کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستراتێژیی ئەمریکا لە عێراق، کشانەوە یان ڕەگداکوتان؟

22:44 - 15 خاکەلێوه 2720

لە دوای ڕووداوەکانی بەفرانباری ساڵی پێشوو، پارلمانی عێراق دوای چەند جار دانیشتن (بەبێ بەشداری نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و عەرەبی سوونە) پرۆژە یاسایەکیان دەر کرد کە هێزە بیانیەکان دەبێ لە ماوەیەکی دیاریکراودا خاکی عێراق بەجێ بێڵن. یەک لەو لایەنانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە: گرینگی عێراق بۆ ئەمریکا چییە؟ ئایا چۆلکردنی ناوچە عەڕەب‌نشینەکانی عێراق و هێشتنەوەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان نیشانەی گرینگی پێدانی ئەمریکایە بەم ناوچەیە و دەیەوێ لە هەرێمی کوردستانەوە سیاسەتی کارتێکەریی خۆی بەسەر هەموو عێراقدا جێبەجێ بکا؟ داخۆ ئەمە پاشەکشە یا جێگۆرکەیەکی تاکتیکییە؟  لە کاتێکدا کە شیعەی عێراق کەمتر بایەخ بە ڕێککەوتنە یاساییەکان دەدا، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان چ دەبێ لەم پێوەندییەدا؟ ستراتێژی درێژخایەنی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە گشتی و لە عێراق بە تایبەتی چییە؟ گرینگی‌پێدانی عێراق بۆ ئەمریکا دوو هۆکاری سەرەکیی هەیە: یەکەمیان لە ڕووی جوغرافیایی و ژێوپۆلیتیکەوە کە وا گریمانە دەکرێ کە ئەگەر ئەمریکا بتوانێت عێراق کە وەک دڵی وڵاتانی عەرەبە بخاتە ژێر هەژموونیی خۆیەوە، ئەوە بە جۆرێک دەسەڵاتی خۆی لە هەموو ناوچەکەدا جێگیرتر لە جاران دەبینێ. هەروەها لەم وڵاتەوە دەتوانێ سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆنترۆڵ بکا و بەربەستێکی وشکانی دەبێ لە بەر دەم گەیاندنی یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە و پێگەیاندنی یارمەتیەکانی ئابووری و لۆجێستیکی ئێران بەم حیزب و ڕێکخراوە تیرۆریستیانە کەم بکاتەوە. بەمجۆرە تا ئەو جێگایەی کە بۆی دەکرێ پێش بە سەرەرۆیی و دەستێوەردانی ئێران بگرێ لە ناوچەکەدا و هەروەها ئاسایشی وڵاتی ئیسرائیلیش دابین بکا. دووهەم شت لە ڕووی ئابوورییەوە هەبوونی نەوت لە عێڕاق هۆکارێکی ترە بۆ مانەوەی ئەمریکا لەم وڵاتەدا. لە کەس شاراوە نییە کە وڵاتانی پیشەیی پێویستییەکی زۆریان بە نەوت هەیە و ئەمریکاش وەک زلهێزێک و وڵاتێکی پیشەیی دەبێ بیر لە دابینکردنی نەوت بکا بۆ چەندین دەیەی داهاتوو و نابێت ریسکی ئەوە بکا کە بۆ دابینکردنی بڕی نەوتی پێویستی خۆی تەنیا پشت بە وڵاتێک و بە سەرچاوەیەک ببەستێ. جگە لەمانە دابینکردنی ئەمنیەتی کەنداو و گەرووی هوورمووزیش گرینگیی تایبەت بە خۆی هەیە لە ستراتێژی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و بەو جۆرە ئەمنیەتی ناوچەیی و هەناردەکردنی نەوتی هاوپەیمانەکانی خۆی لە خەلیجیش دابین دەکا. ڕوویەکی دیکەی چۆڵکردنی بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە ناوەند و خوارووی عێڕاق پێوەندیی بە گرووپە دژبەرە عێراقییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە حەشدی شەعبییەوە هەیە. ستراتێژی ئەمریکا لە عێراق بەرامبەر بە حەشدی شەعبی دوو ئاراستەی بە خۆیەوە بینیوە هەتا ئێستا، کە بریتی بوون لە ستراتێژی نەرم، کە خۆی لەوەدا دەدیتەوە ئەم هێز و ڕێکخراوانە تێکەڵ بە ئەرتەشی ئەم وڵاتە بکەن کە لە بەرەو پێشچوونی ئەم ستراتێژییەدا واشینگتۆن سەرکەوتوو نەبوو. هەر بۆیە ئەم وڵاتە پەنای بردە بەر ستراتێژی ڕەق، واتە لێدانی ڕاستەوخۆی ئەم گرووپ و لایەنانەی کە لە لیستی ڕەشی ئەمریکادا بوون. لە داوی هێرش کردنە سەر بالیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە لایەن لایەنگرەکانی ئێران و کوژرانی قاسم سولیمانی بارودۆخی عێراق ئاڵوگۆڕێکی دیاری بە خۆیەوە گرت و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عێراق پەرەی ستاند. هەر لەم پێوەندییەدا چەندین جار پێکدادان لە نێوان ئەمریکا و میلیشیا کانی سەر بە ئێران ڕووی دا و تەنانەت کۆماری ئیسلامی لە ژێر ناوی تۆڵەسەندنەوەی قاسم سولیمانیدا هێرشی مووشەکیشی کردە سەر سەربازگەی "عەینولئەسەد" و فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. جگە لە هێرشەکەی سەر سەربازگەی عەینولئەسەد لق و پۆیەکانی حەشدی شەعبی بۆ جارێکیتر هێرشیان کردە سەر "ئەلتاجی"، سەربازگەیەکی دیکەی هێزەکانی ئامریکا. لە ماوەیەکی کەم دوای ئەم هێرشدا هێزەکانی ئەمریکا بڕیاری چولکردنی سەربازگە و شوێنە سەربازیەکانی خۆی دا لە بەشی عەرەبیی عێراق و هێنانی هێزەکانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان، لەژێر ناوی خۆ پاراستنیان لە ویرووسی کرۆنادا. جووڵاندنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە حاڵێکدابوو کە چەند رۆژ ئەم بریارە دۆناڵد ترامپ لە نامەیەکی پیرۆزبایی بەبۆنەی جێژنی نەورۆزدا کە بۆ نێچیروان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی نووسیبوو، باسی لە پەرەپێدانی پێوەندییە ئەمنی و سەربازی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکای کردبوو. هەر لە هەمان کاتدا "پێنتاگۆن"یش لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایگەیاند کە بەرنامەیەکی گەورەیان لە بەر دەستدایە بۆ هێرشێکی بەربڵاو بە دژی لق و پۆیەکانی حشدی شەعبیی لایەنگری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە گرینگترینیان کەتائیبی حیزبووڵڵان لە عێڕاقدا. هەر لەم پێوەندییەدا پێنتاگۆن فەرمانی بە بەرپرسانی سەربازی خۆی کرد کە خۆیان بۆ هێرشێکی بەربڵاو بۆسەر هێزە چەکدارەکانی لایەنگری سپای پاسداران لە عێراق ئامادە بکەن و وا وێدەچێ کە هەموو ئەوانە لەتە لێک‌جیاکانی پازیلەکە بن. دوابەدوای ئەم ڕووداوانە ئەوە سپای پاسداران بوو کە ڕۆژی 12ی خاکەلێوە لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڕەشەی ئەوەی لە ئەمریکا کرد کە بێتوو لە هەر شوێنێک لە بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بدا، وەڵامێکی ئەوەندە توندیان دەبێ کە ئەمریکا هەر بە خەیاڵیشیدا نەهاتبێ! هەڵبەت لە کاتێکی وەک ئێستادا کە لە بواری ئابوورییەوە تەواو داڕماوە و لە بارودۆخێکدا کە بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هۆی پەتای کرۆناوە خوازیاری لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێرانن، لە ئەگەری کاردانەوە وەڵامدانەوەی ئێران بە لێدانی هێزەکانی هاوپەیمانی لە عێراق زەرەر و زیانەکانی خۆی چاوەروانکراو نابێ و بەوەش تاران ئاچمەز بووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فاکتۆرانە ئەوەی لە عێڕاقدا روو دەدا، تەنیا تێکەڵچوونێکی سەربازیی نێوان هێزێکی دەرەکی و چەند ڕێکخراو و گرووپ نییە، بەڵکوو گریمانەی ئەوە دەکرێ کە خاکی عێراق ببێتە مەیدانی شەڕ و پێکدادانێکی نێودەوڵەتی و تەنانەت شەڕێکی نێوخۆییش لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقیشدا. بەڵگەش بۆ ئەم بۆچوونە هاوتەریب نەبوونی دەرکردنی یاسا و ناتوانایی لە دیاریکردنی کەسێک وەک  سەرۆک وەزیران و بریاری دەرکردنی هێزەکانی بیانی لەم وڵاتەدا ( کە کورد و عەرەبی سوونە دژی ئەم بڕیارە بوون) وهتد .. ئەم ناتەبایانەش پاڵنەرێکی بەهێزن بۆ تەشەنەسەندنی ناکۆکییەکان لە داهاتوودا و وا وێدەچێ کە ستراتێژیی ئەمریکا لەهەمبەر بەغداوە ئاڵوگۆڕی قووڵ بە خۆیەوە ببینێ و ستراتێژیی ئەمریکا کە لە سەر مێحوەری بەغدا بونیاد نرابوو بگۆردرێ بۆ میحوەری هەولێر. بەکورتی نیشانەکان دەڵێن ئەمریکا بە نیاز نییە خاکی عێراق بەجێ بێڵێ و تەنیا جێگۆرکەیەکی بە هێزەکانی خۆی کردوە و هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەم مەبەستە گونجاوترین جێگایە. هەرێمی کوردستان هەروەها لە ستراتێژیی درێژخایەنی ئەمریکادا جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە و نابێت ئەمش لە بەر چاو نەگرین کە گەورەترین کۆنسولخانەی ئامریکا لە ئاستی هەموو جیهاندا لە هەولێرە و ئەمەش خۆی دەتوانێ نیشانەیەکی بەهێز بێت بۆ پشتراستکردنەوەی ئەم بۆچوونە و ئەم گرینگی پێدانەش تەنیا تایبەت نییە بە کۆماریخوازەکان یان دێموکراتەکانی ئامریکا؛ وەک چۆن لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئیدارەی ئۆباما ڕایگەیاند کە هەولێر هێلی سووری ئامریکایە.