کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژئاوا چۆن دەتوانێ پارێزگاری لە خۆپیشاندەرە بوێرەکانی ئێران بکا

20:54 - 1 سەرماوەز 2719

ڕۆژئاوا چۆن دەتوانێ پارێزگاری لە خۆپیشاندەرە بوێرەکانی ئێران بکا بلومبەری – بابی گۆش کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی بە ڕاگەیاندنی "سەرکەوتن"ــی کۆماری ئیسلامیی لە لایەن سەرۆک کۆمار حەسەن ڕووحانییەوە، ڕێژیمی ئێران ئیددیعا دەکا کە تەوژمی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام بەرەو نەمان دەڕوا. جێگای خۆیەتی کە لەو ئیددیعایە بە گومان بین: ڕێژیم هێشتا  ئینتەرنێتی  نەکردۆتەوە کە بە تەواوی دایخستبوو، ئەوە نیشان دەدا کە هێشتا ڕێژیم لەوە دەترسێ کە هەواڵەکانی ناڕەزایەتییەکان (لەگەڵ وێنە و ڤیدیۆ) لەناوخۆدا بڵاو ببنەوە و ببنە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی دەرەوەی وڵات . نیشانەی دیکەی دڵەڕاوکێی تاران گەلێک بەرچاون. بەرپرسان، لە ناویاندا ڕیبەری گەورە عەلی خامەنەیی و خودی ڕووحانی، بەرپرسایەتی ناڕەزایەتییەکانیان خستۆتە پاڵ "بەکرێگیراوان" و "دوژمنان" (کە مەبەستی ڕێژیم وڵاتە یەکگرتووەکان، ئیسڕائیل و عەڕەبستانی سعودییە)، و ڕێژیم ڤیدیۆی خۆپیشاندانی لایەنگرانی خۆی بڵاو دەکاتەوە.  خۆپیشاندانەکان لە میدیا فەرمییەکانی ڕێژیم وەک ئاژاوە باسیان لێوە کراوە. تەنانەت ئەو زانیارییە کەمەی کە درزی کردۆتە دەرەوە نیشانی دەدا کە دەوڵەت دەزگای ئاسایشی لە خۆپیشاندەران بەرداوە، خەڵکێکی زۆر کوژراون و بە سەدان کەس زیندانی کراون. شتێکی دیکەش کە دەرخەری پەشۆکانی ڕێژیمە: هەندێک خەڵکی دەستبەسەر کردووە کە شارۆمەندیی دوولایەنەیان هەیە، بەشێکی لەبەر ئەوەی کە بڵێ خۆپیشاندانەکان دەستی دەرەکییان لە پشتە بەڵام بەشێکیش بۆ پارە پەیداکردن بەو بارمتانە لە کاتی وتووێژی داهاتوو لە گەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی. ئەوانە تاکتیکە نەریتییەکانی ڕێژیمن کاتێک کە تووشی ئالنگاریی دەبێ. ئێمە ئەوانەمان لە ڕابردوودا دیتوون: لە کۆتاییەکانی هەشتاکان، کاتێک ئایەتوڵڵا خومەینی پێویستیی بە لادانی بیروڕا لەسەر ئابڕووچوونی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران – عێراق هەبوو، کاتێک کە خامەنەیی زەندەقی لە ناڕەزایەتییەکانی سەرانسەریی لە لایەن خوێندکارانەوە چووبوو، دووبارە لە ٢٠٠٩، کاتێک کە ساختەکاریی لە هەڵبژاردندا بووە هۆی هاتنی جووڵانەوەی سەوز بۆ سەر شەقامەکان. بە زیاد کردنی شۆڕشی  ١٩٧٩  بەو زینجیرە ڕووداوانە بۆمان دەردەکەوێ سەرهەڵدانەکان هەر ١٠ ساڵ جارێک دووپات بوونەوە. مێژووی سەرکوتی ڕێژیم و دووڕووییەکەی زۆر چاک بۆ ئەو کەسانەی کە بەشداریی خۆپیشاندانەکان دەکەن ئاشکرا بووە. بێگومان، دەوڵەت بێ پسانەوە بێ بەزەیی خۆی پەرە پێداوە تا هاوڵاتیان بترسێنێ. ئەو ئێرانییانەی کە لە سەر شەقامەکان نەکەوتوونە بەر دەستڕێژی گولـلە، بەرەوڕووی چەندین ساڵ هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە لە لایەن زیندانبانە ئەشکەنجەگەر و دەستدرێژەکەری باش ڕاهاتوو دەبنەوە. دوای سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٩٩٩، کاربەدەستانی پلەبەرزی ڕێژیم ئاشکرایان کرد کە خوێندکارەکان هیچ ڕوحمیان پێ ناکرێ. مەلایەک بە خۆشحاڵییەوە ڕایگەیاند کە زیندانییەکان "بە تۆمەتی شەڕ دژی خودا و فەسادی فیلئەرز دادگایی دەکرێن و پاشان سزا دەدرێن"، ئەوانە تاوانێکن کە لە یاسای ئێراندا سزای کوشتنیان بۆ دیاریکراوە. ئەو مەلایەی کە ئەوەی گوت، حەسەن ڕووحانی بوو. کەوابوو ئەو ئێرانییانەی کە دژی حەسەن ڕووحانی و ڕەئیسەکەی، خامەنەیی، خۆپیشاندان دەکەن، بوێرییەکی بێوێنەیان نیشان داوە. بە لەبەر چاو گرتنی دۆخی هەنووکەیی، و بە هۆی ئەوەی کە دەزانن  ئاکامی شکستهێنان چییە، ئەوان هەست پێدەکەن کە ئەگەر ئەو ڕێبازە درێژە پێ بدەن شتێکی زۆرکەمیان هەیە کە لەدەستی بدەن، مردن لە سەر شەقامەکان زۆر باشترە لە تەحەممولی کارەساتەکانی ناو زیندانەکانی ڕێژیم. جیهان دەتوانێ بۆ پارێزگاریی لەوان چی بکا؟ تا ئێستا سەرکوتەکان تەنیا ئیدانەی ڕووتینیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوسۆزیی لابەلایی بەڕێوەبەرایەتی ترامپی بەدواوە بووە. چاوەڕوانیی لەوە زۆرتر، بە لەبەرچاوگرتنی پاشگوێ خستنی بیروڕای دەرەکیی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، لەوانەیە واقعگەرایانە نەبێ. لەبیرمان بێ کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی نەیانتوانیوە پێش بە ئەشکەنجە، دەستدرێژیی و کوشتاری شارۆمەندانی خؤشیان لە لایەن مرۆڤکوژانی خامەنەیی بگرن. بەڵام وڵاتە یەکگرتووەکان و یەکیەتی ئوروپا دەتوانن و دەبێ گەمارۆ بخەنە سەر کاربەدەستانی ڕێژیم کە هاندەر، لایەنگر و هۆی زەرەر گەیاندن بە خۆپیشاندەرانن، ئەوە بە ئاشکرا پێیان دەڵێ کە ئەوان ڕێگای دەرچوون لە بەرپرسیاریی تاوانەکانیان پێ نادەن، وەک ڕووحانی کردوویەتی. ئەوان بەهەمان شێوە دەبێ دەرگاکانیان بکەنەوە و پەناگا بدەنە هەر خۆپیشاندەرێک کە خۆی دەگەیەنێتە دەروەی وڵات و جیرانەکانی ئێرانیش ، واتە تورکیە، عێراق، وڵاتانی عەرەبی کەنداو، پاکستان، ئەفغانستان، تورکمەنستان، ئازەربایجان و ئەرمەنستان، هان بدەن کە ڕێگای دەرباز بوونیان پێ بدەن. ئەگەر ڕێژیم لەبارەی "سەرکەوتن" دا درۆ بکا، شتێکی باش دەبێ کە خۆپیشاندەران ئاگادار بکەنەوە کە دونیا پشتگیرییان دەکا، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی سنوورداریش بێ. ئەگەر ڕووحانی ڕاست بکا و بەڕاستی ڕێژیم سەرکەوتبی، ئەو ژن و پیاوە لەڕاددە بەدەر بوێرانە دەبێ دەرفەتی زیندوومانەوەیان پێ بدرێ تا لەدەرفەتێکی دیکەدا شۆڕش بکەن. بەو هیوایە کە ئەوان پێویست نەکا کە ١٠ ساڵی دیکە چاوەڕوانی دەرفەتی داهاتوو بن.