کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە ناوی خەڵک و بۆ گیرفانی خۆیان

22:53 - 15 خاکەلێوه 2720

زیاتر لە دوو مانگ دەبێ دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرەتا لە چین و دواتر بڵاوبوونەوەی لە نزیک بە تەواوی وڵاتاندا لەسەر گۆی زەوی، جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە. هەرچەند لە سەرەتادا لە هێندێک لە وڵاتان کەمتەرخەمی دەوڵەتەکان هۆکاری پەرەگرتنی ئەم پەتایە بوو، بەڵام کاتێک هەست بە مەترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری لەسەر ژیانی خەڵک و کۆمەڵگەی بەشەری کرا، لێی وەخۆ کەوتن و بە شێوازی جۆراوجۆر و پێویست لە هەر وڵاتێکدا هەوڵی بەربەست کردنی تەشەنەسەندن و جێ خۆشکردنی زیاتری ئەم میوانە نەخوازراوە درا. هەوڵێک کە سەرەڕای قوربانی بوونی نزیک لە ٥٠ هەزار کەس و زیاتر لە ٩٠٠ هەزار تووشبوو بەپێی ئامارە ڕاگەیێندراوەکان خەریکە کاریگەری خۆی دادەنێ و ئاستی ڕێژەی ڕۆژانەی تووشبووان دێنێتە خوارێ. ئەم بەڵا لابەلایە وەک هەموو وڵاتانی دیکە ئێران و خەڵکە هەژار و لێقەوماوەکەشی تووش کردوە، بەڵام بە جیاوازیی یەکجار زۆرەوە. ئاشکرایە کە خەڵکی ئێران ساڵانێکە بە دەست قەیرانی جۆراوجۆری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا کە خەڵک تەنیا لە پەسەنی کارەکانی ڕیژیمدا مافی دەنگ هەڵبڕینی ئازادانەیان هەبووە، دەنا بۆ هەر دەنگێکیتر سەرکوت کراون، بەهۆی ناکارامەیی و سیاسەتە تەک ڕەهەندییەکانی دەسەڵاتەوە کە هەرگیز بەرژەوەندیی خەڵکی تێدا ڕەچاو نەکراوە ئابووری وڵات بەرەو ئاقارێکی وەها خراپ برا کە ژیانی و گوزەرانی تاک بە تاکی خەڵک جگە لە بەشێک لە دەستووپێوەندەکانی ڕێژیم کەوتووەتە مەترسیی گەورەوە. هەر ئەمەش زیانێکی قورسی لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک داوە و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی بەرەو لێکترازان بردوە. بۆ دروستبوونی ئەم باروودۆخەش هەموو کەس دەسەڵاتدارانی  کۆماری ئیسلامی و بێخەمییەکانیان بەرامبەر بە چارەنووسی خەڵک و وڵاتی ئێران بە بەرپرس دەزانن. هەر ئەم جارەش دیسان گوێپێنەدان بە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کوڕونا وپاراستنی گیانی خەڵک و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی، وای کرد کە تەنیا بەپێی ئامارە ڕەسمییەکانی خۆیان کە کەس گومانی نیە کە بە درۆ و بە شاردنەوەی قورسی کارەساتەکە بڵاودەبێتەوە بە دەیان هەزار کەس تووشبوون و هەزاران کەسیش گیانیان لە دەست داوە. ئەم ئامارە لەگەڵ درۆکانی ڕووحانیی سەرۆک‌کۆمار کە پەردەی شەرمی دڕاندوە و لە کاتێکدا وەزیرەکانی لە سەرەتای مانگی ڕێبەندانەوە لەم مەترسییە ئاگاداریان کردوونەوە بەڵام جەنابی دەڵی کە لە ٢٨ی ڕێبەنداندا زانیومانە کە کورونا هەیە، دەریدەخا کە ئەم ڕێژیمە چەندە خۆی لەو خەڵکە هەژار و بێدەرەتانە بەخاوەن دەزانێ و چ کاتێک پێویستیی بەوانە. ئەوەی دیار بوو دەمڕاستەکانی ڕێژیم پێش هەموو کەس زانیبوویان کە ئەم پەتایە بەر دەرکەی ماڵی هەمووانی گرتوە، بەڵام ئەوان کە هەمیشە بیریان لای خۆدەرخستن و نمایشی هێز بووە ئەویش بە پاڵپشتی ئەو خەڵکەی کە چیتر وەدوایان نەدەکەوتن لەبەر ڕێوڕەسمی ٢٢ی ڕێبەندان و بە تایبەت بەڕیوەچوون هەڵبژاردنەکانی مەجلێس ئەم مەسەلە گرینگەیان شاردەوە مەبادا ئەو بەشە خەڵکەش کە بەهەر بەهانەیەک دەچوون بەدەمیانەوە بترسن و لەو ڕۆژانەدا لە حزووریی میلیۆنیی! خەڵکدا دەرنەکەون. ئەمەیە بیرکردنەوەی ڕێژیمێکی ناپەرپرس و بەرپرسانێکی درۆزن. بەڵام بە پێچەوانەی دەمڕاستەکانی ڕێژیم لەولاوە وڵاتانی جیهان بە دەربڕینی نیگەرانی لە دۆخی نالەباری ئێران و بە مەبەستی یارمەتیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پێشگیری لە تەشەنەسەندنی کورۆنا کەوتنەخۆ و ژاپۆن ٢٣ ملیۆن دولار و یەکیەتی ئورووپا ٢٠ ملیۆن یۆرۆ یارمەتیی کۆماری ئیسلامییان دا. لەگەڵ ئەوەش پزیشکانی بێسنوور دەستیان بە سازکردنی بیمارستانێک بۆ نەخۆشەکانی کورۆنا لە شیراز کرد کە بەداخەوە لەبەر ئەوەی پووڵی نەختی بۆ ڕێژیم تێدا نەبوو پێشیان لە کارەکەیان گرت و بڕیاری وەدەرنانیان لە ئێران دەرچوو. جگە لەمەش ئامادەیی ئەمریکا بوو بۆ ناردنی کەرەسە و پێداویستی پێشگیری لەو پەتایە، کە هەر زوو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕەتکرایەوە. ئێستا بزانین هۆکارەکانی ئەم سیاسەتبازییانەی ڕێژیم چین و بە دوای چییەوەن؟ ڕاستە کە گیرفانی خەڵک بەتاڵە و بەشی ژیانی ڕۆژانەیانی تێدا نیە، بەڵام خۆ خەزێنەی ڕێبەر و داهاتە بێ ماڵیاتەکانی ئەوەندەی تێدایە کە بۆ ڕۆژی تەنگانەی وا کەڵکی لێوەرگرن. ئەوە نەبوو ساڵی ٩٧ و هەر دوای تێکچوونی بەرجام ٢ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن لە سندووقی پاشەکەوتی دراو، لەلایەن ڕێژیم بە ناوی بەهێزکردنی بونیەی بەرگری درا بە سپای پاسداران و هەر دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی بە بڕیاری ڕێبەر ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ لەو سندووقە پێشکەش بە سپای قودس کرا، لە حاڵێکدا هەتا ئێستا ئامادە نەبووە بۆ ئەم بەڵا کوشەندەیە لەو سندووقە کەڵک وەربگرێ. ئەدی چۆنە دیسان بۆ کار و ژیانی خەڵک کەوتوونەتە سواڵ و پاڕانەوە و هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی خەڵکی ئێران دەبەستنەوە بە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەریان؟ داخۆ بەڕاستی خەتای ئەو بەڵایانەی بەسەر خەڵکی ئێران دێ گەمارۆ ئابوورییەکانن یان بوونی ڕێژیمێکی نابەرپرس و نەزان و کەمتەرخەم بەرامبەر بە وڵات و ژیانی خەڵکەکەی؟ ڕێژیمێک کە ئەگەر کەمترین هەستی بەرپرسایەتی هەبووایە دەبوو لە جیاتی شاردنەوەی ڕاستییەکان، زۆر زوو خەڵک لە مەترسییەکانی ئەم بەڵایە ئاگادار بکاتەوە و ڕێوشوێنی کەڵکوەرگرتن لە هەموو ئێمکاناتی پووڵی و تکنیکی و پزیشکی وڵات بخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە. ڕێژیم لە جیاتی ئەوەی خەمی چارەسەری ئەم پەتایە بخوا ئەمەی بە دەرفەت زانیوە و دەزگای دیپلۆماسی و پاڕانەوەی خستوەتە کار و دەیەوێ جیهان بێنێتە سەر ئەو باوەڕە کە ئەگەر گەمارۆ ئابوورییەکان نەبن ئەوان دەتوانن چارەسەری ئەم کێشە و هەموو کێشەکانی دیکە بکەن. لە ڕاستیدا ئەوان بە ناوی خەڵکەوە و بۆگیرفانی خۆیان کەوتوونەتە هاوار. بەڵام هەم خەڵکی ئێران و هەم هەموو وڵاتانی جیهان، جگە لە چەند دەوڵەتێک کە بەژەوەندییەکانیان گرێی خواردوە بە بوونی ڕێژیمێکی دواکەوتووی وەک کۆماری ئیسلامی لەوە باش تێگەیشتوون کە ئەو ڕێژیمە تەنیا چاوی لە بەدەست هێنانی سەرچاوە پووڵییەکانە بۆ بردنەسەری توانایی خزمەتکردن بە خۆیان و گرووپە تێرۆریستییەکانی بەستراوە بە خۆیانەوە. ئەی لەخۆڕایە حەسەن نەسروڵڵا لە لوبنانەوە وەدەنگ دێ و دەڵێ کێشەی ئێران گەمارۆ ئابوورییەکانە. بەڵێ خەڵکی ئێران دەزانن گەمارۆکان کێشەی حێزبوڵلا و هاوشێوەکانی ئەوانن و هەموو هاتووهاوارەکەش بۆ ئەوەیە نەک لەبەر کێشەکانی خەڵکی ئێران.