کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«نا»ی هەمیشەیی کوردستان بە کۆماری ئیسلامی

22:54 - 15 خاکەلێوه 2720

کۆماری ئیسلامی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧،  هەر لە یەکەم تاقیکاریی جدیی بەردەمی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەگەری بوون بە دەسەڵاتێکی دێموکراتیکدا پێی خوار داناوە، هەر ئەو کات بە بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆمێکی شەل کە هەر سەربەرگە سوور و کەسکەکەی دەرخەری ئاراستە پێدانێکی نادێموکراتیک و ناڕوون و چەواشەکارانە بوو، سەلماندی کە لەم دەسکەوتە مرۆییە بۆ ڕەوایی دان بە خۆی و دەسەڵات کەلک وەردەگرێ و خەڵک و داواکاریان ناگرینگترین بەشی بابەتەکەیە. ئەمە بەو واتایەشە کە ئامرازێکی مودێڕن و سەردەمیانەی بە تەواوی لە پێناو جێگیرکردنی بیرۆکەیەکی کۆن و نامودێڕندا بە خزمەت گرتوە و؛ ئەمەش یەکێک لەو سەدان پارادۆکسەیە کە بە درێژایی ئەم ساڵانە لە تەنیشت یەکتر بەکاری هێناون. خەڵکی کوردستان بە پێشەنگایەتیی حیزبەکانیان زۆر زوو هەستیان بەو ناڕاست بوونەی دەسەڵات کرد و بە بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنە جیا لە هەموو جوغرافیای ئێراندا هەڵوێستێکی تاقانەیان لە خۆیان نیشان دا و، ئەمەش دەسپێکێک بوو بۆ بەرەوڕوو بوونەوەیەکی چەندین ساڵە. خەڵک و حیزبەکانی کوردستان بە درێژایی ئەم ساڵانە لە گەیشتن بە مافەکانیان و خەباتی فرەڕەهەند لەم پێناوەدا دەستیان هەڵنەگرتوە و بۆ ساتێکیش شلوێ نەبوون. ئەمە ڕاستە کە دنیای سیاسەت لە کۆمەڵێک کایە و بردنەوە و دۆڕان و پێشبینیی دروست و نادروست پێک دێ، بەڵام لە مێژووی سیاسیی ئێرانی دوای شۆڕش ئەمە نەتەوەی کورد و حیزبە کوردییەکان بوون کە سەرەڕای نەگەیشتن بە ئامانجەکانیان پێشبینییەکانیان دروست بوو و، لە ناسینی سیستمی دەسەڵات و پێکهاتەکەی، ڕۆڵی ئاوانگاردیان گێڕا و؛ هەنووکەش ئەم دەسکەوتە کە سەرچاوە لە وشیاریی سیاسیی ڕێبەرانی ئێمە دەگرێ، مایەی سەربەرزیی ئەم گەلەیە. ئێستا کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەردە لە جینایەتە کۆن و نوێکانی ڕێژیم هەڵدەدرێتەوە و بەم بۆنەیەوە پتر لە پێش پێگەی جەماوەریی کۆماری ئیسلامی داتەپێ و بەرەو هەرەسهێنان و لەدەست دانی ڕەواییەتەکەی هەنگاو دەنێ، ئێمە کە لە ناسین و تێگەیشتن لە کاکڵەی سیستمەکە تێگەیشتوون و ئەوە نەیهێشتووە هیچ کات بەرەو پیری بچین و، لە سیاسەتی درۆ و دزی و جەنایەتەکانیدا بە هیچ شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدار بین؛ هەست بە شانازی دەکەین. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانیدا، هیچ کات بێ‌هەڵوێست نەبووە و وشیارانە لەگەڵی بەرەوڕوو بووەتەوە. لە کۆتاییەکانی دەیەی پەنجای هەتاوی و دەیەی شەست بە گشتی -کە سەردەمی زێڕینی خەباتی چەکدارایی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە مافە پێشێل کراوەکانی بوو و سەدان قارەمانی و گیانبازیی بێ‌وێنە لە لایەن ڕۆڵە فیداکارەکانی ئەم گەلەوە خولقێندرا- کەمترین ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا لە ئێران تایبەت بە کوردستان بوو. دوای ئەم سەردەمە و کۆتایی شەڕ و ئێران و عێراق هەندێک گۆڕانی ڕواڵەتی بەسەر فەزای سیاسیی وڵاتدا زاڵ بوو، بەڵام کەشی ئەمنیەتیی کوردستان هەر لەسەر جێی خۆی ماوە و دانانی کەسانی ناشارەزا و ناخۆیی و سپایی لە کاروباری پێوەندیدار بە ئیدارەی کوردستانەوە، ئەوەندەی دیکە ئەم بەشە لە کوردستانی میلیتاریزە کرد. لە ساڵی ٧٢ ڕەفسەنجانی کە بۆ سەرۆک‌کۆماری خۆی کاندید کردبوو و لە هەموو ئێران زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانی هێنایەوە، بەڵام لە کوردستان و بە بەشدارییەکی مانادار لە لایەن خەڵکەوە بە تۆڵەی ڕێبەرانی شەهیدیان "نا"یەکی گەورەی پێ وترا و ئەم "نا"یە ئەوەندە لەسەر دڵی گران هات کە ناڕاستەوخۆ لە بەرنوێژێکی هەینیدا ئاماژەی پێ‌کرد. ئەم ڕەوتە لە هەڵبژاردنەکانی دواتریشدا هەر بەردەوام بوو و ئەو کاندیدانەی کە لە لایەن ڕێبەری ڕێژیمەوە ساپۆرت دەکران، لە کوردستان تووشی دۆڕانێکی سووکانە دەبوون، بۆ نموونە ناتق نووری لە بەرامبەر خاتەمیدا، ئەحمەدی‌نژاد لە بەرامبەر موعین و دواتر مووسەوی و ... مەبەست لە هێنانەوەی ئەم فاکتە مێژووییانە ئەوەیە کە گەلی کورد ئەگەر بایکۆتی بۆنە و هەڵبژاردنەکانیشی نەکردبێ بەشدارییەکەی زۆر مانادار و بە ئاراستەیەکدا بووە کە ڕێک دژایەتیی باڵی سەرەکیی دەسەڵات بووە. لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییە مەدەنییەکانیش دەبێ بڵێین کوردستان بە تەواوی بەشێکی جیاوازە و دەکرێ بڵێین کانتۆنێکی سەربەخۆی نافەرمییە. بۆنەی تایبەت بە خۆی و مێژووی نەتەوەکەی هەیە، لە بۆنە و جەژن و شادی و ناخۆشی و شیوەنی حکوومەتدا هیچ ڕۆڵێکی خۆڕسکانە لە کوردستان ناگێڕدرێ. بە ڕووداوە جۆربەجۆرەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە ماندووە –ئەمە تەنانەت نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی هەتا ئەم ساڵە دواییانەش تووشی سەرسووڕمان کردبوو و نەیاندەزانی دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆشیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێوەندیی بە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە هەیە-. لە پێوەندی لەگەڵ هەڵمەتی یارمەتی‌دەرانە بە خەڵکی لێقەوماو (چ ئاوارەکانی باشووری کوردستان، چ بوومەلەرزە و لافاو لێدراوانی کرماشان و ئیلام و تەنانەت نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش) بەردەوام ڕۆڵی کارای هەبووە. داخستنی دووکان و بازاڕ و مانگرتن و لە ماڵدا مانەوە، جۆرێکی دیکەی ناڕەزایەتی لە حکوومەت و دژایەتی لەگەڵ ئەوە، کە لەم بوارەشدا دەبێ بڵێین خەڵکی کوردستان ئەو پەڕی توانا و هەوڵی خۆیان بەکار هێناوە و، نموونە لەم بارەوە زۆرن: مانگرتن لە ساڵڕۆژی ڕێبەرانی شەهید سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەکان، مانگرتن بە بۆنەی شەهیدکرانی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر، مانگرتنی پڕشکۆ و سەرانسەریی ڕۆژی ٢١ـی خەرمانانی ٩٧ و ... نموونەگەلێکن کە شایەدن بۆ ئەم ئیدیعایە. ٤١ ساڵە کوردستان لە ئێراندا لە باری مەعنەوییەوە سەربەخۆیە و سیستمێکی خۆڕسکی خۆبەڕێوەبەریی ڕەچاو دەکا و لە چکۆلەترین دەرفەتەکان باشترین کەلک وەردەگرێ بۆ نیشان دانی ئەم جیاوازییە مێژووییە و گەیشتن بە مافە سەرەکییەکانی؛ کوردستان لەم بوارەشەوە پێشەنگ بووە.