کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ژنانی قەڵای دمدم خۆیان هەڵداشت؟ 

02:49 - 4 خاکەلێوه 2720

خوێندنەوەیەکی دەروونشیکاری و دژەکۆلۆنیالیستی ئەگەر بەناو ئەدەبی کوردی، زارەکی و نووسرادا، بگەڕێین و هەرچی پەخشان، شێعر، ڕۆمان و چیرۆک، و بابەتگەلی دیکە سەروژێر بکەین، دەبینین "بەیتی دمدم" مەزنترین بەیتی تاکوو ئێستا ناسراوی کوردە. ڕەوایەتی دمدم ڕەوایەتی نەتەوەیەکی ژێر دەستە کە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی خۆی تێدەکۆشێ بەڵام دانیشتووانی قەڵا سەرەڕای بەرخۆدانێکی بێ‌وێنە جێنۆساید دەکرێن و ژنانی قەڵا لە بڵندایی ڕا خۆ فڕێ دەدەنە ناو شێو و دۆڵ. ڕەوایەتی ژیان و مەرگی خەڵکی قەڵای دمدم هاوتا و بگرە مەزنترە لە تراژییدییەکانی یونانی و ئێرانی. ڕەوایەتێکی نەک زەینی و خەیاڵی کە بگرە پێی لە ڕووداوێکی واقعی و مێژوویی دایە. بەیت/ڕووداوی قەڵای دمدم ڕەوایەتی بناخەییترین هەست و نەستی ئینسانی کوردە بۆ ڕزگاری و ئازادی خۆی. تا ئێستاش هیچ بەیتێک نەیتوانیوە شان لە شانی قەڵای دمدم بدا. تایبەمەندییەکانی دەقێکی بەرز ئەوانەن: . دەقی مەزن زۆربەی کات تراژیکە . ڕەوایەتێکە هەوەڵ و ناوەڕاست و ئاخری هەیە . زمان قووڵ و ڕەوان و شاعیرانەیە . دیالۆگ بە هێزە . ڕەوایەت لە چرکەدا ئامادەیە . ڕەوایەت بەشێوەیەکی سروشتی جێی خۆی دەکاتەوە نەک بە شێوەی مەسنووعی . ڕەوایەت جۆرێک لە ئەرزشی تێدایە . کارەکتەرەکان زۆرجار ئەزموونی سەخت تێپەڕ دەکەن و یا دەمرن . کارەکتەرەکان لە ڕەوتی ڕەوایەتدا ئاڵوگۆڕیان بەسەردادێ و زەمەن و شوێن نایانکوژێ . خوێنەر شوناس یا بەشێک لە خۆی لە کارەکتەرەکاندا دەبینێتەوە . خوێنەر سیمپاتی لەگەڵ کارەکتەرەکان پەیدا دەکا . شوێن و لۆکێشن لەناو مێشکدا دەچەسپێ . ڕەوایەتەکە دڵهەژێن و دڵڕفێنە . دوای بیستن و خوێندنەوەی لەناو ڕوحتدا دەنگ دەداتەوە . وە بیر دەکەیەوە بۆ وابوو و چۆن دەکرا وانەبێ. "بەیتی دمدم" وەک دەقێکی زارەکی تەواوی ئەم تایبەتمەندیانەی هەیە. دەقێک کە باسی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتێکی خۆیی کوردی دەکا. کارەکتەری سەرەکی خانی لەپ زێرینە. پادشایەکی سەخی و واڵاڕەفتار. خەڵکی قەڵا پیاو و ژن و منداڵ ژیانی ئاسایی خۆیان دەکەن بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبێ بڕیاری مان و نەمان بدەن؛ بە کەرامەتەوە بمرن یا بە یەخسیر بگیرێن. سپای دوژمن دەوری قەڵای داوە. بەهۆی خەیانەت دوژمن دەزانێ سەرچاوەی ئاوکەی کە دێتە ناو قەڵا، لە کوێیە. بە ڕەوایەتێک یا دوژمنان ژەهری تێدەکەن و یا ناهێڵن ئاوی کانی بگاتە خەڵکی قەڵا. قەڵا لە بەرزاییە. دوای‌ شەڕێکی قارەمانانە و شکانی کورد ژنان لە قەڵاڕا خۆ دەخەنە خوار. دوژمن سەردەکەوێ بەڵام ژانی کوشتاری خەڵکی قەڵای دمدم ٤۰۰ ساڵە لەبن مێشکمان چڵ دەدا و دەنگی خانی لەپ‌زێڕین لە دەڕەی قاسملوو ڕا بە دەشتی شنۆ و موکریان و بە شاخەکانی باکوور هەتا دەگاتە عفرین و دیسان هەتا دێتەوە جوانڕۆ و هەورامان دەنگ دەداتەوە. ئێستا پرسیار ئەوەیە بۆ ژنانی قەڵا خۆیان هەڵداشت؟ ئایا ژنان تەنیا لە ترسی دەستدرێژی خۆیان هەڵداشت، یا مکانیزم، بیر و هەستی دیکە پاڵنەری ئەم ئەکتە بوو؟ ئەگەر وایە هۆیەکان چی بوون؟ دروست بوونی سابجێکت/بکەر/فاعل لە تیۆرییەکانی سیکۆئانالیزی دا گرینگی تایبەتان هەیە. abjection گرینگی تایبەتی تری بۆ جولییا کریستێڤا هەیە. کریستێڤا لەسەر ئەم باوەڕەیە کە ئابێکشن سەرچاوەیەکی تاریک و ڕەمزاوییە و دەتوانێ دەست بۆ قەتڵ بەرێ. هەستێکی بێزاری و خۆ لە ڕیشە جیاکردنەوە. ئابێکشن لە هەموو کولتوورکانی دنیادا هەیە و کاردانەوەیەکی بەزەبر و زەنگ و نەزمێکی نارسیسیتی یە. ژن وک بوونەوەرێکی یەکجار هەستیار پێوەندییەکی نە تەنیا فیزیکی و بیۆلۆژیکی لەگەڵ سروشت و دەورووبەری خۆی هەیە بەڵکوو پێوەندییەکی زۆر تایبەتیتری لەگەڵ منداڵ هەیە. دوای ئەوین، ئەوە منداڵە کە ئاڵقەی پێوەندی بەهێزی ژن بە پیاوێکە. تەنانەت پێوەندی دایک و منداڵ تا ئەمڕۆکەش هۆی سەرەکی مانەوەی زۆر پێوەندیترە. منداڵ دەتوانێ ژنێک پێوەند بدا بە داگیرکەری خۆی. لێرەدا هەوەڵین هۆ و پاڵنەری خۆهەڵداشتنی ژنانی قەڵای دمدم خۆی دەردەخا. ژنانی قەڵا خۆیان فڕێ دا تا منداڵی داگیرکەر لە داوێنی خۆیاندا پەروەدە نەکەن و شیر نەدەن و لە ڕێگای منداڵەوە نەبنە ئەسیری هەمیشەیی ئەویتر/داگیرکەر. هاوکات داوێنی‌ ئەوان نەبێتە باخێک بۆ چاندنی تۆوی داگیرکەر. ئەوان خۆیان هەڵداشت تا ڕەحمی ژنی کورد نەبێتە زێدانی پەرەسەندنی توخمێ داگیرکەری خۆیان. خاڵێکی دیکە هەر لەم پێوەندییەدا پچڕانی پێوەندی هەستییە لە ڕێگای منداڵ لەگەڵ داگیرکەری خۆت. کە منداڵ کەوتە مابەینان ناچار ڕۆژانە ئەویتر دەبێتە بەشێک لە بوونت. ئەوان خۆیان هەڵداشت تا ئەویتر نەبێتە بەشێک لە جیهانی بوونیان، تا نەبنە دایکی منداڵی داگیرکەری خۆیان. لێرەدا ژنانی قەڵا بە خۆهەڵداشتن ئەکتێکی سیاسی دژی داگیرکەر بە مەرگی خۆیان دەخوڵقێنن. داگیرکەر نە تەنیا دەستی بە داوێنی ژنەکە ڕاناگا، بگرە لە نەوەهاویشتن لە داوێنی ئەسیردا کە هەمیشە هەستێکی سەرکەوتنی پێ بەخشیوە بێ‌بەش دەکرێ. و بەمجۆرە "گون/testikel"ی داگیرکەر وەک کەرەسەی بەرهەم هێنانی توخم و (penis) وەک کەرەسەی زەبروزەنگ و دەستدرێژی سێکسی داگیرکارانە لەکار دەخسترێ، و ئێگۆ و سێکسوالیتی پیاوی داگیرکەر شکست دێنێ. ئەکتی خۆهەڵداشتن دەتوانێ هەلومەرجێک بخوڵقێنێ کە هەست وەڕگێردرێتە سەر نیشانە/بەیت و ئۆستوورە و جەستەیەکی پڕشوبڵاو دوای خۆهەڵداشتن بکەر/سابجێکتێکی ئۆستوورەیی دروست دەکا. دەستدرێژی جنسی چیرۆکی بەربەریەتی یۆنانی و ڕۆمەکان، ئێرانییەکان، "فتوحات اسلام"، مۆغۆلەکان، کوشتاری قەڵای دمدم، تاوانەکانی شەڕی جیهانی دژی یەهوودییەکان، شەڕی یوگسڵاوی، ڕواندا، ئەنفال، قاڕنا و قەڵاتان نەوە بە نەوە گەیشتۆتە و یا ئێمە بەشێکمان بە چاوی خۆمان دیوە. لە دەلاقەی ئەزموونی مێژوویی ڕا دەزانین کە تاوان، کوشتوبڕ و تاڵان و دەستدرێژی کردن سروشتی جەنگە. لە هێندێک جەنگدا کەمتر و لە هێندێ شوێن زیاتر کۆمەڵگا بە کۆ و تاک و بەتایبەت ژنان خەسارەت دەبینن. هێندێک لە تاوانەکان لە نێوان دەوڵەتان بووە وەک تاوانەکانی دوو بەرەی "متحدین" و "متفقین" لە جەنگی جیهانی دا. جێگای ئاماژەیەکی زۆر گرینگە کە دوای گرتنی بڕڵین لە لایەن ڕووسەکان لە ساڵی ۱۹٤٥ نزیک بە یەک میلێۆن ژنی ئاڵمانی ڕۆژئاوایی دەستدرێژی جنسییان پێکرا، یان نزیک به ۲۰۰ هەزار ژن که زۆربەیان چینی، فیلیپینی، بێرمه‌یی و کۆره‌یی بوون وەک بەردەی جنسی لە لایەن ژاپۆنییەکانەوە کەڵکیان لێوەردەگیرا و بە 'ژنانی ئارام بەخش' ناو دەبردران و زۆربەیان دوای دەستدرێژی دەکوژران. تەنیا چەکدارەکان و لایەنەکانی شەر نێن کە دەستدرێژی جنسی دەکەنە سەر ژنان و منداڵان. تەنانەت سەربازانی پارێزەری ئاشتی و کارمەندانی یارمەتیدەر، ئەو تاوانە ئەنجام دەدەن. لە دوای جەنگی جیهانی دووهەم دەیان جەنگی دیکە لە گۆشە و کەناری جیهاندا ڕوویان داوە، لەوان بۆ وێنە لە گۆنگۆ، ڕواندا، کۆسۆو. لە هەموو ئەو جەنگانەدا ژنان گەورەترین خەسارەتیان دیوە، هەم وەبەر دەستدرێژی هاتوون و هەم منداڵ، کەس و خزم، باوک و مێردیان لەدەست‌داوە. بەڵام ئەوە لە دوای ۱۹۹۰ بوو کە دەستدرێژی بە ژنان لە کاتی جەنگدا لە ڕوانگەی "ماڤی مروڤەوە" هاتە بەر باس و چەندین وڵات، پەیان‌نامە، دادگای نێونەتەوەیی لاهە، دەستدرێژیان بە "تاوانی جەنگی" ناسی. لێکۆڵینەوەکانی نمونەی کۆنگۆ کە ساڵی ۲۰۱۱ بڵاو بووە، نیشان دەدەن کە دەستدرێژییەکان لە کاتی جەنگدا کەم پێوەندیان بە خودی سێکسوالیتە هەیە. دەستدرێژییەکان لەو کاتانەدا زیاتر وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ئەزمە و شێواوی کەڵکی لێوەردەگیرێت. هەروەها هێندێک جار بۆ کەم کردندنی ڕێژەی خەڵکێک ڕوودەدەن. کاتێک ژنان بە جەستە و ڕوح ورد دەکرێن هەموو پێکهاتەی وڵاتێک تێكدەشکێ کە ئەوە بە داشکانی هێزی بەرامبەر تەواو دەبێ. لێکۆڵینەوەکە نیشاندەدا کە ڕادەی دەستدرێژییەکان زۆر زیاتر بووە لەوەی چاوەڕوان دەکرا و نزیک ٤٨% ژنانی نێوان ۱٥ تا ٤۹ ساڵ لە هەر کاتژمێرێکدا دەستدرێژییان پێکراوە. لە ۱۰ی جولای ۱۹٤۱ لە گوندی جێدوابنە، یەهودییەکان لە لایەن جیرانەکانی لەهێستانی خۆیان و نەک لە لایەن نازییەکانەوە، قەتڵ و عام دەکرێن. لەو ڕۆژەدا پیاوانی یەهودی لە ناو مەیدانی گوند بێ‌ڕێزییان پێ دەکرێ، ژنان دەستدرێژییان پێکرا، مندڵان سەریان بە چەکوچک یان بە دیوار لێدان وردکرا. ٦۰۰ کەس خرانە ناو کادێنێک و بنزینیان پێداکرا و سوتێندران. دیارە کە ئەوە لە ناو گوندا ئۆرگانیزەکرابوو کە کەس نەتوانێ ڕابکا. یەک لە توخمە سەرەکییەکانی ژیانی عەشیرەیی و دواتر شارستانیش ئەو غیرەت و شەڕەفەیە کە ژن وەک نماد و سومبولی ناسراوە. بۆ ئەوەی شکۆ و کەڕامەتی کۆمەڵگایەک بشکێ ژنەکانیان بە دیل گرتوون و کردوویانن بە مڵکی خۆیان. تەنانەت خودی ژن خۆی وەک نامووس و شەرەفی پیاو قەبووڵ کردووە. دەستدرێژی بۆ سەر جەستە و ئازادی ژن لە پێناو شکاندنی بەرانبەرت لە ڕەوتی میژوودا لە هەموو کۆمەلگاکان و لە هەموو شوێنێک بەشێک لە کەرەسەی شەڕ و وەدەستهێنانی دەسەڵات بووە. ژنانی قەڵا بە وەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی مێژوویی ئینسانی پێش خۆیان دەیانزانی کە ئەوان دەبنە نیچیری پیاوانی شای سەفەوی و سەربازانی مەزهەبی شیعە و ئەو کوردانەی کە هاوکاری شا بوون. ئەوان خۆیان هەڵداشت تا پڕش و بڵاو بن و زێدانیان نەبێتە شوێنێک کە زەکەری پیاوی داگیرکەر هەست بە سەرکەوتوویی و حەسانەوە بکا. ژنانی قەڵای دمدم لە قەڵاڕا خۆیان هەڵداشت تا نەک هەر وەبەر "دەستدرێژی جنسی" نەکەون، منداڵی داگیرکەریش لە داوێنێ خۆیاندا پەروەردە نەکەن و شیر نەدەن. هەست بە بەرەنگاری لە قووڵایی مێژووڕا دێ. مێژووی ئینسانی پڕە لە دووپاتەی تاوان. هەر پێنج ساڵ لەمەوبەر بوو کە ٦۰۰۰ ژنی شنگال ئەسیرکران و سەدان منداڵ وەدامێنی ژنانی شنگال کەوتن و ئێستا هەم دایکان و هەم منداڵەکان قوربانی دەستدرێژی جنسیی دوای جەنگن. دەستدرێژی بە کچانی گریلا لە لایەن سەربازانی تورک هەر ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوون. داگیرکەر بۆ شکانی بەرانبەر هەمیشە سێکسوالیتی ژن دەکاتە سەنتەری وەدەستهێنانی دەسەڵاتی وەحشی خۆی. ئەوان نەک هەر دەستدرێژی دەکەن کە بگرە دوایە جەستەی ڕووتت لە بازاڕێک نمایش دەدەن. ژنانی قەڵا وەک بکەر بە هەڵداشتن و مەرگی خۆیان پێشی نمایشی بەربەرییانەی داگیرکەری سەفەوی‌یان گرت. نان یا ئازادی؟ بەیتەکان جیا لە گێڕانەوە و چێژێکی خەمگینی ئەدەبی و ڕاگرتنی زمان دوو ئەرکی یەکجار گرینگی دیکەیان لەسەر شانە: یەکەم. دروستکردنی مێژووی نەتەوەیی، ئەگەر بە پێی تیۆرییەکانی ئەدەبی باوەڕمان وابێ کە "ئەدەبیات لە ڕێگای خەیاڵەوە نەتەوە دروست دەکا" دووهەم. بەرز ڕاگرتنی هەستی بناخەیی و ئارکایی وەک هەستی غروور، نەترسان لە مەرگ، کەرامەت و ئازادی. ئەوانەی لە مێژوودا ناویان ماوەتەوە ئەوانە نەبوون کە ژیانێکی ئاسایی بۆ نان ژیاون، بەڵکوو ئەوانە بوون کە مەرگیان بۆ حەقیقەت، کەرامەت و ئازادی هەڵبژاردووە و بوونەتە ئوستوورە، وەک سپارتاکووس، سوقڕات، کلئۆپاترا. ئوستوورەکان دەبنە بەشێکی دانەبڕاوی بیر و نەستی تاک و نەتەوە. ئەوانەی بیری ‌ئوستوورەیی فەرامۆش‌ دەکەن لە ڕاستیدا ژیانێک بە بێ ئازادی هەڵدەبژێرن. ڕاستە لە باستانەوە ئازادی لە چوارچێوەی سیاسیەتدا بە دێمۆکڕاسی گرێ دراوە بەڵام ئازادی هەمیشە بەجۆرێک گەڕانەوەیە بۆ فەزیلەتێکی مەزنی بەر لە باستان، واتە ئازادی سروشتی. ئەو کات ئینسان وەک بوونەوەرێکی ئازاد لەناو سروشتدا بەدوای نانی خۆیدا دەگەڕا ڕەنگە پەیداکردنی نان ئامانجی سەرەکی بووبێ بەڵام ئازادی بەشی دانەبڕاوی سرشتی بوو. ئینسان بە بێ ئازادی هیچ نییە. ئازادی‌ خودی نان و کەرامەتە. کە ئازادیت هەبوو نانیشت هەیە، کە ئازادیت نەبوو نانیشت هەبێ بەختەوەر نی. ئازادی هەستی بناخەیی و ئارکاییە. کاتێک دەوری قەڵا درا و خانی لەپ‌زێڕین و سپای کوردان شکان، ژنانی قەڵا خۆیان هەڵداشت، نەک تەنیا لەترسی هەڕەشەی سێکسوال و گەوەرکردنی منداڵی داگیرکەر لە دامێنی خۆیاندا، بەڵکوو بەخاتری ئەوە ئەوان سروشتیترین بەشی ئینسانی خۆیان واتە ئازادیان لەدەست دەدا. ئینسانێکی ئەسیر چییە زیاتر لە کەسێک کە لە زێدی خوی هەڵدەقەندرێ و دیبەنە "وڵاتی دەغەریبێ" کە لەوێ هەموو شتێکی لە دەست دەدا؛ زمان و پێوەندییەکانی کۆمەڵایەتی. ئەو ئەسیر و تەبعیدکراوە لە غەریبی و تاراوگەدا نەک ئیتر هەر ئازاد نییە بەڵکوو ناچار دەکرێ زمانی بێگانە فێربێ و لەگەڵ بێگانە هەستێ و دانیشێ و دەستی تێکەڵی بێگانە بکا. ژنانی قەڵای دمدم خۆیان هەڵداشت تا مەرگ لەبەرامبەر تەبعید و تاراوگە و ژێردەستی دا هەڵبژێن. ئەوان ئازادیان پێش نان هەڵبژارد. دوکتور ڕەهبەر مەحموودزادە لە کتێبی پڕبایەخی خۆیدا، پێکهاتەی بەیتی کوردی، ئاماژە بەوە دەکا کە ئوستوورە لەسەر گێڕانەوەیەکی ناتەواو دامەزراوە و گێڕانەوەکان هەر جارەو تووشی ئاڵۆگۆڕ دەبن. مەحمووزادە بەردەوام دەبێ و دەنووسێ "بەیت ئوستورە نییە، بەڵام [...] تا ڕادەیەک، لەگەڵ ئوستوورە خاوەنی تایبەتمەندی هاوبەشە. سروشتی ناتەواویی گێڕانەوە، لە هێندێک بەیتدا، زۆر و کەم وە بەچاو دەکەوێ و بەم شێوەیە لەم بەیتانەدا، دیاردەی لادان لە مەنتیقی مەجازی دەکەوێتە بەرچاو." بەیتەکان، وەک ڕەوایەتی ئارکایی و ئوستوورەیی هەموو گەلانی دیکەی دنیا تووشی گۆڕان و ناتەواوی دێن بەڵام چونکە سەروکاریان لەگەڵ بناخەیترین ڕا، نەست و هەستەکانی ئینسانە، بە هەموو کەم و کوڕییەکانیان لەسەر نەستی نەوە لە دوای نەوە کاریگەرییان هەیە و هەنووکە چوارسەد ساڵ دوای شەڕی دمدم و دەسەڵاتی خانی لەپ‌زێڕین و خۆهەڵداشتنی ژنانی قەڵا ئەو پرسیارە لەخۆمان دەکەین ئەگەر ئێمە هەر ئەمڕۆکە بکەوینە دۆخی ئەوان چ هەڵدەبژێرین، نان و ژیانی ژێردەستی یا ئازادی؟ سەید قادر هیدایەتی لە وتاری خۆی لە سەمپۆزیۆمی «پەخشانی کوردی: ڕەوتی گەشە، تایبەتمەندی و کێشەکان» دا باس لەوە دەکا کە بۆ خۆێندنەوەی مێژوو و ڕووداوەکان دوو ڕوانگەمان هەیە: ۱.  گەشەکردن و تەداوم کە بریتیە لە زنجیرەیەک لە ڕووداوەکان کە بە دوای یەکدا دێن و ڕووداو و کتێبەکان لە دڵی یەکتر دا لە دایک دەبن، ۲.  کەمینەیەک کە باوەڕییان بە "گسست" و دابڕان هەیە. وەک فۆکۆ و هێگێل و بێنیامین. بۆ وێنە هێگێل پێیوایە هەر تەحەولێک لە دابڕان و گۆسەست دا دروست دەبێ. یا فۆکۆ بۆ تەبیینی دابڕان و گۆسەست کەڵک لە وشەی "دگردیسی" وەردەگرێ. دێگەردیسی جۆرێک گۆڕانە کە هێندێک ماک و عەناسوری پێشتر لەگەڵ خۆی دێنێ بەڵام بەگشتی قەوارە و شکڵ و سەروچاوی دیاردەکە دەگۆڕدرێ. فۆکۆ پێیوایە شناخت و مەعرفە بروسکەئاسایە. هیدایەتی بەردەوام دەبێ و دەڵێ کە بە بازدان دەتوانین خۆمان بە نەتەوەکانی دی بگەێنین و بە بێ "تیۆری دابڕان" ناتوانین هێندێک ڕووداو تەوجیە بکەین. بۆ وێنە بە بێ تیۆری دابڕان ناتوانین هێندێک ڕۆمان و ڕووداو شی بکەینەوە. هیدایەتی لە باسی خۆیدا سەبارەت بە نەسری کوردی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: "هەر جۆرە باس کردنێ ک لە نەسری کوردی بە بێ باسکردن لە بەیت و ئەدەبیاتی زارەکی ناقسە." ئینجا هیدایەتی بەیتەکان لەباری ڕاوێژ و لەحن بە چەند جۆر دابەش دەکا: بەیتی دینی وەک زەمبیل فروش، بەیتی حەماسی و ئارکایی وەک دمدم، بەیتی ئاشقانە وەک مەم و زین، بەیتی شینگێری وەک سەیدەوان بەیتی گاڵتەوگەپ وەک بەیتی گۆڵەبۆر و پیوازان. بەیتی قەڵای دمدم لەباری زمان و گێڕانەوە، کێشەی کوردان و سەفەوییەکان، حەشاردانی خانێک لە قەڵا و تووڕەبوونی سەفەوییەکان بەوە، چۆنییەتی ژیانی ناو قەڵا، جیاوازی ئایینی کورد و سەفەوییەکان و هتد شایانی لێکۆڵینەوەیە. ئەمن لێرەدا تەنیا ویستم ئاماژەیەک بە ئوستوورەیەکی ناتەواوی کوردی بکەم کە چۆن لەسەر هەست و ڕوانگەی ئیمە بۆ جۆری ژیانمان کاریگەرە و ویستم ئەو بەشە بەجەستە بکەمەوە کە هەم لە خودی بەیتەکەدا زۆر کەم ئاماژەی پێکراوە و هەم خوێندنەوەکان تەنیا لە چوارچێوەی "ترس لە دەستدڕێژی داگیرکەرانی سەفەوی بە ژنانی قەڵا"دا قەتیس‌ ماونەتەوە. خۆێندنەوەی بەیتی کوردی و بەتایبەت قەڵای دمدم تەنیا بە تیۆری دابڕان و دێگەردیسی دەکرێ. بە ڕوانگەی دابڕان دەتوانین بزانین کە ئەم ژنانە خۆیان هەڵداشت تا بە ئازادی بگەن و لە ڕێگای مەرگ بۆ ئازادی بە بێ ئەوە خۆیان بزانن بوونە ئوستوورە و فیگوری ئارکایی، و ئێستا چوارسەو ساڵ دواتر ئێمە دەمانهەوێ بەقەد تاڵە قژێکی ئەوان نەترس بین. هەر بۆیە چوارسەد ساڵ دواتر هاوشێوەی ئەو کارەی ژنانی قەڵا کردیان هەندێک پیاوی شۆڕشگێڕی کورد له مەیدانی شەڕدا کردیان تا وەک دایکانی مێژوویی خۆیان نەکەونە دەست داگیرکەر. ژنانی قەڵای دمدم ئێمەیان فێری مەرگ لە پێناو ئازادی دا کرد تا وەک پۆلە کۆترێکی باڵدار بەرەو تەشقی ئاسمان بفڕین بەڵام نانی زیندوویی داگیرکەر نەخۆین: ئەوە كێ بوو لەبەر ژنی گاوانی ئەو تەگبیرەی دەكرد بۆ خانمەكانی دەیكوت وەرن ئەمە بچینە سەر قەڵاتی دمدمی خۆ هەڵدێرین پێنسەد كەوانی ئەوە لەبەر پۆلە خانمی دە چاو خومارە ئەوان لە ئەستۆی خۆیان شل دەكردەوە هیزارە هاواریان دەكرد یا پەروەردگارە لە قەڵاتی دمدمی خۆیان هەڵداشتە خوارە بە حوكمی خودای دەبوونەوە پۆلە كۆترێكی باڵدارە   سەرچاوەکان: Fasans Makt, J. Kristeva ڕۆمان و نەتەوە. د. هاشم ئەحمەدزادە پێکهاتەی بەیت کوردی، د. ڕەهبەر مەحموودزادە سەمپۆزیۆمی پەخشانی کوردی، ڕەوتی گەشە، تایبەتمەندی و کێشەکان، زانکۆی کوردستان، کۆلێژی زمان و وێژەی کوردی. خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاوی. لە تێلێگڕامی ڕاڤە وەرگیراوە بەیتی دمدم