کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینۆسایدی کورد لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان

22:56 - 15 خاکەلێوه 2720

ژینۆساید دەستەواژەیەکی یۆنانییە و بە واتای لەنێو بردن یان پاکتاوی ڕەگەزی دێت، دەکرێ ھۆکاری ئایینی، نەتەوەیی یان بیری ڕەگەزپەرستانەی لەپشت بێ. ئەم دەستەواژەیە بۆ یەکەمین جار لەلایەن "ڕافائیل لیمکین" شارەزای بواری یاسا لە کۆنفڕانسێکدا لە ساڵی ١٩٣٣ کە لە شاری مادرید گیرابوو، بەکار هێنراوە و لە ساڵی ١٩٤٢ بە نووسین تۆماری کردوە. ئەم یاسا‌‌ناسە یەکێک لەو کەسانە بووە کە تەواوی خێزانەکەی بە دەستی ئاڵمانییەکان لەنێو بردراون. دواتر لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەكان لە ٩ی دێسامبری ١٩٤٨ بە بڕیاری ٢٦٠  لە پاریس بە تاوان ناسێنرا. ژینۆساید بابەتێکی جیهانییە و زۆربەی خەڵکی وڵاتانی جیهان کەم و زۆر لە بوارە جیاوازەکاندا ژینۆساید کراون. بەڵام کاتێک باس لە کوردستان دەکرێ بابەتەکە جیاوازترە، لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە (ئێران، عێراق، تورکیە و سووریە) کێشەی کورد تا ئێستا لەم وڵاتانە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و دابەشکردن و لەنێو بردنی ئەم گەلە هەر بەردەوامە. بۆیە گەلی کورد لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا تا گەیشتن بە ئێستا وەکوو نەتەوەیەکی ژێردەستە کەوتووەتە بەر مەترسیی گەورەی لەنێو بردن و سڕینەوەی مێژوو، کولتوور، ئابووری و شوناس و ... بە جۆرێک کە ڕۆژ بە ڕۆژ هەوڵی زیاتری تێکدانی تایبەتمەندییەکانی دەدرێ. سیاسەتی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، بریتییە لە لەنێو بردنی شارستانیەت و کولتوور، شێواندنی مێژوو کە هەمیشە هەوڵیان داوە ڕاستییە مێژووییەکان بشارنەوە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش گەلی کورد بە تایبەتی لە مێژووی هاوچەرخدا چەندین سیاسەتی توندوتیژانە بە مەبەستی سڕینەوەی شوناس و کولتوور و لەنێوبردنی ئەم نەتەوەیە لەسەر تاقی کراوەتەوە. لێرەدا بە باس کردن لە جۆرەکانی ژینۆساید و هەوڵی دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران بۆ ژینۆسایدی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم باسە درێژە پێ‌دەدەین.   ژینۆسایدی فیزیکی یان جەستەیی: کوشتن و لەنێو بردنی تاکەکانی کۆمەڵ، بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، وەک گوللـە باران کردن، زیندەبەچاڵ کردن، کۆمەڵکوژی، بێسەروشوێن کردن و لە سێدارەدان و ...، لە چوارچێوەی ژینۆسایدی جەستەییدا پێناسە دەکرێن.   لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا  دەسەڵاتی ناوەندی چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بەردەوام لە رێگەی"گۆرینی دێموگرافیی کوردستان"، "قەدەغەکردن بە مەبەستی تواندنەوەی زمانی کوردی، "کوچی زۆرەملێ"، "به‌ تاڵانبردنی سامانی نه‌ته‌وه‌یی کورد" و  "شێواندنی مێژوو" و ده‌یان به‌رنامه‌و پلانی دیکه‌، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون که‌ کورد له‌ نیو نه‌ته‌وه‌ی سەردەستدا بتوێننه‌وه‌ و نیشتمانه‌که‌ی داگیر بکه‌ن؛ یان هۆوییەت و شوناسی نەتەوەیی خۆی بەتاڵی بکەنەوە. بۆ نموونە هەر مێژووی هاوچەرخ و هەر لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا دەتوانین ئاماژە بە کوشتاری نەورۆزی خوێناویی سنە، کۆمەڵکوژییەکانی قاڕنێ، قەڵاتان، وسووکەند، ئیندرقاش، سۆفییان و چەندین گوندی دیکە و ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهاباد بکەین. ئەم سیاسەتی دژەکوردییە لە ماوەی ٤ دەیە لە دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستاش لە گرتن، بەند کردن، لەسێدارەدان و بێسەروشوێن کردنی ڕۆڵەکانی گەلی کورددا هەر بەردەوامە. ژینۆسایدی کولتووری: بە مانای قەدەغەکردنی بەکار هێنان و فێربوون و خوێندنی زمانی دایک، شێواندنی مێژوو و کولتوور، سڕینەوەی شوێنەوار و ئاسەوارە مێژوویی و شارستانییەکان. لە ئێراندا لە ماوی نێوان دوو شەڕی جیهانی، دەسەڵاتی تاران سیاسەتێکی توندوتیژانەی دژبە گەلی کورد گرتە بەر و، بەشێکی ئەم سیاسەتە بریتی بوو لە قەدەغە کردنی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و بەکارهێنانی زمانی کوردی و هەروەها ڕاگواستنیان بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێران، کە پێشتریش و لەلایەن حکوومەتی سەفەوییەکانەوە ئەم هەوڵە درابوو. هەر لە ساڵی ١٣١٦ی هەتاویدا بەشێکی زۆر لە هۆزەکانی " گەڵواخ، جەلالی و پیرانی" بۆ شیراز و کرمان ڕاگوێزران، سیاسەتی ڕێژیمی پاشایەتی دانی بە بوونی کورد وەک نەتەوەیەک نەدەنا و کوردیان بە یەکێک لە هۆزەکانی ئێران پێناسە دەکرد و زمانی کوردییش بە یەکێک لە بن‌زاراوەکانی زمانی فارسی ئەژمێردرا. ئەم سیاسەت و ڕوانگە دژەکوردییە بۆ لەنێو بردنی شوناسی کورد تا ئێستاش هەر بەردەوامە و ڕێگە نادرێ نەتەوە بندەستەکان، بۆ نموونە گەلی کورد بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن، لە کاتێکدا لە ئەسڵی پازدەی یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتەدا هاتوە کە هەموو نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە لە تەنیشت زمانی فەرمیی وڵات بە زمانی خۆی بخوێنێ. ساڵانە بەردەوام گوێبیسی هەواڵگەلێک لە لەنێو بردنی شوێنە مێژووییەکانی کوردستان و بەتاڵان بردنیان دەبین، هەوڵ دەدرێ مێژووی کورد بە گێڕانەوەی بێ‌بنەما بشێوێنن و ڕێگری بکەن لە بەڕێوە بردنی بۆنە و ڕێوڕەسمە کولتووری و مێژووییەکانی کورد، وەک بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز و چەندین بۆنەی ئایینیی تایبەت بە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان. لە ئێستادا دەبینین ئەرکی پاراستنی شوناس، ژینگە، زمان و مێژوو و کولتووری کورد کەوتووەتە ئەستۆی بەشێک لە چالاکانی ڕێکخراوە مەدەنی، ئەدەبی و فەرهەنگییەکان و هەوڵ دەدەن لەم ڕێگەیەوە بەربەرەکانی لەگەڵ سیاسەتی چەوتی دەسەڵاتداران بکەن و لەم پێوەندییەشدا قوربانییان داوە و زۆر لەو مافخوازانە ئێستا لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەسەر دەبەن.   ژینۆسایدی ئابووری: برسی کردنی خەڵک، لەنێو بردنی سەرچاوە ئاوییەکان، تێکدانی ژینگە، نەبوونی هەلی کار و نەڕەخساندنی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان، بەشێکن لەم جۆرەی ژینۆساید. کاتێک باس لە دۆخی ئابووری لە ئێران دەکرێ، سەرەڕای بوونی هەموو جۆرە سەرچاوەیەکی گرینگ و بەهێزی ئابووری، بەڵام دۆخی ژیانی خەڵک لەوپەڕی خراپی‌دایە و لە کوردستانیش چەند قاتە. ڕەوشی ژیانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێ و لەم چەند ساڵەی دواییشدا بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و بەکار‌هێنانی داهات و سامانی وڵاتەکەی لە خزمەت تێرۆر و بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی و هاتنە دەرەوەی لە بەشێک لە گرێبەستە جیهانییەکان، ئابووریی ئەم وڵاتەی بە تەواوی بەرەو داڕمان بردوە. بەڵام جیا لە سیاسەتی خراپ و بێ‌بەرنامەیی ژێرخانی ئابووری لە ئێراندا بە نسبەت کوردستان بابەتەکە جیاوازترە، هەموو کات دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان هەوڵی برسی کردنی خەڵکی کوردستانیان داوە، خەڵکی کوردستان زۆر کەمتر هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێ و تەنانەت بەشی زۆری خەڵک لە نەبوونی کار ناچارن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان ڕێگەی پڕمەترسی وەک کۆڵبەری و دوورکەوتنەوە و ڕۆیشتن بۆ شارەکانی ناوەند بگرنە بەر. دەبینین بەشی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکان دەستیان بەسەردا گیراوە و بۆ مەبەستی پڕۆژەکانی خۆیان بەکاریان دەهێنن، لە لایەکی تریشەوە بەشێکیان ئێستاش باخچەی مین و تەقەمەنییەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراقن و تا ئێستا هەڵنەگیراونەتەوە، یان لە زۆر نموونەدا بە هۆکار و بیانووی جیاواز دەسووتێنرێن و  خەڵک ناتوانێ بەکاریان بێنێ. ئەوەی کە ژینگەی کوردستان بە تایبەتی لە کوێستانەکانی زاگرۆس لەنێو دەبردرێن، خەسارێکی گران لە ئابووریی خەڵکی ئەم ناوچانە دەدا کە زیاتر بە کاری ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن و یا لە جۆری گیا و دار و دەوەنەکانی ئەم شوێنانە بە مەبەستی پزیشکی کەڵک وەردەگرن و لەم ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن. ئەمە بێجگە لەوەی کە نەمانی دار لەم دارستانانە بە وتەی کارناسان لە هەستانی لافاوەکەی نەورۆزی پارەکەدا کاریگەر بوو و، ئەوەش خۆی زەرەر و زیانی گیانی و ماڵییەکی زۆری بە خەڵکی پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان گەیاند. دزین و ڕاگواستنی سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان بۆ ناوچە فارس نشینەکان سیاسەتێکی تری ئەم ڕێژیمەیە کە وایکردووە دۆخی ژیانی خەڵک لە ڕووی ئابووریەوە بەرەو ئاقارێکی خراپ بڕوا.   ژینۆسایدی بیۆلۆژیک: بە ڕێگرتن لە وەچە نانەوە و زۆربوون و گەشەسەندنی کۆمەڵە مرۆڤێکی یەک ڕەگەز بە شێوەی راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ، ژینۆسایدی بیۆلۆژیک دەگوترێ. کاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا بەردەوام هەوڵی کوشتن، زیندانی کردن، برسی کردن و تێک‌دانی دۆخی ئابووری و شوێنی ژیانی گەلێک بدرێ، هۆکار دەبێ لە بەردەم گەشە و زۆربوونی ئەو نەتەوەیە. کە دەکرێ دەرئەنجامی ئەمانە جۆرێکی دیکەی ژینۆسایدی لێ‌بکەوێتەوە و ئەویش ژینۆسایدی دەروونییە. هەرچەند تا ئێستا بە ڕەسمی وەک جۆرێک لە جۆرەکانی ژینۆساید نەناسراوە، بەڵام دەکرێ پڕمەترسیترین جۆریان بێ کە خەمۆکی، بێهیوایی، خۆکوژی و تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان و چەندین دیاردەی خراپی دیکەی کۆمەڵایەتیی لێ‌دەکەوێتەوە و کۆمەڵگە بەرەو لەنێو چوون پاڵ پێوە دەنێ.