کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ساڵی ١٣٩٨دا

22:41 - 15 خاکەلێوه 2720

کوژران و بریندار بوونی ٢٤٠ کۆڵبەر، گرتنی ٨٥٤ چالاکی سیاسی، ئێعدامی ٤٦ بەندی و خۆکوشتنی 253 کەس لە کوردستان لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا   (کۆبەندی ڕاپۆرتەکانی وەرزانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی پێشێلکرانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)     لە درێژەی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگای قەزایی و دامودەزگا سیاسی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٨ هەتاویشدا لانیکەم ١٦٢١ حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕووی داوە. با بەخێرایی چاوێک بەسەر چەند حاڵەتێکی زبری پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەم ساڵەدا بخشێنین:   کۆڵبەرکوژی لە کاتێکدا کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانە، لە ماوەی ئەم ساڵەدا ٢٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو ٢٤٠ قوربانییەی ئەمساڵ ٧٣ کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ١٦٧ کەسیش بریندار بوون. کوژران و برینداربوونی ٢٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ساڵی ٩٨ی هەتاوی لەحاڵێکدایە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی پێشتریشدا ٢٤٢ کۆڵبەر و کاسبکاریان دابووە بەر دەستڕێژی چەکەکانیان. هەر لە پێوەندی لەگەڵ رەفتار و کارنامەی کوردکوژیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانبار لاوێکی خەڵکی گوندی "سیس" سەر بە شاری دێولان لە پارێزگای سنە بە ناوی ”نادر کەریمی“ لەکاتی ڕۆشتن بۆ هەرێمی کوردستان و  لەلایەن سپای پاسدارانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و کوژراوە. ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانباریش، لە نزیک چۆمی "سۆفی ئاوا"ی شاری "جوانڕۆ" تەرمی یەکیک لە خۆپیشاندەرانی ئەو شارە بە ناوی "هاشم مورادی" دۆزراوەتەوە. بە پێی زانیارییەکان لە کاتی دۆزینەوەی جەستەی بێ گیانی ئەم شارۆمەندە کوردە، جێگای ئەشکەنجە بە ڕوونی بە جەستەیەوە دیار بووە. ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ی بەفرانبار تەرمی “سەردار ئەعەزەمی” خەڵکی بەخشی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشان، لە زێدی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە. سەردار ئەعەزەمی ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر و لە ڕەوتی  خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئێران لە شاری پەرەند سەر بە پارێزگای تاران ون ببوو و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نەبوو. حەوتوویەک دواتریش تەرمی نادر ڕەزایی ئابتاف، خەڵکی کرماشان پاش گیان لەدەستدان لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێراندا ڕۆژی ٨ی بەفرانبار ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و بە خاک سپێردراوە.   ڕەشبگیر و گرتنەکان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٨دا ئەوەندەی سەرچاوەکانی هەواڵ پشتڕاستیان کردۆتەوە و دەستیان بە زانیارییەکان ڕاگەیشتووە، ٨٥٤ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. هەروەها لە ڕەوتی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەر لە کوردستان دەیان کەس کوژران کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و نیشانی لانیکەم ٤٥ کەس لەوانی تۆمار کردوە. لەو ٨٥٤ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ٢٠١ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ تا سزای درێژخایەنی ٣٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە و سەرجەم ١٠٤٠٢ مانگ (٨٦٦ ساڵ و ١٠ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها ٢ بەندکراوی کوردیش بەتۆمەتی موحاربە و ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و ٥ بەندکراوی کوردیش لەژێر ئەشکەنجە یان بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە گرتووخانەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیانیان لێ ئەستێندراوە. شایانی باسە لە ماوەی ساڵی ١٣٩٧یشدا لانیکەم ٦٤١ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە لایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕێژیم گیرابوون.   ئێعدامەکان ئاماری ئێعدامەکان لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٨دا لانیکەم ٤٦ کەس بووە کە ‌به‌پێی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد له‌ ئێران و ئاماری ئێعدامه‌کان له‌و وڵاته‌، له‌و بوارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشدا کورد هه‌ر به‌شی شێری به‌رکه‌وتووه‌. بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەی لە ساڵی ١٣٩٨ لە کوردستان ئێعدام کراون، بەتۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی بەئانقەست لەدار دراون. دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ساڵی ڕابردووش لانیکەم ٤٩ زیندانیی کوردی لەدار دابوو کە شەش کەسیان زیندانیی سیاسیی سەربە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و ٨ بەندکراویشیان بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی کۆماری ئیسلامی (ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکاندا) ئێعدام کرابوون.   قوربانییانی تەقینەوەی مین ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ١٣٩٨دا  لانیکەم ٤٨ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ٢٠ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا بووە. وردەکارییەکان دەڵێن لەو ٢٠ کەسە ١٤ کەسیان بریندار و نقوستان بوون و ٦ کەسیشیان گیانیان لەدەست داوە؛ به‌ڵام بەدڵنیاییەوە ئاماری ورد و ده‌قیقی قوربانییانی ته‌قینه‌وه‌ی مین _ بەهۆی ئەوەی‌ هه‌واڵده‌رییه‌ ڕه‌سمییه‌کان خۆ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یان ده‌بوێرن یان ناوی قوربانییان ئاشکرا ناکه‌ن_ له‌وه‌نده‌ زیاتره‌ که‌ ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تۆماری کردوه‌. چاونیوز، ماڵپەڕی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دەڵێ ساڵی پێشتریش (١٣٩٧) لانیکەم ٨٤ کەس بەهۆی تەقینەوەی مین کوژرابوون و بریندار ببوون کە زانیاریی تەواو لەسەر ٤٨ کەس لەوان ڕاگەیەندرابوو. لەو ٤٨ کەسە ٣٧ کەسیان بریندار و نقوستان ببوون و ١١ کەسیشیان گیانیان لەدەست دابوو. ئاماره‌ ڕه‌سمییه‌کان ده‌ڵێن زیاتر لە ١٦ میلیۆن مینی پاشماوه‌ی شه‌ڕی عێراق و ئێران له‌ خاکی ئێراندا هه‌ڵنه‌گیراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ساڵی ٦٧ ی هه‌تاوییه‌وه‌ که‌ شه‌ڕی ئێران و عێراق کۆتایی هاتووه‌ تا هاوینی ساڵی ٩٣ _کە دوایین ئامارە ڕەسمییەکان لەو پێوەندییەدا بڵاوبوونەتەوە_ هه‌رنه‌بێ ٣٦٨ که‌س له‌ کوردستان به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و ١٦٠٠ که‌سیش بریندار بوون.   خۆکوژی خۆکوژی لە کوردستان دیاردەیەکی خەفەتباری دیکەیە کە بەهۆی بێمافی و هەروەها پەراوێزخرانی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە خەسارەکانی لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێ زیاترە. ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەمساڵدا لانیکەم ٢٥٣ کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوژییان داوه‌، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو بووە و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێناوه. لەو ٢٥٣ کەسە ١٢١ کەسیان ژن و ١٣٢ کەسیان پیاو بوون و که‌م ته‌مه‌نترینیان کچێکی ١٣ ساڵ و به‌ته‌مه‌نترینیان پیاوێکی ته‌مه‌ن ٦٦ ساڵ بووه‌. "چاونیوز" ڕایگەیاندوە کە ساڵی ڕابردووش (١٣٩٧) لانیکەم ١٧٠ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتبوو کە ٦٢ کەسیان پیاو و ١٠٨ کەسیان ژن بوون. هەروەها ئاماری پەنابردن بۆ خۆکوژی لەو ماوە زەمەنییەدا زیاتر لە دوو هیندەی قوربانییانی ئەو دیاردەیە بووە کە یان خۆکوژییەکانیان سەرکوتوو نەبوون یان کەسوکاریان بەوەخت توانیویانە بە هانایانەوە بچن و لە مردن ڕزگاریان بکەن.   قوربانییانی ڕووداوی کار ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٨دا زیاتر لە ١٨٠ کەس بووە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و شوناسی ٥٤ کەس لەوانی تۆمار کردوە، ئەوە جیا لەو سەدان کەسەی بەهۆی ڕووداوی کار و لە نەبوونی ستانداردە ئەمنیەتییەکاندا بریندار و نقوستان بوون. "چاونیوز" ساڵی ڕابردوو (١٣٩٧)ش ناوی ٤٨ کرێکاری کوردی بڵاو کردبۆوە کە ببوونە قوربانیی ڕووداوی کار. لەو ٤٨ کەسە ٤١ کەسیان گیانیان لە دەست دابوو، و ٧ کەسیش بریندار و نقوستان بوون. گیان لەدەست دان و نقوستانبوونی کرێکاران لە کوردستان بەهۆی ڕووداوی کارەوە لە حاڵێک دایە کە تەنیا سەدی ١٠ی ئەم كرێكارانەی لە کاتی كاركرندا تووشی ڕووداوی کار ده‌بن بیمەن ‌و، سەدی ٩٠ی کرێکاران، به‌ تایبه‌ت کرێکارانی که‌رتی بیناسازی لەژێر چاودێریی هیچ بیمەیه‌کدا نین. هەروەها بارودۆخی کرێکارانی کورد له‌ ساڵی ١٣٩٨ دڵته‌زێنتر و ناله‌بارتر له‌ ساڵانی پێشوو بوو. بەهۆی قەیرانی ئابووری و ئاوسانی بازاڕ توانای کڕینی کرێکاران چەند هیندە لە کەمی دا. سەرباری ئەمەش مووچه‌ و حه‌قده‌ستی کرێکاران له‌ زۆربه‌ی کارخانه‌ و ئیداره‌ ده‌وڵه‌تییه‌کانی وه‌ک شاره‌وانی سێ مانگ و ته‌نانه‌ت شه‌ش مانگ دوا که‌وتووه‌ و ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی ده‌رکردن له‌ کار و بێکارکرانیان هه‌میشه‌ وه‌ک مۆته‌که‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌ بووه‌. ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو بەشەی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بە میدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و دروستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ڕاگەیەندراوە.   * بۆ بینینی خشتە  پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی بەهاری ١٣٩٨ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: http://chawnews.com/?p=2473 * بۆ بینینی خشتە  پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی هاوینی ١٣٩٨ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: http://chawnews.com/?p=2725 * بۆ بینینی خشتە  پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی پاییزی ١٣٩٨ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: http://chawnews.com/?p=2960 * بۆ بینینی خشتە  پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی زستانی ١٣٩٨ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: http://chawnews.com/?p=3477