کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانگە وهەڵوێستمان لە بارەی چەند پرسێکی نەتەوەیی

17:39 - 25 رەزبەر 2719

ڕوانگە وهەڵوێستمان لە بارەی چەند پرسێکی نەتەوەیی

 (لە پەراوێزی باس لە هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤا)

"ستێرک تیڤی" شەوی ١٥ی ئۆکتوبری ٢٠١٩ لە حەوتەمین ڕۆژی بەرەنگاریی شەڕڤانان و خەڵکی ڕۆژاڤا بەرامبەر هێرشی داگیرکەرانەی سوپای تورکیا، بەرنامەیەکی تایبەتی بە بەشداریی نوێنەرانی چەندین حیزبی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەڕێوە برد. ئەم بەرنامەیە کە بە شێوەی پانێل و لە لایەن هێژایان هەندرێن هەورامی و هەڤاڵ گوڵستان بەڕێوە چوو، تەرخان کرابوو بۆ باس کردن لە "هەڵوێستی پارت و ڕێکخراوەکانی کوردستان لە دژی هێرش بۆ سەر ڕۆژاڤا و پرسی بەرگریی نەتەوەیی".  بەرنامەکە دوو تەوەری بنەرەتیی گرتبووە خۆ بەڵام لەچوارچێوەی ئەوان دا کۆمەڵێک پرسی دیکەش هاتنە بەر باس. لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لەم بەرنامە تایبەتەی  ستێرک تیڤی‌دا بەشدار بوو. لێرەدا دەقی قسەکانی قادر وریا بە نووسینیش دەخەینە بەر سەرنج. ڤیدیۆی قسەکانییشی وێڕای بیروڕای بەشدارانی دیکە، دەتوانن لەم دوو لینکەی خوارەوە دا(بەشی یەکەم و بەشی دووهەم) ببینن. لینکی بەشی یەکەمی پانێلەکە: http://sterktv.net/2019/10/15/2000-bernama-taybet-15-10-2019/ لینکی بەشی دووهەمی پانێلەکە: http://sterktv.net/2019/10/15/2300-bernama-taybet-15-10-2019/     ڕوانینی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژڤای کوردستان و ئەرکی نەتەوەییمان: حەز دەکەم وەکوو کەسێک لە ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان و وەکوو تێکۆشەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشەکی سڵاو بنێرم بۆ گیانی پاکی ژنان و پیاوانی تێکۆشەر کە لە بەرگریی ڕەوادا، لە بەرگری لە نیشتمانی خۆیان دا بەرامبەر بە هێرشی داگیرکەرانەی تورکیە لە یەک حەوتووی ڕابردوو دا گیانیان بەخشی و شەهید بوون. هەر وەها سلاو و ڕێز بۆ بەرگریی قارەمانانەی ئەو ژن و پیاوە تێکۆشەرانەی ، ئەو شەڕڤانە ئازایانەی کە بەرامبەر بەو هێرشە دڕندانەیە وەستاونەوە و(سڵاو بۆ) ئەو خەڵکەش کە پشتیوانی ئەوانە. سروشتییە ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە ڕۆژاڤای کوردستان هەیە، بارودۆخێکی زۆر ناخۆشە. نەتەوەکەمان لەو بەشەی نیشتمانەکەی بەرەوڕووی هێرشێک بووەتەوە کە ئەو هێرشە داگیرکارانەیە. چونکە سوپای تورک دەیهەوێ بەشێک لە نیشتمانی کوردستان داگیر بکا. تازە هەر ئەوە نا کە داگیری بکا و بۆ خۆی بە شێوەیەکی کاتی لێی موستەقەڕ بێ، بەڵکوو دەیهەوێ دیمۆگرافیی ئەوێ بگۆڕێ. دەیهەوێ خەڵکێکی دیکە لەوێ نیشتەجێ بکا. بیانووەکانیشی بۆ ئەم هێرشە هەموویان ناڕەوان. تورکیە باسی ئەوە دەکا کە دێ شەڕی تیرۆریزم دەکا، بەڵام بۆ خۆی پشتیوانی گرووپە تێرۆریستەکانە. لە چەند ساڵی رابردوو‌دا دیومانە زۆر لەو گرووپانەی کردەوەی تێرۆریستی دەکەن، بە تایبەتی بەرامبەر بە کورد، بۆ خۆی تورکیە پشتوانیی لێ کردوون. ئەو خەڵکەی لەوێیە، نیشتمانی خۆیەتی و ولاتی خۆی بەڕیوە دەبا و ستاتوویەکی پێک هێناوە کە هی کوردە. ئەو ستاتوویە بە شاهیدی هەموو ئەو خەڵکانەی کە چاویان بە ڕۆژاڤا کەوتوە یا لە دوورەوە تەعقیبی وێ دەکەن، توانیوێتی ئایینی جۆراوجۆر، نەتەوەی جۆراوجۆر پێکەوە بحاوێنێتەوە. کەوابوو ئەو بیانوویانەی تورکیە بۆ هێرش بۆ سەرڕۆژاڤای کوردستان باسی کردوون، بیانوویەکی ناڕەوان. بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەو دەسەلاتەی ئەو ستاتوویەی لەوێ پێک هاتوە لە هەناوی خەڵکەکەی هەلقوڵیوە، هێزی پارێزگاری ئەوێ، شەڕڤانانی ئەوێ و خەڵکی ئەوێ توانیویانە لە بەرامبەر دڕندانەترین هێرشێک کە کراوەتەوە سەریان ، قارەمانانە ڕابوەستن. ئەمە جێگای شانازییە کە لەماوەی یەک حەوتووی رابردوودا، ئەوان توانیویانە زۆربە باشی بەرامبەر بەو هێرشە پان و بەرینەی کە کراوەتە سەریان، بوەستن. ئەوەی کە لەو نێوە‌دا جێگای داخە ئەو زلهێزانەن کە دەبوایە پشتیوانی کورد بن، چونکە کورد لە کاتی زۆر تەنگانەدا فریایان کەوتبوو. ئێستا ئەوان باسی دیموکراسی دەکەن، باسی مافی مرۆڤ دەکەن، باسی ئاشتیی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دەکەن، ئەوانە هەمووی بە جێی خۆی، لانیکەم کورد لە کاتێک دا فریای ئەوان کەوت نەدبوو لە بیریان بچێت. ئەوان توانیان بەرامبەر بە دڕندەترین هیزی ئەو سەردەمە کە داعشە، رابوەستن و تێکی بشکێنن. بەڵام ئەوان(ئەو ولاتانە) ئەو بەرپرسیارەتییەی هەیانبوو بەرامبەر بە پاریزگاری لە ڕۆژاڤا و بەرامبەر بە پارێزگاری لە کورد، بە داخەوە لەوەدا کەمتەرخەمییان کرد. بەمە هەر زەرەیان بە کورد نەگەیاند. زەرەریان بە داهاتووی خۆشیان گەیاند. جگە لەوەی کە ئیعتیباری سیاسیی خۆیان هاتە ژێر پرسیار، دەرەتانی ئەوەیان خوڵقاندوە کە لەوانەیە جارێکی دیکە داعش سەر هەڵ بداتەوە. جارێکی دیکە کارەساتی گەورەی ئینسانی ڕوو بداتەوە کە مەترسییەکە بۆ سەر خۆیانە. یانی ئەگەر خەڵک لەو ناوچەیە ئاوارە بێت ڕوو دەکاتە ولاتانی ئەوان. جگە لەوەی کە ئیعتیباری سیایی خۆیان هێناوەتە ژێر پرسیار، دەرەتانێکیان پێک هێناوە کە جارێکی دیکە بەرەوڕووی کێشەیەک ببنەوە کە کێشەی ناوچەیە و کێشەی نێودەوڵەتییە و کێشەی تەنیا کورد نیە. وەکوو ڕوانینی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێمە پێمان وایە هەر وەک نەتەوەی کورد لە یەک حەوتووی رابردوو دا نیشانی دا، بە هەر شێوەیەک بۆی دەکرێ دەبێ پشتیوانی گەلەکەمان لە ڕۆژاڤا بێت، پێمان وایە دەبێ هەموو هەوڵی خۆشمان بخەینە کار بۆ ئەوەی سەرنجی بیرورای گشتیی دنیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕابکێشین بۆ لای ئەو کارەساتەی کە خەریکە لەوێ ڕوو دەدا. بە دڵنیاییەوە ئەگەر دەولەتانیش لەو بارەیەوە کەمتەر خەم بوون، ئێمە دەبینین لە ئاستی نێودەوڵەتی دا هێز و ڕێکخراوی چەپ، کەسایەتیی گەورە و زۆر کەس و زۆر لایەن و زۆر بزووتنەوە، پشتیوانی خەڵکی ڕۆژاڤان، پشتیوانی گەلی کوردن. بۆیە پێمان وایە بە یەکگرتوویی نەتەوەیی دەتوانین بەرەوڕووی ئەو کارەساتە ببینەوەو، پشتیوانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژاڤا بین بۆ ئەوەی بتوانێ ئەم هێرشە داگیرکەرانەیە تێک بشکێنێ. ** وەک نەتەوەیەک چۆن دەتوانین بەرەوڕووی کارەساتی نەتەوەیی لە هەر پارچەیەکی کوردستان ببینەوە؟ ئێمە پێمان وایە بۆ ئەوەی لەم دۆخە دەرباز بین و بتوانین هەنگاوێکی زۆر کاریگەر بە نیسبەت ڕۆژاڤای کوردستانەوە باوێین، هەر وەها بە نیسبەت هەر کارەساتیک کە هەرەشە لە بزووتنەوەی کورد لە هەر بەشێک دەکا، ڕەنگە ڕۆژێک لە باشووری بکا، ڕۆژێک لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژێک لە بەشەکانی دیکە، لە دوو ئاست دا پێویستە کار بکەین. بوونی یەکگرتوویی نەتەوەیی و هاوکاری و هاوخەباتی و پشتیوانی کردن لە یەکتر، یەکێکیانە. لایەکی دیکەی(دووهەم ئاست) بە یەکەوە کارکردن بۆ ئەوەی سەرنجی دنیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕابکێشین بۆ پشتیوانی لەو پرسە ڕەوایەی کە هەمانە. بەلام ئێستا کە باس لە پێکهاتنی کۆنگرەی نەتەوەیی و- بۆ چی  پێک نەهاتوە و پێویستە پێک بێ- دەکەین و، بە خۆشییەوە  نوێنەرانی زۆر لایەن لە هەر چوار بەشی کوردستان لێرەن، با ڕاستییەک بڵێین. بۆ چی (کۆنگرەی نەتەوەیی )پێک نایە؟ بۆ ئەوە پیویستە دوو شتمان لە بیر بێ: لە پێکهاتنی کۆنگرەکە دا نابێ حیزبێک و لایەنێک ئۆتۆریتەی خۆی بچەسپێنێ و بڵێ دەبێ زۆرایەتییەکەی و بڕیارەکەی بە دەست خۆمەوە بێ. کوردستانی ئێستا دابەش کراوە لانیکەم بە سەر ٤ بەش دا، هەر بەشەی حیزبی خۆی هەیە، خەڵکی خۆی هەیە، دەبێ بە(پێی) قورسایی خۆی لەوێ بەشدار بێ. تا ئێستا زۆر جار ئەمە پشتگوێ خراوە. بۆ وێنە کوتراوە با ڕۆژهەڵات هەر وا بە شێوەی سەمبولیک لەوێ بن. نا! رۆژهەڵات لە ڕووی حەشیمەتەوە، لە ڕووی خاکەوە، بەشی دووهەمی کوردستانە  و دەبێ بە قورسی لەوێ بەشدار بێ. لە بارێکی دیکەشەوە، ئەم کۆنگرە نەتەوەییە بۆ ئەوەیە نوێنەرایەتیی پرسی کورد بکا. ئەگەر قەرار بێ هەر باسی دەوڵەتی تورک بکا، یا هەر باسی بەغدا بکا، دەی (کە وابێ) نوێنەرایەتیی منی ڕۆژهەڵاتی ناکا و لەو مەسائیلەش کە باسیان دەکا دەبێ نوێنەرایەتیی هەموو بەشەکان بکا. تا ئیستا (هەوڵەکان بە جۆرێک بوون)، کە دەبێ کۆنگرەی نەتەوەیی پێک بێنن بۆ(بەرگری لە) باشوور، یانی پرسی ئەوێ ئەسلە، یا بۆ باکوور یا بۆ ڕۆژاڤا. نەخیر دەبێ بۆ (بەرگری لە)هەمووە بەشەکان پێک بێ. ئەگەربە ناوی کۆنگرەی نەتەوەیییەوە سبەینێ چووین و لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی کوردمان کرد، نەڵێین با باسی ئێران نەکەین، هەر باسی تورکیە بکەین! بۆ باسی ئێران نەکەین؟ خەڵک(ی کورد) لە ئێرانیش هەر ئەوەی بەسەر دێ کە کورد لە باکووری کوردستان بە سەری دێت.  بەڵێ کۆنگرەی نەتەوەیی یا سازەیەک، ڕێکخراوێک کە بیهەوێ نوێنەرایەتی نەتەوەی کورد بکا (پێویستە هەبێ)- ئەمە شتێکە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان، وەختی خۆی ڕێبەری شەهید د.قاسملوو باسی کردوە کە ئێمە لە کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیی دا دەبێ دەستەیەکی نوێنەرایەتیی کوردمان هەبێ بۆ ئەوەی پرسی کورد راپەڕێنێ. لە ڕۆژهەڵات حیزبەکان و خەڵک لە پشتیوانی لە پارچەکانی دیکە دا، هاودەنگن: لە باری شتێکی دیکەشەوە پێم خۆشە ڕوونکردنەوەیەک بدەم. دەمەوێ ئەو بۆچوونە هەڵەیە بە نیسبەت ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە رەت بکەمەوە. لە پشتیوانی لە پارچەکانی دیکە، حیزبەکان و خەڵک لێک جیا نین و خەڵک  وەپێش حیزبەکان نەکەوتوون، (بە پێچەوانەوە) حیزبەکان هاندەریانن. لە قەزیەی هەڵەبجەدا، لە مەسەلەی شەنگال‌دا، کاتێک فیدراڵی لە عێراق تەسویب بوو، مام جەلال بوو بە سەرکۆمار،(لە هەرێمی کوردستان) ڕێفراندۆم بەڕێوە چوو، لە کارەساتی کۆبانێ و لە هەمووی ئەوانە دا، خەڵکەکە و حیزبەکان یەک قسە بوون. بەڵام پێویستە یەک جیاوازیمان لە بەر چاو بێ. ئەوەش کە هەڤاڵ ئیلهام باسی کرد، وا نیە کە لەوێ(بۆ ئەم کارانە) دەرفەت هەیە. نا، بە پێچەوانەوە دەرفەت نیە. ئەز قەزا هەر لەم ٢ ڕۆژە دا زیاتر لە ٥٠کەس لەو کەسانەی ڕێکخەری ئەو چالاکیانە بوون یا لە چالاکییەکان دا بەشدار بوون( گیراون و ئێستا) لە بەندیخانەن. حکوومەتی ئێران ئەم جۆرە چالاکیانەی زۆر پێ ناخۆشە، بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵات سەرەڕای پێناخۆشبوونی حکوومەتی ئێران دێن و لە گەڵ هەموو بەشەکان(ی کوردستان) هاوسۆزی دەنوێنن و لە خۆشی و ناخۆشییان دا بەشدارن. با لێرەش دا گلەیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە بەشەکانی دیکە ڕابگەیەنم. بە داخەوە ئەمە(ئەو هاوخەمیە) زۆرجار یەک لایەنەیە. بۆ وێنە ئێمە پارەکە سەرکردایەتیی حیزبمان مووشەکباران کرا، ئایا ئەو هاوخەمییە (بەرامبەر بە ئێمە) لە بەشەکانی دیکە ئاوا زۆر بوو؟ دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو بوومەلەرزە گەورەیە هات و بەشێک لە پارێزگەی کرماشان و ئەو هەمووە شار و گوندەی وێران کرد. (ئایا) ئەو هاوخەمییە لە بەشەکانی دیکە هەبوو؟ زۆرجار لاوەکانمان بە کۆمەڵ ئێعدام دەکرێن، بەڵام هاوخەمیی بەشەکانی دیکەی کوردستان لە گەڵ ڕۆژهەڵات ئەوەندە نیە.  (بە خۆشییەوە لەم بارەیەشەوە) ڕۆژهەلاتی کوردستان و حیزبەکانی زۆر هاودەنگن. ئێوە سەیر کەن لەو خۆپێشاندانانەی لە دەرەوەی وڵات ئەم چەند ڕۆژە بەڕێوە چوون، حیزبەکانی ڕۆژهەلات ڕێکخەریان بوون وئەندامانیان تێیان‌دا بەشدار بوون. (لە سەر چالاکییەکانی)ژوورەوەش، حیزبەکان تەئسیریان هەیە و خەڵک پەیامیان لێ وەردەگرێ. پشتیوانی لە ڕۆژاڤا، هەر تەنیا ناردنی پێشمەرگە بۆ ئەوێ نیە: لە هەر حال‌دا (پشتیوانی لە ڕۆژاڤا) مەرج نیە حەتمەن بە هاوکاریی سوپایی و پێشمەرگایەتی بێ. ئێمە لە باشووری کوردستان ویستمان بچینە شەڕی داعش، حکوومەتی هەرێم و حیزبەکانی ئەوێ پێیان باش نەبوو، چونکە ئێران لە نێو قەزیەکە‌دا بوو. ئێمە ئەگەر بشمانهەوێ ڕەنگە نەتوانین بچینە ڕۆژاڤا. چونکە ئەگەر قەرار بێ ڕۆژاڤا لە گەڵ حکوومەتی سووریە ڕێک بکەوێ و سنوورەکان بە دەست دەوڵەتی سووریەوە بن، دەوڵەتی سووریە کە هاوپەیمانی (ڕێژیمی) ئێرانە، ڕێگا بە ئێمە نادا بچین شەڕی (سوپای) تورک بکەین. با ئێمە واقیع بین بین. مەرج نیە حیزبی ڕۆژهەڵاتی تەنیا بە یارمەتی سوپایی، بە ناردنی پێشمەرگە هاوکاری بکات. بە شێوەی سیاسی، بە شێوەی (یارمەتی)ی ئینسانی و ... دەتوانێ. ڕێکخستنی ئەو خۆپێشاندانانە لە دەرەوەی وڵات و هاندانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بۆ پشتیوانی لە قەزیەی کورد لەو بەشەی کوردستان، لەم ڕێگایانەوە دەتوانین. کۆنگرەی نەتەوەیی چۆن پێک دێ؟ پێم وایە لە قسەکانی من‌دا خراپ تێگەیشتنێک هەبوو. من شارەزای زەحمەت و تێکۆشانی “کۆنگرەی نەتەوەیی”(KNK (هەم. زۆرجار هاوڕێیانیشمان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی دا بەشدار بوون و پەیامی ئێمەیان گەیاندوە. وێڕای ڕێزم بۆ زەحمەتەکانیان، بەڵام پرسیارێک دەکەم. ئایا ئەو کۆنگرە نەتەوەییە توانیوێتی ببێ بە کۆنگرەی نەتەوەیی هەموو کورد؟ ئەگەر وایە بۆ لە ساڵی ٢٠١٣ لە هەولێر هەوڵمان دەدا کۆنگرەی نەتەوەیی پێک بێنین؟ کۆنگرەی نەتەوەیی بە تایبەتی کاک ڕەمزی(سەرۆکی KNK "کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان"و بەشدار لە بەرنامەکەدا) و ئەو هاوڕێیانەی دیکە کە لە کۆنسەی بەڕێوەبەری دان، دەبێ لە خۆیان بپرسن  ئایا حیزبە سەرەکیەکانی ڕۆژهەلات لەوێ‌دا هەن؟ نەخێر. لە باشوور حیزبە سەرەکییەکان لەوێ دا هەن؟ نەخێر! بۆ نەهاتوون؟ خۆ هەر نابێ گلەیی بکەی و بڵێن بۆ چی نایەن؟ دەبێ بزانی بۆ نایەن. یەکەم، خۆ نابێ هەموو حیزبەکان لە خۆت کۆ بکەیەوە بۆ دژایەتیی دەولەتی تورک. دەبێ بۆ دژایەتیی هەموو داگیرکەرانی  کوردستان لێک کۆ ببننەوە.  پاشانیش هەر وەک چۆن بۆ وێنە پارتی کرێکارانی کوردستان ناتوانێ یا نایهەوێ دژایەتیی راستەوخۆی ئێران بکا، دەی باشە یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستانیش نایانهەوێ بەو شێوەیە دژایەتیی تورکیا بکەن. کەوابوو دەبێ بڕێک واقیعی سیاسەت بکەین. دەبێ ئیجازە بدەین لە هەر پارچەیەک حیزبەکان کۆمەڵێک سنووریان هەیە، بیپارێزن. بەڵام لە ئاستی نیودەوڵەتی‌دا بە وەفدێکی هاوبەش، بە دەنگێکی هاوبەش داکۆکی لە پرسی کورد بکەین. بەم شێوەیە دەکرێ ئەگینا بڵێی هەموو لە دەوری من کۆ ببنەوە و ئەوە(دروستمان کردوە و) هەیە، بە بڕوای من ئەگەر نەتیجەی هەبا تا ئێستا دەیبوو.