کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەسیجی سایبێریی ڕێژیم

22:34 - 15 خاکەلێوه 2720

زۆریەک لە ئێمە هەواڵی کامێنت نووسە هەشت هەزار تمەنییەکان و لەشکری بەسیجی سایبێریی نێو دنیای مەجازییمان بیستوە. ئەمانە گرووپ گەلێکی جۆراوجۆرن کە کاری سەرەکییان لەسەر تێلێگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تر بریتییە لە: کامێنت دانانی بە لێشاو و بە کۆمەڵ لەسەر بابەتەکانی دژبە ڕێژیم، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بە کۆمەڵ و ناڕاست بە مەبەستی داخستنی پێگە ئینتێرنێتییەکانی جیابیران و ڕەخنەگرانی نێوخۆ و بە گشتی هەر جۆرە چالاکییەکی بەسیجییانە لە چوارچێوەی فەرمانی بەڕێوەبەرانی سایبێریی ڕێژیم. هەندێک لەم گرووپە بەسیجییانە خۆیان وەک ئەفسەرانی شەڕی نەرم دەناسێنن کە بە پێچەوانەی وڵاتانی پێشکەوتوو کە دەوڵەتەکانیان هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە بڵێن هاووڵاتییانیان بە خواست و مەیلی خۆیان لەنێو دنیای مەجازیدا چالاکن، بەڵام لە ئێراندا بۆ ئەم جۆرە گرووپ و کەسانە مووچە و ئیمتیازی تایبەت دیاری کراوە و ڕێوڕەسمی ڕێزلێ‌گرتنیان بە بۆنەی چالاکی و بەشدارییان لە شەڕی نەرم و بەرگریی سایبێری، لە لایەن ئۆرگانە نیزامییەکانی بەسیج و سپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەچێ. ئێستا ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیم پێی خۆیان لەمەش درێژتر کردوە و بە وتەی ڕاگەیەندنەکانی خۆیان تەشکیلاتێکی ١٨ هەزار کەسییان بە ناوی "گوردانەکانی بەسیجی سایبێری" دروست کردوە. ئەگەر بابەتی فیلتێرینگی زیرەکمان لە بیر مابێ کە بڕیار بوو نەرمامێرێکی زۆر بەهێز و تایبەت دروست بکەن کە توانایی ئەوەی هەبێ وێنەی بێ‌ڕووپۆشی ژنان، فیلتێر بکا و وێنەی "حەڵاڵ" نیشانی کاربەران بدا؛ نەرمامێرێک کە بە دەیان میلیارد تمەنی تێچوو هەبووە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا وەک خەیاڵێکی وەهمی و بێ‌ئاکام ماوەتەوە. ئێستا لە جێی ئەم نەرمامێرە، ١٨ هەزار بەسیجی سایبێرییان ئەرکدار کردوە کە لەنێو تۆڕی ئینتێرنێتدا بگەڕێن و بابەتە حەرامەکان بدۆزنەوە، تا گرووپێک بە ناوی (گرووپی کاریی دیاریکردن و ناساندنی دەق و نێوەرۆکی تاوانبارانە) بڕیار لەسەر فیلتێرکردن و داخستنی هەژمار، کاناڵ یان پێگە ئینتێرنێتییەکان بدەن. وردبوونەوەی زیاتر لە سیاسەت و کردەوەکانی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ دنیای مەجازیدا، وەبیرمان دێنێتەوە کە ٢٠ ساڵ سیاسەتی فیلتێرینگ و خەرجکردنی میلیاردها دۆلار بۆ فیلتێرکردن لەسەر بنەمای ناوی (پاشگر، پۆرت، وشەی کلیلی، سێرڤیزی ڤی‌پی‌ئێن، ئای‌پی ئەدرەس) و هەموو تێکنیکە زیرەک و نازیرەکەکانی تر و گوشار خستنە سەر شیرکەتە نێونەتەوەیی و سەدان شێوازی جۆراوجۆری تر، گۆڕدراوە بۆ دامەزراندنی هەزاران کەس کە لە بەرامبەر گەڕان لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دۆزینەوەی بابەتەکانی دژبە یاسا و ڕێساکانی ڕێژیم و پاشان ڕاپۆرتی ناو و پێناسەی کاربەر و خاوەن کاناڵ و ماڵپەڕەکان، بڕیارە مووچە وەربگرن. بەڵام ئەم خاڵانەی ئاماژەیان پێ کرا، دەربڕی هەموو داستانەکە نییە، چونکە سیخوڕی کردن و گەڕان بە دوای بە وتەی خۆیان، نێوەرۆکە "ناشەرعی و حەرامەکان" تەنیا بەشێکە لە ئەرکی بەسیجە گیان فیدا سایبێرییەکانیان. بە گەڕانێکی سەرپێیی لەنێو گووگڵدا، دەتوانین هەزاران لاپەڕە بە ناوەکانی (قەرارگای دنیای مەجازی، گوردانی سایبێری، پایەگای مەجازی) و زۆر ناونیشانی هاوشێوە بدۆزینەوە کە زۆرێک لەمانە ئۆرگانی فەرمیی ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. بەشێکی تر لە ئەرکە سایبێرییەکانی ئەم گرووپە مەجازییانە بریتین لە: سیخوڕی و چاودێریی جیابیران، چالاکانی مەدەنی و بە تایبەت بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان. لەم پێوەندییەدا، ئەم گرووپە سایبێرییانە هەم بەردەوام ڕاپۆرت بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم دەنێرن و هەم ڕێنوێنییان لێ وەردەگرن. ئەگەرچی هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لە ئێراندا ئامادە نییە بوودجەی ئاشکرا و نهێنیی چالاکییە سایبێرییەکانی بەسیج و قەرارگاکانی تری سەر بە سپا باس بکا، بەڵام کارناسان تەنیا بەشێک لە بوودجەی چالاکییە (سایبێری-بانگەشەییەکانی) قەرارگایەکی وەک (عەممار) و قەرارگاکانی تری تایبەت بە فەزای مەجازی لە وڵاتدا، بە زیاتر لە ٣ هەزار میلیارد تمەن بەراورد کردوە. بوودجەیەک کە دە بەرامبەری هەموو ئەو بوودجەیەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو (تۆز و خۆڵەی) کە ناسراون بە (ڕیزگەرد) و هەناسە هەڵکێشانی میلیۆنان کەسیان لە پارێزگاکانی باشووری ڕۆژئاوای ئێران تووشی کێشەی جیدی کردوە. هەر بە پێی ئەو ئامارانەی بە دەستمان گەیشتوە، تەنیا لە کوردستان، تێچووی مادیی ئەو گرووپە سایبێرییانە بۆ چاودێری و سیخوڕی کردنی بزووتنەوەی سیاسی و چالاکانی مەدەنیی کوردستان، زۆر زیاترە لە بوودجەی هەموو ناوەندە پەروەردەییەکان. بە پێی ئەو بەڵگانەی لە بەردەست دان، "جیهادی سایبێری" لە ئێراندا، بۆتە جۆرێک لە کار و بازرگانی کە قازانجێکی زۆری تێدایە. کاتێک کە بۆ دروستکردنی ئەنیمەیشێنێکی ئاسایی، سەرەتایی و ویلایەت پەسەند، دەتوانی چەند بەرابەری مووچەی چەندین ساڵەی مامۆستایەکی زانکۆ وەربگری، لێرەدا ترسی ڕێژیم لە پێوەندییەکانی نێو دنیای مەجازی و بە فیڕۆدانی سامانی وڵات ئاشکراتر دێنە بەرچاو. ١٨ هەزار بەسیجی چالاک لە نێو فەزای مەجازیدا، کۆمەڵێک مرۆڤی بێ‌کەلک و مشەخۆرن کە ئەوانیش وەک هەموو بەرپرس و ڕێبەرە جەنایەتکار و تاڵانچییەکانیان، بوونەتە ئافەت و بەڵا بۆ گیان و سامانی کۆمەڵگەی ئێران. سەرچاوە: ماڵپەڕی "تەوانا"