چاکتر ئەسپی خۆی لینگ بدا و بە جەنایەتی خۆی درێژە بدا.   ڕوانگەکان، قانوون و نۆرمە باوە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها ڕۆڵی میدیاکان لە کوێی ئەم دیاردەیەدا جێ دەگرن و بە کام ئاقاردا ڕۆڵیان هەیە؟ دیارە ڕوانگەی خەڵکی کۆمەڵگە یان هەر کام لە گرووپ و تاقم و دەستەکانی نێو کۆمەڵگە، بەرانبەر بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان جۆراوجۆر و جیاوازە. ئەم نۆڕمە گشتییە، خۆکوشتنیش دەگرێتەوە. بۆ وێنە کەسانی ئایینی یان گرووپە ئایینییەکان هۆکاری گرینگ و گەورەی خۆکوشتن بۆ بێ‌باوەڕی و پشت هەڵکردنی خەڵک لە دین و ئایین دەگەڕێننەوە. ئایینییەکان پێیان وایە کە هەرچی زۆرتر لە خودا و یاسا و ڕێسای ئایینی دوور کەویتەوە لە کێشە و کارەساتی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی زۆرتر نزیک دەبێتەوە. چوونکە لای ئەوان خوداوەند وەک تەنیا کۆڵەکە و تەوەرەیەکی قایم و بەهێز دێتە ئەژمار کە هەرکات ئینسان پشتی پێی بەست و پاڵی پێوەدا، واتە دەستووراتی خوداوەندی جێبەجێ کرد و خۆی بەو هێز گەورە سپارد، ئەوکات زۆرتر لە بەڵا و موسیبەت دوور دەکەوێتەوە. هەڵبەت ئەم ڕوانگە لە باری زانستیشەوە تا ڕادەیەکی زۆر دروستە. هەروەک لە کتێبی هەرەگرینگی دوورکەیمدا لەسەر خۆکوشتن (suicide) هاتوە، باوەڕ بە ئایین و خودای تایبەت، دەتوانێ زۆر زیاتر لە بێ‌باوەڕی، تاک لە خۆکوشتن بپارێزێ. بەگشتی لێکۆڵینەوەکەی دوورکەیم دەری دەخا کە ئیمانداران کەمتر لە بێ‌ئیمانەکان خۆیان دەکوژن. بەڵام هەتا ئێستا لە کوردستان من لێکۆڵینەوەیەکم لەم بارەوە نەدیوە، هیوادارم لە داهاتوودا ئەو کارە بکرێ. ڕوانگەی چەپەکان زۆرتر لەو بۆچوون و لێکۆڵینەوەی مارکس نزیک دەبێتەوە کە لەسەر خۆکوشتن نووسیویەتی و ئێستا لە بەر دەستمان دایە. مارکس تەوەرە و نیواخنی زۆربەی هەرە زۆری شتەکان بۆ دۆخی ئابووری دەگەڕێنێتەوە. واتا بنچینە و بناغەی هەموو گرفت و کێشەیەک و هەروەها کۆڵەکەی ڕاگرتنی خەڵک لە هەمبەر کێشە و کارەسەتەکان، دۆخی ئابووری دیاری دەکا. باقی ڕوانگە و بۆچوونەکانی تریش هەر بەپێی باوەڕی سەرەکیی خۆیان ئەم کێشە (خۆکوشتن) لێک ئەدەنەوە. کەوابوو تەنیا ڕوانگەی زانستی دەتوانێ بەدوور لە هەر جۆرە ڕوانگە و بۆچوونێکی تایبەت و بەدوور لە هەر چەشنە دەمارگرژی و هەست و نەست و باوەڕێکی تایبەت، ئەم کێشە و هەموو کێشەکان لێک بداتەوە؛ کە بەداخەوە لە ئێرانی ئەمڕۆدا ئەم بوارە (کاری زانستی بێلایەن) بە هەند وەرناگیردرێ و خەرجی بۆ ناکرێ. لە بواری قانوون و یاساوە، بەگشتی لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا باسێکی وا لەم بارەوە نەکراوە؛ بەڵام لە یاسای تایبەت بە تاوان و سزادا هەندێ شتی لێڵ و ناڕاستەوخۆ باس کراوە کە ئەوەش وەکوو کردار نایەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بۆ وێنە باس لە سزادانی ئەو کەسانە کراوە کە ئاسانکاری بۆ کێشەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی دەکەن، بەڵام ئەمە زۆر لێڵ و ناڕوونە. ڕۆڵی میدیا لەم بارەوە زۆر گرینگ و هەستیارە. میدیا دەتوانێ بە وێنە و فیلم و نووسراوەی پوخت و زانستی، کۆمەڵگە ئاگادار کاتەوە کە لە چ دۆخ و وەزعێکدا تاک بەرەو خۆکوشتن دەڕوا و چۆن پێشی پێ بگیردرێ. بەشێکی زۆری خۆکوشتنەکان بۆ تۆقاندن و ترساندنی کەسانی دەوروبەر یان ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و هاوار و بانگەوازێک بووە لە دەست کێشە و گرفتێکی دیکە؛ بەڵام خۆکوژ ئەوە نازانێ کە گیانی ئینسان چەندە ئاسان تەواو دەبێ. دەی کەوابوو ڕۆڵی میدیا لە وشیارکردنەوەی لاوازی گیانی مرۆڤ و مەترسیی کاری ترسناک زۆر گرینگ و کاریگەرە.   بەرپرسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک لە بەرامبەر ئەم دیاردەیەدا چین؟ ئاماژەتان بە خاڵێکی گرینگ کرد. هەر وەک پێشتر باسمان کرد، کردەی خۆکوشتن بەڕواڵەت کارێکی تاکەکەسییە بەڵام لە واقێعدا کارێکی کۆمەڵایەتی و چەن ڕەهەندییە. باوک و دایک، ژن و منداڵ، کۆی دۆست و هەڤاڵان، مامۆستا، خزم و کەس، میدیا، کتێب و نووسراوەی قوتابخانە و دەیان دیاردەی دیکە لە خۆکوشتنی یەک تاکی کۆمەڵگە بەرپرس و تاوانبارن. هەر کەس بەگوێرەی نزیکی و توانایی و ئاگاداری لە کێشەی تاکی خۆکوژ تاوانبارە. پشتگوێ خستن و ئاوڕنەدانەوە لە گرفتی کەسانی دەوروبەر و دەستەواژەگەلێکی وەکوو: بە من چی، پێوەندی بە منەوە نییە، من بۆ خۆم گرفتاریم کەم نییە، ئەم هەمووە گیروگرفتە بە من چارەسەر نابێ، دەردی ئەم گشتە بە من دەرمان نابێ، ئەو هەمووە بارە بە من هەڵناگیرێ و، نموونەگەلێکی زۆری لەو چەشنە تاوانی گەورەی ئێمەیە. کۆمەڵگە کاتێک مانای ژیانی کۆمەڵایەتی دەگەیەنێ کە ئێمە وەکوو ئێنسان لە حاند کێشە و گرفتی یەکتر بێخەم نەبین. گەورە و بچووک، ژن و پیاو، پیر و گەنج، کاربەدەست و بێکار، دەوڵەمەند و هەژار، خوێنەوار و نەخوێنەوار، هەموو ئەبێ هۆشیان بە یەکەوە بێ، ئاوڕ لە گرفتی یەکتر بدەنەوە، لانیکەم بۆ قسەی گرفتارەکان گوێ بیستێکی باش بین. هەندێ جار گوێدانی ئێمە بە قسەی گرفتارێک و چەن ڕێنوێنی و پەیامی کوڵ و کورتی ئێمە دەتوانێ یاریدەر بێ. دۆستایەتیی ئێمە لەگەڵ کێشەدارەکان دەتوانێ وەک کۆڵەکەی پاراستنی گرفتارێک بێتە ئەژمار. بەشداری لە کاری بەکۆمەڵ، لە کۆڕ و کۆبوونەوەی جۆراوجۆر، لە ڕێوڕەسمی جیاواز و هەمەڕەنگ دەتوانێ لە تاک و تەرا کەوتن و گۆشەنشینی و خۆکوشتن بمانپارێزێ. بەتایبەت ئێمەی کورد کە دەسەڵات نەک هیچ ئاوڕێکی ئەرێنیمان لێ ناداتەوە، بەڵکوو بۆخۆی کێشەمان بۆ دروست دەکا دەبێ زۆر زیاتر لە جاران هۆشی یەکترمان هەبێ. بەرانبەر بە کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی تووشی ساردوسڕی و دەستەواژەی بە من چی نەبین و؛ واز لە عەزیەت و ئازاری یەکتر بێنین و تەنانەت ئەگەر بە دوو قسەی خۆشیش بووە یاریدەری یەکتر بین.   کاریگەریی خۆکوشتن و قووڵبوونەوەی ئەم دیاردەیە لەسەر کۆمەڵگە چییە؟ زۆر بەداخەوە هەرچی دیاردەی خۆکوشتن و تەنانەت باسی خۆکوشتن لە کۆمەڵگە و لە میدیا زۆرتر دەبێ، ئەنجامی ئەو دیاردەیە لای خەڵک ئاسانتر دەبێتەوە. هەڵبەت باسکردنی هەر ئەوەندە زەرەرمەندە کە باس نەکردنی. واتا هەر دوو بوارەکە چاکی و خراپی خۆی هەیە. بەڵام بەگشتی باسکردن و ڕوونکردنەوەی پڕابلێمی خۆکوشتن قازانجی زۆر زیاترە لە باس نەکردن و شاردنەوەی کێشەکە. چۆنیەتیی باسەکە، کات و ساتی باسەکە، بەردەنگەکانی ئەو باسە، ئەدەبیاتی باسەکە هەموو ئەبێ بە وردییەوە هەڵبژێردرێ و وردبینانە قسەی لێ بکرێ. لە بواری زانستییەوە هەر کێشە و گرفتێک هەتا ئاستێکی تایبەت ڕەنگە ئاسایی و سروشتی بێ، واتا ئەمە قەبووڵ کراوە کە لە هەموو دنیا کێشە و گرفت لە زۆربەی بوارەکاندا هەیە؛ بەڵام ئەگەر ئەو گرفتانە بوو بە پڕابلێم ئیدی ئەوە دەبێ کاری بۆ بکرێ و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ و هەم دەسەڵات و هەم خەڵک لە فکری چارەکردنیدا بن، دەنا دەبێتە قەیران و کێشەی گەورەتر دێنێتە ئاراوە. ئێستا لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی ئابووری، خۆکوشتن و گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر و چەن دیاردەی دیکەش لە گرێژنە دەرچووە و بووەتە قەیران؛ زۆر بەداخەوە بەرپرسان لە گوێی گادا خەوتوون و خەڵکیش هەر کەسە و لەنێو لاکی خۆیدا ماوەتەوە. واتا بێخەمیی دەسەڵات بەرانبەر بە کێشەی خەڵک دزەی کردووەتە نێو خەڵک و ئیتر زۆربەی خەڵکی وڵاتیش لە هەمبەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان تووشی ساردوسڕی و بە من چی بە من چی بوونەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشە ئەزێ و هەوڵ بۆ چارەسەر کردنیشی دادەبەزێ.   زۆریەک لە چاودێرانی سیاسی، قووڵایی بەرپرسایەتییەکان بەرەوڕووی سیستمی ئیداریی وڵات دەکەنەوە کە توانای مودیرییەتی قەیرانەکانی نییە، ئایا ئێوەش هەمان ڕاتان هەیە؟ کێ دەبێ لە خەمی ئەو قەیرانەدا بێ و چۆن دەکرێ خەمی لێ بخورێ؟ ئەگەرچی هۆکاری خۆکوشتن زۆر و جۆراوجۆرە، بەڵام بەگشتی هۆکارەکان بەسەر دوو لایەنی ستراکچێرال (پێکهاتەیی) و ئەیجێنسی (بکەری تاکەکەسی)دا دابەش دەبن. بە ڕای منیش قورسایی باڵی پێکهاتە و ستراکچێر، واتا باڵی سیستمی پەروەردە، سیستمی ئابووری و سیستمی کار زۆر گرینگە؛ کە هەموو ئەمانە لە دەستی دەوڵەت و حکوومەتدایە. دەسەڵاتی ئێران دەسەڵاتێکی ئایدیۆلۆژیکە واتا لە فکری خۆشبژیوی و کار و داهات و ڕاحەتی و ئاسایش و ئەمنیەتی ماڵی و گیانی و خۆشحاڵیی خەڵکدا نییە بەڵکوو لە فکری ئایدیا و بیروباوەڕی دوگم و چەقبەستووی خۆیدایە. ئەمە مانایەکی دیکەشی هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەوەی وا بۆ خەڵک گرفت و کێشەیە بۆ حکوومەت کێشە نییە. ئەوەی وا بۆ خەڵک خۆشبەختی و خۆشحاڵییە لای دەسەڵات تاوان و گوناحە. ئەگەر چاو لە چل ساڵی ڕابردووی ئێران بکەین لە هەموو بوارێکەوە کێشە و قەیرانەکانی قووڵتر و بەرینتر بۆتەوە؛ هۆکاری سەرەکیشی ئەوەیە کە دەسەڵات لە فکری ئایدیای خۆی و ڕەواجی بیروباوەڕی خۆی لە دنیایە و خەڵکەکەی بە تەواوی وێڵ کردوە. هەر ئەم چەن مانگە لەبەرچاو بگرن کە بە بۆنەی گەمارۆی ئابوورییەوە ڕێژەی فرۆشی نەوتی ئێران لە سێ میلیۆن بەرمیل نەوتەوە گەیشتووەتە سێ سەد هەزار بەرمیل واتا بۆ یەک لە دەی جاران دابەزیوە، بەڵام وڵات هەر بەڕێوە دەچێ. ئێستا ئەو پرسە دێتە گۆڕێ: ئەی باشە جاران داهاتی وڵات دە بەرانبەر بووە، ئەو هەمووە پووڵ و پارە بۆ کوێ چووە و چی لێ هاتووە؟ بۆ خەڵک خەرج کراوە یان بۆ ئامانجی ئایدیۆلۆژیکی دەسەڵات؟ وڵامەکە ڕوون و ئاشکرایە، بۆ خەڵک خەرج نەکراوە، چوونکە ڕێژەی بێکاری، دزی، لەشفرۆشی، کەڵەک و کوڵەکی ئابووری، چەکی بەتاڵ فرۆشتن. زیندانییانی بواری ئابووری و دادگایی ئابووری بۆ چەندین قات بەرز بۆتەوە. لە هەمان کاتدا خەرجی ئێران بۆ ئامانجی ئایدیۆلۆژیکی و یارمەتی بە یارانی ئایدۆلۆژیکی خۆی لە دنیا و بەتایبەت لە وڵاتانی دەوروبەر زیادی کردوە. بەگشتی ئەم دەوڵەت و دەسەڵاتە لە جیاتی ئەوە لە خزمەتی خەڵکدا بێ لە خزمەتی ئیدۆلۆگە خودییەکاندایە. لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم هەتا ئەم دەسەڵاتە لەسەر کار بێ کێشەکان زیاد دەکەن و کەم نابن، چونکە بەڕاستی ئیرادەیەکی بەهێز کە بتوانێ تێپەڕێ بەسەر ئەم قەیرانانەدا کە هەرکام پتانسییەلەن هۆکارێکی گرینگی خۆکوشتنن؛ بەدی ناکرێ.   سپاس بۆ بەشداریتان لەم وتووێژەدا. سپاس بۆ ئێوەش.