کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«بەزۆر بشکێ دەبێ دەرکی قەڵایە...»

05:54 - 1 سەرماوەز 2719

خۆپیشاندان و سەرهەڵدانەکان لە ئێران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە گران کردنی نرخی بێنزین هەموو پارێزگاکانی وڵات و زیاتر لە 130 شاری گرتۆتەوە و، تا ئێستا پتر لە 200 کوژراو و چەند ئەوەندەش برینداری لێ کەوتۆتەوە. پێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی پێشوو کە باڵێک لە دەسەڵات سەرهەڵدانەکانی بە توندی سەرکوت دەکرد و لایەکەی دی هەوڵی دەدا خۆی لە بەرەی خەڵک بخزێنی، ئەمجارەیان هەر سێ دەسەڵاتەکە و هەر دوو باڵە سەرەکییەکەی ڕێژیم بە پشت‌قایمیی تەواویان بە ئەمر و فەرمانی خامنەیی لە مەیداندان، بۆوەی پێکەوە خوێنی خەڵکی بڕێژن و چەندی بۆیان دەکرێ بە پاشەکشە کردن بە خەڵک ڕێژیمەکەیان لەو تەنگانەیەش ڕزگار بکەن. بارودۆخەکە لە ناوچەش لە بەرژەوەندیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا نییە. لە عێڕاق ناڕەزایەتییەکان بە گەندەڵی و بێکاری و لە تەنیشت ئەوانەشدا هەڵکوتانە سەر حەشدی شەعبی و دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتە بەردەوامە. لە ناڕەزایەتییەکانی لوبنانیش‌دا نووکەڕمبەکە ڕووی لە حیزبوڵڵا و ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامییە. بەوەش وێدەچێ «میحوەری مقاومەت»ـەکەی ڕێژیم تووشی ئاستەنگی قووڵ بووبێتەوە. بۆیەش لە ئەگەری بەردەوامیی سەرهەڵدانەکان لەم سێ وڵاتە دوور نییە ئەم مێحوەرە بە هەموو هێز و توانایەوە لە بەرامبەر ویست و ئیرادەی گشتیی خەڵکدا بەچۆکدا بێ. پرسیار ئەوەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەلایەک بە بردنەسەرێی بڕی پاشکەوتی ئاوە قورسەکانی هەنگاوێکی دیکەش لە ڕێککەوتنی بەرجام کشاوەتەوە و لەو سۆنگەیەوە گوشارێکی پتری نێودەوڵەتیی بەرەوڕووی خۆی کردۆتەوە؛ یان لە کاتێکدا بەهۆی ئیمزا نەکردنی FATF هیندەی دیکەی کێشە لەخۆی هاڵاندوە؛ چی وایکرد نرخی بێنزین _وەک کاڵایەکی سەرەکیی شوێندانەر لەسەر نرخی زۆربەی زۆری کاڵاکانی دی_ نەک دوو هیندە، بگرە سێ هیندە بباتە سەرێ؟ بێگومان دەستەوەستانی و هەرەسهێنانی لەڕووی داراییەوە کە ئاکامی گەمارۆ و گوشارە قورسەکانی ئەمریکایە لە دژی. بەڵام لەوبەر، دەردی خەڵک هەر گران کردنی نرخی بێنزین نییە، بەڵکوو وەزاڵەهاتنە لە ڕێژیمێک کە ئەوەی لێیان دیتوە هەر قەیرانە و بەشمەینەتی. ئەو هاتنە سەر شەقامە هاوار کردنی ئازادییەکانیانە کە خنکاندوویانە، بانگی ئەو مافانەیە لێیان زەوت کراوە و ناڕەزایەتی بە دزی و گەندەڵییەکانی ڕێژیم و سیاسەت قەیرانخوڵقێنیانە لە ناوچەکەدا، کە ئاکامەکەی بۆ خەڵک بریتییە لە هەژاری، بێکاری، گرانی، بێدەرەتانی و دەیان قەیرانی کۆمەڵایەتیی تر. خەڵکێک کە کەرامەت و بەهاکانی پێخوست کراوە و کاتێک کە دەنگ هەڵدەبرێ، بە تێکدەر و ئاژاوەچی ناوی دەبرێ. خەڵکێک کە چیدی نایانەوێ تاوانی سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و جیهاندا ئەوان بیدەن، ئەو خەڵکەی نایانەوێ تێچووی پشتیوانیی ڕێژیم لە تێرۆریزم و ئاژاوەگێڕییەکانی لەسەر حسێبی ماڵ و گیرفانی ئەوان بێ، ئەو خەڵکەی پشووسوار لە گەندەڵیی سیستماتیکی دەسەڵاتی سیاسی و تاڵان‌وبڕۆکان کە ئیدی گەیوەتە ئێسکی و؛ دەپرسێ بۆچی دەبێ قەرەبووکردنەوەی کورتیهێنانی بودجە _ ڕووحانی گوتەنی 450 هەزار میلیارد تمەن_ و بەرنامە نیزامی و ئیدۆلۆژیکییەکانی ڕێژیم لە ئەستۆی ئەوان (خەڵک) بێ.  بۆیە وێدەچێ سروشتی خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی بەفرانباری 96 دوور و لێکجیاواز بن و، خەڵک بەمزووانە شەقامەکان چۆڵ نەکەن. بێ‌هۆ نییە کە ڕێژیم قوتابخانەکانی داخستوە، کێبرکێ وەرزشییەکانی هەڵوەشاندۆتەوە، ئێنتێرنێتی لە خەڵکی گرتۆتەوە؛ بەڵام شەقامەکانی پڕ کردوە لە هێزی پۆشتە و تەیار بۆ سەرکوت. سەرکوتی ئەمجارەی ناڕەزایەتییەکان بەئاشکرا تەعبیر لە ترس و نیگەرانیی قووڵی حکوومەت دەکەن، ترس لەوەی کار لە گرێژنە بترازێ و چیدی نەتوانن بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بن؛ لەوەشدا ورد و درشتی دەسەڵات کەوتوونەتە یەک بەرە و هەر هەموو حاکمییەت (خامنەیی، سپا، دەوڵەت، هێزە چەکدارەکان، دەزگای قەزایی، شووڕای بەرزی ئەمنیەتی میللی و...) لەسەر قەڵاچۆکردنی خەڵکی هاوڕان. بەوەش دەردەکەوێ کە نەک لە پێوەندی لەگەڵ پرسە ئەمنیەتییەکان و لەسەر مانەوەی ڕێژیم، بەڵکوو لە سەرکوتی سەرەتاییترین مافی ئینسانی خەڵکی ئێران وەک دابینکردنی نان و بژیویشدا؛ هیچ تۆفیرێک لەنێوان ئوسولگەرا و ڕێفۆرمخوازدا ناکرێ و «پەشێو» گوتەنی «... ئەوان هەر دووک دەمی تیژی یەک مقەستن...» لە کوردستان بەڵام دۆخەکە جۆرێکی ترە. ئەگەر دوو مانگ لەوە پێش جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە پتر لە نیوەی زیندانیانی سیاسی لە ئێراندا کوردن و نیزیک بە تەواوی ئیعدامە سیاسییەکان لە کورد دەکرێن؛ لەم ڕۆژانەشدا و لە خۆپیشاندانەکاندا بینیمان کە زۆرترین تاوانەکان لە کوشتن و سەرکوت و گرتنەکان لە کوردستان کران. بەوەش دەردەکەوێ کە لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە کوردستان هەمیشە ناوچەیەکی جیاوازە و ترسی ڕێژیم لە جموجۆڵە سیاسی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە کوردستان پتر لە هەموو جێیەکی ئێرانە؛ هەروەها دەستی خۆی ئاوەڵا دەبینێ بۆ توندترین سەرکوت و خوێنڕشتن، وەک لە هەموو ماوەی تەمەنی دەسەڵاتەکەیدا لە کوردستان کردوویەتی. ئەمەش بێ‌هۆ نییە. ڕێژیم زۆر باش بزووتنەوەی کورد و خەباتە حەقویستانەکەی دەناسێ و دەزانێ بەو پاشخانە دەوڵەمەندەی کوردستان لە بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیم و خەباتی شوناسخوازی و مافویستی هەیەتی؛ لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا پێشەنگ دەبێ و دەتوانێ ڕۆڵی کارا لە هاوکێشەکاندا ببینێ. بەڵام دوورە دیمەنی ئەم ڕووداوانە چین؟ لەمێژە حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕایگەیاندوە ئەم ڕێژیمە نە ڕەواییەتی خەڵکی هەیە و نە پێچەوانەی ئەوەی دەنوێنی سەقامگیریی نێوخۆیی، بەڵکوو تەنیا بەهۆی دەزگای سەرکوت و داپڵۆسینە هەتا ئێرەی هێناوە. بۆیە لە ئێستادا داکۆکی لە خەڵکی ئێران ئەرکی سەرشانی هەموو وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێ هاوبەشێکی جێی متمانە بۆ وڵاتان بێ و، بەرگری لە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران گرێدراوی دێموکراسی و مافی مرۆڤ و هەموو ئەو بەها و بایەخە مرۆیی و جیهانگیرانەیە کە وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا و لایەنە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان دانیان پێدا ناوە و؛ ناکرێ لە هەمبەر ئەو بارودۆخەدا بێدەنگ و بێهەڵوێست بن. ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێ پێویستە لە ئۆڕگانیزمە جیهانییەکانی وەک شووڕای ئەمنییەتدا بێتە بەرباس و ئیزن و دەرفەتی ئەوە بە کۆماری ئیسلامی نەدرێ ئاوا بێ‌ترس و مەحابا خەڵکی وەزاڵەهاتوو و مافخوراوی ئێران خەڵتانی خوێن بکا. فازی نوێی مافخوازیی خەڵکی ئێران لە ڕۆژی 24ی خەزەڵوەرەوە دەستی پێکردوە. ئێران و خەڵکی ئەم وڵاتە و بارودۆخەکە ناکرێ بۆ پێش ئەم ڕێکەوتە بگەڕێنەوە، بۆیە هاوکات لەگەڵ گوشاری نێودەوڵەتی، ئەوەی لە هەموو کاتێک پێویست دەنوێنی ئینسجامی سیاسیی هێز و لایەنەکانە بۆوەی بتوانن فۆڕمێک لە ڕێبەری کردنی ناڕەزایەتییەکان دروست بکەن و کۆنتڕۆڵی ڕووداوەکان بگرنە دەست.