کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان "ئۆتۆریتاریزم"‌ و "تۆتالیتاریزم"‌دا

22:51 - 15 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی هەر ساڵێک، ساڵڕۆژی بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییە لە ئێران. ڕێژیمێکی سیاسی بە دوو ڕەهەندی جیاوازەوە، ڕەهەندێکی کۆماری، کە وا دەردەخا، دەسەڵاتی سیاسی، ڕەوایی خۆی لە خەڵک وەردەگرێ ‌و خەڵکی ئێران ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیانەوە بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسیدا دەکەن. ڕەهەندێکی ئایینیش کە پێی‌وایە نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی خودا لە ‌سەر زەوی‌ دەکا و‌ ڕەوایی خۆی لە خەڵک وەرناگرێ، بەڵکوو لە ئاسمان‌ و لە خودای وەردەگرێ. واتە، لە لایەک، دەسەڵاتەکانی یاسادانان ‌و جێبەجێ‌کردن کە ڕەوایی لە خەڵک وەردەگرن، لە لایەکیتریش، دەسەڵاتە ئایینییەکان کە ڕەوایی لە ئایین‌ وەردەگرن. لەو توێژینەوەدا هەوڵ دەدرێ بەوردی ئەو پارادۆکسەی ڕێژیمی سیاسیی ئێران شی بکرێتەوە کە لە لایەک باس لە بەشداریی خەڵک ‌و لایەنە جیاوازەکان لە دەسەڵاتدا دەکا و لە لایەکی دیکەوە باس لە دەسەڵاتی بێسنووری وەلی فەقیهـ وەکوو نوێنەری خودا لە سەر زەوی دەکا. هەموو ساڵێک لە سەروبەندی ساڵڕۆژی بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیدا، ئەو ڕێژیمە سیاسییە دەبێتە مژاری گەرمی نووسەران‌ و شرۆڤەکاران ‌و مێدیاکانی ئێرانی‌ و بیانی. ئەگەر لایەنگرانی حکومەت، مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا بەهۆی خەڵکی‌بوون ‌و جەماوەری‌بوونی ئەو نیزامە ئەژمار دەکەن، لە بەرامبەردا، نەیارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو حکوومەتە بە دەسەڵاتێکی ناڕەوا‌ و ناجەماوەری وەسف دەکەن ‌و پێیان‌وایە کە ئەو دەسەڵاتە تەنیا بە زەبری چەک و سەرکوت خۆی پاراستوە. پڕەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ یەکێک لەو بابەتانەیە کە لێکدانەوەی زۆر ‌و قسەی زۆری لەسەر دەکرێ، بەڵام جگە لە لێکدانەوی سیاسی ‌و مێدیایی، پێویستە سیستەمی سیاسیی ئێران بە شێوەیەکی ئاکادیمیانە‌ و زانستییانە شیکردنەوەی بۆ بکرێ. توێژینەوەی زۆر لە‌سەر سیستەمی سیاسیی ئێران کراون. هەر کام لە توێژینەوەکان، هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران دەخەنە بەر  لێکۆڵینەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش پێناسەی دەکەن. بۆ بەشێکیان، سیستەمی سیاسیی ئێران سیستەمێکی ئۆتۆریتە، یان دەسەڵاتخوازە کە پلۆڕالیزمێکی سنوورداری تێدایە. لەو سیستەمەدا هەندێک گرووپی سیاسی ڕێگەیان پێدراوە کە بە شێوەیەکی سنووردار بەشداری لە دەسەڵاتدا بکەن ‌و  لەو ڕێگەیەوە هاووڵاتیانیش بتوانن بە شێوەی سنووردار کاریگەرییان بەسەر دەسەڵاتەوە هەبێ. بەشێکی دیکە لە توێژینەوەکان ورد دەبنەوە لەسەر هەندێک تایبەتمەندی، کە سیستەمی سیاسیی ئێران وەکوو سیستەمێکی تۆتالیتەر یان تەواوخواز پێشان دەدا، چونکە دەسەڵاتێکی مەزهەبیی بێسنوور هەموو دەسەڵاتەکانی دیکەی نێو سیستەمی سڕ کردوە ‌و هەر جۆرە پلۆڕالیزمێک‌ و بەشدارییەکی هاووڵاتییانی پەک خستوە. ئەو دەسەڵاتە مەزهەبییە کە لە لایەن ڕێبەری ئایینییەوە نوێنەرایەتی دەکرێ، لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیا‌یەکی بەهێزی دەوڵەتییەوە بەناوی "ویلایەتی فەقیهـ" جێبەجێ دەکرێ کە هەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسیی وڵات سنووردار دەکا. توێژینەوەی ئاکادێمی زۆر لەسەر ڕێژیمی سیاسیی ئێران کراون کە نیزیک بە تەواویان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ڕێژیمی سیاسیی ئێران ڕێژیمێکی نادێمۆکراتە، لەبەر ئەوەی بنەماکانی دێمۆکڕاسی لەنێو ئەو ڕێژیمەدا بوونیان نییە. ڕێژیمە سیاسییەکان هەمان مۆدێلی ڕێکخستنی دەسەڵاتی سیاسین کە دەتوانرێ بە چەند شێوەی جۆراوجۆر پۆلێنبەندی بکرێن، وەکوو ژمارەی بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتی سیاسی، شێوازی دەستنیشانکردنی بەڕێوەبەران، جیایی نێوان ئەو دامەزراوانەی حکوومەت دەکەن ‌و هەروەها جۆری پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتداران ‌و خەڵک. هەر بەپێی ئەو پێوەرانە، چەندین ڕێژیمی سیاسیی جیاواز هەن، وەکوو دێمۆکراسی، دیکتاتۆڕی، تۆتالیتاریزم‌، ئۆتۆریتاریزم، پاشایەتی، کۆماری، پاڕلمانی ‌و هتد. ڕێژیمەکان زیاتر لە دوو ڕوانگەوە خوێندنەوەیان بۆ کراوە: یەکەمیان ڕوانگەی یاسایییە کە زیاتر ورد دەبێتەوە سەر بنەمای دەستووری‌ و دامەزراوەکانی دەسەڵاتی گشتی. ڕوانگەی دووهەمیان ڕوانگەی ئاکادێمییە، کە بە شێوەیەکی کەمتر فەرمی ‌و بێسنوور دەڕوانێتە ڕێژیمەکان. لەو ڕوانگەیەوە، ڕێژیمە سیاسییەکان لە ڕەهەندی دامەزراوەیی ‌و یاسایی‌یەوە سنوردار ناکرێنەوە، بەڵکوو ڕۆڵی ئەکتەری دیکەش لەبەر چاو دەگیرێن کە دەیانهەوێ کاریگەرییان لەسەر دەسەڵاتی گشتی هەبێ، وەکوو حیزبە سیاسییەکان، مێدیاکان، سەندیکا‌ و هتد. لە پێناسەی هاوچەرخی ڕێژیمە سیاسییەکاندا، دێمۆکڕاسی وەکوو پێوەرێک بۆ بەراوردکردنی ڕێژیمە سیاسییەکان بەکار دەهێنرێ. هەر ڕێژیمێک کە وەڵامدەری تایبەتمەندییەکانی دێمۆکراسی نەبێ، ‌وەکوو ڕێژیمێکی نادێمۆکرات ئەژمار دەکرێ. زۆر حکوومەت هەن کە لە نێو دەستووری بنەڕەتیی وڵاتەکەیاندا خۆیان وەکوو ڕێژیمێکی کۆماری پێناسە دەکەن، بەڵام دێمۆکڕاتیک نین. لە بەرامبەردا، هەندێک حکوومەت هەن کە خۆیان ‌وەکوو پاشایەتی پێناسە دەکەن، بەڵام دێمۆکڕاتیکن. هەتا ساڵی ١٩٦٠، ڕێژیمەکان بەسەر دوو دەستەدا دابەش دەبوون: دێمۆکرات ‌و نادێمۆکڕات (یان تۆتالیتەر)، بەڵام دواتر ڕێژیمە نادێمۆکڕاتەکانیش بەسەر دوو دەستەدا دابەش کران: ئۆتۆریتەر ‌و تۆتالیتەر. پێشتر ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکانیش هەر ‌وەکوو ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان ئەژمار دەکران. یەکەم تێۆری ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان لە لایەن ژوان لەنزەوە توێژینەوەی لەسەر کرا کە بە شێوەیەکی ورد توانی جیاوازیی لە نێوان تۆتالیتاریزم ‌و ئۆتۆریتاریزم‌ و هەروەها جۆرەکانی دیکەی ڕێژیمە نادێمۆکراتەکان دابنێ. ژوان لەنز پێی‌وایە کە ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان ‌و تۆتالیتەرەکان بە لانیکەمەوە یەک تایبەتمەندیی هاوبەشیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەردووکیان نادێمۆکراتن. ئەمڕۆکە لە جیهاندا نزیک بە ١٠٠ ڕێژیم هەن کە نە دەتوانرێ لە ڕیزی ڕێژیمە دێمۆکراتەکان پۆلێنبەندی بکرێن، نە لە ڕیزی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکاندا. ئەو ڕێژیمانە بە ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان ناسراون. ساڵی ١٩٦٥، "ڕایمۆند ئاڕۆن"، کۆمەڵناسی فەڕانسەیی، ڕێژیمە سیاسییەکان بەپێی پڕەنسیپێکی دیکە پۆلێنبەندی دەکا، ئەویش ڕکابەریی نێوان پارتە سیاسییەکانە، ئەو پێی‌وایە ئەو ڕکەبەرییە تەنیا پێورێکە کە دەتوانێ دێمۆکراسی لە تۆتالیتاریزم جیا بکاتەوە.  هەروەها پێوەری دەستنیشانکردنی دێمۆکراسی لە ڕێژیمێکی چەند حیزبیدا، زۆربوونی ژمارەی حیزبەکان نییە، بەڵکوو بۆشایی ‌و کەلێنی سیاسی ‌و کۆمەڵایەتییە لەنێو ئەو ڕێژیمەدا، وکوو دابەشبوونی حیزبەکان بەسەر بەرەی چەپ ‌و ڕاستدا.  هەر لەو ڕوانگەیەشەوە، زانا سیاسییەکان دەڕواننە کار و کردەوە‌ و ڕەفتاری ڕێژیمە سیاسییەکان نەک تەنیا لایەنی یاسایی‌ و دەستوری. بەو شێوەیە چەمکێکی سیستەمیکتر لە ڕێژیمە سیاسییەکان دێتە کایەوە، هەر بۆیەش لەنێو زانستە سیاسییەکاندا زیاتر باسی سیستەمی سیاسی دەکرێ. چەمکی سیستەمی سیاسی لە چەمکی ڕێژیمی سیاسی بانتر ‌و فراوانترە. سیستەمێکی سیاسی دەتوانێ چەند ڕێژیمی سیاسی وەک پارڵمانی، سەرۆکایەتی، پاشایەتی یان تێکەڵەیەک لە چەند دانەی جیاواز لەخۆ بگرێ. لەگەڵ ئەوەشدا کە چەمکی ڕێژیم ‌و چەمکی سیستەم لێک جیاوازن، بەڵام هەردوو چەمک زۆر جار لە جیاتی یەکتر بەکار دەهێنرێن. ڕێژیمی سیاسی بریتی‌یە لە بنەمای دەستووریی دامەزراوە سیاسییەکان، لە کاتێکدا سیستەمی سیاسی، سیستەمی دەسەڵاتە کە لە ئەنجامی ڕێژیمی سیاسی دێتە کایەوە. ڕێژیمی سیاسی رێکخەری فەرمیی دەسەڵاتە، کە دەستوورو کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای باو دەگرێتە خۆ، بەڵام سیستەمی سیاسی زۆر بەرفراوانترە و تەواوی دامەزراوە سیاسی‌ و حکوومییەکان، یاسا، ڕێسا، ژیانی سیاسی ‌و کۆمەڵایەتی، حیزبی سیاسی، ئەکتەرە سیاسییەکان، سەندیکا، مێدیا ‌و هەموو ئەو کەسایەتی ‌و دامەزراوانەی کە ڕۆڵی کارایان هەیە، دەگرێتە خۆ. هەموو ئەوانەش لە چوارچێوەی دەوڵەتدا ڕێک دەخرێن. لە زانستی سیاسیی بەراوردکاریدا، چەمکی ڕێژیمی سیاسی بۆ تێگەیشتن‌ و ناسینی پێکهاتە و سروشتی ڕەسمی ‌و ناڕەسمیی دەسەڵاتی سیاسی نێو چوارچێوەی دەوڵەت بەکار دێ. بۆ زیاتر ناسینی تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکان‌ و جیاوازیی نێوان دێمۆکڕاسی‌ و تۆتالیتاریزم ‌و ئۆتۆریتاریزم، پێویستە هەر سێ جۆر لە ڕێژیمی سیاسیی بە شێوەیەکی وردتر پێناسە بکرێن.  

دێمۆکراسی (دەسەڵاتی خەڵک)

دێمۆکراسی ڕێژیمێکی سیاسییە کە لەودا سەروەری دەگەڕێتەوە بۆ خەڵک، ئەویش لە ڕێگەی بەشداریی ئازادانەی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا. "حکوومەتی خەڵک لە ڕێگەی خەڵکەوە بۆ خەڵک" (فۆرمۆڵی لینکۆڵن). مەرجەکانی پێویست بۆ دێمۆکراسی ئەوانەن: یەکەم، بەشداریی خەڵک لە حکوومەت، ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە. دووهەم، پلۆڕاڵیزم، کە تێیدا جیاوازی ‌و بەرژەوەندیی گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی حیزبەکان‌و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نوێنەرایەتی بکرێ. سێهەم، سنووردار بوونی ماوەی حکوومەت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ ماوەیەکی زۆر یان هەتاهەتایی لە لایەن ئەکتەرە سیاسییەکانەوە دەستی بەسەردا نەگیرێ. پێویستە دوو مەرجی دیکەش بەو سێ مەرجانەوە زیاد بکرێن: دەوڵەتی یاسا، کە لە لایەن سیستەمێکی دادوەریی سەربەخۆوە گەرەنتی دەکرێ‌ و دەبێتە هۆی پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتییان. ئالێن سیارۆف پێی‌وایە، ڕێژیمێکی دێمۆکرات دەبێ سێ ڕەهەندی بنەڕەتیی هەبێ: هەڵبژاردنی ڕکەبەرایەتی، گشتگیربوونی هەڵبژاردن ‌و حکوومەتێکی بەرپرسیار. هەروەها پێی‌وایە، جیاوازی لەنێوان دێمۆکراسیی لیبڕاڵ ‌و دێمۆکراسیی هەڵبژاردەیی هەیە. ئەو ڕێژیمانەی کە سێ لەو تایبەتمەندییانەی سەرەوەیان تێدایە، دێمۆکراسی هەڵبژاردەیین. دێمۆکراسییە لیبڕاڵەکان جگە لەو سێ تایبەتمەندییە، چەند تایبەتمەندیی دیکەشیان تێدایە وەکوو ئازادییە مەدەنییەکان، دەوڵەتی یاسای بەهێز، بەرپرسیاریەتیی کەسانی هەڵبژێردراو‌و  بارودۆخێک کە تێیدا ڕێژەی گەندەڵی زۆر نزم بێ. بەشێوەیەکی گشتی، ڕێژیمێکی دێمۆکرات بە ڕێژیمێکی سیاسی دەگوترێ کە پێنج تایبەتمەندیی سەرەکی تێدا بێ: ١) هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بۆ هەموو هاووڵاتیان، ٢) شێوازێ هەڵبژاردنی گشتگیر و یەکسان، ٣) نوێنەرانی بەرپرسیار لە بەرامبەر خەڵک، ٤) ئازادییە مەدەنییەکان، ٥) دەوڵەتی یاسا بۆ گەرەنتی کردنی ئازادییە مەدەنییەکان. ئەو ڕێژیمانەی کە تایبەتمەندییەکانی یەکەم‌ و دووهەم تێیاندا بەدی ناکرێ، بە ڕێژیمی ئۆتۆکرات دادەنرێن، واتە لەو ڕێژیمانەدا هەڵبژاردنی ئازاد ‌و یەکسان بوونی نییە، هەروەها، ڕێژیمە ئۆتۆکراتەکان جگە لەوەی نادێمۆکراتن، سەرۆکێکی بەهێزیشیان هەیە. وشەی دیکتاتۆر لە زمانی ئاسایی ‌و  هەروەها لە بەرهەمە زانستییەکانی کاڕڵ ماڕکس، ساتۆڕی (١٩٦٢)، كاڕڵ شمیت (١٩٢٨)و گاریباڵدی، بۆ حکوومەتە نادێمۆکراتە مۆدێڕنەکان بەکار دەهێندرێ. سێ جۆری سەرەکی لە ئۆتۆکراسی هەن: ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان (تەواوخوازی)، ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان (دەسەڵاتخوازی)و ڕێژیمە سوڵتانییەکان. لە ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکاندا، سەرۆک وەکوو تاک گرنگە و لە ئەگەری نەمانی، دەسەڵاتەکەشی کەم دەبێتەوە یان لەنێو دەچێ، بەڵام لە ڕێژیمە تۆتالیتەرەکاندا، لە ئەگەری نەمانی سەرۆک، هەر کەسێکیتر کە جێگەی بگرێتەوە، هەمان گرنگی پێ دەدرێ، چونکە سەرۆکایەتی بە دامەزراوە کراوە. ڕێژیمە سوڵتانییەکان بەو ڕێژیمانە دەگوترێ کە لە دەوری یەک بنەماڵە دروست دەبن. ڕێژیمە سوڵتانییەکان گرنگییەکی ئەوتۆیان بۆ ئەو توێژینەوە نییە و پێویست بە پێناسەکردنی وردتریان ناکا.  

تۆتالیتاریزم (تەواوخوازی)

تۆتالیتاریزم یان تەواوخوازی بە سیستەمێکی زاڵ دەگوترێ کە لەودا دەوڵەت یان حکوومەت بە تەواوەتی بەسەر کۆمەڵگە و تاکدا زاڵه. لەو جۆرە سیستەمەدا، دەوڵەت بەشێوەیەکی زۆرەملێیانە دەستێوەردان لە تەواوی سێکتەرەکانی سیاسی، ئابووری‌ و کۆمەڵایەتیدا دەکا. سیستەمێک کە لەودا، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدان. تۆتالیتاریزم بووە بە مژاری دیبەیتی زۆرێک لە توێژەرانی وەکوو هانا ئارێنت، کاڕڵ پۆپەر، ڕایمۆند ئاڕۆن، ژوان لەنز‌ و هتد. هەر کام لە توێژەران چەند تایبەتمەندییەکی هاوبەشی ڕێژیمەکان دەخەنە بەر توێژینەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، تۆتالیتاریزم سیستەمێکی سیاسییە کە خاوەن چەند تایبەتمەندییەکی بنەڕەتییە وەکوو: ئایدۆلۆژیا، تاک‌حیزبی، توندوتیژیی پۆلیسی، پڕوپاگەندا ‌و ئابوورییەکی کۆنتڕۆڵکراو. لە دوای ساڵی ١٩٤٥ـەوە، هەندێک توێژەر هەوڵیان داوە بە لێکۆڵینەوە لە چەند نموونە لە جیهاندا، تایبەتمەندییە گشتییەکانی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان دەستنیشان بکەن، بەڵام دەستەیەکی‌ دیکە لە توێژەران لەسەر ئەو بڕوایەن، لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هاوبەش لەنێوان ڕێژیمە تۆتالیتەرەکاندا هەیە، بەڵام هەر کام لەو ڕێژیمانە تایبەتمەندیی ناهاوبەش ‌و تایبەت بە خۆیانیشیان هەیە کە لە یەکتر ناچن. هانا ئارێنت، فەیلەسۆفی ئەمریکیی بە ڕەگەز ئەڵمانی، یەکێک لەو توێژەرانەیەیە کە بۆ یەکەم‌جار تۆتالیتاریزمیان تیۆریزە کرد. لای ئارێنت، ڕێژیمێکی تۆتالیتەر ڕێژیمێکی تایبەتە، چونکە ئەوەی کە ڕەسەنایەتی‌ و بنەمای تۆتالیتاریزم پێک دێنێ، بریتییە لە زێدەڕۆیی لە "ئیزمەکان"دا: هیستۆریسیزم (مێژووگەری)، یوتۆپیزم، ئەنتی لیبڕاڵیزم، رۆمانتیزم ‌و هتد. دابڕانێکە لە هەموو جۆرە ڕێژیمێکی سیاسی کە پێشتر هەبوون، چونکە تۆتالیتاریزم هەوڵ دەدا هەموو شتێک وێران بکا؛ مرۆڤ، سیاسەت‌ و جیهان. ئەو جۆرە ڕێژیمە هەوڵ دەدا لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی حیزب ‌و ڕێکخراوەکان، تاکەکان لە هەموو جۆرە بەستراوەییەک تەریک بخاتەوە. ئارێنت ناوی ئەوەی ناوە "ئەتۆمیزاسیۆن"ی کۆمەڵگە. بۆ ئارێنت، تۆتالیتاریزم زیاتر لە ڕێژیمێک، بزووتنەوەیەکە کە هەوڵی لە نێوبردنی واقیع ‌و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەدا، دیاردەیەکی جەماوەرییە. لە ڕێژیمێکی تۆتالیتەریدا، خەڵک دەگۆڕێ بۆ جەماوەر، چونکە تێکەڵبوونی تاکەکان بەو ڕێکخراوانەی کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دروست بوون، ئەستەمە. بۆ جەماوەرێک کە بە شێوەی هزری بێ‌مەیل کراوە، پەسندکردنی ئایدۆلۆژیا زۆر ئاسانە. ئارێنت چەمکی "دێزۆلاسیۆن" یان "وێرانی" وەکوو لێکگرێدانی سێ فاکتەر بە کار دێنێ: تۆقاندن، ئایدۆلۆژیا‌ و تەیارکردنی جەماوەر. تۆقاندن بە مەبەستی لەنێوبردنی ئازادیی دەرەکی، ئایدۆلۆژیا بە مەبەستی لەنێوبردنی ئازادیی دەروونی، لە کۆتاییدا، لەنێوچوونی ئەو دوو ئازادییەش دەبێتە هۆی تەیارکردنی جەماوەر بە شێوەیەکی ئاسان. ڕێژیمی تۆتالیتەر لە لایەن حیزبێک یان گرووپێک بەڕێوە دەبرێ کە خاوەن پێکهاتەیەکی سێکتەری‌ و ئایدۆلۆژیکە. بوون بە ئەندام لە حیزب بە شێوەی جەماوەرییە و لە سەر بنەمای رازیبوونی تاک نی‌یە، بەڵکوو لە سەر بنەمای نەزانی‌و شەیدایی بە کۆمەڵە، کە لە ڕێگەی ڕێوڕەسمەکانەوە بەردەوامی پێدەدرێ. لەو سیستەمەدا، دەوڵەت لەنێو حیزبدا دەتوێندرێتەوە و ناوەندی دەسەڵاتی سوپا دەچێتە نێو پۆلیس‌. ئەو ڕێژیمە چەشنێک لە سیاسەتێکی دەرەکی دەگرێتە بەر، کە هەوڵ دەدا زاڵ بێ بەسەر تەواوی جیهاندا. بۆ ئارێنت، تۆتالیتاریزم " بزووتنەوەیەکی نێونەتەوەییە لە ڕێکخستنیدا، جیهانگیرە لە ئامانجی ئایدۆلۆژیایدا، زەمینییە لە ڕێبازە سیاسییەکانیدا". کاڕڵ یواکیم فرێدریش بیرمەندێکی دیکەیە کە توێژینەوەی لە سەر تۆتالیتاریزم کردوە ‌و بە ڕێژیمێکی سیاسی پێناسەی دەکا کە خاوەن شەش تایبەتمەندییە:  ١) ئایدۆلۆژیایەکی ڕەسمی کە تەواوی ژیانی کۆمەڵگە دادەپۆشێ، ٢) حیزب یان گرووپێکی سیاسی کە پەیڕەوی لە ئیرادەی تاکێک دەکا و ئایدۆلۆژیاکەی جێگیر دەکا، ٣) کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگە لە لایەن پۆلیسێکی نەهێنیی تۆقێنەر، ٤) دەسەڵاتێک کە دەست بەسەر هەموو ڕێگاکانی پەیوەندیدا دەگرێ، ٥) دەسەڵاتێک کە دەست بەسەر کەرەستە ‌و ئامرازەکانی توندوتیژیدا دەگرێ، ٦) دەسەڵاتێک کە کۆنتڕۆڵی هەموو سێکتەرەکانی ئابووری دەکا بۆ ئەوەی ئابوورییەکی ناوەندگرا بێنێتە کایەوە. تۆتالیتاریزم بۆ ڕێیمۆند ئارۆن (دێمۆکراسی ‌و تۆتالیتاریزم، ١٩٤٥) ، "توانەوەی کۆمەڵگەیە لەنێو دەوڵەتدا". ئارۆن، تۆتالیتاریزم بە پێنج تایبەتمەندیی بنەڕەتییەوە پێناسە دەکا کە لە نێو پێناسەکەی کاڕڵ "یواکیم فرێدریش‌"دا هەن. بۆ ئارۆن، تۆتالیتاریزم ڕێژیمێکی سیاسییە کە لە لایەن حیزب یان گرووپێکەوە بەڕێوە دەبرێ، ئایدۆلۆژیا تێیدا بەهێزە، دەست بەسەر ئامرازەکانی هێز‌ و ڕێگەکانی پەیوەندیدا دەگرێ، تۆقاندنی پۆلیسی ‌و ئابوورییەکی دەوڵەتی تێیدا بوونی هەیە. بۆ سیگمۆند نیومەن (١٩٤٠)، تۆتالیتاریزم جۆرێک لە دەوڵەت نییە، بەڵکوو جۆرێک لە کۆمەڵگەیە. ئەو کۆمەڵگەیە ڕاستەوخۆ بە شێوەیەکی زۆرەملێیانە بە ناوی دەوڵەتەوە لە لایەن یەک یان چەند گرووپی زاڵەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێ. دەوڵەتی تۆتالیتەر "بە پێچەوانەی کۆنسێرڤاتیزمی زۆردارە کلاسیکەکان"، شۆڕش بە دامەزراوەیی دەکا بە مەبەستی گەرەنتی‌کردنی هەتاهەتایی، واتە "شۆڕشی هەتاهەتایی". ئێدوارد هالێت کاڕ (١٩٤٩) پێی‌وایە، تۆتالیتاریزم "بیروباوەڕێکە کە لەودا، گرووپێک یان دامەزراوەیەکی ڕێکخراو، مەزهەبی، حکوومی یان حیزبی، مافی تایبەتیی بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەقیقەت هەیە". پێناسەکانی تۆتالیتاریزم، یان وەکوو ئەوەی هانا ئارێنت زۆر سنووردارن، کە جگە لە ئاڵمانی نازی دوای ١٩٣٨‌و ڕێژیمی ستالینی دوای ١٩٣٠، لەگەڵ شوێنی دیکە‌ و ڕێژیمی دیکەدا زۆر گونجاو نییە، یان زۆر بەرفراوانن، وەکوو ئەوەی ئێدوارد هالێت کاڕ، کە کۆمەڵێکی زۆر ڕێژیم لەخۆ دەگرێ، یان زۆر ڕواڵەتین ‌وەکوو  ئەوەی کاڕڵ فرێدریش، کە لە لایەکەوە، دینامیکی سیستەمەکە ناڕوونە ‌و لە لایەکیترەوە ئەگەری ئەوە هەیە لەگەڵ ئۆتۆریتاریزم بە هەڵە بگیرێ ‌و جیاکردنەوەیان ئاسان نەبێ. لەبەر ئەوە، توێژەرانی دیکە وەکوو کڵاود لێفۆرت‌ و ئالێن بۆزانسۆن هەوڵ دەدەن هەم لەنێو مەنتقی ئایدۆلۆژیادا‌ و هەم لەنێو دینامیکی سیستەمدا بە دوای تایبەتمەندییەکانی تۆتالیتاریزمدا بگەڕێن. بۆ لێفۆرت، تۆتالیتاریزم بە واتای ئەو سیستەمە دێ کە لەودا کۆمەڵگە لەنێو دەوڵەتدا تواوەتەوە‌ و دەسەڵاتەکانی سیاسی، ئابووری ‌و کۆمەڵایەتی سەربەخۆ نین.  یەکگرتووکردن، بەناوەندکردن ‌و چڕکردنەوەی دەسەڵات لە کەسێک یان گرووپێکی سیاسیدا، لە تایبەتمەندییەکانی ئەو سیستەمەن‌ و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی ‌و ناهاوچەشنی تێیدا ڕەت دەکرێنەوە. گرووپی تایبەت‌ و تاکخوازی ‌و بەتاککردن لە لایەن دەوڵەتەوە دانی پێ دانانرێ. تۆتالیتاریزم هەوڵ دەدا مرۆڤێکی نوێ لە بواری هزرییەوە بەرهەم بێنێتەوە. ئالێن بۆزانسۆن پێی‌وایە، بۆ تۆتالیتاریزم "نەک تەنیا ئامانج پاساودەری ئامرازە، بەڵکوو تۆتالیتاریزم بە سەپاندنی "سورڕێئالیزمی ئایدۆلۆژیک"، سەربەخۆیی تاک ڕەت دەکاتەوە". ژوان لەنز لە کتێبەکەیدا (تۆتالیتاریزم ‌و ئۆتۆریتاریزم)، شیکردنەوەیەکی  بەراوردکاری بۆ پێناسە جیاوازەکانی تۆتالیتاریزم دەکا و لە ئەنجامدا سێ تایبەتمەندیی بنەڕەتیی سیستەمێکی تۆتالیتەر دەستنیشان دەکا: ١) هەبوونی ئایدۆلۆژیا، ٢) تاک‌حیزبی یان هەبوونی ئۆرگانی دیکەی تەیارکردن، ٣) تاکێک کە دەستی بەسەر هەموو دەسەڵاتەکاندا داگرتوە. لەنز پێی‌وایە، ئەو سێ تایبەتمەندییانەن کە تۆتالیتاریزم لە ڕێژیمەکانی دیکە جیا دەکەنەوە، بەڵام دەبێ هەر سێ تایبەتمەندی پێکەوە هەبن، چونکە هەر کام لەو تایبەتمەندییانە بەتەنیا لە ڕێژیمە ناتۆتالیتەرەکانیشدا هەن. هەندێک تایبەتمەندیی دیکەش هەن کە لەنز ‌وەکوو تایبەتمەندیی بنەڕەتی ئەژماریان ناکا، وەکوو: ڕەتکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، نەبوونی ڕۆڵی سەرەکی ‌و گرنگی هەندێک دامەزراوەی ‌وەکوو مزگەوت و کەنیسە، سوپای وڵات ‌و دامەزراوەی پیشەیی (ئەو دامەزراوانە لە هێڵی پێشەوەی ململانێیەکانی گەیشتن بە دەسەڵات نین)، ملکەچیی سوپای وڵات، لەنێوبردن یان هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو دامەزراوە‌ و ڕێکخراوانەی کە پێشتر هەبوون ‌و ڕێکخستنەوەیان بە ئێلیتی نوێ. لەنز پێی‌وایە، چەشنێک لە پلۆڕاڵیزمی سنووردار لە هەندێک ڕێژیمی تۆتالیتەردا هەیە. پلۆڕالیزمی سنووردار یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆریتاریزمە.  

ئۆتۆریتاریزم (دەسەڵاتخوازی)

پێناسەکردنێکی ڕوونی ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان دژوارە، چونکە چەمکەکە کۆمەڵێکی زۆر‌ و جۆراوجۆر لە فۆڕمەکانی دەسەڵات لەخۆ دەگرێ. ئۆتۆریتاریزم بە چەندین جۆری ڕێژیم دەگوترێ کە نە دێمۆکراتن نە تۆتالیتەر، وەکوو: ڕێژیمە نیزامییەکان، هەندێک لە پاشایەتییەکان، هەندێک لە کۆمارییەکان ‌و جۆرەکانی‌ دیکە، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموویان کەڵکوەرگرتنی خراپە لە دەسەڵات. لە هەموویاندا، دەوڵەت هەوڵ دەدا لە جێگەی سازش لەگەڵ گرووپ ‌و چین‌ و توێژەکانی کۆمەڵگە، لە ڕێگەی هێزەوە حکوومەت بکا، لە جێگەی قەناعەت‌پێهێنان فەرمان بدا‌ و لە جێگەی مافەکان ڕێسای کردەیی جێگیر بکا. بە پێچەوانەی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان، ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن وێنەیەکی دێمۆکراتیک لە خۆیان پێشان بدەن، تەنانەت هەندێکیان خۆیان بە دێمۆکراتیک ناو دەبەن. بەپێی پۆلێنبەندیی هاوچەرخی ڕێژیمە سیاسییەکان، ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان نە دێمۆکراتیکن نە تۆتالیتەر، بەڵکوو لە نێوان هەردوو جەمسەر دان. لە ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکاندا، ئازادی ‌و پلۆڕاڵیزم سنووردارن ‌و ئایدۆلۆژیای حیزبی دەسەڵاتدار یان حکوومەت بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا ناسەپێندرێ. ئەگەر ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان، کۆنتڕۆڵی تەواویان بەسەر کۆمەڵگەدا هەیە و تەنانەت مۆدێل و شێوازی بیرکردنەوەش بۆ خەڵک دیاری دەکەن، ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان زیاتر گوشار دەخەنە سەر ناڕازیان و ئۆپۆزیسیۆن. یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆریتاریزم کە لە لایەن" زاڤیێ کرێتیێ"‌ـوە توێژینەوەی لەسەر کراوە، "ئابووری تاڵانکردن"ــە. بەپێی ئەو تایبەتمەندییە، ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان هەوڵی بە کەسی کردن ‌و بنەماڵەیی کردنی سەرچاوەکانی دارایی وڵات دەدەن. لە هەندێک مۆدێلدا، ئایدۆلۆژیایەکی میانەڕەو هەیە کە هەوڵ دەدا کۆمەڵگە بێنێتە نێو دەوڵەت. بۆ ئەو جۆرە لە ئۆتۆریتاریزم، مۆدێرنیتە وەکوو هەڕەشە سەیر دەکرێ. سەبارەت بە سەرکوت، لە ئۆتۆریتاریزمدا، سەرکوتکردن ناگشتێندرێ، بەڵکوو تەنیا کۆمەڵێک خەڵک یان چەند گرووپێکی تایبەت دەکرێنە ئامانج. هانا ئارێنت پێی‌وایە، ئەگەرچی لە ئۆتۆریتاریزمدا ئازادییەکان سنووردار کراون، بەڵام بەتەواوەتی وەلا نەنراون. ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان بەرگەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی سنووردار‌ و ئۆپۆزیسیۆنێکی نەرم لە سەر شەقام ‌و لەنێو بڵاوکراوەکاندا دەگرن ‌و ڕەتی ناکەنەوە. ژوان لەنز سێ تایبەتمەندیی سەرەکیی بۆ ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان دیاری دەکا: ١) پلۆڕاڵیزمی سنووردار، لەبەر ئەوەی پلۆڕاڵیزمی بێسنوور تایبەتە بە دێمۆکراسی لیبڕاڵ‌ و نەبوونی پلۆڕاڵیزمیش تایبەتە بە ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان، ٢) هەبوونی مێنتاڵیتە لەجیاتی ئایدۆلۆژیا، چونکە ئایدۆلۆژیا نەگۆڕ، سیستەماتیک، یوتۆپیک‌ و گشتگیرە‌ و بەشێوەی عەقڵانی گەشەی پێدراوە، بەڵام بە پێچەوانەوە، مێنتاڵیتە شێوەی بیرکردنەوەیە ‌و کەمتر سیستەماتیکە و زیاتر ئامۆڕف ‌و بێ فۆڕمە، کەمتر عەقڵانی‌ و زیاتر ئیحساسی ‌و عاتفییە، ٣) نەبوون یان لاوازبوونی تەیارکردنی سیاسی، چونکە بە نەبوونی ئایدۆلۆژیایەکی بەهێز، تەیارکردن دژوار یان ئەستەمە. ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان سیستەمگەلێکی ئاڵۆزن، لەبەر ئەوەی تایبەتمەندی ‌و توخمی مۆدێلی دژ بەیەک پێکەوە کۆ دەکەنەوە و  پێکەوە دەیانگونجێنن. لە هەندێک لە ڕێژیمە نادێمۆکراتیکەکاندا، دۆزینەوەی سروشت ‌و نێوەرۆکی ڕێژیمە سیاسییەکە دژوارە، لەبەر ئەوەی ڕێژیمەکە تایبەتمەندیی چەندین جۆری ڕێژیمی لە خۆیدا کۆ کردۆتەوە. لەبارەی ڕێژیمی سیاسیی ئێران، سنوورەکانی نێوان ئۆتۆریتاریزم ‌و تۆتالیتاریزم ڕوون نین، لەبەر ئەوەی ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی (ویلایەتی فەقیهـ)، کە لە تایبەتمەندییەکانی تۆتالیتاریزمە لەگەڵ جۆرێکی سنووردار لە پلۆڕاڵیزم کە تایبەتمەندیی ئۆتۆریتاریزمە گونجێندراوە، بەڵام بەپێی توێژینەوەکەی ژوان لەنز، جۆرێک لە پلۆڕالیزمی زۆر سنووردار لە ڕێژیمە تۆتالیتەرەکانیشدا هەیە. لە ڕێژیمی سیاسیی ئێراندا، لە لایەک، پلۆڕاڵیزمی سیاسی تەنیا ئەو لایەنانە لە خۆ دەگرێ کە وەفادارن بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی‌ و ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ ، لە لایەکی دیکەوە، ڕێبەر یان وەلی فەقیهـ ‌وەکوو نوێنەری دەسەڵاتی ئایینی، هێز و دەسەڵاتێکی بێسنووری پێ بەخشراوە بەجۆرێک کە، هەموو دەسەڵاتەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەودان. تایبەتمەندیی دیکەی ڕێژیمی سیاسیی ئێران ئەوانەن: سەرکوتی لە ڕادەبەدەر، نەبوونی ئازادییە بنەڕەتییەکان، تۆقاندن (تۆقاندن جیاوازە لە ترس، لەبەر ئەوەی ترس کاتییە‌ و کۆتایی پێدێ، بەڵام تۆقاندن ترسێکی بەردەوامە ‌و کۆتاییەکەی دیار نییە)، دەستگرتن بەسەر ئامراز‌ و ڕێگاکانی پەیوەندی، تەیارکردنی کۆمەڵگە، ئابوورییەکی دەوڵەتی کە لە دەست چەند تاک ‌و گرووپی سەربە دامەزراوە ئایینیەکاندایە ‌و لە کۆتاییدا لەژێر کۆنتڕۆڵی وەلی فەقیهـ دایە، هەروەها کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیکە کە ئەو توێژینەوەیە هەوڵی ناسینەوەیان دەدا. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدرێ بەوردی وڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە: سروشتی ڕێژیمی سیاسیی ئێران چییە (ئۆتۆریتاریزم یان تۆتالیتاریزم؟) ‌و تایبەتمەندییەکانی وەکوو کۆمارێک ‌و دەوڵەتێکی مەزهەبی چین؟ (درێژەی هەیە)