کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرتنی حەوت پایەگاکەی مەڵبەندی شنۆ

05:16 - 1 سەرماوەز 2719

ئاشکرایە خەبات و تێکۆشانی هەر حیزبێکی سیاسی بەبێ پاڵپشتیی کۆمەڵانی خەڵك ناتوانێ تێکۆشانەکەی بەردەوام بێ؛ حیزبێکی سیاسی دەبێ بە لانی کەمەوە بەشێکی هەرە زۆر لە داخوازییەکانی خەڵک لە بەرنامە و پێڕەوەکەیدا ڕەنگ بداتەوە. ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی حیزبی دێموکرات بەردەوام لەنێو خەڵکدا بوون و زیاتر دروشم و سیاسەتی حیزبەکەیان بۆ خەڵک شی دەکردەوە، ئەم لەگەڵ و لەنێو خەڵک بوونە هەمیشە بۆتە هۆی ڕاکێشانی سەرنج و هاوسۆزیی خەڵک بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە و حیزبی دێموکراتی کوردستان. پێوەندیی دوو ‌هێزی پێشمەرگە و خەڵک توانیویەتی زۆر کاری گەورە و لەبیر نەکراو لە مێژووی بەرخۆدان و خۆڕاگری لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا بۆ گەلی کورد و ئەم حیزبە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان تۆمار بکا. بەدوای شەڕی داسەپاوی دەوڵەتی ناوەندی بەسەر کوردستاندا، لەو نێوەدا خەڵکی کوردستان تەنیا ڕێگەی بەرخۆدانیان بۆ مابۆوە، ئەوانیش بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرا دژایەتیی خۆیان لەگەڵ داگیرکەران دەردەبڕی، یا ڕاستەوخۆ دەبوونە پێشمەرگە و یاخود پاڵپشتی ئەم هێزە خەڵکییە.  لەو پەلامارەی کۆماری ئیسلامی کە بۆ سەراسەری کوردستان کرا، ناوچەی شنۆش بێبەش نەبوو لە ماڵوێرانی و کوشتوبڕەکانی. هەر جارێ گوندێک و شوێنیک دەکەوتە بەر پەلاماری هێزی دڕندەی ڕێژیمی ئیسلامی و خەڵکی زۆر گوندی ئەو دەڤەرە وەک حەڵبێ، کوێکان، سۆفیان، گوندەوێڵە و کەرێزەی شکاکان و چەندین شوێنی دیکە ڕووبەڕووی قەتڵوعام و وێرانی بوونەوە. کوشتنی خەڵکی بێتاوانی کوردستان لەو ساڵانەدا بووە هۆی نیشان دانی دژکردەوەی خەڵکی ئەم دەڤەرە و بۆ ئەم مەبەستەش خەڵکانێکی زۆر ڕیزی پڕلە شانازیی حیزبی دێموکرات و هێزی سمکۆیان هەڵبژارد. پێشمەرگە قارەمانەکانی ئەو مەڵبەندە هەر ڕۆژێ لە شوێنێکەوە بەرپەرچی هێرشی هێزی کۆماری ئیسلامییان دەدایەوە. هێزی ڕێژیم لەدوای داگیرکردنەوەی شاری شنۆ بەمەبەستی زیاتر جێگیر بوون لەو مەڵبەندەدا، هێزێکی زۆری لەم پێناوەدا تەرخان کرد. ئەم سیاسەتەی ڕێژیم هەتا کۆتایی دەیەی ١٣٦٠ی هەتاوی بە کوژرانی هەزاران کەس لە سەراسەری کوردستان لە سۆنگەی شەڕی قارەمانانەی هێزەکانی دێموکراتەوە درێژەی کێشا؛ کە شاری شنۆش یەکێک لەو شوێنانە بوو. ناوچەی شنۆ وەک هەمیشە پشت و پەنای هێزی پێشمەرگە بووە. شنۆ لە ناوچەکانی نەڵۆس، حەسەن‌نووران، دۆڵ و دەشتەبێڵ و سینگان پێک هاتووە. لەو شارە چووکەیەدا قارەمانانی ئەو مەڵبەندە بەدەیان و سەدان عەمەلیاتیان دژی داگیرکەران بەڕێوە برد. لەدوای گرتنەوەی هەموو ناوچەکان و دانانی چەندین پایەگا لە بەرزاییەکان و، چەندین گرووهی زەربەتی گەڕۆک لە ناوچەی شنۆ، پێشمەرگە ئازاکانی دێموکرات بە هاوکاریی خەڵکی دلسۆزی ئەو ناوچەیە بڕیاریان دا زەبرێکی گاریگەر لە هێزی ڕێژیم بوەشێنن، کە تا ئێستاش تامی تاڵی ئەو زەبرە هێزی دوژمنی تاساندوە. بەو پێیە فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە تیمێکی شناساییان بۆ چەندین پایەگا لە ناوچەی گەڵی گادەران بەڕێ کرد. پێشمەرگەکان بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی وردەکارییەکانی ئەو پایەگایانە و، هەروەها هەموو جۆرە حەرەکەت و هاتوچۆ و ئیمکانات و چەک و چۆڵی ٧ پایەگا ئەرکدار کران و، خاڵی ستراتێژی و پێکانی ئامانجی عەمەلیات لەنێو بەرپرسان و فەرماندەرانی پێشمەرگە لێک درایەوە. پاشان بە شێوەی ئوسوولیی خۆی لە شەڕدا، تیمی تایبەت بەسەر بەشی جۆراوجۆردا وەک هێرش، پشتیوانی، بریندار، شەهید، دەسکەوت و ... دابەش و دیاری کران؛ کە لە سێ بەشی سەرەکیی ڕۆژ، کاتی عەمەلیات و شوێندا دەسبەکار بن. تێکۆشەرانی مەیدانی خەبات و تێکۆشانی دەڤەری شنۆ بۆ بەڕێوەبردنی عەمەلیاتی گەڵاڵە کراو و، زەبر لێدان لە هێزەکانی دوژمنی گەلی کورد، ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی سەعاتی ٥ی بەیانی، توانیان هاوکات ٧ پایەگای ڕێژیم‌ لە بەرزاییەکانی «گردەسوور» بەپێی بەرنامەی دیاریکراو بپێکن. کاتژمێری ٥ی بەیانی هەمان ڕۆژ، لە هێزی دوژمن لەو مۆڵگانە نزیک بوونەوە و هێرشیان کردە سەر ئەو شوێنانە و، دەستیان بەسەر هەموویاندا گرت و تەفروتوونایان کردن. لە جەریانی گرتنی پایەگا و بەپێی گەڵاڵەی دیاریکراو دەستەیەکی دیکە لە تێکۆشەرانی دێموکرات لەسەر ڕێگای هاتنی هێزی یارمەتیدەر کەمینیان دانایەوە و، لەو کەمینەدا ماشێنێکی دوژمن کەوتە کەمین و لێک بڵاو بۆوە، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هێزی دوژمن ئاگاداری هێزی پێشمەرگە لە ناوچەدا بوو و، لە ئامادەباشی تەواودا بوو کە قارەمانانی دێموکرات توانیان لە بەرەبەیانیی ئەو ڕۆژەی مانگی پووشپەڕدا حەماسەیەکی پڕلە شانازی بۆ گەل و نیشتمان بخولقێنن و، بە خوێنی ٢ تێکۆشەری ڕێگای خەبات بە ناوەکانی شەهاب سەیادی و سەدیق ڕۆستەم‌نژاد لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی نەتەوەکەمان لە دەڤەری شنۆ بنووسنەوە. ئەو قارەمانانە بە خوێنی دوو ڕۆڵەی نیشتمان توانیان ٧ پایەگا بگرن، نزیک بە ٧٠ کەس لەهێزی دوژمن بکوژن و دەیان چەکی جۆراوجۆر بەدەسکەوت بگرن و، بە هەزاران فیشەک بوو بە دەسکەوتی تێکۆشەرانی ڕێگەی خەبات. بەڵام ئەوەی گرینگە لە هەلومەرجێکدا ئەو عەمەلیاتە بەڕێوە چوو کە جێگەی خۆی لە دڵی نەتەوەی کورددا لە هەموو ناوچەکانی کوردستان کردەوە. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لە ناوچەی شنۆ و دەوروبەر زۆر کەم ڕووناکایی دەبینرا و، کاریگەریی ئەو عەمەلیاتە لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان ڕەنگی دایەوە و مێژووش لە لاپەڕەکانی خۆی جێگەی تایبەتی بۆ کردەوە. ئەم عەمەلیاتە بەهێزە لەو ساڵانەدا بەڕێوە چوو کە بێجگە لە حیزبی دێموکرات هیچ هێزێکی دیکە لە مەیداندا نەبوو کە بتوانێ لاپەڕەکانی مێژوو بەو شێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنەخشێنێ. لە لایەکی دیکەشەوە دانانی پایەگا نەیتوانی چارەی هێزەکانی ڕێژیم لەو ناوچەیە و لە سەرتاسەری کوردستان بکا.