کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستییەکانی بزاڤێکی شوناسخوازانەی جەماوەری

15:17 - 17 رەزبەر 2719

هەتا ئێستا شاهیدی جموجۆڵ و چالاکییەکی زۆری مەدەنی بووین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەر دوو ئاستە بەرتەسک و بەرفراوانەکەیدا. ئەم جموجۆڵ و چالاکییانە کاریگەرییان هەبووە و سەرنجیان ڕاکێشاوە و تا ئێستا لە زۆر بارەوە هەڵوێستیان لەسەر کراوە. گریمانەی ئەم وتارە ئەوەیە کە هێشتا ئەم جموجۆڵانە نەبوونەتە بزاڤێکی شوناسخوازانەی نەتەوەیی و جەماوەری بە مانای تەواوی وشە. بۆ ئەوەش کە لە چوارچێوەی جموجۆڵ بترازێن و ببنە بزاڤێکی کامڵی شوناسخوازانەی نەتەوەیی، پێویستە لە درێژەی خۆیاندا بگوورێن و هەندێک تایبەتمەندیی سەرەکی لەخۆ بگرن؛ کە بریتین لە: زاڵبوونی تێما یان گوتاری نەتەوەیی، پێکەوەگرێدران و گشتگیربوون، نەپسانەوە و بەردەوامی. بۆ ئەوەی ڕوونتر بابەتەکە بگەیەنین لە چواندن و مێتافۆرێک کەلک وەردەگرین. دەکرێ جموجۆڵ و چالاکییە مەدەنییەکانی نێوخۆ بە «ڕووبار» بشوبهێنین، کە جاروبار هەڵدەستن و بە هەڵچوونیان هەموو پانتایی کۆمەڵگە دەگرنەوە. پێویستە ئەم «ڕووبارانە» لە درێژەی خۆیاندا و لە ڕەوتی گوورانی خۆیاندا، وەسەریەک بکەونەوە و دەریایەکی خرۆشان دروست بکەن. ئەو جموجۆڵە مەدنییانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێن، لەگەڵ جموجۆڵە وێکچووە سەراسەرییەکان ئەم جیاوازییەیان هەیە کە ئاگایی و خواستێکی شوناسخوازیی نەتەوەیی، یان ڕەگێکی نەتەوەیی لەپشتیانەوە دەبینرێ و هاندەریانە؛ ئاگایی و خواستێکی شوناسخوازیی یەکگرتوو، کە لە دەرکەوتی جۆراوجۆردا خۆی دەنوێنێ و لە ڕوخساری جیاوازدا دەردەکەوێ و هەر جارە، تەنانەت لەپشت جموجۆڵە سێنفییەکانیشەوە، بە شێوازێکی نوێ بە ڕووی دەسەڵاتدا دەتەقێتەوە. ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە کە هەوێن یان ڕەگوڕیشاڵێکی نەتەوەیی وەک سەرچاوەیەک لە پشت هەموو ئەم ڕووبارانەیە کە لێیەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئامانج، ئەم ڕووبارانە وەک دەرکەوتە و درێژبۆوەی ئەو سەرچاوە، دەبێ یەک بگرنەوە و دەریایەکی بەهێزی پڕوزە چێ بکەن، کە نەیار نەتوانێ بەری پێ بگرێ و خۆی لەبەر بگرێ. ئەم یەکگرتنەوە بە گەشەی ئەم ڕەگوڕیشاڵە نەتەوەیی و خەمڵینی ئەو هەوێنە نەتەوەییە و بوونی بە گوتارێکی شوناسخوازانەی نەتەوەییدا تێدەپەڕێ؛ واتە ئەگەر ئەم جموجۆڵانەی کە خەسڵەتێکی بان‌سێنفییان هەیە، هەوێن و ڕەهەندە نەتەوەییەکەیان بخەمڵێ و بەرجەستە ببێتەوە، دەبێتە هۆی گشتگیربوون و تێکەڵبوونیان لەگەڵ یەکتر و دواجار یەکتر بەهێزکردنیان. بۆ نموونە ئەگەر لە ئاکسیۆنگەلی ناڕەزایەتیی مامۆستایاندا، پرسی خوێندن بە زمانی دایکی، زەق ببێتەوە، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەگرێتەوە و بە نۆبەی خۆی دەبێتە هۆی خەمڵینی گوتاری شوناسخوازانەی نەتەوەیی؛ ئەگەر لە چالاکییەکانی ژینگەپارێزیدا، نەپاراستن و تەنانەت دەست تێداهەبوونی دەسەڵاتی زاڵ لە لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان، زەق بکرێتەوە، ڕەهەندی نیشتمانییەکەی زیاتر دەردەکەوێ و بەپێی ئەمەش هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دەکاتە بەردەنگ و دەیانگرێتەوە. ئەگەر لە پرسی بێکاری و هەژاری و هەروەها مافی کرێکاراندا، پشتگوێخستنی سیستماتیکی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی زاڵەوە، زەق بکرێتەوە، هەستی جیاوازیدانان بەهێزتر دەکا و هاودەردی و پشتیوانی چینەکانی دیکەی کۆمەڵگەش بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. هەرکام لەم جموجۆڵانە بە دروستبوونی گوتاری شوناسخوازیی نەتەوەیی یارمەتی دەکەن و ئەمەش گەڕان بەدوای پێدانی فۆڕماسیۆنێکی بەرهەست، بەو گوتارە، بە گوێرەی تواناکانی لێدەکەوێتەوە. گوتاری شوناسخوازیی نەتەوەیی، وەک بەنی دەسحێب وایە، کە ئەم جموجۆڵانە و هەروەها چین و توێژەکانی کۆمەڵگە پێکەوە گرێ دەدا و حەرەکەتێکی زنجیرەیی یەکگرتوویان لێ دەئافرێنێ. ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو دەری خستوە کە ئەو جموجۆڵ و چالاکییانەی داخوازییەکەیان ڕەنگێکی تۆختری شوناسخوازیی نەتەوەییان هەبووە، لەبەر ئەوەی کە هەڵگری ڕوحێکی ڕوونتری بەرەنگاری لەهەمبەر دەسەڵات و، بەپێی ئەمەش بەرفراوانتر بوون، کاریگەریی زۆرتریان داناوە. بزاڤێکی شوناسخوازانەی نەتەوەیی کاتێک دروست دەبێ کە ئەم چەشنە چالاکییانە لە ڕووی نێوەرۆک و داخوازییەوە بگوورێن، لە ڕووی شكڵی و ڕێکخراوەییەوە، تۆکمەتر بن، لە ڕووی جوغڕافییەوە بەرفراوانتر بن و لە ڕووی زەمانییەوە، بەردەوام و پەیتاپەیتا بێنە ئارا. داخوازیی نەتەوەیی وەک چەترێک وایە کە هەموو کۆمەڵگە لەژێر سێبەری خۆیدا کۆ دەکاتەوە و پۆتانسیێلی بەرفراوانبوونی مەیدانی هەیە. بۆیە هەتا تێما و هێمای نەتەوەیی ئەو جموجۆڵ و چالاکییانە باڵکێشتر و خەمڵیوتر بێ، دەرەتانی بەربەرینبوونیان زیاترە. لەم نێوەدا ئەرکی هەموو بەشداران و چالاکانی نەتەوەیی لە بیاڤەکانی دیکەی خەباتدا ئەوەیە کە ئەوەندەی بۆیان دەکرێ یارمەتیدەر بن بۆ وەسەرێکەوتنەوەی ئەم ڕووبارانە. ئەگەر ناتوانن کار بۆ وەسەرێک کەوتنەوەی ئەم ڕووبارانە بکەن، لانیکەم کۆسپی لەبەردەمدا دروست نەکەن. ئەم ڕووبارانە لە بەستێنێکی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە سەرچاوە دەگرن و شۆڕ دەبنەوە و دواجار دەچنەوە پاڵ یەک و دەبنە دەریا؛ لەم خاڵەدایە کە بزاڤی نەتەوەیی دەگاتە ترۆپکی کامڵبوون و بە سەرکەوتن دەگا. هەروەک لە سەرێش وترا، تا نها جموجۆڵ و چالاکیی جۆراوجۆری مەدەنیمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە، نامانەوێ لە گرینگیی و شوێندارییان کەم بکرێتەوە، مەبەست ئەوەیە هێشتا پۆتانسییەلێکی کارانەکراو هەیە کە دەتوانێ ببێتە هۆکاری پەرەسەندن و شوێندانەریی زیاتری ئەم جموجۆڵانە. دەتوانین بڵێین کە ئەم جموجۆڵ و چالاکییە مەدەنی و شوناسخوازیانە، تەنیا بۆ ڕاگەیاندنی وجوود و بەگوێ هەڵێنانی داخوازییە نەتەوەییەکان نییە، بەڵکوو بۆ بە چالش‌کێشان و پاشەکشە پێکردنی دەسەڵاتی زاڵ و نزیکبوونەوە لە ئامانج و دواجار سەرکەوتنە. لە ڕوانگەیەکەوە و بە خوێندنەوەیەک دەتوانین بڵێین کە ئێمەی کورد قۆناغی «هەوڵدان بۆ مانەوە»مان تێپەڕ کردوە و قۆناغی هەنووکەیی، قۆناغی «بەرەوپێشچوون و هەوڵدان بۆ سەرکەوتن»ە. خەباتی ئێستامان بۆ ڕاگەیاندنی وجوود نیە، ئێمە ئەو قۆناغەمان تێپەڕ کردوە، بەڵکوو بۆ گەیشتن بە ئامانجە؛ خەباتی نهامان بۆ مانەوە نییە، بەڵکوو بۆ پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونە. مەرجی پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونمان ئەوەیە کە جموجۆڵە نەتەوەییەکان بگوورێن و بەرفراوان و گشتگیر بن. لەمێژە مان و موجوودییەتی خۆمان سەلماندووە و نەیاریش ناتوانن حاشا لە بوون و موجوودییەتمان بکەن، گرینگ ئەوەیە بە گرتنەبەری ڕێکارگەلی کاریگەر و بە شێوەیەکی بیرلێکراوە و داهێنەرانە، ڕۆژێک زووتر بە ئامانج بگەین و سەرکەوین. بەم پێیە چاوەڕوانی لە هەموو بیاڤەکانی بزاڤی کورد و لەم نێوەدا جموجۆلە مەدەنیەکانی نێوخۆ، زیاتر لەوەیە کە تا هەنووکە بینراوە. بۆ شیکاری زیاتری ئەم بابەتە و بۆ ئەوەی ڕوونتر مەبەستمان بگەیەنین، دوو خاڵ باس دەکەین: یەکەم، هەروەک لە سەرێش ئاماژەی پێکرا، پۆتانسیێلی جموجۆڵی مەدەنی لە نێوخۆ هێشتا بەتەواوی ئەکتیڤ و کارا نەکراوە، کەواتە ئەم جموجۆڵانە دەتوانن بەرفراوانتر و گشتگیرتر بن. دووهەم، خودی تێڕم و دەستەواژەی جموجۆڵ و چالاکیی مەدەنی دەرەخەری ئەوەیە کە ئەم چالاکییە مەدەنییانە وەک ڕووبار، کاتێک وەسەرێک کەوتنەوە و دەریایەکی خرۆشانیان پێک هێنا، ئەوکات دەبنە بزووتنەوەیەکی ئەکتیڤی مەیدانیی نەپساوە. ڕاستە ئەم ڕووبارانە جاروبار هەڵدەستن و هەموو کۆمەڵگەش دەگرنەوە، بەڵام پێویستە وێڕای تۆختر بوون و خەمڵینی ڕەهەندی شۆناسخوازییان، مەودای نێوان ئەم جموجۆڵانە لەگەڵ یەکتر کەمتر بێتەوە و هەر چالاکییەی بە چالاکییەکی دیکە هەڵبگیرسێتەوە. لەوانەیە کەسانێک ئەم دەبڕینانە وەک کۆمەڵێک قسەی جوان و تیۆری، کە پراکتیزەبوونیان زەحمەتە، لێکبدەنەوە؛ ڕاستە بەکردەیی بوونی ئەم قسانە زەحمەت و تێچووی دەوێ، بەڵام ئەگەر هەموو لایەک یارمەتیدەر بن و هەروەها چالاکان و هەڵسووڕاوانی نێوخۆش بەلەبەر چاوگرتنی ئەسڵی «واقعبینیی سیاسی» کە لە وتارێکی دیکەدا هەڵوێستەی لەسەر کراوە، بجووڵێنەوە، ئەم تیۆریانە کردەیین. بیاڤی مەدەنی و جەماوەریی خەبات زیاتر لە بیاڤەکانی دیکە پۆتانسیێلی بوون بە دەریایەکی خرۆشانی هەیە، چونکە دەتوانێ زۆرترین خەڵک لەخۆ بگرێ؛ ڕاستە هەرکام لە شێوازەکانی خەبات لە هەلومەرجی گونجاوی خۆیاندا، دەتوانن زۆر کاریگەر بن، بەڵام بە سەرنجدان بە ئیمکانات و بەربەستەکانی هەرکام لەو شێوازانە لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا ، پێویستە لە قۆناغی هەنووکەییدا، چەقی خەباتمان خەباتی مەدەنی و جەماوەری لە نێوخۆ بێ و هەموومان بە گوێرەی پێویستییەکانی قۆناغ بجووڵێینەوە.