کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند خاڵی بە‌هێزی کۆنگرەی حەڤدەیەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان

05:20 - 1 سەرماوەز 2719

حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک نەریتێکی دێموکراتیک ڕۆژانی ١٠ و ١١ی نۆڤامبری ئەمساڵ، کۆنگرەی ١٧یەمی خۆی لەژێر دروشمی «یەکڕیزی و تێکۆشان و هیوا بە دواڕۆژ، زامنی سەرکەوتنمانن» بەڕێوە برد. بێگومان ئەم کۆنگرەیە لە فرە لایەنەوە قسە هەڵدەگرێ و وەک هەموو ڕووداو و پێشهاتێکی سیاسیی دیکە، خاڵی بە‌هێز و لاوازی خۆی هەیە. هەڵسەنگاندنی فرەڕەهەندی و قسە لەسەر کۆی بابەتە پێوەندیدارەکانی ئەم کۆنگرەیە، کات و دەرفەتێکی زۆری گەرەکە کە بێگومان لەم وتارەدا ناتوانین بپڕژێینە سەر هەموویان. لەگەڵ ئەوەی ئەم کۆنگرەیە وەک زۆر پێشهاتی سیاسیی دیکە، ڕەخنە هەڵگرە و دەستنیشان کردنی کەموکووڕییەکان بە کارێکی پێویست ئەزانم، بەڵام مەبەستی سەرەکیی ئەم کورتە نووسینە، ئەوەیە کە لە چەند خاڵدا تیشک بخەمە سەر چەند تایبەتمەندیی ئەرێنیی کۆنگرە کە هەندێکیان ئەکرێ بە سەرکەوتنی گەورەیان دابنێین. یەکەم: وەک هەموومان ئەزانین، سیاسەتی سەرەڕۆیانەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرانی خۆی (بەتایبەتی لە چاو دوو دەیەی ڕابردوو)، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ئاڵوگۆڕێکی گەورەی تێدا پێک هاتوە و پانتای هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر نەیارانی فراوانتر کردوە و لەم پێناوەشدا لە هیچ کردەوەیەک سڵ ناکاتەوە. لەم ڕووەوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەوەی لە دەستی هاتبێ لەدژی حیزبی دێموکراتی کوردستان درێغی نەکردوە. تەقینەوەی شەوی یەلدای (٢١ی دێسامبری ٢٠١٦) لە بەردەم بنکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، تێرۆری ناجوامێرانەی کاک قادر قادری، فەرماندەی ئازا و بەباوەڕێ دێموکرات لە ٧ی مارسی ٢٠١٨دا و کارەساتی مووشەکباران کردنی قەڵای تێکۆشەرانی دێموکرات لە ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨دا، لەو کۆمەڵە ڕووداوانەن کە سەلمێنەری ئەوە ڕاستییەن کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەلومەرجێکی تایبەتی ئەمنیەتیدا بڕیاری گرێدانی کۆنگرەی ١٧یەمی خۆی دا. لە وەها هەلومەرجێکدا کە کۆماری ئیسلامی بە دروستکردنی گوشاری ئەمنیەتی و سیاسی، هەموو هەوڵی ئەوە بوو کە ڕێگا لە بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە بگرێ و یان لە کاتی کۆنگرەدا، پەلاماری تێکۆشەرانی دێموکرات بدا و شوێنی کۆبوونەوەکە بکاتە ئامانج، بڕیاری بەڕێوەبردنەکەی بڕیارێکی بوێرانە بوو. بە دیوێکی دیکەدا کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەکە، وەڵامێکی گەورە بوو بەو گوشارانەی کۆماری ئیسلامی و سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ حیزبی دێموکرات. دووەم: خاڵێکی بەهێزی دیکەی ئەم کۆنگرەیە، خۆی لە پەسەند کردنی کۆمەڵێک بڕیاردا ئەبینێتەوە کە پێموایە وەک دەقێکی بەهێز، کە هەڵگری چەند پەیامی سیاسیی گرنگە لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا ئەمێنێتەوە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار کۆمەڵێک پرسیار لەمەڕ سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و ڕوانینی بۆ شێوازەکانی خەبات، خوێندنەوەی بۆ ڕووداوە سیاسییەکان و ئاڵوگۆڕەکانی نێوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چونیەتیی وتووێژ و دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی تاران و ... لە لایەن کەسانی خاوەن‌ڕا و زۆر جار ڕەخنەگرانی حیزبەوە هاتووەتە ئاراوە و، سەرنجی ئەندامان و ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و، تەنانەت زۆر جاریش بابەتی کۆڕوکۆبوونەوە نێوخۆییەکانی حیزبیش بوون. کۆنگرەی ١٧یەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم ڕووەوە، بە پەسەند کردنی کۆمەڵە بڕیارێک، وڵامی زۆربەی ئەو پرسیارانەی دایەوە و بە جۆرێک ئەکرێ بێژین ئەو دەقە یارمەتی بە دروست بوونی تێگەیشتنێکی واقیعبینانە لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات ئەدا و هەروەها بەرچاوڕوونیی پێویستیشی بە ڕێبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەکە داوە، کە لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەدا سیاسەت و بەرنامە کارییەکانی حیزب جێبەجێ بکا. سێیەم: نەریتی ئازادیی ڕادەربڕێن و دەستەبەر کردنی ئەو مافە بۆ ئەندامانی حیزبی، یەکێکە لەو تایبەتمەندییانەی کە حیزبی دێموکراتی پێ دەناسرێتەوە و بەخۆشییەوە ئەم تایبەتمەندییەش ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی بەسەر باس و بابەتەکانی کۆنگرەکەوە هەبوو. حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەپێچەوانەی زۆربەی ئەو حیزبگەلەی کە خاوەن پێکهاتەیەکی نەریتین و مەرجەعێکیان بۆ بڕیار دان و بیرکردنەوە هەیە، هیچ مەرجەعێکی تایبەتی بۆ بیرکردنەوە و بڕیار دان نییە و بڕیار و بابەتەکانی بەرهەمی باس و گەنگەشەی نێو ئەندامان و بیروبۆچوونە جیاوازەکانە. ئەم تایبەتمەندییە کە ئێستا هەست ئەکرێ بووەتە کولتوورێکی سیاسی، لە کۆنگرەی ١٧یەمی حیزبدا بەرچاوتر و بەهێزتر بووە. بە دیوێکی دیکەدا، ئەکرێ بێژین ئەم کولتوورە سیاسییە مێکانیزمی بڕیاری بەکۆمەڵ لە حیزبدا بە‌هێزتر دەکا و بەجۆرێک ڕوخساری حیزبی لە نێوخۆ و لە دەرەوەش جوانتر کردوە. هەروەها ئەم تایبەتمەندییە، بووەتە هۆی ئەوەی بە ئاسانی بتوانین حیزبی دێموکرات لەو حیزبگەلەی کە تێیاندا مەرجەعیەتی سیاسیی باڵادەست و بڕیاردەرە جیا بکەینەوە. لەم سۆنگەیەوە، پێم وایە کۆنگرەی ١٧یەمی حیزبی دێموکرات، یارمەتی زیاتری بە گەشەکردنی ئازادیی بیروڕا و ئەم کولتوورە سیاسییە دێموکراتیکە کرد. لە کۆتاییدا، ماوەتەوە بێژم کە قسەکردن لەسەر کۆی خاڵە باش و لاوازەکان پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە و ئەوەی کە من لێرە تەنیا قسەم لەسەر سێ خاڵ کردوە، بەو مانایە نییە کە لایەنەکانی دیکەی کۆنگرەکە قسە و ڕەخنە هەڵناگرێ. هیوادارم بتوانین خاڵە بەهێزەکان بپارێزین و بە‌هێزتریان بکەین و لە ڕەخنە و کەموکووڕییەکانیش ئەزموون وەربگرین.