کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی هەژاری و هەژاری لە ئێراندا

04:19 - 1 خەزەڵوەر 2719

بەپێی پەسندکراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەر بەرانبەر ٢٥ی ڕەزبەر، ڕۆژی جیهانیی خاشەبڕکردنی هەژارییە. دیاردەی هەژاری دیاردەیەکە کە کەم و زۆر لە هەموو شوێنێکی ئەو جیهانەدا دەبیندرێ و تەنانەت وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانیش لێی بێبەری نین. بەڵام هەژاری وەک دیاردەیەکی بەربڵاو و جێکەوتوو لە وڵاتە دواکەوتووەکانی جیهان، بەتایبەت لە ئەمریکای لاتین، ئەفریقا و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیایی زۆر زەق و بەرچاوە و کۆمەڵانی هەژار و چین و توێژە دەسکورتەکان زۆرینەی خەڵکی پێکدێنن. ئەو دیاردەیە دەیان کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتیی دیکە وەک دزی و ڕاوڕووت و نەبوونی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و لێکهەڵوەشانی بنەماڵە و... بەدووی خۆیدا دێنێ. دیاردەی هەژاری پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ ئاستی نزمی گەشەسەندوویی ئابووریی و کەمیی سەروەت و سامانی گشتی بەتایبەت سامانە سرووشتییەکان، بێکاری، شەڕ و ئاژاوەی نێوخۆیی و دەرەکی، دیکتاتۆری و سیستەمی سیاسی زاڵ بەسەر ئەو وڵاتانە و ڕادەی بەرزی گەندەڵی و نەبوونی شەفافییەت لە ئاستی دەسەڵاتداران و چەند فاکتەرێکی دیکەی وەک دابەش نەکرانی عادڵانەی داهات و سەرانەی وڵات. بۆ وێنە ئەگەر لە وڵاتانی ئەفریقایی و چەند وڵاتێکی دیکەی وەک یەمەن و سووریە و ئەفغانستان شەڕ و تێکهەڵچوونە نێوخۆییەکان ئابووریی ئەو وڵاتانەیان داتەپاندوە و هەژاری گەیشتووەتە ئاستی قاتی و قڕی، لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، جگە لە شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێڕاق کە بە میلیۆن قوربانی و بە میلیارد دۆڵار زەرەری ماددی لێکەوتەوە، هیچ شەڕێکی ڕاستەوخۆ ڕووی نەداوە و داهاتی ئەو ڕێژیمە لە فرۆشی نەوت و گاز و هەناردەکردنی زۆر بەروبوومی دیکە لە ئاستێکدا بووە کە دیاردەی هەژاری و لێکەوتەکانی لە بنەڕەتدا نەدەبا هەبا، یان ئاوا بەرچاو بوایە. بەوحاڵەش دەبینین بارودۆخی گوزەرانی خەڵکی لەماوەی ئەو چل ساڵەدا ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر و قەیراناویتر بووە، بەشێوەیەک کە خەڵکی ناچارن بۆ بژێوی ژیانیان ڕوو لە کاری زۆر سەخت و تاقەتپڕووکێن و مەترسیدار بکەن؛ بۆ وێنە لە کوردستان دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ناوچە سنورییەکان ناچارن بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی خویان و بنەماڵەکانیان ڕوو لە کۆڵبەری بکەن و بەهۆی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لەگەڵ مەرگ بەڕەوڕووبن. لە ئێستادا بارودۆخی گوزەرانی خەڵکی ئێران تەنانەت خراپتر لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەیە و خەڵکی ئێران لەوپەڕی هەژاریدان. ڕێژەی بێکاری و کەمکاری زیاتر لە لەسەدا ٥٠ی هێزی کاری ئێرانی گرتووەتەوە و لەسەدا ٧٠ی خەڵکیش لەژێر هێلی هەژاریدا دەناڵێنن و نرخی هێڵی هەژاری لە شارە گەورەکان سەروو ٧ میلیون تمەن لە مانگدا ڕاگەیەندراوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەقسەی دەسەڵاتداران چەند میلیون کەسیش لە ژێر هێلی برسێتیدا دەژین و عەوداڵی پارووە نانێکن؛ ئەویش لە بارودۆخێکدا کە لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتی ڕەشی مەلاکاندا ئێران هەزاران میلیارد دۆڵار داهاتی بووە لە فرۆشتنی نەوت و گاز و بەرهەمەکانی دیکە. بۆ نموونە لە دوو دەورە سەرۆککۆماری محموودی ئەحمەدی‌نەژاددا داهاتی نەوتی ڕێژیم زیاتر لە ٧٠٠ میلیارد دۆڵار بووە. ئەوە نیشان دەدا ئەگەر زۆرینەی خەڵکی ئێران ئێستا لەگەڵ هەژاری هەوسارپچڕاو بەڕەوڕوون هۆکارەکەی هەژاربوونی وڵاتەکەیان نییە، بەڵکوو ئەوە بەڕێوەبەرانی ئەو وڵاتەن کە بە سیاسەتە دژی گەلییەکانیان سەروەت و سامانەکانی خەڵکی ئێران بەفیڕۆ دەدەن و بۆ بەرنامە ناوکی و مووشەکی و تەیارکردنی سپای قودس و دەستە و تاقمە تێرۆڕیستییەکان کەلکی لێ وەردەگرن. کردەوە و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وایکردوە کە گەمارۆی زۆر توند بکەوێتە سەر ئابووریی ئێران و لەو نێوەدا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەبی خواستی خویان دەبێ تاوانی سیاسەتەکانی خامنەیی و مافیای دەسەڵاتی زاڵ بەسەر وڵاتدا بکێشن. لەلایەکی دیکەش گەندەڵی، بەرتیلخۆری و دزی و هەڵلووشینی هەزاران میلیاردی پارە و سامانی خەڵکی ئێران بووەتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و کاربەدەستانی ڕێژیم لە بەرزترین ئاستدا ناچار بووون ئاماژەی پێبکەن. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی «شەفافییەتی نێونەتەوەیی»هەر ئێستا ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەل گەندەڵی و پەرەگرتنی و شێوەکانی بەربەرەکانی لەگەڵی لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهان لە ریزی ١٣٨ دایە و ئەوە نیشاندەری ڕادەی بەرفراوانی ئەو دیاردەیە کە کۆماری ئیسلامی بە دیاری بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی هێناوە. هەر لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و لەپاش دانانی «برایم رەئیسی» وەک سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی، چەندین کەس لە بەرپرسانی دەسەڵات و هەروەها چەند کەس وەک «سوڵتان» لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری قۆڵبەست کران و پەڕاوی قەزاییان بۆ نووسراوە و تەنانەت حوکمی لەسێدارەدرانیان بەسەردا سەپاوە. ئەوە لەلایەک نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە گەندەڵی گەیشتووەتە ئەوکی ئەو نیزامە دژی گەلییە و چیدی پووشبەسەر ناکرێ و؛ لەلایەکی دیکەش دەسەلاتدارانی ناچار کردوە هەتا بۆ پاراستنی ڕێژێمەکەیان و بەرگرتن لە سەرهەڵدانی ڕاپەرینی کرێکاران و هەژارەکان و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، چەند کەس قۆڵبەست بکەن و تەنانەت سزای توندیشیان بەسەردا بسەپێنن. دیارە لێرەشدا دامودەزگا زۆر و زەبەلاحەکانی سەربە سپای پاسداران و بنیاتە مافیاییەکانی سەر بە عەلی خامنەیی لە لێپێچینەوە هەڵاوێردراون و زۆرتر ڕووی رەئیسی و دەزگای بەناو دادی ڕێژیم لە مۆرەکانی نیزیک لە دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی و نەیارانی باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵاتدا بووە و خەبات بەدژی گەندەڵی هەر ئەوانی گرتووەتەوە. ئەوە هەم نیشان دەدا خەبات بە دژی گەندەڵی لە چوارچێوەی ئەو ڕێژیمەدا تەنیا ئامرازێکە بۆ بەرژەوەندییە جیناحییەکان و لاواز کردن و لەمەیدان وەدەرنانی نەیاران و هەم ڕواڵەتییە و ناتوانێ ڕاستەقینە بێ و ڕەگ و ڕیشەی گەندەڵی دەرێنێ. چونکە ڕەگ و ڕیشەی گەندەڵی و دزی و هەڵلووشانی سەروەت و سامانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئاوێتەی ڕەگ و ڕیشەی نیزامی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی و کۆڵەکەکانی دەسەڵات و دەسەڵاتداران لەبەرزترین ئاستەکاندا بووە و نەمانی گەندەڵی بە واتایەکی دیکە نەمانی کۆماری ئیسلامییە.