کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شانازی بە ڕابردوو و هیوا بە داهاتوو

05:08 - 1 سەرماوەز 2719

حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتێکدا حەڤدەیەمین کۆنگرەی خۆی لەژێر دروشمی (یەکڕیزی، تێکۆشان و هیوا، زامنی سەرکەوتنی دواڕۆژمانن) گرت، کە ناوچەکە و جیهان بەرەو خوێندنەوەیەکی تر لە ڕووی پەرژەوەندییە نەتەوەیی و نێوخۆیی و ناوچەییەکان دەڕوا. پاش کۆتایی هاتنی ڕێکخراوێکی ڤێندەمێتالیست و تێڕۆریستیی داعش لە ڕووی پراکتیکەوە و، لە مەیداندا بوونی دوو زلهێزی نێودەوڵەتی وەک ئامریکا و ڕووسیە و جارێکی تر دروست کردنی بلووک‌بەندیی نوێ بۆ دابەشکردنی وڵاتانی ناوچە بەسەر ئەم دوو زلهێزەدا، کوردستانیش وەک ناوەندی ئەم وەبەریەک‌کەوتنە ژێئۆکالچێر و ژێئۆپۆلیتیکە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە و، هاوکات بەهۆی بوونی سەرچاوەی بەهێزی مرۆیی و هەروەها سەرچاوەی سروشتی، لە داڕشتنی بەرژەوەندییەکاندا وەک خواردنێکی چەور سەیر دەکرێ و دانوستانی لە بارەوە دەکرێ. لە لایەکی تر کێبەرکێ دەوڵەتییەکان لە نێوان ئەم دوو بەرەیە -ئامریکا و وڵاتانی بەرەی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر ڕووسیە و وڵاتانی سەربەم وڵاتە- بۆ هەرچی زۆرتر کردنی شوێن پێی خۆیان و دەسڕۆیشتووییان لە ناوچە ژێئۆستراتێژیکەکان لە پێناوی ئامانجەکانی خۆیان (ئابووری و ئەمنیەتی)، ڕۆژهەڵاتی ناڤینیان هەردەم لەژێر تیخی شەڕێکی گەورە و ماڵوێرانکەر ڕاگرتوە .کوردستانیش بە هەر چوار بەشیەوە لە ناوەندی ئەم کێشە و پرسانەدایە. خەڵک و حیزبە خاوەن پێگەکان لەبەردەم بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی و ئەخلاقیدان، دەتوانن بە مودیریەتی بەهێز و ڕۆڵ‌گێڕانی خۆیان لە یارییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندا، کوردستان بەرەو قۆناغێکی زێڕین لە ماف و شوناس بەرن و لە مەترسییەکانی بەردەمی بیپارێزن. حیزبی دێموکراتی کوردستانیش، وەک حیزبێکی خاوەن مێژوو و خاوەن پێگه، لەژێر باری ئەو بەرپرسیارەتییەی بنەماڵەی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان خستوویانەتە سەر شانی و ڕەساڵەتی 7٥ ساڵ خەبات و تێکۆشان، ئەرکی مێژوویی و هەنووکەیی لەسەر شانە و، پێویستە بەوریایی و تێکۆشانی زیاتر لە جاران بۆ وەدیهێنانی ماف و عەداڵەت و دروست کردنی کیانێکی نەتەوەیی و خاوەن ناسنامەی کوردستانی، زیاتر و قورستر لە جاران تێکۆشانی فرەڕەهەندی خۆی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە پێبدا. هەر لەم سۆنگەیەوە و بەهەست کردن بەم بەرپرسیارەتییە لە کۆنگرەی ١٧یەمدا کە بە کۆنگرەی شەهیدانی 17ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات ناودێر کرابوو –وەفا و ئەمەگناسییەک بوو بۆ خوێنی شەهیدان- و، بە شوعاری (یەکڕیزی، تێکۆشان و هیوا، زامنی سەرکەوتنی دواڕۆژمانن) پەیمانی لەگەڵ  کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات دووبارە کردەوە و بەڵێنی دا، کە حیزبی پێشەوا قازی لەسەر بڕوا بە یەکڕیزی و تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی ماف و کەرامەت و هیوا بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان تا گەیشتن بە ئامانجەکان، درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدا. حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی بە پرەنسیب و خاوەن شوناس لە سەردەمی دامەزرانیەوە، تاکوو ئێستا بە هەستی بەرپرسیارانەی بۆ بەهێزتر کردنی خەبات دژی هەردوو دیکتاتۆریی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی داوای یەکڕیزی و یەکگرتوویی لە هێزەکانی مەیدانی خەبات بەدژی داگیرکەران کردوە -لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بە چوونی حیزبی دێموکرات بۆ نێو شۆڕای بەرگریی میللی و ئێستاش لەگەڵ دامەزرانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆل و پێگەی گرینگ و، شوێندانەری لەم ناوەندەدا- بڕوای بە یەکڕیزی لە پراکتیکدا، پتر لە جاران بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەرخست و لەژێر ئەم ڕووناکاییەوە، تێکۆشانی هەمەلایەنەی دژی کۆماری ئیسلامی وەک خەباتێکی ڕەوا بۆ وەدیهێنانی ئازادی و سەربەستی بۆ گەلی کورد دەست پێ کردوە. بڕیاری شەهیدان و ڕێبەرانمانە بە هیوایەکی بەهێزتر لە جاران درێژە بەو ئەرکە بدەین و بۆ زەمانەتی داهاتوویەکی سەقامگیرتر و پڕلە سەرکەوتن بۆ نەتەوەکەمان و بەرەی داهاتوو بنیات بنێین.