کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان خۆی بەڕێوە دەبا

22:38 - 15 خاکەلێوه 2720

هەر لە یەکەم ساتەکانی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەیدابوونی  پەتای کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان، لە کەس شاراوە نەبوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر لەوە بێ‌تواناتر، نابەرپرسیارتر و بێ‌لیاقەتترە کە بتوانێ خەڵک بپارێزێ. کاربەدەستانی ڕێژیم هەر لە سەرەتاوە بە درۆکردن لە گەڵ خەڵک و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و کەمتەرخەمبوون بەرانبەر بە گیانی خەڵکی وڵات، نیشانیان دا کە لەم قەیرانەشدا ئەوەی بۆیان گرینگ نیە، خەڵک و سڵامەتیی کۆمەڵگەیە. بۆیە خەڵک بێ ئەوەی چاوەڕوانی "قیمەت" و "هیمەت"ی ئەم ڕێژیمە بن، بە وەڕێخستنی کەمپەینی جۆراوجۆر هاوکاری و خۆپاراستن، قۆڵیان لە بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم پەتای پڕمەترسییە جیهانییە هەڵماڵی. کوردستان، وەک هەمیشە درەوشایەوە و بە بەکارهێنانی چەکی "یەکگرتوویی" و "هاودڵی" بەربەرەکانیی دژ بە هەر دوو پەتای  "کۆرۆناویرووس" و "ڕێژیم‌ویرووس" دەست پێکرد. لە ماوەی کەمتر لە چەند ڕۆژدا و دوای بڵاوبوونەوەی پەیامی هێز و لایەنە سیاسییەکان، کۆڕوکۆمەڵە مەدەنییەکان، پزیشکانی دڵسۆز و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، خەڵک بە مانەوە لە ماڵەکانیان پێش هەموو شتێک یەکەم هەنگاوەکانی خۆپاڕاستنیان هەڵێنایەوە. ڕێژیم کە هەر لە یەکەم ڕۆژەکاندا تەنانەت توانای گەیاندنی ماسک بە خەڵکیشی نەبوو، بە دەیان کەس لە خەیات و بەرگدرووەکان کارەگە چووکەکانیان تەرخان کرد بۆ درووستکردنی ماسک و دابەشکردنیان بە نێو خەڵکدا. بە دەیان گرووپی خۆڕسک درووست بوون کە خەڵک لە خۆپاراستن ئاگادار بکەنەوە و داوایان لێ بکەن لە ماڵەکانیان بمێننەوە. هاوکاتبوونی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە لە گەڵ نزیکبوونەوە لە نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵ کە بە لای خەڵکی کوردستانەوە وەرزی خۆشی و سەیران و گەڕان و بەڕێوەبردنی جێژنە، بەسە بۆ ئەوەی بزانین کە بڕیاری مانەوە لە ماڵەکان و خۆبواردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەوڕۆز و سەری ساڵ و پەکخستنی دیداری خزمان، چەندە سەخت و دژوارە. خۆقەرەنتینەکردن لە ماڵان و پەکخستنی کار و کاسبی لە کوردستان ئەویش لەو هەلومەرجە ئابوورییەی کە لە سایەی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بە سەر خەڵکی وڵاتدا زاڵە، هەروا ئاسان نەبوو و نیە. بۆیە هەر وەک لە پەیامی زۆرێک لە حیزبەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستاندا پێداگری لەسەر کرابوو، بەخۆشییەوە زۆرێک لە خەڵکی دەستڕۆیشتووی کۆمەڵگەی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆری وەک؛ تەرخانکردنی پوڵ و پارەیەکی بەرچاو بۆ سازکردنی ناوەندگەلی تەندرووستیی وەک نەخۆشخانە، خۆپاراستنی لە وەرگرتنی کرێ ماڵ و کرێ دووکان و وەرگرتنی قیستی مانگانە و یارمەتیدان بە کەمپەینەکانی بەربەرەکانێ لە گەڵ پەتای کۆرۆنا و هاوکاریکردنی کەسانی دەستەنگ، ئەرکی خۆیان بەجێ گەیاند و لێی بەردەوامن. هەر لەم پێوەندییەدا چالاکانی مەدەنی لە چوارچێوەی کۆڕوکۆمەڵە مەدەنییەکاندا بە وەڕێخستنی دەیان کەمپەینی جۆراوجۆری وەک؛ کۆکردنەوەی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک، ڕشاندنی کۆڵان و شەقامەکان بە ماددەی دژە ویرووس، گەیاندنی ماسک و شت و مەکی دیکەی بێهداشتی بە خەڵک و، هاندانیان بۆ مانەوە لە ماڵەکانیان وەک هەمیشە پشت و پەنای خەڵک بوون و هەن و لە پێناو سڵامەتیی گەل و نیشتماندا خزمەت دەکەن. لەم نێوەدا ڕۆڵی پزیشکان و پەرەستاران و بە گشتیی کادری دەرمانیی بیمارستانەکان و ناوەندە بێهداشتییەکان بۆ هەمیشە شانازی پێوە دەکرێ. ئەوان جیا لەوەیکە لەو ماوەیەدا دوورییان لە ماڵ و خێزانی خۆیان تەحەممول کردوە و دەیکەن، ئامادەبوون و هەن کە بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانانیان، سڵامەتیی خۆیان بخەنە مەترسییەوە. هەر لەم پێوەندییەدا زۆر بوون ئەو پزیشکە بەرێز و دڵسۆزانەی کە لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ویدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زانیارییان لە سەر چۆنیەتی خۆپاراستن لە تووشبوون بە کۆرۆنا بڵاو دەکردەوە. ئەوان بەوپەڕی بێ‌ئیمکاناتی و، زۆر جاران بە دەستی بەتاڵ هەموو هەوڵی خۆیان دا و لێی بەردەوامن کە هەر وەک ئاماژەی پێ‌کرا گیانی هاونیشتمانەکانیان بپارێزن. *** ئەوەی ئاماژەمان پێکرد تەنیا زەڕەییەک لەو ئیرادە ئینسانی و نەتەوەییەن کە ئەمڕۆژانە ئێمە لە شار و ناوچەکانی کوردستاندا دەیبینین. نموونەی ئەوەی لە کوردستان بەڕێوە دەچێ لە وڵاتان و لەنێو گەڵانی دیکەشدا هەن و دەیانبینین، بەڵام ئەوەی لە نیشتمانی ئێمە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێ، شتێکی دیکەیە. ئەوەی گەلانی دیکە لە کۆمەڵگەکانی دیکە و لە زۆرێک لە وڵاتاندا دەیکەن، لەگەڵ ئەوەی لە کوردستانی ئێمەدا دەکرێ زۆری جیاوازی و تەوفیر هەیە. لەوانی دیکەدا دامەزراوەیەکی دێموکراتیکی خەڵکی هەیە بە ناوی "دەوڵەت" کە بە سەدان دامەزراوەی دیکەی ژێرکۆی خۆیەوە، بە هاوکاریی دەیان دامەزراوەی مەدەنی کە بە فەرمی ناسراون و مۆڵەت و پشتیوانیان هەیە کار دەکەن. بەڵام لە کوردستان ڕێژیمێکی نادێموکراتیکی داسەپاوی بێ‌مەسئولییەت هەیە کە نەتەنیا گیان و ماڵی خەڵکی بۆ گرینگ نییە، بەڵکوو گیان و ماڵی هەموو ئەو کەسانەشی کە دەیانهەوێ بە دەستی بەتاڵ و تەنیا بە پشتی بەستن بە ئیرادەی خۆیان خزمەت بە خەڵک بکەن، خستۆتە مەترسییەوە. ئەوەی ئەمڕۆژانە لە وڵاتان و لەنێو گەلانی دیکەدا دژ بە پەتای کۆرۆنا دەکرێ، پشتیوانەیەکی زەبەلاحی مادی، سیاسی، ئەمنیەتی، دەرمانی و میدیایی لە پشتە کە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشمانیی تیایدا هاوسانە بە مانای پاراستنی خەڵک و وڵات لە هەموو جۆرە بەڵایەک. بەڵام ئەوەی ئەم‌ڕۆژانە لە کوردستان لە ئارادایە، هەوڵێکی ئازایانەی میللەتێکی دەست بەتاڵی بەڵام خاوەن ئیرادەیە، بۆ خۆپاراستن لە دوو بەڵا و پەتای گەورە بەناوی ویرووسی کۆرۆنا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەر دووکیان هەرکام بەجۆرێک سڵامەتی و ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەم میللەتەیان خستۆتە مەترسییەوە. لە بەراوەردی ئەوەی ئەم‌ڕۆژانە لە کوردستانی ئێمە و وڵاتانی دیکەدا دەگوزەرێ، جێی خۆیەتی وەک هەمیشە بە چاوی هیوا و دڵخۆشییەوە بڕوانینە خەڵکی خۆمان. کۆمەڵگەی کوردستان بەتایبەت لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە کە خۆڕێکخستنێکی جەماوەری تیایدا شکڵی گرتووە کە دەکرێ خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ بکرێ. بۆ خۆشییەوە کۆمەڵگەی کوردستان – بەپێچەوانەی هەموو ئەو هەوڵانەی کە لە لایەن سیستەمی دژی‌گەلییەوە بۆ کپکردن و بێ‌تەفاوەتبوونی درا – لەسەر ئەساسی ئەو وشیارییە سیاسی و نەتەوەییەی کە هەیەتی، کۆمەڵگەیەکی لەسەر هەست و لەسەر پێیە. وەک زۆر جار باسی لە سەر کراوە، بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان کە کۆڵەکە ئەساسییەکانی لە سەر هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی لە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی چارەنووس، بنیات نراوە، پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە خەبات و تێکۆشانی فرەڕەهەنددا هەیە کە هەر هەموویان جێی شانازی پێوەکردنن. ئەوەی لەم قۆناغە لە خەباتی جەماوەریی خەڵکی کوردستاندا خاوەنی زۆرترین کاریگەری لە سەر رێکخستنی ڕەفتارەکانی خەڵکە، کۆی ئەو جموجۆڵانەیە کە لە نێوخۆی وڵات و لە نێو کۆمەڵگەدا بوونی هەیە. بە خۆشییەوە یەکانگیربوونی خەبات و تێکۆشانی چالاکان و رێکخراوەکانی نێوخۆی وڵات لە چوارچێوەی جموجۆڵی مەدەنی، لەگەڵ خەباتی سیاسیی حیزبەکان، هێزێکی تۆکمە و پتەوی بە جۆری خەباتی جەماوەری لە نێوخۆی وڵات بەخشیوە. درووستبوونی ئەم متمانەپێکردنە لە نێوان بەستێنە جیاوازەکانی خەباتدا، دیاردەیەکی بەهێزی لە "یەکڕیزی و یەکگرتوویی" لە نێو کۆمەڵگەی کوردستاندا درووست کردوە کە بەخۆشییەوە نەتەنیا هەستی پێ دەکرێ، بەڵکوو بە تەواوی بۆتە هۆکارێکی سەلمێندراو بۆ بوونی ئەو نیزامە خۆبەرێوەبەرییەی کە ئێمە لەم زەمەنە لە خەباتی نەتەوەکەماندا بە ڕەفتاری کۆمەڵگەی کوردستانەوە دەیبینین.