کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قازی محەممەد پێشەوای «دامەزراوە (نھاد) سازی»ـی کوردی

03:24 - 12 خاکەلێوه 2720

لە سەردەمێکدا کە بەشی زۆری دامەزراوە حکوومەتییەکانی ڕێژیمی پەھلەوی دوای شەڕی دووھەمی جیھانی و داگیرکردنی ئێران لە لایەن دوو زلھێزی ئەو سەردەمەدا ھاتبوونە ھەڵوەشانەوە و، لە بنەمادا پێش ئەو ڕووداوانەش بەدەر لە دامەزراوە حکوومەتییەکان شتێک بە ناوی دامەزراوەی ناحوکمی بوونی نەبوو، لە کوردستانی وەدواخراو و لە کاتێکدا هێشتاش نیزامی ئەرباب و ڕەعیەتی بەشێکی ھەرە گرینگی (نیزامی قشر بەندی) کۆمەڵگەی کوردیی پێک دێنا و، ھیچ "موناسباتێکی" کۆمەڵایەتیی بەدەر لەم شێوەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا لە ئارادا نەبوو و نەشیدەتوانی شکڵ بگرێ، کۆماری کوردستان وەک گرینگترین و مەزنترین دامەزراوەی کۆمەڵایەتی-سیاسیی کورد تا ئەو سەردەم لەسەر بنەمای دامەزراوەیەکی دیکەی نوێی کورد، واتە حیزبی دێموکرات و نیزامی حیزبایەتی وەک بەردی بناغەی دەسەڵاتی کۆماری و دامەزراوەخواز پێک دێ. ئەگەر کۆماری کوردستان وەک دامەزراوەیەکی مەزن لەسەر بنەمای دامەزراوەیەکی دیکە بە ناوی حیزب شکڵ دەگرێ، بۆخۆیشی دەبێتە ھەوێنی و بنەمای ھێندێک دامەزراوەی دیکەی وەک؛ 1- «سوپای میللی کوردستان»،٢- سیستمێکی قەزایی سەربەخۆ،۳- «کومیتەی یایە» بە هەوڵ و سەرپەرستیی هاوژینی پێشەوا؛ مینا خانم، ٤- نیزامی پەروەردە لەسەر بنەمای زمانی کوردی، ٥- هەوڵ دان بۆ لابردنی ھەندێک نەریتی کۆنی بنەماڵە بۆ سەقامگیر کردنی نەھادی بنەماڵە لەسەر بنەماکانی دنیای مودێڕن وەک ژن بە ژنە و ژن هەڵگرتن و ...، ٦- «ڕۆژنامەی کوردستان» و ھێندێک بڵاڤۆکی دیکە کە دواتر بوونە ھۆی درێژەدار بوونی ئەو جۆرە لە کاری فەرھەنگی لە کوردستاندا، ٧- بە فەرمی کردنی «سروودی ئەی ڕەقیب» وەک سروودی نەتەوەیی کورد کە ئێستاش بۆتە ھۆی گرێدانەوەی سەرجەم بەشەکانی کوردستان و ھەندێک دامەزروەی دیکە، کە تا ئەو دەم لە ژیانی کۆمەڵایەتیی کورددا نە تەنیا وێنەی نەبوو بەڵکوو توانی وەک شۆڕشێک چەند کاریگەریی گرینگی لە سەر کۆمەڵگەی کوردی و ڕەوتی سیاسیی کوردستان ھەبێ. هەندێک لەو کاریگەرییە گرینگانە بریتین لە؛ ئەلف: توانی کەلێنێکی گەورە بخاتە نیزامی قشربەندیی کۆمەڵایەتیی کوردستان لە ھەرێمی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا و زەمینەیەکی لەبار بۆ گۆڕانکارییەکانی دوایی لە ژیانی کۆمەڵایەتیی کورد پێک بێنێ، بە شێوەیەک کە نیزامی ڕیشەداری دەرەبەگایەتی لە داھاتوودا بە کەمترین کێشە ھەرەس دێنێ و کەلێنی ھەڵوەشانەوەی ئەم سیستمە کۆمەڵایەتی یا نیزامە چینایەتییە بە ھەبوونی دامەزراوەیەکی وەک حیزب و باقیی ئەو نەھادانە کە دامەزران، نابێتە کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی لە ئێرانی سەردەمی گۆڕان و شۆڕشدا. وەک دواتر دەبیندرێ دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە پەنجاو حەوتدا، هەوڵێک دەدرێ بۆ بووژاندنەوەی ئەم نیزامە چینایەتییە کە ھەبوونی حیزب وەک دامەزراوەیەکی نوێی کۆمەڵایەتی بە کەلکوەرگرتن لە تایبەتمەندییەکانی خۆی دەبێتە بەربەستێک بۆ ئەم جموجۆڵانە. ب: گرینگترین کاریگەریی ئەو دامەزراوە سازییانە لەو سەردەمەدا ئەو کاریگەرییەیە کە لەسەر کۆمەڵگەی کوردیی داناوە، بە چەشنێک کوردستان وەک ڕێکخراوترین بەشی ئێران ناوی دێت. چون کورد ئەزموونی دامەزراوە سازیی بووە و توانیویەتی خۆی لە چوارچێوەی دامەزراوە و ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکان بە پێچەوانەی ئێران کە دەگوترێ کۆمەڵگەیەکی "تەحەززوب گوریزە" و کەمتر بە ڕێکخراوە دەبێ، ڕێک بخا. دەبیندرێ دوای ھەرەسھێنانی کۆماریش ئەو دامەزراوانە ھەر ماونەتەوە و بە ڕەنگ و بۆنی تازەوە لە ساحەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورددا بوونیان ھەیە. ج: ئەم دامەزراوانە لە چوارچێوەی ئەندێشەی پێشەوا و کۆمارەکەیدا توانیویانە ڕۆحی نەتەوەخوازی زیندوو ڕاگرن و، بۆتە ھۆی ئەوەی‌کە شوناسی کوردی وەک نەخشە ڕێگەی ئەم ساڵانەی دوای کۆمار ڕۆحی زیندووی نەوەکانی کورد بێت. د: ئاسان کردنی وەرگرتنی واتا و باوەڕە نوێ و دێموکراتیکەکان لە کوردستانێکدا کە بە چەند قات دواکەوتووتر بوو لە شوێنەکانی دیکەی ئێران، ئەو باوەڕانەی کە ئێستا مایەی شانازیی نەتەوەیی کوردن لەم بەشەی کوردستان و ئێراندا. دیارە کۆماری کوردستان و حیزبەکەی وەک دامەزراوە و سیستمێک ئەرک و کاری خۆیان بەجێ گەیاندووە، بەڵام بەشی ھەرە زۆری ئەو شتانەی وەک دامەزراوە و بەرھەمەکانیان دەبیندرێ لە چوارچێوەی ئەندێشەی پێشەوا وەک پێشەوای ئەم ڕەوتە لە ژیانی کۆمەڵایەتیی کورددا بووە، پێشەوایەک کە باوەڕی بەو پرەنسیپ و بنەمایانە بوو کە دواتریش کۆمەڵگەی کوردی لەم بەشەی کوردستاندا بە دوایدا ڕۆیشت و ڕاست ئەو بنەما و چەمک و پرەنسیپانەن کە شانازیی نەتەوەیی ئەم گەلەن. وەرگیراو لە لاپەڕەی تایبەتی نووسەر