کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردەم و سەرچاوەی سەرەکیی توند و تیژی لە ئێرانی ئەمڕۆدا

22:21 - 4 سەرماوەز 2719

سەردەم و سەرچاوەی سەرەکیی توند و تیژی لە ئێرانی ئەمڕۆدا (بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، رۆژی خەبات بۆ نەهێشتنی توند و تیژی بەرامبەر ژنان)   لە ڕۆژگارێک‌دا، کە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئێران خەمبار و برینداری سەرکوتی خوێناوی بە هۆی مرۆڤکوژانی حکوومەتییەوەن؛ لە هەلومەرجێک‌دا کە خەڵکەکەمان ماتەمباری نوێترین شەهیدەکانیانن کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی ئەم دوایانە دا گیانیان لێ ئەستێندرا؛ لە بارودۆخیک‌دا کە نەخۆشخانەکان و بنەماڵەکان پڕن لە برینداری بە هۆی دەسڕێژی پاسدار و تەقەی بەکرێگیراوی لیباس شەخسی لە پێ کەوتوو؛ لە کاتێک‌دا، گرتووخانەکانی وڵات لە لاوان و مێرمنداڵانی لە گرانی و بێکاری و برسیەتیی وەزالەهاتوو پڕ کراون و ئەگەری ئەوە هەیە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ بستێندرێ؛ وەبیرهێنانەوەی توند و تیژیی جۆراوجۆریی نێو بنەماڵە و کۆمەڵ بەرامبەر ژنان، لەوانەیە بە زیادی و ناپێویست بزانرێ. بەڵام لە بیرمان بێ کە ژنان لە ڕۆژهەڵات و ئێرانیش، هەر لەو خۆپێشاندانانەی ئەم دوایانەدا، شانبەشانی پیاوان بەشدار بوون و، لە گیانبەختکردن و برینداربوون و چوونە زیندان، بێبەش نەبوون. ئەمەش دەیسەلمێنێ کە ژنان زۆر باش دەزانن کە ڕێژیمی دیکتاتۆر و دواکەوتووی کۆماری ئیسلامی هەر تەنیا سەرچاوەی هەژاری و نەبوونی و برسیەتی و گرانی و بێکاریی خەڵکی ئێران نیە بەڵکوو سەرچاوەی ئەو کۆت و بەند و سووکایەتی و بێ‌مافییانەشە کە بەرامبەر بە ژنان هەیە. زۆر لەو توند و تیژییانەش کە لە نێو بنەماڵە و کۆمەڵ بەرامبەر ژنان دەکرێ، پشت ئەستوور بەو کولتوور و یاسایانە پەرەیان پێدراوە کە ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە، بە سەر ولاتی ئێران‌دا زاڵیان کردوون. لە هەلومەرجی ئێستا دا، زۆر باشتر دەبێ ئەگەر تێکۆشان لە پێناوی نەهێشتنی توند و تیژی بەرامبەر ژنان لە ئێران‌دا، لە دەنگهەڵبڕین دژی توندوتیژیی دڕندانەی حکوومەتی بەرامبەر بە خەڵکی وەزالەهاتوو، جیا نەکرێتەوە. خەبات لە پێناوی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی وەک سەرچاوەی زۆرترین توند و تیژیی نێو کۆمەڵ (بە تایبەتی توند و تیژیی سیاسی)و، ماکەی سەرەکیی توند و تیژیی جۆراوجۆر لە دژی ژنان، مەرج و پێویستییەکی  هەرە گرنگی   هێنانە سەرکاری سیستەم و دەسەڵاتێکی  دیموکراتیک و ئازاد بۆ داهاتووی ئیرانە. بە دڵنیاییەوە بە بوونی ڕێژیمی پیاوسالاری کۆماری ئیسلامی و، یاسا و پەسندکراوە  دژە ژن و کۆنەپەرستانەکانی، خەبات بۆ نەهێشتنی توند و تیژیی بەرامبەر ژنان، دەسکەوت و داهاتوویەکی ئەوتۆی نابێ.