کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرگژەکانی بەردەم بەستنی کۆنگرە

05:23 - 1 سەرماوەز 2719

ئەگەر ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا توێژەرانی سیاسی و مێژوو، بیانهەوێ خوێندنەوەیەکی ئۆبژەکتیڤ و بەڵگەمەند بۆ دۆخی کورد لە ئێران بکەن، ناتوانن چاوپۆشی لە کارکرد و مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکەن. ئەم حیزبە چ لە قۆناغی چالاکیدا و چ لە کاتی لاوازیدا، بە کارە چاکەکانییەوە و بە هەڵە تێبینیدارەکانیەوە، بە زۆربوون و کەمبوونی هەژماری ئەندامە چالاکەکانیشیەوە بەردەوام بەشێکی گرنگ بووە لە سامانی سیاسیی کورد لە ئێراندا. بێگومان هیچ حیزبێکی سیاسی لە کۆمەڵگەی خۆیدا و لە ویژدانی نەتەوەییدا بەردەوام و کارتێکەر نابێ ئەگەر کۆمەڵگە وەک زەروورەتێکی مێژوویی قبووڵی نەکا و وەک حەقیقەتێکی سیاسیی سەیری نەکا. ئەو فاکتانەی کە حیزبێکی سیاسی وەک زەروورەتی مێژوویی دەسەلمێنن، بەشێکن لەو داوا و پوتانسێڵە کۆمەڵایەتییانەی کە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە سەرکوت کراون و حیزب و نوخبەی سیاسی لە قۆناغێکی هەستیار و لە هەمان کاتدا لە بەستێنێکی عەینیدا بەرجەستەیان دەکاتەوە و رێکخستنیان بۆ دەکا، بەڵام کاتێ باس لە حەقیقەتی سیاسی دەکەین، لە ڕاستیدا باس لە کۆمەڵێ نۆرم و بەهای سیاسی دەکەین کە لە ئەجندای حیزبێکی سیاسیدا هاتووە و حیزب هەوڵ بۆ ڕێکخستن و وەدیهێنانی دەدا. کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ڕۆژی ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ دەستی پێکرد و بەپێی بەرنامەی کۆنگرە، ئەرکەکانی خۆی لە ماوەی دوو ڕۆژدا و لە دۆخێکی هەستیاردا جێبەجێ کرد و، شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ی خەزەڵوەر، سەرکەوتوانە کۆتایی پێهات. هەڵبەت ئەو کەسانەی کە ئاشنا بە مێژووی حیزبی دێموکراتن، ئاگادارن کە کۆنگرە بەرزترین ئۆرگانی ئەو حیزبەیە و سروشتییە کە بەستنی کۆنگرە لە بەرنامە و کاری ئەو حیزبەدا گرنگیی تایبەتی هەیە، چونکە کۆنگرە نمادی دێموکراسی دەروون‌حیزبی و هەروەها دەرفەتی دارشتنەوەی سیاسەتی حیزبە و هەر ئەمەش وا دەکا کە ئەندامانی حیزب بەتایبەتی و چاودێرانی سیاسی بەگشتی، بە حەساسییەتەوە بەدواداچوون بۆ پرسی بەستنی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکرات بکەن. بەڵام سەرەڕای تایبەتمەندبوون و زەرووری بوونی کۆنگرە، کۆمەڵێ فاکتۆری دیکەش هەن کە زۆر جیدین و لە هێندێ قۆناغدا دەتوانن بەرگژێکی (چالش) ڕەژد بن لەبەردەم بەستنی کۆنگرەکانی حیزبدا. یەکێک لەو فاکتۆرە بەرگژاوییانە دیاردەی «ئەمنیەتە» کە حیزبێکی سیاسی ناتوانێ چاوپۆشی لێ بکا. ئەگەر دێموکراسی پرەنسیپێکی سیاسیی بێ، ئەوا پرسی ئەمنیەت فەزیلەتێکی ئەخلاقییە و بێگومان بۆ حیزبێکی سیاسی، هەڵبژاردن لە نێوان پرەنسیپی سیاسی و فەزیلەتی ئەخلاقی کارێکی هاسان نییە. کاتێ ئاوڕ لە مێژووی سەد ساڵەی ئێران، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها بەشێکی زۆر لە مێژووی جیهان بدەینەوە، دەبینین کە حکوومەت و ڕێکخراوە سیاسییەکان بە بەردەوامی لەبەردەم وەها بژارێکی بەرگژاویدا (چالشی) ڕاوەستاون و لە ئەنجامدا زۆر جار دێموکراسییان فیدای ئەمنیەت کردوە. ڕەنگە ئەم کارە پاساوێکی ئەخلاقی هەبێ، چونکە نرخی گیان و کەرامەتی مرۆڤ لە گشت نۆرم و بەهاکانی دیکە بەرزترە. بەڵام هەڵبژاردن لە نێوان پرەنسیبی سیاسی و فەزیلەتی ئەخلاقیدا هەمیشە بە ئاقارێکی مەشرووعدا تێنەپەڕیوە و بەڵکوو زۆر جار پێداگری کردن لەسەر پرسی «ئەمنیەت» لە مێژووی سەد ساڵەی ئێران و ناوچەکەدا بۆتە هۆی پشتگوێ خستنی دێموکراسی. مەبەست لە ڕووکردی نامەشرووع لە ڕاستیدا سازوکارێکی سیاسییە کە هەوڵ بۆ هێشتنەوەی دەسەڵات یاخۆ فەلەج کردنی دێموکراسی دەدا و، لە وەها دۆخێکدا پرسی ئەمنیەت زێدەتر لە واقعی عەینی بەرجەستە دەکرێتەوە و لە ئەنجامدا پاراستنی ئەمنیەت دەکەن بە ئەولەویەتی سیاسی. نۆرمالیزە کردنی وەها هەڵوێستێکی سیاسی، واتە فەرزکردنی ئەمنیەت بەسەر دێموکراسیدا، لەم سەد ساڵەی ڕابوردوودا هەمیشە وەک شمشێری داموکلێس بەسەر دێموکراسییەوە بووە و لە زۆر شوێنی ئەم جیهانە و لە زۆر کاتدا دێموکراسی لە بە پێی پاراستنی ئەمنیەتدا قوربانی کراوە. بە چاو خشاندنێک بەسەر مێژووی بەستنی گشت کۆنگرەکانی حیزبی دێموکرات، دەبینین کە ئەو حیزبە هەمیشە لەبەردەم وەها بژارێکی بەرگژاویدا ڕاوەستاوە، بەڵام لە هیچ کام لەو قۆناغانەدا حیزبی دێموکرات ملکەچی ئەولەویەتسازییەکی پیلانگێرایانە (توطئەگەرا) و نامەشرووع نەبووە و لە ئەنجامدا دێموکراسی قەت فیدای ئەمنیەت نەکراوە، بەڵکوو ئەمنیەت لە گشت قۆناغەکاندا لە خزمەتی پاراستنی دێموکراسیی دەروون حیزبیدا بووە. بەستن و سەرکەوتنی کۆنگرەی حەڤدەیەمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، دوابەدوای ڕووداوی دڵهەژێنی ١٧ی خەرمانان و لە دۆخێکی زۆر هەستیاردا کە ئەمرۆکە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەبینین و بە سەرنجدان بە مانۆڕی نیزامی و سیخوڕیی ڕێژیمی ئێران کە هۆکاری سەرەکیی نائەمنی ناوچەکەیە، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە نرخی پاراستنی دێموکراسیی دەروون حیزبی بەلای حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە نە ڕێکلامی سیاسییە و نە پرۆپاگەندەیەکی وەهمییە، بەڵکوو دێموکراسی لای ئەندامانی ئەو حیزبە قاعیدەی خەباتێکی شێلگیرە بۆ وەدیهێنانی داوای ڕەوای کورد لە ئێران و، هەروەها دێموکراسی سەرەکیترین گەرەنتیشە بۆ پاراستنی کەرامەتی سیاسیی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان. بەرپرسیارەتی ئەخلاقی لە هەمبەر پاراستن و پەرەسەندنی دێموکراسی لە نێو حیزبێکی سیاسیدا ئەگەرچی پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ناکۆکی و ڕووداوە نەخوازراوەکان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەستێنێکی کردەوەیی و کولتورییە بۆ تەعامول کردن لەگەڵ ئەو دەرەنجامانەی کە ڕەنگە بە دڵی زۆر یەک لە ئەندامانی حیزب نەبن. کەوایە یەکێک لە هێما بەرزەکانی سەرکەوتنی کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزبی دێمۆکرات، سەرەڕای هەڕەشەکانی ڕێژیم و نا هاوسەنگیی هێز، ئەوەیە کە ئەم جارەش «دێموکراسی» فیدای «ئەمنیەت» نەکراو و ئەو حیزبە جارێکی دیکە کەرامەتی سیاسیی بۆ ئەندامەکانی گەڕاندەوە.