کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان و خۆدیتنەوەیان لە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا

05:26 - 1 سەرماوەز 2719

خاوەن‌ڕایانی بواری زانستی سیاسەت لەسەر ئەو بڕوایەن کە، کۆمەڵگەی سیاسی لە چەندین گرووپی جیاواز پێک دێ کە هەرکام لەوانە ڕۆڵی تایبەت بەخۆیان لە بەشداریی سیاسیی ئەو کۆمەڵگەیەدا دەگێڕن. بوونی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکاندا پرس و بابەتێکی گرینگی کۆمەڵگەی هەر وڵاتێکە. ژنانی کورد پێویستە ئاگاداری گرینگیی حزووری سیاسیی خۆیان بن و لەم پێناوەدا و بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان بێوچان حەول بدەن و مێشکیان بە بیری سیاسی و وشیاریی ڕەگەزی پڕچەک بکەن. ژنان دەبێ لەو شوێنەی کە بڕیاریان لەسەر دەدرێ حزووری چالاکیان هەبێ و لە بڕیاردانەکاندا بەشدار بن. به‌خۆشییه‌وه‌ ئه‌مڕۆ که‌ ده‌بینین ژنی کورد توانیویه‌تی وه‌کوو توێژێک له‌ کۆمه‌ڵگە خۆی بناسێ و به‌ دامه‌زراندنی کۆڕ و کۆمه‌ڵ و ڕێکخراوه‌، وه‌کوو بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی پێناسه‌ بکا، هه‌رچه‌نده‌ کولتووری چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ی پیاوسالار له‌مپه‌رێکی گه‌وره‌یه و‌، له‌م نێوه‌دا تێپه‌ڕ نه‌کردنی قۆناغی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یی تا ڕاده‌یه‌ک ژنانی کوردستانی خستۆته‌ په‌راوێزه‌وه‌. بزووتنەوەی ژنان وه‌ک توێژێکی کارا، چالاک و ئه‌کتیڤ ‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا قۆناغی جۆراو جۆریان تێپه‌ڕ کردووه‌، ئه‌وه‌ی که‌ ڕوون و ئاشکرایه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کار و چالاکیی ژنان چ له‌نێو حیزبه‌ کوردییه‌کان و چ وه‌کوو ڕێکخراوی سه‌ربه‌خۆ له‌ کۆمه‌ڵگە کاریگه‌ریی خۆی هه‌یه‌. بۆ وێنه‌ ئه‌گه‌ر بڕوانیه‌ کۆمه‌ڵگەی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌بینین که‌ ڕاده‌ی ژنانی خوێنده‌وار له‌ یه‌ک دوو ده‌یه‌ی ڕابردوو گه‌شه‌یه‌کی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه و‌، ئاستی وشیاریی کۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتی لەمەڕ ‌ پرسی ژن و مافی ژنان ڕوو له‌ گه‌شه‌ بووه‌. بەم مەبەستە ئەگەر ئاوڕێکی کورت لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان بدەینەوە، دەبینین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاش دامەزرانی کۆماری کوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد یەکەمین سەرۆک ‌کۆماری کوردستان، وردە وردە هەست بە بەتاڵایی بوونی ژنان لە بواری سیاسەتدا کرا و هەر بەم بۆنەیەوە و لەسەر ویست و پێشنیاری جەنابی پێشەوا، یەکەم ڕێکخراوی فەرمیی ژنان لەم بەشە لە کوردستان لەژێر ناوی «یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان» بە مەبەستی بەشداریی چڕوپڕتری ژنان و هاتنە دەرەوە لە ماڵ و تێکەڵ بوون بە کاروباری سیاسی و، هاتنە نێو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردەواری، هەرچەندە بە شێوەیەکی مەحدوود دامەزرا. ئەمە یەکەمین هەوڵی جدی لەپێناو هێنان یان هاتنە مەیدانی سیاسەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لێرەدا نامانەوێ باس لە سەرکەوتوو بوون یان نەبوونی ئەم هەنگاوە گرینگە بکەین، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیه کە وەک میراتێکی بەرز و بەنرخ لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ماوە و بەپێی توانا و هەلومەرج لەم بوارەدا حەولی زۆر دراوە و، وەک یادگارێکی شیرین و پیرۆز لە کۆمارەوە گەیشتووەتە دەستی ئێمە لەمڕۆدا. دەتوانین لێرەدا وەک دیارترین بەرهەمەکانی ئەم ڕەوتە ئاماژە بە ژنانێکی سەرکەوتوو و ئیلهامبەخش بکەین، کە لە دژوارترین قۆناغەکانی خەباتدا و لەژێر ڕەهێڵەی بۆمب و شەستیر و ئاوارەیی و شاخەوشاخ کردن توانیان بە بەهرە وەرگرتن لەو دەرفەتانەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆیانی ڕەخساندبوو، خۆیان پێ بگەیەنن و هەتا هەتایە لە بیر و مێشکی ئێمەدا زیندوو بمێننەوە. شەهیدان مامۆستا نەسرین و شەهید سۆهەیلا قادری، لە ڕیزی دوو کەسایەتیی هەرە دیاری ژنانی سەرکەوتووی گەلی کورد بوون، کە بەداخەوە جێگایان بەتاڵە و یادی فڕینیان هەمیشە سەوزە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم دوو مامۆستا خۆشەویستە بە کۆچی کوتوپڕ و ناوادەی خۆیان، ئێمەیان تاسەبار کرد، بەڵام بە هەوڵ و ماندوویی چەندین ساڵەی نێو خەباتی خۆیان؛ کەسانی لێهاتوو و خاوەن‌بەهرەیان پێگەیاند. ئێستا و لەدوای ئاکامی کۆنگرەی حەڤدەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دەبینین هێزێکی بەورە و سیماگەلێکی نوێتر کە لە ساڵانی دوور و نزیکدا قوتابیی ئەو مامۆستا شەهیدانە بوون؛ ڕیزەکانی خەباتی ڕەگەزی و نەتەوایەتیی حیزبی دێموکراتیان پڕ کردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە کورد  قه‌واره‌یه‌کی نایه‌کگرتووه‌، هەروەها نه‌بوونی ناسنامه‌ی ته‌واو، جوغڕافیایه‌کی پارچه‌ پارچه‌ کراو به‌سه‌ر چه‌ند وڵاتی داگیرکه‌ر به‌ چه‌نده‌ها داب و نه‌ریت و سیاسه‌تی جیاوازه‌وه‌، که‌ یه‌کێک له‌ ئاڵۆزی و هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی دنیای مۆدێرنیته‌یه‌، ئه‌مانه‌ هۆکارێکن که‌ کاریگه‌ریی خراپیان له‌سه‌ر تاک تاکی کۆمه‌ڵگە داناوه ‌و ژنان زیاتر له‌ هه‌ر تاکێک قوربانیی ئه‌م کێشه‌ و گرفتانه‌ن. بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک نەریت و بەرنامەی هەمیشەیی و گرینگی پێدان بە ڕۆل و پێگەی ژنان لە دەسەڵات و بڕیار داندا، هەوڵی داوە بە داڕشتن و پەسەند کردنی چەندین بڕیارنامە و گەڵاڵەنامە زیاتر مەیدان بە ژنان بدا و بەشدارییان لە کایەی سیاسیدا بە گرینگ بزانێ. لەم پێوەندییەشدا ژنان تا ڕاده‌یه‌ک توانیویانه‌ به‌سه‌ر کێشه ‌و گرفت و له‌مپه‌ره‌کاندا زاڵ‌ بن و وه‌ک هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵگە هه‌وڵ بده‌ن ڕۆڵیان له‌ ڕیفۆرمخوازی و چاکسازیی کۆمه‌ڵگەدا هه‌بێ. بۆ ئەو مەبەستەش ژنان کە وەک لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تاوەکوو ئێستا هاتووە توانیویانە خەباتی خۆیان لە دوو سەنگەری نەتەوەیی و ڕەگەزیدا درێژە پێ بدەن. کۆنگرەی حەڤدەیەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش کە لەژێر دروشمی (یه‌کڕیزی و تێکۆشان و هیوا بە دواڕۆژ، زامنی سەرکەوتنمانن) به‌ڕێوه‌ چوو، تیایدا ژنان بە بەشداری کردنیان توانیان ڕۆڵ و کاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر ڕه‌وشی ژنان له‌ کۆنگرەدا بخه‌نه‌ به‌ر باس. ژنان به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو به‌شدارییان له‌ کۆنگرەدا کرد، توانییان ڕاوسه‌رنج و بۆچوونی خۆیان بگه‌یه‌نن، له‌ زۆر به‌رنامه ‌و کاری کۆنگرە له‌ به‌ڕێوه‌ بردن و باس کردن له‌ کێشه ‌و گرفته‌کانی ژنان له‌ ڕۆژهه‌ڵات و، به‌شدارییان له‌ لێژنه ‌و کاره‌کانی تری تایبه‌ت به‌ کۆنگره‌، دیار بن. لە دوای کۆنگرەی چواردەی حیزبی دێموکراتەوە له‌ به‌ڵگه‌نامه‌کانی حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان  به‌شداریی‌ ژنان له‌ ئۆرگانه‌كانی‌ رێبه‌ریدا گرینگی و بایەخی تایبەتیی پێدراوە. بە کردەوەش كارهاسانی‌ کراوە بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژنان و لاوان بێنه‌ نێو ڕێبه‌ریی‌ حیزب و له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ حیزبیدا دیار و به‌شدار بن. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی خەبات و پێگەی دیاری ژنان لە بزووتنەوەی مافخوازیدا، بێگومان‌ ئه‌وه‌نده‌ حزوورە‌ی‌ ژنان له‌ ڕێبه‌ری و پۆسته‌كانی‌ حیزبدا زۆر نییه‌ و حیزبی‌ ئێمه‌ ئه‌ركێکی زۆرتری لەو پێوەندییەدا دەکەوێتە ئەستۆ. ئێمه‌ نابێ‌ ئه‌م كه‌مایه‌سییه‌ به‌وه‌ پاساو بده‌ینه‌وه‌ كه‌ ژنان له‌نێو ڕیزه‌كانی‌ كادر و پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامانی‌ حیزبدا كه‌مترن، هه‌ر بۆیه‌ سروشتییه‌ كه‌ له‌ ئۆرگانه‌كانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رییشدا كه‌متر بن؛ بەڵکوو ئێمە دەبێ بەدوای ئەوەدا بگەڕێین کە بۆچی‌ ژنان كه‌متر له‌ پیاوان ڕوو ده‌كه‌نه‌ حیزب و، ده‌بێ‌ چ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژنان پتر لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا خۆیان ببیننەوە و لە ڕەدە و ئاسته‌ جۆراوجۆره‌كانیدا دیار بن؟